Abubakir-Caf-3

ئەبوبەکر جاف : وەهمی ئەسڵ و ڕەسەنایەتی ـ نیگایەك لە نیهیلیزمی كوردی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

1

مێژووی نوستالژیاو غەمگینیمان لە بەرانبەر ئەسڵێكی ونبوو لەدەستچوو ، هاوشانە بە مێژووی نامۆبوونمان لە ناو كۆنتێكستێكدا كە ئەوەی لێیسەندینەوە فۆرمێكە لە بوونێك لە چركەساتێكدا ئێمە ناومان ناوە بوونی ڕەسەن و ڕەسەنبوون و ڕەسەنایەتی . ئێستایەك لە ناو دونیایەك نامۆبوون و ترس لە ئایندەیەك كە ناچاریكردوین تەنیا پارادایم و وێنەیەكی ئەسڵ و ڕەسەن ژە ڕابووردوماندا ببینین كە بەلای كەمەوە ئەگەر نەشتوانین بیگەڕێنینەوە ، ئەوا پەیوەندییەكی تراژیدی لە گەڵدا ببەستین كە لایەنی كەمی هەڵهاتنمان بێت لە ئێستاو ترس و نیگەرانیمان لە داهاتوو . پارادۆكسی مەنین و هۆگربوونمان بە ڕابووردووەوە یاخود هەوڵی ئیدۆلۆژییانەو بێهودەی ڕاكێشانی ڕابووردو بۆ ئێستای ئایندەو ئایندەی ئێستا ، هەر گیرۆدەبوونمانە لە ناو ئایندە میتافیزیكای ئایندەدا . ئەوە ئێستای نامۆبوونمانە كە سەرقاڵمان دەكات بە ڕابووردو پارادسیم و ئەزموونە ڕەسەن و ئەسێڵەگانی ڕابووردووەوە كە بەلای كەمەوە لە ناو ئەكتی هەڵهاتنماندا لە ئێستادا كەمێك خەم ڕەوێن و شیفاهێنەرە . بەمشێوەیە ترس و خەوفمان لە ئایندە ئەو چركەساتەیە كە رابوردوی تێدا ڕەسم دەكەین . بەڵام بێئاگا لەوەی لە باو هەر ئەكتێكماندا بەرانبەر ڕابووردو ئەسڵێك ، ئێمە خەریكی نواندنی ئەكتی لە بیركردنی ئەسڵ و ڕابووردوین . واتە هەر بیركردنەوەو حەنین و غەمگینبوون و نیگەرانبوون و هەوڵێك بەرانبەر گێڕانەوەی ڕابووردو، لە بیركردنی ڕابووردووە .

2

بۆ دونیای ڕۆژئاواو فۆرمیولەبوونی جۆرێك لە وشیاری تێكەڵ بە غەمگین بوون و دلەڕاوكێ و نامۆبوون لە ئێستادا بەرانبەر ئەسڵ و بەسەرچوویەك كە لەدەستمانچووە ، مێژوویەكی دوری نییە . بە جۆرێك فۆرمێكی گوتاری وەرگرتووە . دەكرێت سەرەتاكانی سەدەی بیست و كۆتاییەكانی سەدەی نۆزدە ئەو چركەساتە بێت كە ئینسانی ڕۆژئاوا لە فۆخێكی گشتی و پیوبلیك و جەماوەردا بەر ئەم نامۆبوون و گەڕانەوە بوبێت بەرانبەڕ ئەسڵێك لە ڕابووردوی دورو نزیكدا كە پاڕادایمێكی ئەزموونكردنی بێت كە پڕبوو بێت لە ئاسودەیی و ئارامی . سەدەی هەژدەو موژدەوبەڵێنەكانی بەرانبەر دونیایەكی باشترو ئینسانیترو بەختەوەر ، مەستبوون و خۆونكردن لە ناو ئێستایەك كە بە توندی بەسترابوویەوە بە ئایندەیەكی گەش و پرشنگدارو پڕ یەكسانی و عەدالەت و ئازادی . ئێمە یەك سەدە مەستبووین بە موژدەكانی ڕۆشنگەری و مۆدێرنیتێ و چەمكگەلی وەك پەرەسەندن و گەشەكردن و پێشكەوتن . سەدەی هەژدە لەوێدا جیاوازە لە خەون و خەیاڵی سەدەكانی پێش خۆی كە ، ئایندگەرایی و ئایندەپەرستی و ئایندەخوازی . كە ئیدۆلۆژیاو میكانیزمە ئیدۆلۆژییەكان سەراپاگیرترو گشتگیرتر كاریان ڕاكێشانی ئایندەو ونكردنی ئێستاو دەسبەرداربوون لە ڕابووردو ئەسڵ و پارادایمێكی ئەسڵ لە ڕابووردودا ، یاخود گەڕانەوەی سروشتییانە ، یان گەڕانەوەیەكی بە زۆرە ملێی پارادایمێكی ڕابووردو لە ئایندەدا بۆ ئێستایەك لە ئایندەدا . واتە هەم خۆدانەدەست ئایندەیەك كە بارگاویكرابوو بە بەڵێن و موژدەو دروشمی بەهەشتی . كانت هیگڵ و ماركس ددو پەیامبەری ترسناكی موژدەو بەهەشتەكانی ئایندەبوون ، بەڵام دیارە ماركسێكی جیاواز لە هیگڵ كە لە ناو وشیارییەكی ڕەخنەییدا ههەستی بە ئێستای قەیراناوی و نامئبوون و ونبوون كردبوو . بەڵام كارەساتی ماركس لە ناو پۆزەتیفیستیی و گەشەكردن و پەرەسەندن و خەون بینین بە گێڕانەوەی بەهەشتێكی ونبوو یان لە دەستچوو ، هاوشان هەوڵی بۆ ڕاكێشانی ئایندەیەكی بە زۆر دروستكراو خولقێنراو ، ماركسی خستە ناو تەڵەزگەی میتافیزیكیای پۆزەتیڤیستی و ئومێدو هیوایەك بە ئایندە ، كە سەری لە ستەمكاریی و تۆتالیتاریزم و ئەكتی تۆتالیتێرەوە دەرچوو . وەك چۆن پێش ماركس ئومێدو گەشبینی كانت بە ئەقڵ و داهاتوویەكی پرشنگدار بەشداربوو لەم تەڵەزەگەیەدا . كانت تا ئەوپەڕی ئایندەگەراو ئایندەپەرست بوو بێ خۆبەستنەوەی بە ڕابووردوویەكی لەدەستچوو یان هەوڵ بۆ بە زۆر هێنانەوەو گێڕانەوەی پارادایمێك .

3

نیتچە دێت و باس لە وەهمی ڕابووردو ئەفسانەو وەهمی نمونەو پارادسیمێك دەكات لە ڕابووردودا كە نە بوونی هەبووەو نە بوونیشی دەبێت . نیتچە كێیە جگە لەو پەیامهێنەرەی كە مەرگ و ئاوابوونی ڕابووردو لە ناو هەموو فۆرم و فۆرمیولەبوونەكسنیدا ڕادەگەیەنێت ، نیتچە لە ناو لێدان و شەققكردنی وەهمی بوونی ئەسڵ و ڕەسەنایەتییەك ، باس لە گەڕانەووی هەمیشەیی جیاوازیی دەكات ، واتە تەواو بە پێچەوانەی گێڕانەوەو ڕاكێشانی ڕابووردو بۆ ئێستاو ئایندە ، پێی وتین نە ڕابووردوویەكی پرشنگدار بوونی هەبووە و نە بەهەشت و پارادایمێكی بەهەشتی و لە ڕابووردودا. وتی ئەم گوتاری ڕابووردوپەرستی و گێڕانەوەو هەوڵی هێنانەوەی ڕابووردووە لە ناو میتافیزیكیای تیۆلۆژیاو كریستیانیزمدایە . واتە ماركس و ماتریالیزمە مێژوویەكەشی ڕوویەكی دیكەی مەسیحیەت و كریستیانیزمە . ناركس و عیسا دوو ڕووی یەك دراون . نیتچە و میراتگرانی لە ەێنەی فوكۆو دولوزو دوریدا . كێن جگە لەوانەی بە ڕۆژو بە ئاشكرایی و بێ ترس لەوەی بەشریەت وەهمەكانی لەدەست دەرچێت ، نە هیچ ئەسڵێك هەیەو نە چاوەڕوانی هیچ ێەسڵێك ببن كە بگەڕێتەوە .

4

با سەرنج بدەین كە تەنیا پەیامبەرانی ڕۆشنگەری و مۆدێرنیتێ و گەشەسەندن و پەرەسەندن نەبوون كە بەڵێنی دونیایەكی باشتر بەو بەهەشتە ونبوو لەدەستچووەوە دەگەڕێتەوە ، ئاینەكانیش پێش ێەمان دەسبەرداری ئەم ئەسڵ و گەڕانەوەی ئەسڵە نەبوون . تەنسنەت دەتوانین ڕێگە بە خۆمان بدەین و بڵێین ڕۆشنگەری و مۆدێرنیتێ و پەیامبەرانی یس لە باو میتافیزیكیاو گوتاری تیۆلۆژیدا بووم ، یاخود خۆیان خولقێنەرو دروستكەری فۆرمی دیكەی یتیۆلۆژیاو میتافیزیكی تیۆلۆژی بوون . كانت و هیگڵ و ماركس لە ناو گوڕاری تیۆلۆژی و میتافیخیكیای ئەقڵی بونیاد تیۆلۆژیدان . بەڵام ئاینێكیش لەناو یان لەسەروبەندی نامۆبوون و بچڕانی پەیوەندیمان بە ئەسڵ و ڕەسەنایەتییەوە لە باو گوتارو نەریتێكی پێشمۆدێرندا نیتە ، ئاینی ناو پچڕان و دابڕانی ئینسان لە سروشت و لە جۆیی و لە یادەوەری فۆرمی ئیدۆلۆژیی و گوتاری مۆدێرنانەی بە خۆوە بینی .

5

ئایا ئەسڵێك هەبووە ؟ ئایا پارادایمێك هەبووە كە ئێمە تێیدا ئارام و ئاسودەو بڕێكی زۆر هێمن بووبین ؟ ئایا وێنەیەك هەبووە لە ڕابووردودا كە دەبێت بەهەر نرخێك بووە بیهێنیبەوەو ڕایكێشینەوە ناو ئێستاو ئایندە ؟ ئایا دەكرێت ئەم نمونەو ئەم ئەسڵ و ڕەسەنایەتییە بێتەوە یاخود بهێنرێتەوە كۆمۆنیزم دێتەوە ، سۆسیالیزم دێت ، خەلافەت وەكو خۆی دەگەڕێتەوە ، دەوڵەتی نەتەوە دونیایەكی باشتری پێیە بۆمان ، لیبرالیزم ئەو ئەسڵەیە كە ئێمە ونمانكردبوو ، یەكسانی و بەرابەری و عەدالەت دێت یاخود دەگەڕێتەوە ، هەندێك ۆێیان وایە خۆی دێت و ناچاریی و حەتمییە ، هەندێك باوەڕیان بە جیهادو خەبات و ئەكتی شۆڕشگێڕی هەیەو دەبێت هەلومەرج و ڕێ و شوێنەگانی بۆ خۆش بكرێت. جیهادیستەكان ڕوی دووەمی ئەو چەپ و ماركسییانەن كە دەبێت خەلافەت و سۆسیالیزم بە چەك و ڕادیكاڵییەت بگەڕێتەوە . دەوڵەتی نەتەوە بە دانیشتن نایەت بەڵكو خەبات و لێبڕان و جەنگ و ململانێی دەوێت ، دیموكراسیەت و لیبرالیزمێكی باشتر پێویستی بە تیۆریزەكردنی زیاترو ڕەخنەگرتنی ڕادیكاڵیی و ڕیفۆرمیستانەی ئێستایە . خەلافەتی ڕاشیدین و عەدالەتی عومەری كوڕی خەتاب و عونەری كوڕی عەبدولعەزیز ، لینین و ماو ترۆتسكی .. ئەمانە چین جگە لە پەیامبەرانی ئەسڵزادەو ئەسڵخوازو مەهدی چاوەروانكراو عیساگەلێك كە دەبێت بگەڕێنەوە .

6

ئەسڵێك بوونی نەبووە ، پارادایم و ئەزموون و ئەزموونكردنێك مەحكوم بووە بە كۆنتێكستی خۆی و هێزو پەیوەندی هێزەكان و ململانێی هێزەكان لەو هەلومەرج و بارودۆخەدا . هیچ بوون و جوڵەو بزاوتێك وەك خۆی ناگەڕێتەوە . هیچ ۆارادایمێك لە ڕابووردودا ناگەڕێتەوە ، هەر هەوڵێكیش بۆ ئیلهام وەرگرتن و وزەوەرگرتن لە ڕابووردودا كەوڵی ئیدۆلۆژیی و سەپێنراوەو بە ستەمكاری و ڕۆتالیتاریزم كۆتایی دێت . هەر ئەكتێكی ڕادیكاڵی جیهادی و شۆڕشگێڕی لە پێناو هێنانەوە یان نواندن و فۆرمیولەكردنی لە ێایندی ئێستادا ، بەربەریەت دێنێت و بەربەریەت دەخولقێنێت . هەوڵێك بۆ گەڕانەوە بۆ ( چركەساتی شۆڕشی ئەیلول و خانووە قوڕەكان نەك هەر وەهم و ئەفسانەسازییە ، بەڵكو ستەمە لەو چركەساتانەو غەدرلێكردن و داتاشینی چەمك و وێنەی ئیدۆلۆژین ) .

7

دونیای ئێمەو سەروكارو هۆگربوونی بە ئەسڵ و ڕەسەنایەتییەوە مێژوویەكی نزیكتری هەیە بە بەراورد بە وشیاری و بوونی نوستالژیایانەی ڕۆژئاوا . ڕەنگە ئێمە لە نیوەی یەكەمی سەدەی بیستدا وەك وشیاری ناو زمانی ئەدەبی و شعرو ئەدەبیات دەركەوتبێت . كەمێكیش و بە بچوكی ئەكتی سیاسیی و ئیدۆلۆژی . هەرچی نیوەی دووەمی سەدەی بیستە ، بە تایبەت كۆتایتەكانی سەدەی بیست ئێمە بە جەماعی و دەستەجەمعییەوە دەچینە ناو نوستالژیاو غەمگین بوون و غەمباربوون بەرانبەر ئەسڵ و ڕەسەنایەتییەكی لەكیس چوو . هەرگیز ئێمە هێندی ئێستا نامۆنەبووین ، هێندەی ئێستا دڕدئنگ و غەمگین و خەمۆك نەبوەین ، دۆشداماو و دودڵ و سەدان دڵ نەبووین ، ئێستا گەرچی لێرەو لەوێ بە ساختەیی و بە وەهمەوە دەست بە موژدەو بەڵێن و خەون و هیواوە دەگرین ، بەڵام ئەم ئەكتەی ئێمە پڕە لە نیفاق و زۆر لە خۆكردن و خۆ ناچاركردن . ئیماندارانمان بە ئاین ، ئیماندارانمان بە سۆسیالیزم و ماركسیزم ، ئیماندارانمان بە لیبرالیخم و دیموكراسی ، ئیماندارانمان بە كوردایەتی و دەوڵەتی نەتەوە و سەربەخۆیی .. تەواوی ئەم ئیمانە یان وەهمێكی خولقێنراوە كە ناتوانین بە تەواوی لەم نیهیلیزمەدا بهین ، یان نەفەسی ئیدۆلۆژیایە كە هەردەكاتەوە وەهم و ئەفسانە لە پێناو نەكەتنە خوارەوەو سەرەولێژنەبوونەوە . بەڵام زۆر درەنگە، غەمگینی ژە دۆخێكی فەردییەوە گوازراوەتەوە بۆ تەواوی خەڵك و جەماورو ئەو گردبوونەوە كوردییەی كە هەر ناوێكی لێبنێین . خەڵك لە ێاستە گشتییەكەیدا هەمیشە بە حەسرەتەوەیە بۆ دونیایەك كە ، پڕ بوو لە پەیوەندی گەرم و ڕاستگۆیی و سیدق و وەفاو بە تەنگەوەهاتن و ڕۆحی هاوكاری و متمانە . ئیدی گەڕانەوە بۆ ئیسلامێكی كوردی ڕەسەن و ڕەسانایەتی كوردی ، سۆسیالیزم و ماركسیزمێكی ڕەسەن و ئەسیڵ ..  یان وەهمە یان لەرزۆكی ئێمەیە كە لە ناو نیهیلیزمێكی سروشت كوردیدا توشی هستریایەك بووین و بە قەولی نیتجە ئەم ئەكتانە پاسیڤ و پەرچەكردارییەو ئەكتواندنی كۆیلەكانە كە پەرچە كردارە . دونیای ئێمە ئەكتی سەروەرو سەردارییانەی تێدا نییە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت