خەبات جەزا : کورد و نەخوێندنەوە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خوێندنەوە بە هەموو جۆرەکانێوە لە ڕۆژنامەو گۆڤار و کتێب و ئەنتەرنێت لە نێو کۆمەڵگای کوردیدا کزە و خوێنەر کەمینەی خەڵکن ئەم دیاردە خراپەش هۆکارەکانی زۆرن لەو هۆکارانەش

١ – هۆکاری مێژوویی
میللەتی کورد هەر لە قوڵایی مێژووەوە ژێردەستەی دراوسێکانی بووە لە فارس و تورک و عەرەب و ڕوس وئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانی و بە هۆی شوێنی جوگرافی و سەرە ڕێی بازرگانی و قافڵەکانی نێوان هندو چین لە ڕۆژهەڵات و ئەوروپا لە ڕۆژئاوا هەمیشە هەوڵیان داوە دەست بەسەر ئەو سەرە ڕێگەیەدا بگرن و جگە لە بەپیت و بەرەکەتی زەویە کشتوکاڵێکانی و سامانی ئاوی خواردنەوەی شیرینی کوردستان و بە کۆیلەکردنی مرۆڤەکانیش بۆ مەرامەکانی خۆیان هەمیشە چاویان لەسەر بووە و داگیریان کردووە … ئەوەی بێ گومانە دوژمنیش هەرگیز ڕێگە نادات بە ژێردەستەکەی ڕۆشەنبیر ببێت چونکی کە ڕۆشەنبیر بوو داوای مافی خۆی دەکات و دوژمن ڕاو ئەنێت لە خاکەکەی بێگومان ڕۆشەنبیری بە خوێندنەوەو گوێگرتن و بینین بە دەست دێت . ئەم ڕێگە لێگرتنە لە ڕۆشەنبیری بە درێژایی مێژوو تەمەڵی خوێندنەوەی کردووە بە کلتور لە ناومانا بەداخەوە .

٢ – هۆکاری سیاسی و بەڕێوەبردن
ئەم هۆکارەش لەم سەردەمەدا زۆر کاریگەرە بۆ نەخوێندنەوە . بە هۆێ تەشەنەی گەندەڵی لە نێوان حیزبە سیاسێکانی کوردستان و فەرمانگە فەرمێکان چونکی خوێندنەوە یەکێکە لە پاڵنەرەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجە ڕەواکانی مرۆڤ بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی سیاسی و پلەی حیزبایەتی و پلەی بەڕێوەبردن و فەرمان ڕەوایی بەڵام ئەمڕۆ زۆربەی لایەنە سیاسێکان و فەرمانگەکان مرۆڤی خوێنەوار و ڕۆشەنبیریان ناوێت چونکی گەورەکان ئەترسن لە پێش بڕکێی ڕۆشەنبیرەکان بۆ پلە حیزبێکانیان وکورسی بەڕێوەبەرایەتیەکانیان و لابردنیان لە سەر کورسێکانیان بۆیە ڕێگەیان پێ نادەن بێنە مەیدانی ئیدارەو حیزبایەتیەوە گەر لە گۆڕەپانەکەشدابن بەربەرەکانێ دەکرێن و ملیان دەشکێنرێت . ئەوسا کە گەنجە خوێن گەرمەکان ئەم دیاردەیە دەبینن دوردەکەونەوە لە خوێندنەوە و خۆ فێرکردن و نزیکترین ڕێگە دەگرن بە ماستاوکردن بۆ پێشەوەچون بەسەر شان و ملی خەڵکانا و سەرکەوتن بۆ پلەی بەرزتر وەک ئەوانی پێش خۆیان بە ئاسانی بگەن .
هەروەها قەدەغەکردنی ئەو کتێب و ڕۆژنامەو گۆڤارو سایتانەی کە لەگەڵ بیرو بۆچون و فەلسەفەی حیزبی دەسەڵاتدارا ناگونجێن جارێکی تر ڕێگرە لە خوێندنەوە .

٣ – هۆکاری ڕۆشەنبیری
خوێندنەوە هەر وەک چالاکێکانی تری مرۆڤ لای خوێنەری ڕۆشەنبیر تامو چێژی تایبەتی خۆی هەیە وەک چۆن گوێگر لە گۆرانیەکی خۆش تام دەبینێ یا بینەر لە شانۆیەک ئاوەهاش خوێندنەوە تامو چێژی خۆی هەیە لای مرۆڤە تایبەتەکان ئەو جۆرە مرۆڤانەش لە کۆمەڵگای کوردیدا زۆر زۆر کەمن کە دورن لە هەموو بەدەست هاتە مادێکان .
مرۆڤیش هەتا ئاستی ڕۆشەنبیری و زانستی بەرزتر بێت هەست دەکات کەمتر دەزانێ لە پێویست بۆیە زیاتر ئەخوێنێتەوە بۆ تێرکردنی ڕۆح و ناخی لە زانست و ئەدەب و بوارەکانی تر .

٤ – هۆکاری ئابوری
بێگومان خوێندنەوە پێویستی بە پارەیە بۆ کڕینی ڕۆژنامەی ڕۆژانە و گۆڤارەکان و کتێب بەتایبەتی و ئەنتەرنێت . چینی گەنجانیش توانایان کەمترە لەوەی بتوانن ئەم پێداویستیانە بە دەست بێنن بۆیە ناتوانن بخوێننەوە  .

٥ – هۆکاری کۆمەڵایەتی
بەهۆی بونی دەها کێشەی کۆمەڵایەتی و سەرقاڵبونی خەڵکان پێوەی کات زۆر کەم دەبێتەوە بۆ خوێندنەوە . تەنها لە زۆر جێگەدا ئەوەی زۆر بخوێنێتەوە بە ( نەخۆشی دەرونی ) لە قەڵەم دەدرێت وخەڵکان دورەو پەرێز لێیان دەوەستن .
یان ڕێگە پێ نەدانی باوک و دایک لەمنداڵیەوە بە خوێندنەوەی کتێبەکانی دەرەوەی قوتابخانە ئەویش بۆ چڕکردنەوەی توانای مناڵەکانیانە بۆ نمرەی بەرز و گەیشتن بە کۆلیجی باش بۆ بەدەست هێنانی سامان وپایەی کۆمەڵایەتی و گوێ نەدانیانە بۆ ئاستی ڕۆشەنبیری گشتی مناڵەکانیان پاڵنەرێکی ترە بۆ دورکەوتنەوە لە خوێندنەوە و فێرنەبونی .
لەگەڵ ئەم هۆکارانەشدا هەندێ کەس هەموو ئەو تەنگو چەڵەمانە دەبڕێت و بە پێی توانا کات و پارەی خۆی بۆ تەرخان دەکات و ڕۆشەنبیر دەبێت زۆر جار دور لە قوتابخانەو کۆلیج و بڕوانامە دەبنە جێێ شانازی گەل و نیشتیمان ئەو مرۆڤانەش جێی ڕێزو دانسقەن .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێر بۆ هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت