5-‌Partaka

شێرزاد شێخانی : تاخمە چایەکانی مەکتەبی سیاسی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەدوای راپەرین و بۆ دەستخستنی بەشێک لەکێکەکەی دەسەڵاتی کوردی چەندین حیزبی تازە هاتنە دامەزراندن .. ئەو کات حزبە عیراقیەکان دو جۆر بون کە ئێمەی نوسەران ناومان لەهەندێکیان نابو ( ئەحزابی خەنادق ) واتە ئەوانەی لەسەنگەردا بون دژ بەدیکتاتۆریەت ، ئەوانیتریان ناومان نابون ( ئەحزابی فەنادق ) واتە ئەو حزبانەی تەنها لەئوتێلی پایتەختە ئەوروپیەکانەوە چالاکی سیاسیان ئەکرد . دوای راپەرینی و ئازادکردنی کوردستان لەجنگی بەعس چەندین حیزبی تریش دروست بون کە من ناوم نابون ( ئەحزابی بەیادق ) واتە ئەوانەی وەکو داشەکانی یاری شەترەنج حزبە گەورەکان یاریان پێئەکردو چۆنیان بویستبا ئەیانسوڕاندن .. بەمشێوەیە حزبی تازە پەیا بون بەدەفعی حیزبە دەسەڵاتدارەکان و بەپارەی میللەتەوە ، ئامانجیش لەمکارە جوانکردن و رتوشکردنی وێنەی دیموکراسیەتە سەقەتەکەی هەرێمەکەمان بو کە خۆی لەفیفتی فیفتیە شکستخواردوەکەدا دەنواند .
یەکێک لەو حیزبانەو کە هەمو ئەندام و سەرکردایەتیەکەیان لەناو پیکابێکی تۆیۆتای مۆدیل هەشتاکاندا جێگایان ئەبوەوە ، جارجار بەناوی ئەوەی کەوا حیزبی سیاسیین و رۆڵیان هەیە لەبنیاتنانی دیموکراسیەت لە کوردستاندا کۆبونەوەیان ساز ئەکردو لەتەلەفزیۆنەکەشیان بڵاویان ئەکردەوە گوایە مەکتەبی سیاسییەکەیان تاوتۆیی پێشهات و روداوەکانی جیهانیان کردوە و لەسەر ئاییندەی کوردستان راو و بۆچونیان گۆڕیوەتەوە .
برادەرێک گێڕایەوە وتی ” سەرۆکی ئەم حیزبە پیاوێکی نەخوێندەوار بو ، کاتێک ئەندامانی مەکتەب سیاسیەکەی کۆ ئەکردەوە لەژورەکەی خۆیدا ، دوای ئەوەی کامیراکان ئەهاتن وێنەکانیان ئەگرت و ئەچونە دەرەوە ، بانگی چایچیەکەی ئەکردو ئەیوت ” تاخمێک چامان بۆ بێنە “. ئیدی خەریکی چاخواردنەوە ئەبون هێشتا کۆبونەوە دەستی پێنەکردوە .. دوای ئەوەی چاکە ئەخورایەوە هیچ شتێک نەبوو باسی بکەن هەرلایەو لەگەل ئەوەی تەنیشت خۆی ئەکەوتە قسەوباس و ئەحوال پرسین ، دوای کەمێک سەرۆکی حیزب کە سەرپەرشتی کۆبونەوەکەی مەکتەبی سیاسی ئەکرد جارێکی هاواری چایچی ئەکرد ” باوکە تاخمێک چای ترمان بۆ بێنەوە “. بەمشێوەیە یەکدو سەعات لەژورەوە خەریکی چاخواردن ئەبون و کۆبونەوە کۆتایی ئەهات بەبێ بڵاوکردنەوەی بەلاغی کۆتایی چاخواردنەکە .
چوار حزبەکانی ئێستای کوردستان وەکو ئەم حیزبەیان لێهاتوە لە کۆبونەوە پێنجقۆڵی و چوار قۆڵیەکانیاندا هیچ شتێک نیە باسی بکەن و لەسەری رێکبکەون بۆ کۆتایی هێنان بەم کارەسات و قەیرانانەی ئەمرۆ بەرۆکی هەرێمیان گرتۆتەوە ، دوای چاخواردنەوە تەنها لەسەر ئەوە رێک ئەکەون مەوعیدی کۆبونەوەی داهاتویان کەی بێت .. تەنها شتێک لەسەری رێکبکەون دیاریکردنی رۆژی کۆبونەوەی داهاتویانە ئایا رۆژی سێشەمە بێت یا پێنج شەممە . بەمشێوەیە درێژەدارییەکی بێ مانا بەم کۆبونەوانەی قەیرانی سەرۆکایەتی ئەدەن و ، لەولاشەوە جەنابی سەرۆکی هەرێم بەکەماڵی ئیسراحەتەوە لەسەر کورسیەکەی دانیشتوەو حزبەکەشی پێئەکەنن بەئەنجامی ئەم کۆبونەوانەوە . دانیشتن دوای دانیشتن ، پرۆژە دوای پرۆژە ، پێشنیار دوای پێشنیار ، چون و هاتن بۆ سلێمانی و هەولێر ، تەنانەت رێگاکانی نێوان هەولێر سلێمانیش لێیان بێزار بون ، کەچی ئەوان بێزار نابن لەم کۆبونەوە بێئەنجامانە ..
دەمێکە هەست بەوە ئەکەم کەوا چوار حزبەکەش لەپارتی و سەرۆکەکەشیان پێخۆشترە دوو ساڵی تر بۆ جەنابی کاک مەسعود درێژبکەنەوە ، بەڵام تۆقیان لەجەماوەرەکانیان چووە . ئەیانەوێ بەبێدەنگی و بەدرێژەدان بەم کۆبونەوانە ماوەکەی بۆ درێژ بکرێتەوە ، ئەمەش ئەگەر تا حەدێک مەعقولیەتی تیا بێت ، بەڵام ئەوەی ناماقوڵییە مانەوەی قەیران و کێشەکانی گوزەرانییە ، کە پارتی و دەسەڵاتەکەی هیچ هەنگاوێک نایەنەپێش بۆ چارەسەر کردنیان . پارتی کە تا ئێستا کار بۆ مانەوەی بارزانی ئەکات لەسەر کورسیەکەی بێ منەتانە ئامادە نییە هیچ باجێک یا نرخێک لەبەرامبەر ئەمەدا بدات ، تەنانەت موچەی فەرمانبەرانیش چاک ناکاتەوە کە ئەمە بژێوی خەڵکەو ئەگەر چارەسەر بکرێت بازاڕیش ئەجوڵێت و وەزعەکە تۆزیک چاک ئەبێتەوە .
من پێمباشە ئەم چوار حزبە جارێ واز لەکورسی نەگبەتی سەرۆکایەتی هەرێم بێنن چونکە دڵنیام هەر هەمویان پێیان خۆشە مەسعود بارزانی بمێنێتەوە ، شێوازی داواکاریەکانیان بگۆڕن بۆ چارەسەری کێشەکان و قەیرانەکان .. با رێکبکەون لەسەر ئەوەی لەماوەیەکی کورتدا کێشەی موچە چارەسەر بکەن کە دڵنیام ئەتوانن بەدوو رۆژ چاکی بکەنەوە . با کێشەی هەرێم لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەن و نەماندەنە دەست قەدەر بەتایبەتی ئێستا مەسەلەی بودجەی عیراق لەئارادایە . با دۆسیەی نەوت چارەسەر بکەن کە ئێستا داهاتەکانی ئەچێتە سندوقی تورکیاوە .. با پەیوەندیەکانمان لەگەڵ رۆژئاوا و باکور چارەسەر بکەن کە خەریکە ئەگاتە تفەنک راکێشانەوە.. با چارەسەریی کێشەی دیکتاتۆریەت بکەن کە پارتی ئەیەوێت لەم هەرێمەدا بیچەسپێنێت ، مەسعود بارزانی لەجیاتی ئەوەی دەوڵەتی کوردیمان بۆ رابگەیەنێت ، ئێستا خەریکە دیکتاتۆریەت رائەگەیەنێت ..
ئەگەر حزبەکان دەسەڵاتی ئەوەشیان نیە ئەم کێشە لاوەکیانە چارەسەر بکەن و مل بە پارتیدا بدەن بۆ کۆتایی هێنان بەم کێشانەوە ، با نەخشە رێگایەک دارێژن بۆ چارەسەری کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم و کۆتاییهێنان بەم دانیشتنە بێسودانە ، ئەوساش هەمو ئەو کێشانەی باسم کردن چارەسەر ئەبن ..
ئەم وەزعە رۆژ لەدوای رۆژ بۆنی ناخۆشی سەری هاوڵاتیان گێژ ئەکات ، کاتی ئەوە هاتوە چوار حزبەکەی غییرەتێ بیانگرێ و کۆتایی بەم یارییە بێنن ، چونکە ئەگەر پارتی لەبەرژەوەندی دابێت بەمشێوەی ئێستا وەزعەکە درێژە بکێشیت ئەوە حزبەکانی تر هیچ سودێکی لێ نابینن ، ئەبێت سنوریک بۆ ئەم گاڵتەجاڕیەی دانیشتنەکانەوە دابنریت و لەمە زیاتر یاری بە چارەنوسی میللەت نەکرێت ، چونکە ئەبێ هەمو حزبەکان ئەوە باش بزانن ئەوەی سواری کەشتیەکەی پارتی بێت بێگومان چارەنوسی غەرق و فەنا بونە ..

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت ڕەوانە بکە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت