Froka

عوسمان عومەر : 49 ساڵ تێپەر بوون بەسەر فراندنی فرۆکەى مێگ 21 ی هێزی ئاسمانی ئیراقی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەشى یەکەم :
لە شەستەکانی سەدەی ڕابوردوو جەنگی سارد لە نێوان هەردوو جەمسەرە زلهێزەکەی دونیا یەکیتی سۆڤیەتی جاران و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا زۆر دژوار بوو بۆیە هەریەکەیان دەیویست زۆرترین دۆست بۆلای خۆیان راکێشن و نوێترین چەکی پێشکەوتوو بەرهەم بهێنن و جبەخانەکانیانی پێ پڕ بکەن و پێش بخەن ، یەکیتی سۆڤیەت لە ناوەراستی پەنجاکان و سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابوردوو فرۆکەیەکی نوێی بەناوی مێگ ٢١ داهێنا ئەو فرۆکەیە لە دروستکردن و پێکهاتنەکەیدا زۆر لایەنی شاراوەی لەخۆ گرتبوو ، وولاتانی پەیمانی وارسۆ ببونە خاوەنی ئەو جۆرە فرۆکەیە لەگەل هەندێ لە وولاتانی عەرەبی وەک عیراق و میسر و سوریا کە هاوپەیمان و زۆرترین چەک کری بلۆکی رۆژهەلاتی بوون چونکە شەرو بەربەرەکانێیەکی بەهێز لە نێوان ئەوان و دەولەتی جولەکە هەبوو لە سەر خاکی فەلەستین لەسالى ١٩٤٨ وە کە پەیمانى بلفۆر جێ بەجێ کرابوو .
هەریەک لە دەزگا موخابەراتیەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا هاوکاری یەکتر بون هەر لە سەرەتای داهێنانی ئەو فرۆکەیەوە بۆ بەدەست هێنانی زانیاری لەسەری . لە شەستەکانەوە هەنگاوی یەکەم ئیسرائیل نای بەهۆی چەند ئەفسەرێکی بە سیخوڕکراو لە وولاتی میسر و بڕی یەک ملیۆن دۆلاری ئەو سەردەمەی بۆ تەرخانکرا سەرەنجام کارەکەیان شکستی هێنا و سیخورەکان گیران و لە سێدارەدران .
مائیر عامیت تازە سەرۆکایەتی دەزگای موخابەراتی مۆسادی گرتبووە دەست لە هەوڵی ئەوەدا بوو کارێک بۆسەرکەوتنى دەولەتی ئیسرائیل و باڵا دەستى دەولەتەکەیان و پێگەى خۆى بەهێزبکات بەپێى هەندێ سەرچاوە ” عزارا وایزمان کە فەرماندەى هێزى ئاسمانى ئیسرائیل بوو هەولى بەدەست هینانى ئەو فرۆکەیەى داوە , دواى ئەو ( مۆردەخاى هود ) کە فەرماندەییەکەى وەرگرتووە هەمان هەولى داوە لەسەردانێکیدا بۆلاى ( لیڤى ئەشکولی وەزیرى بەرگرى ١٩٦٣- ١٩٦٩ ) و پێی وتووە : چ کارێکت دەوێ بۆت ئەنجام بدەم لەوەڵام دا ئەلێت مێگ ٢١ لەوەڵام دا وتبوى رێژەی سەرکەوتن ٢٥% ” ، بۆیە هەوڵ و کۆششەکانی بەردەوام بوون بۆ بەدەست هێنانی زانیاری لەسەر ئەو فرۆکەیە سەرەتا بیری لەوە کردەوە کەلەکاتی فرینی فرۆکە سوری ومیسریەکان یەکیان ناچار بکات بە نیشتنەوە لە فرۆکەخانەی تەل ئەبیب بەلام خێرایی و موناوەرەی ئەو فرۆکەیە رێگر بوو لە ئەنجام دانی ئەوکارە و راۆێژی ئەمریکیەکان .
هەروەک لە پێشەوەش ئاماژەم پێداوە لە کێبرکێ و دەرەنجامەکانی شەڕی سارد و گەیشتن بە نوێتیرین داهێنان لە بواری چەک و تەکنۆڵۆژیای چەک هەردوو زلهێزەکە ، دەزگای سی ئای ئەی ئەمریکی لەوکات و سەردمەدا نزیکەی ٦ ملیاردۆلار بودجە بووە کە نیزیکەى ٢٥٠ هەزار فەرمانبەری لە سەرتاسەری وولاتانی جیهان وەک گواتیمالا ، کۆنگۆ ، قوبرس ، ئەندەنوسیا و ئێران و … هتد ، خستبوە گەرو بڵاوکردبۆوە .
سەرەرای ئەمانەش چەندین تیمی تیرۆری ئامادە کردبوو بۆ تیرۆرکردنی سەرۆکی ئەو وڵاتانەی کە لەگەڵ سیاسەتی ئەمەریکی نارۆن و ناچنە ژێرباریەوە لە و تیرۆرە سیاسیانە تیرۆرکردنی سەرۆکی ڤیەتنام نگودین و سەرۆکی دۆمۆنیکان و تەنانەت تیرۆرکردنی سەرۆکەکەی خۆیان جۆن کەنەدی و چەندین جاریش هەولی تیرۆری سەرۆکی کوبا کاسترۆیان دا و هەروەها تیرۆکردنی مارتن لۆسەرکنگ و تیرۆکردنی تێکۆشەرو خەباتگێری ئەرجەنتینی ( چی گیڤارا ) دەچێتە ئەو خانەیەوە ، هەروەها کوشتن و خستنە خوارەوەی فرۆکەکەی عبدالسلام عارف سەرۆکی ئەوکاتی عیراق و تیرۆر کردنی هەریەک لە ئەفسەرانی هێزی ئاسمانی عیراق نەقیب شاکر مەحمود یوسف و کۆمیسەری دووەم محمەد گلۆب و نەقیب حامید زاحی چونکە ئەوانە ئەندازیارو شارەزا و پسپۆریان زۆر بوو سەبارەت بە فرۆکەی مێگ ٢١ و ملیان بۆ پلانی سیخۆری نەدابوو و ئامادە نەبون خیانەت بکەن لە گەل و وولات و سوپاکەیان .
هەروەک لە پێشەوە ئاماژەم پێدا مائیر عامیت تازە سەرۆکی مۆسادی ئیسرائیلی گرتبووە دەست پاش ئەو زنجیرە هەولانە بو زانیاری پەیداکردن لەسەر ئەو فرۆکەیە بەردەوام بوو لەسالى ١٩٦١ توانى سیخورێک بەناوى (جان لیۆن تۆماس ) لەمیسر گیرا و لەسیدارە درا هەولى دابوو بەیەک ملیۆن دۆلارى ئەوسەردەمە فرۆکەوانێکى میسرى رازى بکات بەفراندنى ئەو فرۆکەیە .
بەپێى هەندێ سەرچاوەى زانیارى هەلێکی زیرینی بۆ هاتە پێشەو ئەویش سەردانى مونیر رۆڤا بوو بۆ پاریس ولەوێ بەهۆى کچێکى شۆخ شەنگ ونازدار بەناوى لیزا بکەوێتە داوى مۆسادى ئیسرائیلیەوە , هەندێ سەرچاوەش باس لەوە دەکەن کە لەلایەن دەزگاى موخابەراتى بەریتانى لەبەغداو بەهۆى ( باربرا )کە هاوسەرى سەرۆکى کۆمپانیاى نەوتى عیراق (IPC) خراوەتە تۆرە سیخوریەکە گوایە مونیر بەهۆى بیزارى لە جیاوازى ئاینى و نەتەوەیی وبەزۆر ناردنى بۆ بۆمباباران کردنى ناوچە کوردنشینەکانى کوردستان هەولى هەلهاتنتى داوە لەعیراق بەلام دواتر مۆساد بەهۆى سیخورێکیانەوە لەبەغدا بەناوى یوسف مەنشۆ خراوەتە داوەکە هەر ئەویوسفە ماڵ ومنالەکەى گەیاندۆتە ئیران لەویشەوە بۆ ئیسرائیل بەلام یەک دوو لەبراو خوشکەکانى کاتێ زانیویانە ملیان نەداوەو خۆیان تەسلیمى عیراق کردۆتەوە و بەخشراون , کاتێ هاوسەرەکەشى زانیویەتى مونیر ئەوکارەى کردوو بەپەلە براوەتە نەخۆشخانە .
مونیر جمیل حبیب رۆڤا لەدایک بووی سالی ١٩٣٤ ی بەغدا ولە سالی ٢٠٠٠ کۆچی دوایی کردووە بکەوێتە داوی تۆری سیخوری مۆسادەوە بەهۆی سەفەرێکی بۆ پاریسی پایتەختی فەرەنسا بە هۆی کیژۆڵەیەکی شۆخ وشەنگ و نازداری جولەکەوە ئەو جۆرە کچانە لە هەندێ وولات بڵاوکرابونەوە بۆ کاری خستنە داوی تۆری سیخوری هەرگیز کەس درکی بەوانە نەدەکرد کە جولەکەن و سەر بە دەزگای مۆسادی ئیسرائیلین ….کاتێ نوێنەری مۆساد لە فەرەنسا ئەو هەوالەی پێ گەیشت نەی دەزانی چۆن خۆشی دەربڕێ و چۆن هەواڵەکە بگەیەنێتە سەروی خوی ئەوانیش چۆن بیگەیەننە مائیر عامیتی سەرۆکی دەزگا ، ئۆپەراسیونی فراندنی ئەو فرۆکەیە لە تۆمارەکانی مۆسادی ئیسرائیلی بە ئۆپەراسیۆنی ژمارە ٠٠٧ ناسرا .
مونیر رۆڤا فرۆکەوانێکی عیراقی بوو بە پلەی نەقیب و سیخورێکی دەولەتی ئیسرائیل کە لە بەغدا لەدایک ببو بەلام لە بنەچەدا بنەمالەکەیان وەک هەندێ لە سەرچاوە مێژوویەکان باسی لێوە دەکەن خزمایەتى لەگەڵ تاریق عەزیز سەرۆک وەزیرانى عیراق و ماوەیەک وەزیرى دەرەوە بوو لە خواروی رۆژهەلاتی تورکیاوە هاتونەتە دەوروبەری موسل و لە تلکێف نیشتەجێ بوون لە بنەمالەیەکی فەلە(مەسیحی) ئەرثۆدۆکسی وباوکی فەرمانبەری بەرێوەبەرایەتی کشتوکالی ئەوێ بووە ولەسەر بەرتیل وەرگرتن لەکارەکەی دوورخراوەتەوەبەندکراوە (بەرای بەندە وا پێ دەچێ ئەوانە لە دەربازبوە ئەرمەنیەکان بوبن و لەوناوچەیە نێشتەجێ بوبێتن )….عەرەبەکان بەتایبەت دەسەلاتدارانى حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانى عیراق هەمیشە مۆرک و تۆمەتى خیانەت دەخەنە پاڵ کەمەنەتەوەکان.
مونیرلە سالی ١٩٦٤ وە کەوتە ناوتۆری سیخوری مۆسادەوە چونکە یەکێک بوو لە فرۆکەوانە شارەزاو لێزانەکان لە هێزی ئاسمانی عیراق وچەندین خولی لە ئۆکرانیاو رووسیا دیوە لەسەر فرۆکەی مێگ ٢١ کە تازەترین جۆری فرۆکەی رووسی ئەوسەردەمە بوو لەگەل ٣ هاورێکەى ترى

فراندنی مێگ ٢١ بۆچی؟
فرۆکەی مێگ ٢١ داهێنانێکی پێشکەوتوی سەربازی سۆڤیەت بوو لەبواری فرۆکەوانی جەنگی دا چونکە فرۆکە جەنگیەکانى ئەوسەردەمە ماددەی(RT)کە جۆرێکە لە نەوتی سپی بەکاردەهێنا بەلام لەم فرۆکە پێشکەوتوە بەنزینى ئاساییان تیدا بەکار هێنا بوو بۆیە خیراییەکەى لەخیرایی دەنگ زیاتر بوو ،لەهەمان کاتدا بواری مناوەرەی زۆر بوو بۆمب هاوێژو شەرکەر و پشتیوانی هێزی زەمینیش بوو خێرایی مێگ ٢١ لە کاتژمێرێکدا ٢٠٦٢ کم و لە کاتژمێرێکدا لە بازنەیەکی داخراوی ٥٠٠ کیلۆمەتری دا ٢٣٧٥ کم/ سەعات بوو کە لە هەریەک لە فانتۆم و سکای هۆکی ئەمەریکی و میراجی فەرەنسی خێراتر بوو،دوریەکانی فرۆکە (ابعاد الطائرة) پانی بالەکانی ٧،٦٠ م و درێژیەکەی ١٦،٧٥ م کە هیچکام لەوفرۆکانەی لەسەرەوە ئاماژەم پێدا نەیان بوو .بۆ زانیارى خوێنەرانى بەرێز لە٢٨ى نیسانى سالى ١٩٦١ مۆسۆلۆڤى فرۆکەوانى رووسى توانى ئەوفرۆکەیە بۆ بەرزایی ١١٣,٨٩٢ پێ واتە ٣٤,٧١٤ کم بەرزکاتەوە کە ئەوە شکاندنى ژمارەیی پێوانەیی بوو, هەروەها لە نمایشێکى ئاسمانى لە فرۆکەخانەى دۆمۆدیۆڤۆ ئەو فرۆکەیە توانى تەنها بە ١٥٠ مەتر بفرێتە ئاسمان بەلام فرۆکەى فانتۆمى ئەمریکى پێویستى بە ١٤٤٥ مەتر بوو تا بفرێ وسکاى هۆکیش پیویستى بە ١٥٢٥ مەتر بوو بەلام میراج ٣ کە ئیسرائیل شانازى بەبونى دەکرد پێویستى بە ١٦٠٠ مەتر بوو بۆ فرین ئەم شتانە بیروهۆشى ئەندازیاران و شارەزایانى بوارى فرۆکەوانى سەربازى ئەمەریکى توشى شۆک کردبوو بۆیە بەهەر نرخێک بوایە دەیانویست زانیارى لەسەر پەیدا بکەن .

چەند نهنیەکی پشت پەردە :
هەندێ لە شیکەرەوە سیاسی و هەندێ لە مێژوو نوسان ئۆپەراسیۆنی ٠٠٧ و فراندنی فرۆکەی مێگ ٢١ هەر تەنها بۆ بەدەست هێنانی زانیاری و زانینی وتەکنۆڵۆژیای پێشکەوتوی ناو فرۆکەکە نەبوو کە هاوپەیمانە عەرەبەکانی سۆڤیەتی وەک ئیراق و میسرو سوریا هەیانبوو بەلکو مەبەست لە ئۆپەراسیۆنی فراندنی فرۆکەکە ئەوەبوو دەولەتی ئیسرائیل لە جەنگێکی سەخت و دژوار بوو لە گەل هاوسێ عەرەبەکانی ئەم کردەیە دەبووە هۆی روخاندنی وورەی هێزە سەربازیەکانی ئەو وولاتانە وفەرماندەکانیان و بالادەستی موخابەراتی خۆی لە ناوچەکە نیشان بدات کە دواتر لەسالی ١٩٦٧ وەک دەستپێشخەری سەربازی (ضربة استباقية) زۆربەی ئەو فرۆکانەی وولاتی میسری تێکشاند کە هێشتا لەسەر زەوی بوون فریای فرین نەکەوتن ئەویش کردەیەکی موخابەراتی تر بوو, ئەو فرۆکانە هێشتا پارەی هەندێکی نەدرا بوو زیانێکی ئابووری گەورەی بە عەرەب گەیاند .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت