Newshirwan-Barzani

عیماد عەلی : نیازپاکی پارتی پێویستی بە لێداونی نەوشیروان موستەفا نیە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان بیەوێت روو لە چارەسەری قەیرانەکەی کوردستان بکات و ، راستەرێی رێرەوی دەسەڵاتی کوردستان بگرێتەبەر . بە هەنگاوی بچوک و بە خۆداچونەوە و راستکردنەوەی هەنگاوە هەڵەکان و بە لەخۆبوردویی و نیشاندانی عەقڵمەندی و گەورەیی و ، بە پشت بەستن و پابەندبون بە یاسا و رێسا بەرکارەکان ، دەتوانێت ئاسانکاریەکی زۆر گەورە لە چارەسەرکردنی کیشەکان بکات و قەیرانەکە هێوربکاتەوە و پرسە ئاڵۆزەکان بەرەو رێگەی راست ببات .
ئەوەی بووە هۆکاری دروستبونی ئەم قەیرانە بەردەوامە ، نەگەیشتنی پێشوەختی رێکەوتنێک بوو لەسەر سیستمی سیاسی کوردستان و پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ، کە دەکرا بەم دەردە نەبرێت و ، هەمووان بە راشکاوی و کۆبونەوەیەکی باڵا و لە ئاستی کەسە یەکەمەکانی سەرجەم حزبە کاریگەرەکان ، دراسەتی وەزعەکە و پیشهاتەکان بکەن و دوور لە بەرژەوەندی تەسک و بە نیازپاکیەوە ، چۆنێتی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کیشەکان تاوتوێ بکەن و، بە بریاری گونجاو دەربچن .
هەرچەند لەبنەرەتدا دەیانتوانی خەڵک توشیی ئەم نەهامەتیە نەکەن ، بەڵام هۆکاری زۆر لە بەرژەوەندخوازی کەسی و حزبی و ناکۆکی و تەکتیکی سیاسی لە ململانێی هەندێک لەلایەنەکان و ناکۆکی زۆر سانا و رۆڵی نابەجێی راگەیاندنەکانی حزبەکان و بەناو کادر و چاودێری حزبی ، رەوشەکەی بەم جۆرەی لێکرد و باری سیاسی کوردستانی ئاڵۆزتر کرد .
بۆیە ئەگەر پارتی خۆی بەبرا گەورە دەزانێت و ، تەنها بیر لە بەرژەوەندیە تەسکەکەی خۆی ناکاتەوە و گیانی لێبوردەیی قبوڵە ، دەتوانێت بە هەنگاوێک ، دڵسۆزی خۆی بۆ پرسەکە لەم کاتە هەستیارەدا بسەلمێنێت .
پێش ئەوەی چاوەرێی لێدوان و هەڵوێستی نەوشیروان موستەفا بیت . دەبێت بزانیت کێ رێگەی هەڵەی گرتۆتە بەر ، دەکرێت ئیستێکی بۆ بکات و ، لەمەشدا خەڵک بە گەورەیی بۆ لەقەڵەم دەدەن ، نەک بە ملهوری و عینادی کێشەکان ئاڵۆزتر بکات و پرسەکان بباتە نێو مەتاهاتێکەوە سەری لێدەرنەکات .
بۆ پاراستنی روسووری و هەست نەکردن بە پاشگەزبونەوە ، کە لە نێو دابونەریتی کوردەواری ئێمە ئەوەندە ئاڵۆزکاوە و کاریگەری لەسەر هەنگاوە سیاسیەکانیش داناوە ، دەکرێت بە پاکێجێک سەرجەم چارەسەرەکان و لە یەک کۆبونەوەی لایەنەکان لە پەرلەماندا بازدانێک بەسەر کێشەکەدا بدرێت و ، لە چارەسەر نزیک ببنەوە .
هەر لە پەرلەمان بە ئامادەبونی سەرجەم سەرۆک و سکرتێری پێنج حزبەکە بە مەسعود بارزانیشەوە و بە ئامادەبونی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەمان و ، پێشوەخت لەپەراوێزی پەرلەماندا ، کۆبونەوەی یەکلاکەرەوە بکرێت و ، لەهەمان رۆژەدا لەکۆبونەوەی پەرلەماندا ، لەسەر ئەجێندای کاری دەسەڵاتی کوردستان و پرسە گرنگەکان گفتوگۆ و بریاری یەکلاکەرەوە بدرێت و ، پێشوەخت هیچ مەرجێک نەهێنرێتە ئاراوە .
بە لێدوانێکی مەسعود بارزانی و نیازپاکیەک و گەورەییەک ، کارەکان زۆر ئاسان دەبێت و ، هیچ پێویستیەکی نە بە لێدوانی نەشیروان موستەفا و نەش هیچ سەرۆک حزبێکی تر هەیە و نش پێویستی بەنێوانگیری هەیە . بۆیە کۆبونەوەی راستەوخۆ و ناراستەوخۆکانی پشت پەردە لەم بارەوە ، ئەگەر ئەجێندایەکی لەو شێوەیە رێکبخرێت کە سازانێک بێنێتە ئاراوە ، لە ماوەی رۆژێکدا چارەسەرێکی گونجاو بەرقەرار دەبێت .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێمانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت