نەوزادی موهەندیس : سووتاندنی ئاڵاكان ، كەلتورێكی دواكەوتوو .

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سووتاندنی ئاڵای هەر وڵاتێك بریتیە لە بێڕێزیكردن بەرامبەر شكۆی نەتەوەی ئەو وڵاتە ، چونكە ئەو پارچە قوماشە ڕەنگاوڕەنگە بۆتە نیشانە و پەرچەمی ئەو وڵات و كۆمەڵگایە و هەمیشەش لەجێگەی بەرز و لە سەرووی سەرەكانەوە دەشەكێتەوە ، بۆیە داگرتن یان دڕاندن و سووتاندنی كارێكی ئەوپەڕی بێڕێزی و شكۆشكاندن و سەروەری خاوەنی ئەو ئاڵایەیە و كەمكردنە و گاڵتەكردنە بەسەروەری ئەو وڵاتە . سووتاندنی ئاڵاش لە كەلتوری كۆمەڵگا دواكەوتوەكانەوە سەریهەڵداوەو هەمیشە ئەو كۆمەڵگا و وڵاتانە ئەو كارە پیادە دەكەن كە بێدەسەڵات و دواكەوتوون و توانای بەرگریكردن و ڕوبەڕووبونەوەیان نیە لەگەڵ بەرامبەرەكانیاندا و هەمیشەش خۆیان بە سەركەوتوو دەزانن لەو كارەیاندا، لەكاتێكدا سووتاندنی پارچە پەڕۆیەكی بێ‌ گیان هیچ ئازایەتیەكی ناوێت ، بەڵكو تەنها ئاماژەیەكە بۆ دەمارگیری و دواكەوتوویی و بێدەسەڵاتی . نمونەی ئەم كارانەشمان زۆر بینیوە لە سەردەمی بەعسی صدامیدا لە كاتی جەنگ و ناكۆیەكانیدا لەگەڵ ئەمریكا و ئێران و وڵاتانی تری عەرەبیدا كە وێنەی سەرۆك و پادشا و ئاڵاكانیان دەسووتاندن و دەیانخستنە ژێر پێیانەوە .
لەهەفتەی ڕابووردوودا دووجار و لەبەرچاوی كامێراكان و میدیادا لە شارێكی پیرۆزی شیعەكان ( كەربەلا ) و لە پایتەختی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵیشدا ( بەغداد ) لەلایەن چەند كەسێكەوە سوكایەتی و بێڕێزی بەرامبەر ئاڵای شەكاوەی كوردستان كرا ، ئەو ئاڵایەی كە بە هەزاران شەهیدی قارەمان لە پێناویدا گیانی خۆیان بەختكردوە و بە هەزاران ڕۆڵەی ئەم گەلە لە سایەی ئەو ئاڵا پیرۆزەدا دژایەتی و مقاوەمەتی شۆڕشگێڕی ڕەوای نەتەوەیەكیان درێژە پێداوە دژی داگیركارانی ناوخۆی و دەرەكی ، ئەو ئاڵایەی كوردستان خوێنی لێدەچۆڕێت لە پێناو ئازادی و دیموكراسی كوردستان و عێراقدا ، بۆیە هەرگیز ڕەوا نیە كە هیچ كەس و لایەنێك بوێری ئەوە بكات بێڕێزی بەرامبەر بكات .
ئاشكراشە لەوەڵامی كردارێكی وا بێ‌ ئەرزش و سەرەڕۆیی و كاڵفامانەی عەرەبیدا ، حەماس و خوێنگەرمی گەنجەكانی كوردیش پەرچەكردارێكی ئاوهایان هەبێت و ئاڵای عێراق بسوتێنن وەك وەڵامدانەوەیەكی ئەو كارە قێزەونە ، ئێمەی كورد هیچ كات بێڕێزیمان تەنانەت بەرامبەر دوژمنەكانیشمان نەكردوە چ جای هاو نیشتیمانان و بەناو براكانمان لە عەرەبی سونە و شیعە كە بە خۆشی بێت یان بەشەقی زەمانە لەیەك وڵاتدا پێكەوە دەژین، بۆیە لەلایەك ئەركی دەسەڵاتدارانی كوردە و لەولاشەوە دەسەڵاتدارانی عێراقە كە ڕێگە نەدەن بەهیچ گێرەشێوێنیەكی سەرەڕۆیی بۆ دووبارەكردنەوەی ئەو كارانە .
عەرەبەكان دەڵێن بەپێی یاسا ( سووتاندنی ئاڵای عێراق حوكمی 10-15 ساڵی زیندانی و جەزای 10 ملیۆن دیناری عێراقی هەیە ) ، ئێمەش دەپرسین ئەرێ‌ سووتاندنی ئاڵای كوردستان سزا و جەزاكەی چەندە ؟ كە ناكرێت ئاڵایەكی پاشماوەی عەرەبی شۆفێنی و بەخوێن سووری ڕۆڵەكانی كورد و عەرەب ( كە تائێستاش جێگەی مشتومڕە و هەموان لەسەری كۆك نین ) ئەوەندە بەڕێز بێت و ئاڵای كوردستانیش بەخوێن سووری ڕۆڵەكانی بەبێ‌ هیچ سزایەك تێپەڕ ببێت ، بۆیە هەق وایە لە پەڕلەمانی كوردستانیشەوە یاسایەك دەربچێت و ڕێز و سەروەری ئاڵای كوردستان بپارێزێت و سزای سووتاندن و بێڕێزیكردنیشی دیاریبكات .
ئەم كەلتورە بەداخەوە لەلایەن عەرەبەكانەوە زۆر دووپاتدەكرێتەوە هەر لە سووتاندنی ئاڵای ئیسڕائیل و ئەمریكا و بەریتانیاو فەڕەنساو ئێران و تەنانەت لەناوخۆی خۆشیاندا بەدەیان جار ئاڵای وڵاتە عەرەبیەكانیان سووتاندوە و بێڕێزیان بەرامبەر كردوە. بۆیە ئەركی دەسەڵاتدارانی كورد و ڕۆشنبیران و نوسەران و نوخبەی كۆمەڵگای كوردەواریە كە ڕێگە نەدەن ئەو كەلتورە قێزەون و دواكەوتووە و مایەی بێدەسەڵاتیە لە عەرەبەوە بگوازرێتەوە بۆ ناو كورد و كوردستان ، ئێمەی كورد ئەوەندە بوێریمان تیادایە كە بتوانین ڕاستەوخۆ و بە ئاشكرا ڕووبەڕووی ناحەزان و دوژمنانمان ببینەوە ئیدی چ پێویست دەكات كە پەنا بەرینە بەر ترسنۆكی و سووتاندنی ئاڵای وڵات و كۆمەڵگایەك كە مەرج نیە ئەو كردارە جێگەی ڕەزامەندی هەموانیان بێت ، بۆیە ئێمەی كورد نابێت هەڵەی سەرەڕۆیی چەند كەسێك بە هەڵەیەكی هاوشێوە وەڵام بدەینەوە و سۆز و خۆشەویستی زۆرینەیان لەدەست بدەین . چونكە بەردەوام بوونی ئەم جۆرە كارانە و بەتایبەتیش لەم كۆمەڵگا دواكەوتوەی عێراقدا سەر دەكێشێت بۆ نانەوە و هەڵایسانی فیتنە و شەڕەنگێزی و توندوتیژی مەزهەبی و ئاینی و نەتەوەیی كە ئێمەی كورد لە ئێستادا پێویستمان پێی نیە كە لەلایەكی ترەوە سەرقاڵی بەرگریكردنین لە خاك و ئاڵاكەمان لەدژی چەتەكانی داعش لە باشوور و ڕۆژئاوادا ، با ئێمە دەرگای شەڕێكی نەخوازراوی تر لەسەرخۆمان نەكەینەوە بەكردار و پەرچەكرداری هەڵە و وڵات و گەلەكەمان دووچاری مەینەتی و قەیرانێكی تر نەكەینەوەو بە عەقڵ و حیكمەت و گفتوگۆ و لە ڕێگەی یاساوە كێشە و قەیرانەكان چارەسەر بكەین .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت