بورهان شێخ ڕەئوف : لە دواى تێکشکانى فڕۆکە جەنگیەکەى ڕوسیا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەروەکو هەموو ئاگادارین ڕۆژى 24 /11/2015 فڕۆکە جەنگیەکانى تورکیا کە جۆرى f16 ئەمریکی بوون فڕۆکەیەکى ڕوسیان لە جۆرى سیخۆى 24 لە سەر سنوورى نێوان تورکیاو سووریا خستە خوارەوە ئەمە وەکو ئاکامی پێشووەچوونێکى قەیرانى سووریابوو کە لە چوار ساڵى ڕابردوودا شەڕێکى خوێناوى و کاولکاریەکى بێسنوورى لە گەڵ خۆیدا هێناوە ، کە زۆر لایەن و هێزى جیهانى و ئیقلیمى دەستیان تێوەرداوەو پەلى بۆ شوێنى تریش هاویشتووە لەوانە بۆ عێراق و هەرێمى کوردستانیش .
بێجگە لەوەى سەدان هەزار قوربانى و 9 ملێۆن کەسى لە خەڵکى ئەو وڵاتە ئاوارە کردووە .
ئێستا ئەو ڕووداوە بووەتە سەر دێڕى هەموو هەواڵەکانى جیهان لە میدیاى بینراو و بیستراو و نووسراو هەریەکێک بە جۆرێک لێکدانەوە و شرۆڤەى بۆ دەکات ، بەڕادەیەک هەندێک لە چاودێران پێیان وایە تەشەنەکردن و پەرەسەندنى ڕووداوەکانى سوریا فاکتەرێکە بۆ بەرپابوونى جەنگى سێ یەمى جیهانى .
لەلایەکى تریشەوە ترسى ئەوە هەیە کە ناکۆکى و ململانێکانى نێوان وڵاتانى بەشدارى نێو هاوپەیمانێتی نێو دەوڵەتى دژى داعش لە ئاکامدا بە ئاکارێکدا بڕوات کە پێکدانى خوێناوى لێبکەوێتەوە لە بەر ئەوەى هەریەک لە ئەمریکاو فەرەنساو ڕوسیاو بۆچوون و ڕاى جیاوازیان لەسەر ئایندەى سوریا هەیە ، بۆیە ئەگەر هەریەکێک لەو وڵاتانە لە بەرژەوەندى لایەنێک لە لایەنەکانى ناوخۆى سووریا دەستێوەردان بکات کە بەلایەوە باشترە ، ئەوە لەو کاتەدا پێدەچێت دۆخەکە زۆر بە خێرایى ئاڵۆزو گرژ بێت و شەڕى خوێناوى کارەساتى گەورەى لێبکەوێتەوە لە نێوان وڵاتە گەورەکان ودواتر پەل بهاوێژێ بۆ تورکیا و عەرەبستانى سعودیە و ئێران و دواتر بۆ چەند شوێن وناوچەیەکى ترى جیهان .
ئەگەر سەیرێکى بارودۆخى سووریا بکەین لە ئێستادا ململانێکان زیاتر وا خەریکە لە نێوان تورکیا و ڕووسیادا چڕ دەبێتەوە بەو پێیەى کە پارتى دادو گەشە پێدان کە باکگراوندێکى ئیسلامى هەیە و بە عوسمانیە تازەکان ناسراون و خوازیارى ئەوەن سەروەریەکانى ڕابردویان زیندووبکەنەوە وڵاتانى ناوچەکە بە قووڵایى ئیستراتیجى خۆیان دەزانن لە سەر زارو نووسینەکانى دکتۆر ئەحمەد داود ئۆغلوى سەرۆکى ئاک پارتى و سەرۆک وەزیرانى تورکیاوە ئاماژەى پێدراوە .
بۆیە هەر ڕوسەکان نین کە تورکیا تاوانبار دەکەن بە هاوکارى کردنى داعش و ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان بەڵکو هەندێ لە دۆستەکانیشیان جارێک بەوە تاوانباریان دەکەن کە وەکو پێویست هاوکارى ناکەن بۆلەناوبردنى تیرۆرى داعش و لە لایەکى تریشەوە بریندارەکانیان بۆ چارەسەر دەکەن و ئاسانکارى دەکەن بۆ پەڕینەوەو گواستنەوەى چەکداران بۆ سوریا .
لە لایەکى ترەوە هەروەکو دیارە ئێرانیش ڕۆڵێکى گرنگ دەگێڕێت بۆ چارەسەى سیاسى قەیرانى سووریاو هەوڵدەدات کە لە قۆناغى ڕاگوزەریدا ڕۆڵێک بە بەشار ئەسەد بدرێت ، لە هەمان کاتدا تورکیاش شکستى هێناوە لە دروستکردنى ناوچەى ئارام بۆ ئۆپۆزەسیۆنى سوریاى سەربە خۆى واتە سەربە تورکیا لە ناو سوریادا و لە لایەکى تریشەوە کوردەکانى ڕۆژئاواى کوردستانیش کە لە باکوورى سوریان توانیویانە بە حوکمى بەرەڤانى و خۆڕاگریان لە شەڕى داعشدا سۆزو هاوپشتى وڵاتانى ڕۆژئاواو ئەمریکا بۆ خۆیان بە دەست بهێنن و دەستەڵاتێکى خۆبەڕێوەبەرى دابمەزرێنن .
هەموو ئەوانە لە گەڵ خواست و ئامانجەکانى پارتى دادو گەشە پێدان یەکناگرنەوەو پاڵنەرو هۆکارن بۆ خستنە خوارەوەى فڕۆکەکەى ڕووسیا .
لە هەمان کاتدا هەوڵێکە لە ئەردۆغان و حکومەتەکەى بۆ ئەوەى بە هاوپەیمانەکانى لە ناتۆ بڵێت کە ئامادەیە بەرامبەر بە پشکدارى لە لەناوبردنى داعش پرۆسەیەکى گۆڕینەوە بکەن دەست بەسەر ناوچە کوردیەکانى باکوورى سوریادا بگرێت و بۆ لەباربردنى هەر پێشکەوتنێک کە پارتى یەکێتى دیموکراتى ( پەیەدە ) بە دەستى بێنێت کە بە لقى سووری pkk دەزانێت و ئەوان لە داعش بە مەترسى تر بۆ سەر ئاسایشى نەتەوەیى خۆى دەزانێت .
لە لایەکى تریشەوە ڕووسیا کە ئێستا گۆشەگیر بووە بە هۆى سزاى ئابوورى وڵاتانى ڕۆژئاواوە بە هۆى دەستێوەردانى سەربازى لە ئۆکرانیا دەیەوێت ئەو بەستەڵەکەى کە دەورى داوە بیشکێنێت لە ڕێگەى بەرەنگاربوونەوەى ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیەوە و بەرگریکردن لە ڕژێمەکەى ئەسەدو مانەوەى لە لێوارى ئاوە گەرمەکان بە کەڵک وەرگرتن لە هەڵوێستى ئەمریکا کە نایەوێت ڕاستەوخۆ زەمینى کێشەى سوریا یەکلایى بکاتەوە . هەروەها جگە لە ترسى مۆسکۆ لە گەشەکردنى بزوتنەوە ئیسلامیە سونیەکان و ڕێگرتن لێیان بۆ گەیشتن بۆ ناو ڕووسیا کە زیاتر لە بیست ملێۆن موسڵمانى تێدا نیشتەجێیە .
بۆ یە بەریەککەوتنى بەرژەوەندییەکانى تورکیاو ڕووسیا لە سووریا ڕۆژ لە دواى ڕۆژ زیاتر دەردەکەوتن و ڕووسیا بەشێکى زۆرى پێگەى هێزەکانى ئۆپۆزەسیۆنى سووریاى سەربە تورکیا بۆردوومان دەکرد ڕۆژانە بۆیە تورکیاش بەکەڵک وەرگرتن لەو کەشە فڕۆکە ڕووسیەکە تێکشکاند و بۆ ئەوەى سەرنجى هەموو جیهان بۆ ئەوە ڕابکێشێت و بە دیاریکراوى بە ئێران و ڕووسیا بڵێَت کە ئەمیش تورکیا هێزێکى ئیقلیمى مەزنەو ناکرێت بەرچاو نەگیرێت .
سەرەڕاى هەموو ئەوانەى لە سەرەوە باسم کردن تا ئێستا هیچ ڕووبەڕوو بوونەوەیەکى سەربازى ڕاستەوخۆ ڕووى نەداوە لە نێوان تورکیاو ڕووسیادا ، لەوەش ناچێت پوتین هیچ پرۆسەیەکى سەربازى ڕاستەوخۆ دژى تورکیا ئەنجام بدات بەڵکو دەستەوەستانیش ناوەستێت بەڵکو لەوەڵامدا بۆ تێکشکاندنى فڕۆکەکە یارمەتى زیاتر پێشکەش بە ڕژێمەکەى ئەسەد و بۆمبابارانکردنى زیاترى ناوچەکانى نزیک سنوورى تورکیاو ئەو هێزانەى سەربە تورکیان زیاتر دەکات و دوورنیە کۆمەک و یارمەتى سەربازى بە pkk ەش بکات .
بۆیە لە کۆتاییدا ئەوە ماوە بیڵێین کە پێکهاتەکانى سوریا بە هەموو ڕەنگەکانیەوە زەرەرمەندى یەکەمى ئەم ململانێ و ئاڵۆزیانەن و لە هەمووى ناخۆشتر دەبێتە هۆى درێژەکێشانى قەیرانەکەو ئاوارەبوونى زیاتر و خوێن ڕشتنى زیاتر و مانەوەى زیاترى ئەسەد و داعش .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت