Pshtiwan-Hallabcayi

پشتیوان هەڵەبجەیی : تکایە شار پێویستى بە سۆزانى خانەیەک هەیە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کێ لەگەڵ ئەم ناونیشانەى سەرەوە هاوڕا نییە ، کێ شەرم لە بیستنى ئەم مانشێتە دەکات بابچێت کتێبى ئۆقیانوسێک لەتاوان و جیهانێک لە تاوان بخوێنێتەوە ، کێ لە دژى ئەم ئەم مانشێتەیە با ناونیشانى ئەو چوارسەد مەلهایەى شار بسڕێتەوە ، کێ دەڵێ کورد نامۆیە بەم ناونیشانە با ناونیشانى سەدان باندى لەش فرۆشى لەخەیاڵى لاواندا بسڕێتەوە ، با گوێ لە حیکایەتى یەک شەوى سەنتەرەکانى مەساج ڕاگرێت ، تکایە ئێستا کاتى کردنەوەى مەلهایەکە ، تکایە ئەمە تەنها بانگەوازى من نیە ، هاوارى نیشتیمانێکە ، نیشتیمانێکى کە پڕ بوولەجوانى ، لە شیعر لە ئەدیب و پیرۆزى ، ئەمە هاوارى شارێکە کە دەیەوێت خۆى لە شەهوەتى چوارسەد مەلها پاک بکاتەوە ، هاوارى چوارسەد کوچەى شارێکە کە دەیەوێت بەپاکیزەییەوە بمێنێتەوە و پڕبێت لە ئابڕوو ، ئەمە هاوارى دایکى ئەو کچە پیرۆزانەیە کە لەپێناو مشتێ لەزەتى ئەو کوڕانەدا کەدەستیان نەگەیشتە مەلهایەک پاکیزەییان لێدزرا و دواجار بەدیار چاوى ڕوناکیەوە گوللە باران کران ، هاوارى باوکێکى جەرگ سوتاوە کە لە پێناو خاڵى بونەوەى کوڕێکدا کچەکەى خۆى کوشت ، ئەمەى من دەیڵێم هاوارى ئەو کوڕانەیە کە لە پێناو مشتێ للەزەتى جەستەى مێنەدا پەنا دەبەنە بەر ئەویندارەکانیان و ڕوتیان دەکەنەوە لە حورمەت و عیشق و جوانى و خیانەت لە ئەوین و ئەویندارەکانیشیان دەکەن و دواجار ئەویندارەکانیان دەنێرنە دواین وێستگەى مەرگ ئەمە هاوارى ئەو لاوەیە کە خۆى پێى گوتم ئاخر گەر پەناگەیەک نەبێت بۆ سێکس ، گەر سوچێک نەبێت بۆ خۆ خاڵى کردنەوە ، گەر نیوەى تەمەنت بژیت و نامۆبیت بەجەستەى مێینە و للەزەتى تامى ئاوێتە بونێک ، گەر ڕێگاکانى هاوسەرگیریش بەسترابن ، ئیدى جگە لەو ڕێگایەى کە لەژێر پەردەى عیشقدا بە کیژێکى پاکیزە بگەیت چ ڕێگایەک هەیە تا ئەم هەموو سیحرەى دەرون بەتاڵ بێتەوە .
هاوارێ من هاوار کیژێکى کاڵ فامە کەبەدەم دابارینى فرمێسکەکانیەوە دەیگوت من هێندەى ئەستێرەکانى ئاسمان ئەوم خۆش دەویست کەچى تا دەستى نەگەیاندە پیرۆزیەکانم نەمزانى ئەو تەنها بۆ مشتێ چێژى جەستەم هاتووە ، هاوارى من هاوارى ئەو کیژانەیە کە هیچ کەس فریا نەکەوت فرمێسکەکانیان بۆ بسڕێت خۆیان سوتاند ، هاوارى ئەوانەیە دواى گوللە باران کردنى کچەکانیان بۆیان دەرکەوت پاکیزەن .
تکایە شار پێویستى بە مەلهایەکە ، یەک مەلها لەبرى چوارسەد مەلها ، یەک مەلها لەقەراغ شار لە ژێر چاودێریدا لە برى چوار سەد مەلهاى نهێنى ناو کوچەکان ، یەک مەلها لە برى چوارسەد مەلهاى نهێنى ناو ماڵ و کوچە و سەنتەرى مەساج و ئارایشتگاو کوێ و کوێى تر .
پێویستمان بە مەلهایەکە بۆ ئەوەى سۆزانیە غەمگینەکان بە ناو ماڵەکاندا بڵاو نەبنەوە و باندەکانى لەش فرۆشى بۆ پەیدا کردنى مشتەرى و هاو پیشە ڕو لە خوێندنگاى کیژە پاکیزەکان نەکەن ، بۆ ئەوەى هەموومان نەبینە قوربانى مشتى پارە و مشتى حەزى کۆمەڵێک ، بۆ ئەوەى هەوەس بازەکان بە ناوى عیشق و خۆشەویستیەوە کیژانى کاڵ فام لە خشتە نەبەن پێویستمان بە مەلهایەکە .
ئەى دۆست دەزانم لەگەڵ ووشەکانم هاوڕانیت ، دەزانم لە دڵەوە بەدەم جوێنێکى تاڵەوە دەڵێیت بێدەنگ بە حەلۆش تۆ پیاوێکى بێ ئابڕویت ، گەرچى دەشزانم لە ناخى دڵەوە هەست بە حەقیقەتى ئەم ووشانە دەکەى بەڵام ناوێرى بەم مانشێتە بڵیى بەڵێ ، دەشێ لە ناخى دڵتدا بڵى ئەفسوس چەندە درەنگە بۆ باس کردنى وەها بابەتێک و دەڵێى خۆزگە بەر لە دروست کردنى هەموو دەزگاکان بیر لە مەلهایەک بکرایەتەوە ، بەر لەئەوەى دیمەنى نا ئەخلاقى کچانى شار لە ناو موبایل و کۆمپیوتەرەکاندا ئەم دەست و ئەو دەستى پێبکرایە و کچانى پڕ لە عیشق ببونایە بە نێچیرى پیاوە هەوەس بازەکان ، دەزانم تۆش هەست دەکەیت کە شار پێویستى بە مەلهایەکە و دەڵێى خۆزگە بەر لە کوشتنى ئەم هەموو کچە ، بەر لە خۆسوتاندنى ئەم هەموو کچەى کە لەپێناو تیرکردنى حەزى عاشقەکانیادا مردن مەلهایەک بکرایەتەوە .
دەشێ ئەستەم بێت دان بەوەها حەقیقەتێکدا بنرێت ، منیش بەر لە خوێندنەوەى هەزاران حیکایەتى تراژیدى و مەرگ دۆستى و لەخشتە بردن هاوڕانەبووم ، بەر لە ئەوەى ئۆقیانوسێک لە تاوان و جیهانێک لەتاوان بخوێنمەوە هاوڕانەبووم ، ئێستا دەزانم ئەو هەموو ناشیرینیەى کە لە کوچەکانى شاردا ڕوو دەدەن هەمووى لە ئەنجامى نەبوونى مەلهایەکدایە ، دواى ئاگادار بوون لەو هەموو حیکایەتە پڕ لە شەوەتانە و ئاگادار بوون لە ئۆقیانوسێک لە تاوان لە شارێکى چکۆلەدا ، دواى هەست کردن بە رۆحى ئەو هەموو مەخلوقە کوژراوە و هەڵهاتنى ئەو هەزاران لاوەى کە بۆ گەیشتن بە مشتێ چێژ کوژران و سەرگەردن بوون دەڵێم شار پێویستى بە مەلهایەکە .
گەرچى دەشزانم سێکسى خاڵى لە عیشق ئەو پەڕى خاڵى بونەوەى ڕۆحى مرۆڤە و ئەو پەڕى سنورى وەحشى گەرییە ، دەزانم کرینى سێکس شکاندنى ڕیکۆردى بەحەیوانى بونە دەزانم کڕین و فرۆشتنى جەستە دەرچونە لە ئینسانیەت و جوانیەکان ڕۆحى ئینسان ، دەزانم ئەوپەڕى ئابڕوچونە بۆ مرۆڤایەتى کە بازاڕێک هەبێت وەک و گۆشتى حەیوان پارچەکانى جەستەى مێینەى تیا بفرۆشرێت و بە پارە مێینەى تیا ڕوت بکرێتەوە و لە پیرۆزى جەستەى بڕوانرێت ، دەزانم ئەو پەڕى کارەساتە بازاڕێک هەبێت بۆ هەڕاج کردنى جەستەى مێینە ، بەڵام من دەڵێم یەک بازاڕ لە برى چوارسەد بازاڕ تا شار بۆنى شەهوەت نەگرێت تا شار پڕ نەکرێت لە بازاڕى کڕین و فرۆشتنى جەستەى مێینە .
ئەزیزان دەزانم ناشیرینترین ووشە ( مەلهایە ) بەڵام ئەى چى لە فەلسەفەى ژیانى ئەو لاوانە دەکەین کە خاکى نیشتیمان بە مەلهایەکى گەورە دەزانن و لە هەر سوچێکیدا لە جەستەى هەر کیژێکدا بۆیان بلوێت خۆیان لە شەهوەت خاڵى دەکەنەوە و گوێ بە پیس بونى هیچ کوچەیەک نادەن ، ئەى چى بەو کوڕە تەمەن بیست و پێنج ساڵە دەڵێن کە تەنها چێژ لە کۆکردنەوەى ژمارەى ئەو سۆزانیانە دەبینێ کە شەوانە لەگەڵیان دەخەوێت ، چى بەم کوڕە دەڵێن کە خۆى دەڵێت لەماوەى مانگێکدا لە گەڵ سەدان سۆزانى تێکەڵ بووم ، چى بەو کوڕ و کچانە دەڵێن کە وەک کەڵەشێر و مریشک لەبەردەم مزگەوتەکانیشدا جوت دەبن .
ئەى چى بە فەلسەفەى ژیانى ئەو پیرەمێردە دەلێن کە سێ ژنى پڕ لە شەهوەت بەجێدەهێڵیت و شەوانە لە ماڵى سۆزانیەکى غەمگین ڕۆژ دەکاتەوە کە پێویستى بە پارەى کرێ خانوو هەیە ،
ئەى چى بەو پیاوانە دەڵێن کە شەوانە لە سەر جێى نوستنى ژنەکانیان لە چادا بەدواى ژنێکى حەرامدا دەگەڕێن ،
ئاخر ئەزیزان شار پێویستى بە مەلهایەک هەیە ، مەلهایەک بۆ ئەو پیاوانەى کە فێرى هەمە چەشنەیی بوون و ناتوانن بە ژنە پیرۆزەکانیان ڕازى ببن ، ئەى بەدواى شەهوەت بازیدا ڕوو لە کوێ بکەن ، جگە لە مەلها چ جەهەنەمێک هەیە بۆ خۆ خاڵى کردنەوە . تا شار بەبۆنى شەهوەتى ئەمانە بەبۆن نەچێت . ئەى ئەوو لاوانە بۆ کوێ بچن کە نیوەى شار تەى دەکە تا بەر جەستەى مێینەیەک دەکەون ، ئەى چى لەو پیاوانە بکەین کە لە چاخانەکانەوە کیژان هەراسان دەکەن و ناهێڵن شەقام بەگوڵ بڕازێتەوە . بۆ ئەوەى خۆمان و خاک کەسیف نەکەین پێویستە یەک مەلهامان هەبێت بۆ پیس کردن ، یەک مەلها تا پیسیەکانى خۆمانى تێدا ڕۆکەین ، مەلهایەک بۆ شاردنەوەى گشت ناشیرینى شار ، بۆ زیندە بەچاڵکردنى گشت پیسیەکان ، با مەلهایەکمان هەبێت تا جوانیەکان بۆگەن نەکەن ، تا نەگریسى پیاوەکان و ژنەکان لەوێدا خاڵى بێتەوە ، تا سۆزانیە غەمگینەکان وەک گۆشتى خێر بە سەر کوچە و ماڵەکاندا دابەش نەکرێن ، با سۆزانیەکانیش پشویەک بدەن و چیدى لە هەڵاتن و ترسى دەستگیرکردندا نەبن ، با چیدى بەندینخانەکانیش نەبێتە مەلها و پەناگەیەکى ئارامیان هەبێت ، پێویستە یەک مەلهامان هەبێت تا ژنە شەهوەت بازەکان نیشتمان نەکەنە مەلهایەک بۆ شەهوەت بازى .
تکایە شار پێویستى بە مەلهایەک هەیە وەک چۆن پێویستى بە شەخەڵدانێک هەیە بۆ سوتاندنى شەخەڵى شار ، شار پێویستى بە مەلهایەک هەیە وەک چۆن پێویستى بە ئاوەڕۆیەک هەیە و چى پاشماوەى ئێمە هەیە دەیگەیەنێتە دەروەى شار ، شار پێویستى بە مەلهایەک هەیە وەک چۆن ماڵەکانمان پێویستى بە سەلەى خۆڵ و ئاودەست خانە هەیە ، شار پێویستى بە مەلها هەیە تا خۆێندنگاکان نەبنە مەلها ، تا سۆزانیەکان نەچنە زانکۆکان ، مەلهایەکى دوور دوور لەدڵى شارەوە تا حیکایەتە شەهوەتاویەکان نەگاتە گوێى کچانى کاڵ فەهم ، تاوەکو سۆزانى خانەکان دراوسێى مزگەوتەکان نەبن و سۆزانیەکان بەلیباسى فریشتەوە نەیەنە سەر شەقامەکان ، تا ئەو یار بەچاوى سۆزانیەکەوە نەبینێ ، تا چیدى ڕێگاکانى مەعبەد و ڕێگاى سۆزانى خانەکان لەیەک نەچن با ئەو تەکسیەى کە یار دەگەیەنێتە ژوانێکى ئەویندارى سۆزانیەکیش نەگەنێتە ماڵى شەهوەت بازێک تا شۆفێرەکە یار بەسۆزانى نەزانێت ، با ئیدى عاشقێکى غەمگین و سۆزانیەکى دڵ شکاو لەیەکدى جودا کەینەوە ، با ئەو شەقامەى کە شاعیرێک دەگەیەنێتە ئاسمان و سۆفیەک دەگەیەنێتە خودا سۆزانیەک نەگەنێتە ماڵى جەستە کڕێک .
تکایە شار پێویستى بە مەلهایەکە تکایە با شار بە پیرۆزى ڕاگرین تکایە با گشت مەلهاکانى ناو شار لە مەلهایەکى دەرەوەى شاردا کۆ کەینەوە ، مەلهایەک دوور دوور لەدڵى ئێمە ، دوور دوور لە دەرگاى مەعبەدەکان ، دوور لە منارەى مزگەوتەکان ، دوور لە ژوانى ئەویندارانى شار دوور لە پیرۆزى باخى گشتى ، دوور لە دڵى شار ، مەلهایەک دوور لە جوانى و پیرۆزى شار ، دوور لە کوچە بێنازەکانى شار ، دوور لە شەقامە مەئویسەکان .
تکایە شار پێویستى بە مەلهایەک هەیە ، مەلهایە بۆ ئەو مرۆڤانەى کە جوانى ناناسن و هەست بە نرخ و پیرۆزى جەستەى خۆیان ناکەن و هەتا ئەبەد بە نابوتى ئەژین ، بۆ ئەوانەى عیشق ناناسن ، بۆ ئەو مەستە ئەبەدیانەى کە شانازى بە کاڵبونەوەى ڕەنگەکانى ڕۆحى خۆیانەوە دەکەن ،
تکایە لە خوێندنەوەى ناونیشانەکەدا بایکۆتم مەکەن و هەموو ووشەکان بخوێننەوە ، ئاخر ڕەنگە ئێوە وەک من حیکایەتەکان نەبیستن ، ڕەنگە ئێوە نەزانن لەم شارە بچوکەدا چەند کچ لەلایەن براکانەوە هەتک کراون ، ڕەنگە نەزانن چەند کوڕ دەستدرێژى کردووەتە سەر دایکى خۆى ، ڕەنگە هەست نەکەن چەند کەس ئێستا لە بەندینخانە بە تاوانى دەستدرێژى کردنە سەر دایک و خوشک و کەسانى موحرەمى خۆى بەند کراوە ، ئاخر ئێوە دەزانن ئێستا چەند دایک لە ڕوى هەڵنایە تەماشاى سیماى کوڕەکەى بکات و چەند کچ سیماى براکەى لەلا بووە بە جەللاد ، ئاخر ئێوە ئاگادارى چیرۆکەکانى بەندینخانە هەن ، حیکایەتى ناو ماڵە لەش فرۆشیەکان دەخوێننەوە ، ئێوە گوێتان لە ووشەى ئەو کچە بووە کە دەیگوت بۆ سەرئێشە سەردانى پزیشکم کرد کەچى پێى گوتمم سکەکەت دوو مانگە ، ئاخر ئێوە فرمێسکەکانى ئەو کچە پاکیزەیەتان نەبینى کە دەیگوت برا چۆن دەتوانێت لە شیرینى خەودا ئەو کارە لە گەڵ خوشکى خۆى بکات ، ئەى ئێوە دیوى ئەو دیووى حیکایەتەکان دەخوێینەوە و هەست بە خەیاڵدانى ئەو کوڕە دەکەن کە دەستى چووەتە خوشکى خۆى ، کە دەشێ ئەو کوڕەش شەهوەتى دەیان ساڵەى هەڵگرتبێت تا لە جەستەى سۆزانیەکدا خاڵى بکاتەوە ، دەشىچ سەدان شەو خەونى تەڕى بە سۆزانیەکەوە بینیبێت بەڵام دواجار بەشى خەوى شەوێک پارەى سۆزانیەکى پێنا بێت . دەشێ تەقەى لەدەرگاى دەیان کیژى پاکیزەش دابێت تا بە جەستەیان بگات بەڵام کەس دەرگاى لێنە کردۆتەوە ، کێ دەلێت سروشت لەنگیەکى واى لە سیمایدا دروست نەکردووە کە هیچ گوڵێک ئامادە نەبێت شیلەى خۆى پێ ببەخشێت ، بەڵام خۆ ئەو دواجار دەبێت بە شێوەیەک لە شێوەکان خاڵى بێتەوە ،خۆى دەرباز بکات لە شەهوەت ، وەک ئەو پەرداغەى کە پڕدەبێت و لێى دەڕژێت دەبوو جیچگایەک هەبوایە لێ ڕژانى خۆى تێدا ڕۆکات ، دەشێت هێندە خەونى بە ژنێکى سۆزانیەوە بینیبێت شەویچک لە نا ئاگاهیدا خوشکەکەى خۆى لەبەرگى سۆزانیدا بینیبێت و ناشیرینیەکانى خۆى لەودا خاڵى کردبێتەوە .
ئایا ئێوە تێدەگەن خاڵى بونەوە ماناى چیە ، ئێوە هەرگیز لە جێگایەکى نەشیودا پێویستتان بە تەوالێت نەبووە ، ئایا ئەو کاتەى کە تۆ پێویستت بە تەوالێت هەیە و دواى چەندین کاتژمێر تەوالێت ئامادە نیە چیدەکەیت ، ئەى ئەگەر ئەو کاتەى تۆ پێویستت بە تەوالێت هەیە هەر چوار پەلت ببەستنەوە و و بەندت بکەن چى ڕودەدات دڵنیام خۆت پیس دەکەیت ، ئاخر دەشێت ئەم کوڕەش پێویستى بە توالێتى شەهوەت هەبوبێت و هەر چوار پەلى بەسترابێتەوە بۆیە ئاوا خۆى پیس کردووە .
ئەى دۆست ئەى ئەو کەسەى لە زوبانى حەقیقەت حاڵى دەبیت ، ئەگەر مەلهایەکمان هەبێت کێ جورئەت دەکات بیر لە دایکى خۆى بکاتەوە و کێ ڕوى دێت دەست بۆ خوشکە پیرۆزەکەى خۆى بەرێت ، کێ بە چاوى شەهوەتەوە لە موحرەمەکانى خۆى دەڕوانێت ، گەر مەلهایەکمان هەبێت بۆ سەدان دیمەنى ڤیدیۆیی نەشیاوى لاوان بڵاو دەبێتەوە ، بۆ پیاوەکان بە ناوى پیرۆزى عیشەوە لە کیژان نزیک دەبنەوە ، گەر مەلهایەک هەبێت چ پێویست بەم هەموو دەمامکەى سەر سیمامان دەکات ، بۆ باندەکانى لەش فرۆشى بە شارەکاندا بڵاو دەبنەوە ، گەر مەلهایەک هەبێت ئەوو هەموو حیکایەتە مەرگاویە بۆ دەنوسرێتەوە و خوێنى ئەم هەموو فریشتەیە بۆ بە شەقامەکاندا جۆگەلە دەبەسێت ،
گەر مەلهایەک هەبێت هیچ کوڕێک لە ڕوى نایەت لە ژێر پەردەى پیرۆزى عیشقدا داواى شەهوەت لە دڵدارەکەى بکات ، کەس دڵى نایەت پاکیزەیى لە مریەمە موقەدەسەکان بدزێت ، گەر مەلهایەک هەبێت ئیدى کەس ناتوانێت شیلەى لێوى گوڵەکان بمژێت و لە ئاست مەرگى خونچەکان خەم ساردى بنوێنێت ، مەلهایەک هەبێت ئیدى جەردەى باغە ئەرغەوانیەکان بۆ باغ ڕنین دەست بۆ سێوى پیرۆز نابەن .
ئاخر تەماشا کەن سێکس چەندە گرنگى پێدەدرێت و لەم شارەدا چۆن هەموو شتێ کورت دەکەینەوە بۆ سێکس و چەندە سێکس حەرامە چەندە سێکس ژیانى مرۆڤەکانى داگیر کردووە ، چۆن هەموو شتەکان تەرخان دەکەین بۆ گەڕان بەدواى سێکسدا ، دەکرێت لەم شارەدا سێکس خانەیەکمان هەبێت وەک چۆن قاوە خانەیەکمان هەیە ، دەکرێت وەک چاخانەیەک ، سەروپێ خانەیەک ، نانەوا خانەیەک ، سەرتاشخانەیەک ، چێشتخانەیەک با سۆزانى خانەیەکیشمان هەبێت تا هیچ شتێکى پیرۆز لەڕێى سێکسدا سەرف نەکەین و هیچ شتێکى جوان نەخەینە خزمەتى سێکس و مومارەسەى حەرامەوە ، با مەلهایەکمان هەبێت تا لە هیچ شتێکدا بەدواى سێکسدا نەگەڕێین ، تا چیدى ئەوەى بەدواى سێکس و شەهوەت بازیدا دەگەڕێت تەنها ڕوو بکاتە ئەو سۆزانى خانەکەى قەراغ شار و ئیدى ڕیگاى مەعبەد و سۆزانى خانەکە جیا بکرێتەوە ، ئیدى وەک ئەوانەى ڕوو لە چێشتخانەیەک دەکەن بۆ تێربوونى گەدەیان ئەوانیش ڕوو لە ئەوێ بکەن بۆ خاڵى بونەوەى شەهوەتیان .
تکایە شار پێویستى بە سۆزانى خانەیەک هەیە .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت