Ashti-Hawrami

ڤیان فەرەج : ئایا بۆچی له‌م ساته‌ وه‌خته‌دا ئاشتی هه‌ورامی دان به‌ رۆیشتنی نه‌وتی كوردستاندا به‌ رێگای ئیسرائیلدا ده‌نێ ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

نزیك سێ مانگ له‌مه‌و به‌ر ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ میدیاكانی دونیا باسی بونی په‌یوه‌ندیه‌كی ئابوری و نه‌وتی به‌هێز له‌نێوان وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ده‌وڵه‌تی ئیسرائیلدا كردو له‌ناویاندا خودی میدیاكانی ئیسرائیل ئه‌م پرسه‌یان زه‌ق كرده‌وه ‌، لێ پارتی به‌ هیچ جۆر خۆی له‌و ته‌وه‌ره‌ نه‌دا ، كه‌چی له‌ ئێستادا كه‌ حه‌شدی شه‌عبی وا له‌سنوره‌كانی كه‌ركوك و دوز و سنوری حه‌مرین و كاره‌ساتی ناخۆش له‌ناوچه‌كه‌ له‌نێوان هاوڵاتیان و پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و حه‌شده‌دا روی داوه ‌، تازه‌ له‌م وه‌خته‌ ناسكه‌دا وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌كان له‌ رۆیته‌رز ورده‌كاری نه‌وتی هه‌رێم ده‌رده‌خاو باسی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ ئابوریانه‌ش ده‌كا كه‌ له‌نێوان وه‌زاره‌ته‌كه‌ی و ده‌وڵه‌تی ئیسرائیلدا هه‌یه ‌! وه‌زیر ئاماژه‌ ده‌دا به‌وه‌ی به‌ بۆری شاراوه‌دا نه‌وتیان تا خاكی ئیسرائیل ره‌وانه‌ كردوه‌و له‌ ساڵی ٢٠١٤ ه‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی عیراق بودجه‌ی هه‌رێمی راگرتوه ‌، وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان رۆژانه‌ نه‌وتی به‌ هه‌ردو رێگای پاپۆڕو بۆریشدا ره‌وانه‌ی ئیسرائیل كردوه‌ بۆ به‌نده‌ری ماڵتا كه‌ راسته‌وخۆ به‌ پاپۆڕی گوێزه‌ره‌وه‌ بۆ كڕیاری نه‌زانراو گواستراونه‌ته‌وه‌، یان به‌ تانكه‌ری تایبه‌ت گه‌یه‌نراونه‌ته‌ ناوچه‌ی ئه‌شكه‌لۆن له‌ ئیسرائیل و له‌وێوه‌ فرۆشراوه‌ به‌ كڕیاره‌ ئه‌وروپیه‌كان. ئه‌وه‌ی كاری دۆزینه‌وه‌ی كڕیارو گوێزه‌ره‌وه‌كانی گرتۆته‌ ده‌ست كه‌سێكه‌ به‌ناوی مورته‌زا لاخانی و نه‌ ئاشتی هه‌ورامی و نه‌ لاخانی ئاماده‌یان تیا نه‌بو ناوی خاوه‌ن گوێزه‌ره‌وه‌كان و كڕیاره‌ ئه‌وروپیه‌كانیش بخه‌نه‌ڕو ؛ ئه‌مه‌ بۆ ؟ بروانه‌ كۆمێنتی یه‌كه‌م بۆ لینكی رۆیته‌رز .
رام وایه‌ ئه‌م باسه‌ ره‌گێكی قوڵ و داڕێژراوی سیاسی و ته‌مومژاوی هه‌بێ له‌ كۆی ئه‌و ره‌فتارو هه‌ڵسوكه‌وته‌ سیاسانه‌ی به‌مدوایه‌ لایه‌نه‌كان له‌ هه‌مبه‌ر پرسی پرۆسه‌ی سیاسی له‌هه‌رێم و ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان خستیانه‌ڕو ؛
ناوهێنانی ئیسرائیل له‌ ئێستادا به‌ بڕوای من ته‌نها بۆ تێكدانی زیاتری دۆخی كه‌ركوك و هاندانی ئیسلامه‌ تورك و عه‌ره‌به‌كان به‌ شیعه‌و سونه‌وه ‌، تا ئاژاوه‌گێڕی زیاتر بكه‌ن و ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌كه‌ بخه‌نه‌ ژێر گرفتێكی قوڵی سیاسی و لانی كه‌م پێكدادانی جدی له‌ نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌و حه‌شدی شه‌عبیدا رو بدا ، دوجاریش راكێشانی گه‌ریلاكان بۆ ناو جه‌نگێكی ناپێویست ، چونكه‌ كه‌ركوك ئاشكرایه‌ ئه‌وه‌ی تیا باڵاده‌سته‌ له‌هێزه‌ كوردیه‌كان ، یه‌كێتیه‌و یه‌كێتیش له‌ پرسی شه‌نگالدا رۆڵی گه‌ریلای نادیده‌ نه‌كردو به‌رز نرخاندی ، ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ولاش جگه‌ له‌وه‌ی ده‌یانه‌وێ تۆڵه‌ بكه‌نه‌وه‌ ، هاوزه‌مان ترسی دورخستنه‌وه‌شیان هه‌یه‌ له‌ نیعمه‌تی ئه‌و چاڵئنه‌ی له‌ كه‌ركوكدان و رێڕه‌وی ده‌سه‌ڵات و پایه‌داریانی پێوه‌ به‌نده‌ ، بۆیه‌ به‌لێدوانی له‌مجۆره‌ ده‌یانه‌وێ خۆیان بكه‌نه‌وه‌ به‌ ئه‌مری واقع ، تا یه‌كێتی بیر له‌ هیچ جۆره‌ رێكه‌وتنێ به‌قازانجی گه‌ریلا له‌زه‌ره‌ری ئه‌وان له‌سه‌ر كه‌ركوك نه‌كات ، بۆیه‌ ده‌زانێ له‌كاتی بونی په‌شێوی له‌كه‌ركوك و ناوچه‌كانی گه‌رمیانی سنوری حه‌مریندا چه‌ند نیشانێ به‌تیرێ ده‌پێكێ ، هه‌م ده‌سه‌ڵه‌تی ینك كه‌مده‌كاته‌وه‌و هه‌م بونی خۆی ده‌كاته‌ واقع و هه‌م گه‌ریلاش له‌ پرۆسه‌كه‌ دورده‌خاته‌وه‌و هه‌م ئیسرائیلیش ده‌گلێنێ له‌مه‌سه‌له‌كه‌وه‌ ، وه‌ك چۆن پێشتر له‌مه‌سه‌له‌ی سه‌رۆكایه‌تیدا چه‌ندین جار ئه‌مه‌ریكای گلان لێوه‌ی و دواتر ره‌نج خه‌سار چو .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت