ئافەریم گۆڕان ، سیاسەتکردن هەروا دەبێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کونجرینی ـ وتاریکورد
لەدوای 23-09 وە ڕەوشێک دروست بوو ، پارتی خستە گۆشەیەکەوە ، ئەوەی لەخەیاڵیدا نەدەهات بەرۆکی گرت . ڕەوشێک جگە لە بنەما یاسایی و ڕێساییەکان ڕوو بەڕووی پارتی بووەوە ، هەنگاوێکی تر نەدەبینرا .
گۆڕان زۆر ژیرانە ستۆپی بەهەنگاوە خەیاڵییەکانی پارتی کرد ، کە دەیخواست بە ئەقلێ تاکڕەوانە ئەوەی بیەوێت وەک چۆن لە دوای 31 ئابی 1996 وە بۆی چوبووە سەر ، بەردەوام بێت لەبەرامبەر لایەنەکانی تر . لەوە نەگەیشت 25-7-2009 لەرزەیەکی سیاسی گەورە بوو ، دوو لایەنە ڕاخەریی سیاسی زەمەنی پێش دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕانی هەڵتەکاند ، لایەک یەکێتی لەچەقبەستنە واوەیلاکەی بەدەست پارتییەوە تێی کەوتبوو ـ بەریدا . لاکەی تر پارتی لەگۆشەیەکی زاڵبوو بەسەر هەموو گۆشەکانی تردا ڕاگرت و تائێستا باجی هەڵەکانی ڕابردووی دەدات .
12 – 10 پارتی توشی هیسترای سیاسی نوێ کرد ، لای پارتییەکان خۆشحاڵی هەنگاوێک بوون ، لەتای بەرمیلە هەنگوێنەکە ، کە توێژاوێکی شیرینی بێت ، دواتر جگە لەپەشیمان ، هیچی تر نابێت . ئەوەی لە 12 – 10 دا کردی وەک ڕێبین هەردی دەڵێت : زیاتر بوو لە ناپاکی 31 ئاب ، هەروایە ، کردی .
بەڵام نەیزانی وەک چۆن بە ڕێچکەی سیاسی و یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان ڕووبەڕووی پارتی بۆتەوەو ، پارتی بە پێچەوانەوە هەنگاو دەنێت ، لەدوای هەڵەکانی بەردەوام بوو ، دیارە هەنگاوەکانی گۆڕان زۆر خراپ بەسەر پارتیدا شکاوەتەوە . گفتوگۆکەی عەتا سەراویی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ـ لەگەڵ کەناڵی ئین ئارتی تیڤی دا دەڵێت : وەک ئێمە ئاگامان لێیەتی پارتی لە ئاستێکی باڵا پەیوەندیان بە بزوتنەوەی گۆڕان کردووە بۆ ئەوەی ڕەوشەکە هێور بکەنەوە . بەڵام برادەرانی بزوتنەوەی گۆڕان پێیان ڕاگەیاندون ، کە دەبێت ڕەوشەکە وەک پێش 12- 10 بگەرێتەوە و ئینجا ئێمە لەگەڵ سێ لایەنکەی تر کۆدەبینەوە و هەڵوێستی خۆمان بۆدوای هێورکردنەکە لەسەر سەرۆکایەتی هەرێم و … هتد ، ڕادەگەیەنین .
دەبێت بزوتنەوەی گۆران جگە لە ورژاندنی دۆسییەی سەرۆکایەتی و خستنە ڕووی هەنگاوە نادیموکراسییەکانی پارتی لەشەقام و جیهان چی تریی کردبێت ؟ . وەک لەچەند سەرچاوەیەکەوە بیستومانە ، ڕەوشی کوردستان بەهۆی ئەوەی کۆمەڵێک پێگەی نوێنەرایەتی وڵاتانی تیایە ، دیارە ئەوان بەچرکە سات بەئاگان لەوەی روودەدات ، بەتایبەتی هاوشێوەی کودەتاکەی 12-10 بەسەر پەڕلەماندا ..  بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕایەڵەی گەیاندنی سەرپێچییەکانی پارتیدا بە ناوەندە گرنگەکانی دبلۆماسی و سیاسی و ئابووری جیهان هەنگاویی زۆرییان هەڵگرتووە  .
ئەم ئاگادارکردنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان جودایە لەوەی خۆیان گوێبیستی هەواڵەکە ببن ، کاتێک لەڕێی بزوتنەوەکەوە ئاگادار دەکرێن ، دەبن بەبەشێک لەزانین و ناڕازیی بوون . بزوتنەوەی گۆڕان لە ئێستادا لەهەوڵی ئەودایە قۆناخی دوو ، سێ دەست پێبکات . ئەویش لەڕێی باڵوێزخانەکانی وڵاتانەوە ، لەڕێی ئەنجومەنەکانیانەوە لەهەر وڵاتێک بە پێی نامەیەک ، لەو نامەدا کۆی سەرپێچی و هەنگاوەکانی پارتی دەرحەق بە بزوتنەوەی گۆڕان کردویەتی ، تیا نوسیووە . تا بیگەیەنێتە نوێنەری هەموو ئەو ولاتانە . هەنگاویی سێییەم ـ ڕووە مێدیاکەیە ، ئەویش پێشەلکاریی و یاسابەزێنەکانی پارتی بگەیەنێتە کۆی مێدیاکانی جیهان لەهەر وڵاتێکدا بێت . تا لەسەر ڕووپەڕی تیڤی و ڕۆژنامەکان ببینرێت .
لەوە دەچێت پارتی بەئاگا بێت لەم هەنگاوانەی بزوتنەوەی گۆڕان ، یاخود بەوەی کراوە دەبینێت چەند ڕووی ناشرین و قێزەوەندە ، مانەوەی ئەم ڕەوشە بەمجۆرە چیتر بەقازانجی نییە .. بۆیە لەهەوڵی ئاساییکردنەوەی ڕەوشەکەدایەو لەبەرژەوەندی نییە و تەحەمولی زیانی زیاتر ناکات . پەیوەندیکردنەکەی لەئاستێکی باڵادا بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە ئەوەمان پێدەڵێت : پارتی بۆ ڕیشی و چوو ، سمێڵیشی وادادەنێت .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت