مەریوان وریا قانع : ناسیۆنالیزم‌و ئاڵا .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ناسیۆنالیزم بەمانای هەستی نەتەوایەتیی بەپێوازی جیاواز دەچێتە ناو ژیانی ڕۆژانەوەو چەندان گوتار لەپەیوەندیدا بەژیانی ڕۆژانەوە دەخاتەکار . هیچ ناسیۆنالیزمێک نییە بێبەریی بێت لەم گوتارە ڕۆژانییەیە .
مایکڵ بیلیگ Michael Billig یەکێک لەتیوریستە گرنگەکانی بواری نەتەوەو ناسیۆنالیزم ئەم گوتارە ڕۆژانەییانەی ناسیۆنالیزم بە”Banal”،یان” تافیه ” ناودەبات ، کە دەکرێت بەکوردی وەک ناسیۆنالیزمی ” ڕۆژانە ” یان ” بێقووڵایی ” بیناسێنین . لای ئەم نوسەرە ناسیۆنالیزم ، هەمو ناسیۆنالیزمێک ، هەڵگریی گوتارێکی ڕۆژانەی بێقوڵاییە ، بەڵام ئەم گوتارە بێقوڵاییە بەردەوام ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لەبەهێزکردنی هەستی نەتەوەیی‌و کردەو جوڵانەوەی کۆمەڵایەتیی‌و سیاسییدا . ئەم گوتارە ڕۆژانەییە ڕۆڵێکی گرنگیش دەگێڕێت لەدروستبونی ” هەستی گشتیی ” ناو کۆمەڵگاداو بەو هەستە گشتییە ناوەڕۆکێکی تایبەت دەبەخشێت . ئەو شێوازانەی کە بەشێکی زۆری ” خەڵک” لەڕێگایانەوە باسی خۆیان‌و وێنای خۆیان وەک دانیشتوانی وڵاتێک لەپەیوەندیدا بەدراوسێکانیان‌و بەنەتەوەکانی ترەوە دەکەن ، لەژێر کاریگەریی ئەم گوتارە ڕۆژانەییەدایە . هاوکات ئەم گوتارە ڕۆڵی بەرچاو دەبینێت لەدروستبونی ئەو چوارچێوە گشتییەدا کە تیایدا زانیارییەکان کۆدەکرێتەوە ڕێکدەخرێت‌و بەشێوازێکی دیاریکراو بەکاردەهێنرێت ، بەمەبەستی بەرهەمهێنانی شوناسێکی ئەتنیی ، نەتەوەیی ، نیشتیمانی .
مایکڵ بیلیگ ئەم ناسیۆنالیزمی ڕۆژانەییە بەیەکێک لەسیمبۆڵە هەرە سەرەکییەکانی دەوڵەتی نەتەوەی مۆدێرنەوە دەبەستێتەوە کە ئاڵایە . لای ئەم نوسەرە ئاڵای وڵات یان نیشتیمان یان نەتەوە ئەو ڕەمزە ڕۆژانەییە سادەو بێقوڵاییەیە کە ڕۆڵێکی گرنگ‌و بەردەوام لەبەرهەمهێنان‌و پاراستنی گوتارو شوناسی نەتەوەییدا ، دەبینێت ، بەتایبەتی لەئاستە کردەییە ڕۆژانەییەکەیدا . هەم سیاسییەکان‌و هەم بڕێک لەهونەرمەندان‌و ڕۆشنبیران‌و هەم میدیای جەماوەریی ڕۆڵی گەورە دەبینن لەبەرهەمهێنان‌و بڵاوکردنەوەی ئەم گوتارەدا .
بێگومان ئەم گوتارە ڕۆژانەییە تەنها لەئاڵادا بەرجەستە نییە ، بەڵکو لەچەندەها بۆنەی ڕۆژانەو چەندان بەرنامەی تەلەفیزیۆنی‌و چەندان گۆرانیی‌و شێوازی جلوبەرگ‌و سەماو شتی دیکەی تری لەم بابەتەدا بەرجەستەیە . ئەم گوتارە نەک تەنها لەناو بەرنامەی هەواڵە سیاسییەکاندا ئامادەیە ، بەڵکو لەناو هەواڵەکانی کەش‌وهەواو گەرمیی‌و ساردیی بە‌ش‌و ناوچە جیاوازەکانی نیشتیمانیشدا ئامادەیە . ئەمە جگە لەئامادەگیی زمانێکی ڕۆژانە کە باس لە ” ئێمە ” و” ئەوان ” و ” نەتەوە ” و ” نیشتیمان ” و ” مەترسیی ” و ” ئەرک ” و ” بەرپرسیاریەتیی” و ” ئێرە ” و ” ئەوێ ” دەکات ، کە بەسەر یەکەوە ئەو هەستە لای خوێنەران‌و بیسەران گەورەدەکەن کە ئەوەی باسدەکرێت ماڵی نەتەوەیی‌و نیشتیمانیی ئەوانە . هەمو ئەمانەش بەسەر یەکەوە ئەو گوتارە دروستدەکەن کە ئەندامانی کۆمەڵگایەک دەکەنە ئەندامی نەتەوەو نیشتیمانێکی دیاریکراو .
بێگومان لەهەر شوێنێکی دونیادا ئەم ڕەهەندە ڕۆژانەییەی ناسیۆنالیزم‌و شوناسی نەتەوەیی بەشێوەی جیاواز دەردەکەوێت‌و دروستدەکرێت‌و دەپارێزرێت ، بەڵام بەبۆچونی مایکڵ بیلیگ ئاڵا لەزۆربەی هەرەزۆری شوێنەکانی دونیادا یەکێکە لەسیمبۆڵە سەرەکییەکانی ئەم ناسیۆنالیزمە ڕۆژانەییە . ئەم نوسەرە تائەو شوێنە دەڕوات کە بڵێت ناسیۆنالیزمی ڕۆژانە خەریکی ” بەئاڵاکردنی نەتەوەیە ” ، “flagedging nationhood”، کە مانای بەرهەمهێنانەوەی بەردەوامی نەتەوە دەگەیەنێت لەڕێگای ئاڵای نەتەوەیی‌و سیمبۆڵی ترەوە . ئەم شتانە ناسیۆنالیزم دەکەنە بەشێک لەڕۆتینی ڕۆژانەی ژیان ، دەیکەن بەئایدیۆلۆژیایەک کە بەشی زۆری کۆمەڵگا دەچێتە ناوییەوە ، تاڕادەی ئەوەی دوان بەزمانی ئەم ڕەمزانەو لەڕێگای ئەم ڕەمزانەوە ببێت بە ” خویەکی ئایدیۆلۆژیی ” .
لەمێژوی سەدەی بیستەمدا ” ئاڵا ” ڕۆڵێکی سەرەکیتر دەبینێت لەبەرهەمهێنانەوەی ” نەتەوە ” دا تاڕەمزە نەتەوەییەکانی تر ، ئاڵای نەتەوەیی لەناو ئەو ڕوبەرە نەتەوەیی‌و نیشتیمانییەدا ئامادەیە کە کۆمەڵگا بەسنوری جیاکردنەوەی خۆی لەدونیای دەرەوەی خۆی دەزانێت . لەسەر باڵەخانەو ئۆفیسە حکومییەکان ، لەسەر قوتابخانەکان ، لەبۆنە گشتییەکاندا ، لەپاڵەوانێتییە وەرزشییەکاندا ، لەکێبڕکێ هونەریی‌و مۆسیقییەکاندا ، ئەمە جگە لەو کاتانەی کە ” نەتەوە ” و ” نیشتیمان ” دەکەونە بەردەمی مەترسیی‌و هەڕەشەوە . لەهەمو ئەو کاتانەدا ئاڵای وڵات لەزۆر شوێنی وڵاتدا بەشێوەیەکی شانۆییانە بەرزدەکرێتەوەو نمایشدەکرێت .
فەرەنسای دوای پەلامارە تێرۆریستییەکانی ئەم دواییە یەکێکە لەو نمونە زۆرانەی کە نیشانمان ئەدەن چۆن ناسیۆنالیزمی ڕۆژانە لەڕێگای ئاڵاوە بەرگریی لەو بونە دەستەجەمعییە دەکات کە ناوی نەتەوەو نیشتیمانە . ئەم بەناوەندییکردنەی ئاڵا وەک سیمبۆڵی نەتەوەیی‌و نیشتیمانیی لەسەدەی بیستەمدا بەڕادەیەکە کە ئاڵا دەگۆڕێت بۆ تەوتەمێکی سیاسیی ، کە لەلایەن زۆرینەی کۆمەڵگاوە وەک تەوتەم ماماڵەدەکرێت . ئەم دۆخی بەتەوتەمبونە لەو کاتانەدا بەباشی بەرجەستە دەبێت کاتێک ململانێی سیاسیی‌و ئایدیۆلۆژیی‌و سەربازیی لەنێوان نەتەوەکاندا ڕودەدەن . سوتاندنی ئاڵا ، یان ژێرپێنان‌و تفلێکردنی ، لەم دۆخانەدا دەبێتە ڕەمزی لەناوبردن‌و بێنرخکردن‌و ئیهانەکردنی نەتەوە . ئاڵا بەڕادەیەک بەنەتەوەو نیشتیمان یەکساندەکرێت‌و ئەمیان وەک درێژکراوەی ئەویتریان دەبینرێت ، کە ئازاردانی ئاڵاکە وەک ئازاردانی نەتەوەکە خۆی وێنادەکرێت .
ئەوەی لەچەند ڕۆژی ڕابردودا لەهەرێم‌و لەبەشە شیعەکەی عێراقدا بینیمان سوتاندنی ئاڵای عێراق بو لەلایەن چەند کەسێکەوە لەکوردستان‌و سوتاندنی ئاڵای کوردستان بو لەلایەن هەندێک لایەنی شیعەوە . لەهەردو دۆخەکەدا کردەی سوتاندنەکە لەسەر ئەو لۆژیکە تەوتەمییە کاردەکات کە باسمکرد . ڕاستە مەبەستی سیاسیی‌و هێزی سیاسیی تایبەت لەپشتی ئەم کارانەوەن ، لەدۆخی هەرێمدا سیاسەتی سەرقاڵکردنی کۆمەڵگای ئێمە ئامادەیە بەکێشەیەکی رەمزییەوە لەپێناوی لەبیربردنەوەو داپۆشینی کێشە سەرەکیی‌و بنەڕەتییەکانی وڵاتەکە ، کە کێشەی دەسەڵاتداریەتییەکی سوڵتانیی گەندەڵ‌و توندوتیژ‌و دەسەڵاتگەرە‌و لەهەمو ئاستەکاندا ئیفلاسیی تەواوی کردوە .
دەڵێم ڕاستە هەندێک پلانی سیاسیی ناشیرین‌و خواستێکی بەهێزی بەلاڕێدابردنی کۆمەڵگا لەپشتی ئەو سیاسەتەوە ئامادەیە ، بەڵام ئەمە لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە ئاڵا لەسەدەی بیستەمدا ڕەمزی هەرەسەرەکیی ناو گوتارە ناسیۆنالیستییە جیاوازەکانە . ئاڵا وەک چۆن لەکۆمەڵگای ئەمریکیدا ڕۆڵێکی سێنتراڵی دەبینێت‌و بەشێکە لەو ناسیۆنالیزمە ڕۆژانەییەی مایکڵ بیلیگ باسی دەکات ، ئاواش لەشوێنێکی وەک فەرەنسادا ، بەتایبەتی لەساتەوەختە قەیراناویی‌و زەحمەتەکاندا ، ئەو ساتانەی دۆرکهایم ناوی ساتەوەختی ” عەزاپۆشیی گشتیی ” ان لێدەنێت ، دەبێتە یەکێک لەڕەمزە نەتەوەیی‌و نیشتیمانەییەکان‌و کۆمەڵگا لەدەوری خۆی کۆدەکاتەوە .
گۆڕینی ئاڵا بۆ تەوتەمێکی سیاسیی یەکێکە لەدیاردە بەجیهانییبوەکانی سەدەی بیستەم . لەدۆخێکی وەک دۆخی فەرەنسادا دەشێت ئاڵا هێزێک بێت بۆ کۆکردنەوەی کۆمەڵگا لەدەوری ڕەمزێکی ناوەندیی بەمەبەستی زاڵبون بەسەر کێشەو گرفتەسیاسییە سەرەکیی‌و بنەڕەتییەکاندا ، بەڵام لەشوێنێکی وەک هەرێم‌و عێراقدا ، ئامرازێکە بۆ مێشکشۆرینەوەو سەرقاڵکردنی کۆمەڵگا بەمەسەلە هەرە لاوەکییەکانەوە .

سەرچاوە ـ ئاوێنە

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت