Kameran-wrya

کامەران وریا قانع : فیله‌كان شه‌ڕ ده‌كه‌ن ماڵى مێرووله‌كان تێك ئه‌چێ .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

هنرى كیسنجه‌ر ده‌ڵێت : جه‌نگى جیهانى سێیه‌م ده‌ستى پێكردوه , ئه‌وه‌ى ته‌بڵى ئه‌م شه‌ڕه‌ نابیسێت , ته‌بڵى گوێچه‌كه‌ى دراوه‌ .
من پێم خۆش نیه‌ به‌ هیچ جۆرێك شه‌رێكى گه‌وره‌ له‌م ناوچه‌یه‌ رووبدات , ئه‌وه‌ى زه‌رمه‌ندى یه‌كه‌م ئه‌بێت ئه‌و خه‌ڵكه‌ ساده‌یه‌ كه‌ رۆژانه‌ ژیانێكى ئاسایی ئه‌ژین . ئێمه‌ى كورد به‌ تایبه‌تى ئه‌زموونێكى تاڵمان له‌گه‌ڵ له‌شه‌ڕ هه‌یه‌ , هه‌ر له‌ شه‌ری عێراق و ئێرانى هه‌شت ساڵه‌ بۆ شه‌ره‌كانى ناوخۆ له‌ نه‌وه‌ده‌كانى سه‌ده‌یی ڕابردوو , ئه‌وه‌ى زه‌ره‌رمه‌ندى یه‌كه‌م بوو ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ خێزانه‌ بووه‌ كه‌ كوڕێكى یاخود باوكێكى له‌ ده‌ست دا , بازرگانه‌كان و جه‌نه‌راڵه‌ پیره‌كانى جه‌نگ ته‌نها قازانجه‌كانیان هه‌ڵگرته‌وه‌ بۆ خۆیان .
ئه‌و بۆچونه‌ى كه‌ ده‌ڵێت : ده‌وڵه‌تى كوردى له‌م دۆخه‌ دروست كردنى ئاسانتره ‌, به‌ هه‌لا هه‌لا بوونى عێراق و سوریا كوردیش به‌ختى زیاتر ئه‌كرێته‌وه‌ بۆ بوونه‌ ده‌وڵه‌ت , لێكدانه‌وه‌یه‌كى ترسناكه ‌. نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئێمه‌ش شایه‌نى ده‌وڵه‌ت نین , به‌ڵكو ئێمه‌ سیاسيیه‌كمان نیه‌ ده‌وڵه‌تى بۆ هه‌مووان بوێت .
فه‌له‌ستینیه‌كان ده‌وڵه‌تیشیان هه‌یه‌ , به‌ڵام ئێستاش وڵاته‌كه‌یان دۆزه‌خێكى به‌رده‌وامه‌ , سۆمالیه‌كان ده‌وڵه‌تیان هه‌یه ‌, به‌ڵام هه‌ر شاره‌و میرنشینێكى تێدایه ‌, لیبیه‌كان و یه‌مه‌نیه‌كانیش به‌ هه‌مان شێوه ‌.
سیاسى كوردى پیاوى ده‌وڵه‌ت نین , ده‌وڵه‌ت به‌م كۆمه‌ڵه‌ پیره‌ خود په‌رستانه‌ى كورد دروست ناكرێت , ئه‌و سیاسیانه‌ى كه‌ به‌رژه‌وه‌ندى منداڵێكى 4 مانگى خانه‌واده‌كه‌یان به‌ هه‌موو میلله‌تى كورد ناگۆرنه‌وه‌ , دواجار ده‌وڵه‌ت چیه‌ ئه‌گه‌ر رێزى هاولاتیه‌كانى نه‌گرێت , ژیانێكى پڕ كه‌رامه‌ت و دادپه‌روه‌ریان بۆ ده‌ستبه‌ر نه‌كات ؟ , كوریاى باكوریش ده‌وڵه‌ته ‌!. ئێمه‌ به‌ 24 ساڵ له‌ حكومرانى پڕ پاره‌و دارایی نه‌متوانى زه‌ریه‌ك گه‌نده‌ڵى كه‌م كه‌ینه‌وه‌ , به‌ 48 ساڵى تر ده‌وڵه‌تى كوردى ناتوانین حكومه‌تێكى شه‌فاف دروست كه‌ین و بیستێك بچینه‌ پێشه‌وه‌ . ئه‌وه‌ى له‌ 2003 تاكو ئه‌مرۆ خۆشگوزەرانى بۆ كورده‌كانى ئه‌م به‌شه‌ دروست كرد , دڵسۆزى و هاوغه‌مى سیاسى كورد نه‌بوو , ئه‌وه‌ به‌خشنده‌یی حكومه‌ت عێراق بوو له‌ به‌غدا ئه‌و تۆزه‌ خۆشگوزه‌رانیه‌ى دابین كرد , به‌ توره‌ بوونى به‌غدا ئه‌وه‌ش نه‌ما !. له‌ گرتنه‌وه‌ و تاڵانكردنى شه‌نگال ده‌ركه‌وت هێشتا سياسيەكانى ئێمە له‌سه‌رده‌مى ئه‌بو جه‌هل و ئه‌بو له‌هبین !
ئه‌وه‌ى به‌ شه‌ڕى كردنى فیله‌كان ( روسیا و ئه‌مریكاو ئێران و تورك و وڵاتانى كه‌نداو ) دڵخۆشه‌ كه‌ كورد ده‌وڵه‌تێكى بۆ دروست ئه‌كرێت , هیچ نیه‌ جگه‌ له‌وه‌همێك . به‌ شه‌ڕى ئه‌م فیلا‌نه‌ ئه‌و مالۆچكه‌ بچوكه‌شمان هه‌یه‌ لێمان خاپور ئه‌بێت .