نەبەز گۆران : دیكتاتۆر و وێنەكانی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

هەرگیز لە ناو سیستەمێكی دیكتاتۆریدا ، ناگەرێیت پڕ نەبێت لە چیرۆكی وێنەكانی دیكتاتۆر .
هەموو دیكتاتۆرێك یەكێك لە بیمارییەكانی لە وێنەكانیدا دەردەكەون .
ئێمەی كورد لەبەر ئەوەی نەخشەی وڵاتەكەمان لە شوێنێكدایە ، ئەزمونێكی زۆرمان هەیە لە گەڵ دیكتاتۆرەكان . ئەم ئەزمونە بووتە بەشێك لە سروشتی ناوچەكەمان . بۆیە دەزانین لەو شوێنەی وێنەی سەرۆك ، منداڵەكانی سەرۆك ، نەوەكانی سەرۆك ، زۆر بوون ، لەو شوێنەدا وێنەی دیكتاتۆر دووبارە دەبێتەوە .
چ ( سەددام ) چ ( ئەتاتورك ) چ ( خومەینی ) چ ( حافز ئەسەد ) كە چوار دراوسێی ئێمە بوون و هەر یەكەیان فۆرمێك بوو لە فۆرمەكانی دیكتاتۆریەت و، ئامادەییان لە گشت شوێنێك هەبوو ، وێنەكانیان لە شوێنە گشتی و تایبەتیەكان بەشێك بوون لە چیرۆكەكانیان .
دیكتاتۆر پێی وایە دەبێت لە هەموو شوێنێك بێت ، خۆ گەر ئەو شوێنە ئەویشی تێدا نەبێت ، بە فۆرمێك لە فۆرمەكان دەبێت ئەوی تێدابێت . بۆ گواستنەوەی ئەو ( ئەوە بیمارە ) كە خودی دیكتاتۆرە وێنەكان دەبنە شوێنگرەوەی ئەو ( گرێ‌ ) یەی دیكتاتۆر دەیەوێت خۆی تێدا ببینێتەوە .
لە وڵاتە دیكتاتۆرەكاندا هەمیشە بەشێك لە پارەی وڵات دەدرێتە وێنەی سەرۆكەكان . ئەو نمونانەی دەوروبەرمان باشترین نمونەن . پاشان هەمان نمونەكان دەگوازینەوە بۆ ناوخۆی هەرێم ، كە هەمان مۆدێڵی ئەو نمونانەیە ، بەناوێكی دیكە و لە سەردەمێكی دیكەدا ، جارێكی دیكە خۆیان نما دەكەنەوە .
دیكتاتۆر لە رێگای وێنەكانیەوە ، هەوڵدەدات هەمیشە لە بوونێكی نابوونی بێت . ئەم لەبەرچاوبوونەی بۆ ئەوەنیە بەرامبەرەكانی كە هاوڵاتیانن قبوڵی بكەن ، بەڵكو لەبەر ئەوەیە گرێی دیكتاتۆر لە خۆنمایشكردندایە . لە ئامادەییدایە لە شوێنێك ، كە خۆی ئامادەنیە و بە وێنە ئامادەیە . گرنگ نیە بەلایەوە تۆ تاچەند قبوڵی دەكەیت ، ئەوەی گرنگە بەلایەوە بوونیەتی لە نابوویندا . نمایشكردنیەتی لە غیابی خۆیدا . خۆ بە یادەوەریكردنیەتی لە رێگای وێنە نەفرتەتیەكانیەوە .
با نمونەیەكی ناوخۆ بگێرمەوە ، پاشان قسە لەسەر ئەو نمونەیە بكەم .
ساڵی دووهەزارەكان ئەوكات لە رۆژنامەی هاوڵاتی بووم . رۆژێك رۆژنامەی خەباتی حیزبی پارتی دەرچوو ، یەكێك لە وێنەكانی بارزانیان دانابوو ، بەڵام نەخشە سازی لاپەرەی یەك ، وێنەكەی ئاڵوگۆڕ پێكردبوو . یانی ، خاڵەكەی بارزانی لەبری لای راست ، كرتبوویە لای چەپ . هەر ئەو رۆژە رۆژنامەكەیان كۆكردەوە و نەخشە سازەكەش سزادرابوو . كە چۆن توانیویەتی وێنەكە ئاڵوگۆربكات و خاڵەكە بكەوێتە لای چەپ ! )
ئەوكات ئەم حاڵەتە لە هاوڵاتی بوو بە هەواڵ . بەڵام پرسیارەكە ئەمەبوو ، دیكتاتۆر چەند گرنگی بە وێنەی خۆی دەدات ؟
ئەو گرینگیدانە بە وێنە ، هەر ئەو نەرجەسیەتەیە لە خودی دیكتاتۆردا بوونی هەیە . بۆیە بە ئاڵوگۆركردنی وێنەیەكی رۆژنامەیەك كە هی ئۆرگانی حیزبەكەی خۆیەتی ، رۆژنامەكە لە بازار كۆدەكرێتەوە !
گەر لەبری ئەو وێنەیە ، هەمان رۆنامە دەیان هەواڵی ناراستی بڵاوكردایەتەوە گرنگ نەبوو . هەرچۆن بەردەوام هەواڵی ناراست بڵاودەكاتەوە گرنگ نیە ، ئەما بۆ وێنەیەك كە ئاڵوگۆرە بە وێنەی سروشتی دیكتاتۆر ، پێچەوانەكەی دەبێتەوە . دیكتاتۆر نایەوێت دەسكاری سروشتە تایبەتیەكەی بكرێت ، لێ‌ دەیەوێت بە سروشتە دیكتاتۆرییەكەی خۆی بچێتە هەمووشوێنێك !
ئەمە پێماندەڵێت : خۆ بینینەوەی دیكتاتۆر تەنها لە سێ‌ شوێندایە . لە دەورووبەرەكانی ، لە وێنەكانی ، لە ئاوێنەكەی .
ئەم سێ‌ شوێنە ، سێ‌ پاییەی سەرەكی دیكتاتۆرن تا خۆی تیایاندا ببینێتەوە . بەڵام گرنگترین خاڵیان وێنەكانیەتی . لەبەرئەوەی لە رێگای وێنەكانییەوە خۆی دەخزێنێتە گشت كون و قوژبنێك . خۆی دەخاتە هەموو ئەشوێنانەی شوێنی ئەو نین . مانایەكی تایبەت بە وێنە دەدات . وێنە بۆ سیستەمی دیكتاتۆری و بە بكەری دیكتاتۆر دەبێتە یەكەم وێستگەی گوازەرەوەی كەسی دیكتاتۆر ، لە ماڵەكەی خۆیەوە بۆ هەموو شوێنێكی وڵات . ئەوانەشی بەردەوام كار لەسەر بڵاوكردنەوەی وێنەی سەرۆكە دیكتاتۆرەكان ئەكەن ، ئەو بكەرانەن تەنها لە رێگای وێنەوە ، رۆحە لاوازەكەی خۆیان دەبەستنەوە بە رۆحی دیكتاتۆری ئامادە نەبوو .
بۆیە زۆر ئاساییە دیكتاتۆر گرنگی بە وێنەبدات ، چون یەكێك لە خەسڵەتەكانی دیكتاتۆر بوونی وێنەكانیەتی . بەبێ‌ بڵاوكردنەوەی وێنەكان ، بەبێ‌ گرنگی پێدان بە وێنەكان ، دیكتاتۆر دیكتاتۆر بوونی خۆی نابینێتەوە .

تێبینی :
بۆ زیاتر ئاشنابوون بە دیكتاتۆر و وێنەكانی ، مێژووی ( بەعسی عێراق و سوریا ) بخوێنەوە ، یان مێژووی شۆرشەكەی ( ئیمام خومەینی ) یان مێژووی فاشیەتی ( ئەتاتورك ) .