Yusf-Ezadin

یوسف عزەدین : سیناریۆى مێژوو لەنێوان حەقیقەت و واقیعدا .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەوڵدانێکە بۆ خستنەڕوو و دواندن و خوێندنەوەى ئەودیو نهێنى و پەنهانەکانى مێژوو بەگشتى و بەتایبەتى ، لەکتێبى – کۆمەڵى هەقە – ى – رێبوار حەمە تۆفیق-دا “1”

پێش بەرایى

رەنگە منیش وەک هەر خوێنەرێکى ئاسایى ، پێم ئاسایی نەبێت راگوزەرانە بخوێنمەوەو سەرپێییانە بەسەر دێڕ و پەرەگراف و وێنەو دیمەن و تێبینى و سەرنج و سەرچاوەو راڤەو شیکار و سەرجەم شتگەل و ئاماژەپێدانەکانى ئەم یان ئەو تێکستدا تێپەڕببم ! یان رەنگە زۆر لەوە زیاترو بەشێوەیەکى گشتى و بگرە تایبەتیش پێویست بکات لەخوێندنەوەى تێکستە زیندووە قووڵەکاندا ، مامەڵەیەکى تەفکیکییانەى لەتەکدا بکەین .
بەهەرحاڵ ، تاهەنووکە .. لەدنیاى نووسینى کوردیدا ، زۆر نین ئەو تێکستانەى کەبکارێت رۆبچیتە نێویانەوەو لەبۆشاییەکانیاندا بۆ دەرکە نەکراوەکانى بگەڕێیت ، یان لەنێو راڕەو و کۆریدۆرەکانیدا ، بەشوێن پەنهان و کەشف نەکراوەکانیدا عەودال ببیت .
ئەمە جگە لەوەى کەهەردەم بگرەو بەردەو کێشمانکێش و ململانآ لەنێوان دوو دیدگەى جوداو جیاوازدا هەبووەو هەیە ، کەیەکێکیان پێی وایە تێکستى زیندوو وەک بونیادێک دەبێت حەقیقەت و حەقیقەتەکان لەخۆ بگرێت و ئەوى دیکەش پێى وایە هیچ گرنگییەک لەوەدا نییە تێکست حەقیقت لەخۆ بگرێت یان نەیگرێت !؟ چونکە دواجار حەقیقەتێکى تایبەت بەخۆى هەیە کەئەویش حەقیقەتى تێکستە ، کەواتە تێکست لەبرى ئەوەى ببێتە ئامڕازى گەیاندنى مەعریفە ، خودى خۆى دەبێتە مەیدانێکى مەعریفى سەربەخۆ .
بۆیە رەنگە پێویست بێت ناتەقلیدییانەو لەچەند دەرکەیەکى دیکەو جیاواز لەدەرکە ئاوەڵا لەبەرچاوەکان ، بچینە نێو دنیاى تێکستەوەو مامەڵەیەکى تەفکیکییانەى لەگەڵدا بکەین . کەواتە لەجێى وەرگرتنى بێ چەندو چوونى ئەوەى کەهەیە ، ئێمەى خوێنەرین کەدەبێت پرسیارمان هەبێت و تێکست بەشێوەیەک لەشێوەکان بدوێنین و بیهێنینە قسەو لەو میانەشەوە شاراوەو پەنهانەکانى کەشف بکەین .
ئاشکراشە هەموو ئەمانە لەدژایەتى کردن و نەفیکردنەوەى تێکستەوە دەست پێ ناکات ، وەک زۆر کەس لێى حاڵى بوون .. ئەمە جگە لەوەى تێکستى زیندوو هەرچییەکى بەرانبەر بکەیت ، بەهیچ نەفی ناکرێت و ناسڕدرێتەوە ، لەگەڵ هەر خوێندنەوەیەکى نوێشدا دێتەوە بوون و دەژێتەوە .

تێکستە مێژووییەکان
جێى باسە کەهەرچەند هەن ، تائێستا تەنها مامەڵەیەکى واقیعییانە و تەقلیدیانە لەگەڵ نووسراو و تێکستە مێژووییەکان و بەتایبەتیش دۆکۆمێنتەکاندا دەکەن و پێیان وایە ، دەبێت وەک راستییەکى حاشا هەڵنەگر سەیر بکرێت ، بەتایبەتیش کاتێک رووداو یان شتێکى دیاریکراو ، لەچەند سەرچاوەیەکدا بەهەمان شێوە ئاماژەى پێدەدرێت ، ئیدى ئەمە لاى ئەو جۆرانە دەبێتە هەنجەتى سەلماندنى راستى و واقیعى بوونى ، لەکاتێکدا ئەمە مەرج نییە وابێت و زۆر جارانیش ئەوە ساغ بۆتەوە کەهەردەم سیناریۆسازییەکى نائەقڵانییانە بەناوى ئەقڵانییەتەوە لەپشت گێڕانەوەى مێژووەوە هەبووەو هەیە .
کەواتە گرفتى هەرە سەرەکى مێژوو ، هەر لەونبوون و نەبوونى نووسین و دۆکۆمێنتەکاندا نییە ، بەڵکو لەخودى نووسین و دۆکۆمێنت و ئاماژەپێدانەکانیشدایە !؟
شایانى باسیشە دەمێک ساڵە رەخنەگرە مێژووییە کارامەو جدییەکانى میللەتانى خاوەن تێکست و نووسراو و دۆکۆمێنتەکان ، رەنگە بەشێوەیەکى بەرفراوانیش لەرێنیسانسەوە ، یان زۆر لەپێش ئەوەشەوەو تائێستاش هەر ئەوداڵى ساغکردنەوەو راستکردنەوەو هەڵوەشاندنەوەو کەشفکردنى ئەم راستى و ئەو راستى مێژوویى بووبێتن ، تەنانەت گەر پێشتر زۆر بەیەقینیشەوە خرابێتەڕوو و سەلمێنرابێت .
بۆ نموونە رۆڵى ” هێنرى شەشەم ” چەند گرنگ بووبێت ، لەدەسپێک و بناغەڕێژى دەوڵەتى نەتەوەیى ئینگلیز و جیابوونەوە لەفاتیکان و گۆڕینى مەزهەبى ئایینى و بناغەداڕشتنى ئەو دەوڵەتەى کەبەدرێژایى سەردەمانێک زۆربەى دنیاى بەفیعلى داگیرکردبوو ، ناکاتە ئەوەى کەمێژوونووسانى ئینگلیز ، لەباسکردنیدا باس لەگەندەڵى و داوێن پیسى و شەهوەتبازیى و دڕندەیەتی و هەموو سیفەتە خراپەکانى تریشى نەکەن ، تەنانەت ئەو راستیەش ناشارنەوە کەهۆکارى سەرەکى جیابوونەوەى لەفاتیکان و جیاکردنەوەى مەزهەب و یاساکانى حوکم و دادوەرى و شتەکانى تریش ، بەتەواوى پەیوەست بووە ، بەئارەزووە سێکسییەکانییەوە ، کەبۆتە هۆکارى ئەو هەموو ئاڵوگۆڕە ؟!
ئیدى چەند لەلایەن خەڵکانێکى دیدگە تەقلیدییەوە وابزانرێت ، زۆرێک لەمێژووى کۆن و نوێى ئۆرووپا بەچەشنێک سەلمێنراوە ، کەئاستەمە ئاڵوگۆڕى تێدابکرێت .. بەڵام هەوڵدانە بەردەوامەکانى مێژوونووسانێکى جیدى پێچەوانەکەى دەردەخەن .
هەر بۆ نموونە ، نووسەرى ئیتاڵیایی لوچیانوو کانفورا لەکتێبەکەیدا بەناوى کتێبخانە ونەکە ، کەبۆ یەکەمجار ساڵى1986چاپ و بڵاوبۆتەوە ، بەزمانێکى گاڵتەئامێزانە زۆر راستى سەیر و نوێى درکاندووە ، کەبەتەوایى مێژوویەکى نووسراوى باوەڕپێکراوى لەوەو پێشى ژێر و ژوور کردووە ، لەکاتێکدا بەدرێژایی ساڵانێکى دوور و درێژ باوەڕ بەبوونى کتێبخانە مەزنە سەد قاپییەکەى شارى تیبە کراوە ، هەروەک باوەڕ بەبوونى کتێبخانە مەزنەکەى ئەسکەندەریەو پراگاموون و ئەوانەى تریش .. ئیدى تۆژەر و لێکۆڵەرێکى کەلەپوورى ئەنتیکاى کلاسیکى هیلینى و گریکى و رۆمانى وەک کانفورا دێت و ئەو راستییە کەشف دەکات ، کەکتێبخانە مەزنەکەى تیبەش وەک زۆر کتێبخانەى دیکەى مێژوویى لەڕاستیدا هەر نەبووەو گەر بووبێتیش ، مەبەست لەوەى تیبە یە لەچەند رەفەیەکى کەم تێپەڕی نەکردووەو بێجگە لەچەند دەستنووسێکى تایبەتیش بەرێوڕەسمى ئایینى و لەسەر پەلکى بەردى نووسراو ، هیچى دیکەى تێدا نەبووەو زۆر دوورە لەو جۆرە خستنەڕوو و باسکردنەى کە دیۆدۆرى سقللى خستوویەتییەڕوو کەگوایە لەنووسراوێکى سەرگوزشتەى سەفەرێکى هرکاتایۆس ئابدیرا خۆیەوە وەریگرتووە کە 300 ساڵ پێش زایین ژیاوەو سەردانى کتێبخانەکەى تیبەى کردووە ، ئیدى هێندە بەسەرسامییەوە باس لەمەزنایەتى کتێبخانەکەکراوە ، کەبۆتە مایەى سەفەرکردنى دەیان تۆژەر و زاناى ئەرکۆلۆژیست ، بەمەبەستى دۆزینەوەى . “2” .
شایانى باسە ئەو کەسەى بۆ ماوەیەک و بەجدییەتەوە خەریکى خوێندنەوەى کتێبە مێژووییەکان بێت ، زۆر نموونەى ئاوا سەیر و سەمەرەى دێتە پێشچاو ، کەزۆریان بۆ نموونە و بەتایبەت کەسایەتی و سەرکردەیەکى مێژوویى بەزێدەڕۆییەوە تێدا مەزن و گەورە دەکرێت ، یان بەشێوەیەکى سەیر سەمەرە ناشرین و تاوانبار دەکرێت ، جا لەهەمووشى سەیرتر دووبارەبوونەوەى سیناریۆى حیکایەتەکانە ، پێى بەپێى گۆڕانى شوێن و جێگەى رووداوەکان و بەدەر لەهەر لۆژیکێکى زەمەنى ، بۆ نموونە لەگێڕانەوە مێژووییەکاندا ئاماژە بەوە کراوە ، کەکاتێک عومەرى کوڕى عاس فەتحى وڵاتى فارس دەکات و دەگاتە کتێبخانەى جندیشاپوور و پرس بە خەلیفە عومەرى کوڕى خەتاب دەکات ، لەوەڵامدا فەرمانى عومەرى پێ دەگات دەرحەق بەسووتاندنى و هەمان حیکایەتیش سەبارەت بەکتێبخانەى ئەسکەندەریە دووبارە دەبێتەوەو بەهەمان شێوە عومەرى کوڕى عاس پاش پرسکردنى فەرمانى خەلیفە عومەرکوڕى خەتاب ى پێ دەگات ، کە دەڵێت :
ئەگەر باشن ئەوە خودا لەوە باشترى پێ بەخشیوین ، کە قورئانە . ئەگەر خراپیشن ئەوە بۆ نێو ئاگر باشن ” 3 ”
بەڵام هەموو ئەم رووداو و گێڕانەوانە لەمڕۆدا دەیان پرسیاریان سەبارەت دەکرێت و خوێندنەوەى نوێگەرییانەى مێژووش ، زۆر رووداویان پێچەوانە و جیاواز خستۆتەڕوو ، بەبێ ئەوەى گوێ بدەنە ئەوەى ئاخۆ لەڕووى سیاسیی و فەرهەنگى و کولتوورى و شتەکانى دیکەوە لەبەرژەوەندى کێدایە ؟! تەنانەت لەهەمووى سەیرتر و سەرنج راکێشتر زۆر پڕوپاگەندەو رووداوو و باس و خواسى مێژوویى ناڕاست سەبارەت بەهەندێک لەکەسایەتییە مێژووییەکانى ئیسلام هەن ، کەتۆژەر و مێژوونووس و ئەرکۆلۆژیستەکانى رۆژئاوا بەدرۆى دەخەنەوەو دەرئەنجامى شیکارى و راڤەکارى و گەڕان ، بۆ نموونە ، وەک گریمانێک دەیسەلمێنن کەهیچ کاتێک سوپایەکى دەبیست هەزار سەربازى فڵانە سەرکردەى ئیسلام بەپێى ئاماژە پێدانى چەند سەرچاوەیەک و بەو شێوەى باسکراوە فڵانە شوێن و ناوچەو شارى داگیرنەکردووە ، یان ئەگەر بۆ نموونە سەرچاوەیەکى مێژوویى گوتبێتى سەرکردەیەکى ئیسلام پاش داگیرکردنى شارێک بەدەستى خۆى و لەسەر کەنارى دیجلە لەبەیانییەوە تائێوارە حەفتا هەزار کەسى سەربڕیبێت و ئەمە بەدرێژایى مێژوو و لەلایەن کەسانێکەوە وەک بەڵگەنەویستێک سەیرکرابێت و بووبێتە بەشێک لەسەرگوزشتەى دڵڕەقى و بێڕەحمى ئەو سەرکردەیە ، ئەوە مێژوونووسانێک کەدوور و نزیک هیچ پێوەندییەکیان بەئیسلامەوە نییە ، دێن و مەیدانییانەو لەڕووى نالۆژیکى بوونییەوە ، پووچەڵ و بەدرۆى دەخەنەوەو دەیسەلمێنن کەمەحاڵە تیژترین شمشێرو بەهێزترین کەسى دنیا لەبەیانییەوە تا ئێوارە ، بتوانێت نەک حەفتاهەزار کەس ، بەڵکو تەنانەت حەفتا کەسیش سەرببڕێت ؟!
ئەمە لەکاتێکدا ئاستەم بووە ، لەو شوێنە ناوهێنراوەدا وەک نموونەیەک ، نەک حەفتا هەزار کەس ، بەڵکو حەوسەد کەسیش ژیابێت و هەبووبێت ؟! ئیدى ئەم جۆرە خوێندنەوە نوێیانەى مێژوو دەگەنە ئەو ئاستەى کەهەن دەیسەلمێنن ، هیچ کاتێک ئیسلامەکان هێرشیان نەکردۆتە سەر ئیسپانیاو لەمێژووشدا کەسێکى راستەقینەى بەڕەگەز بەربەر نەبووە ناوى تاریقى کوڕى زیاد بووبێت و … تاد .

کتێبى کۆمەڵى هەقە

دەستپێک
ئەوەى کەواى لێکردین تا ئەم ئاستەى وتارەکەمان ، کەمێک بەشێنەیى رێ بکەین و هێور هێور هەندێک نموونەى مێژوویى بهێنینەوە ، هەوڵدانێک بوو بۆ نزیکبوونەوە لەزۆرێک لەو سەرچاوەو بەسەرهاتە مێژوویى و تەرح و بۆچوون و دنیابینى و کەرەستانەى کەلەکتێبى کۆمەڵى هەقە دا کارى پێکراوە ، یان کارى پێنەکراوەو لەشوێنێکەوە دەبێت بخرێنەگەڕ و بەکار بهێنرێنەوە .
جا هێندەى لێرەدا بوار هەیە ، دەکارێت بەئاماژەپێدانى راستەوخۆ ، خوێنەر بەرەو فڵانە شوێن و تەرحى کتێبەکە رابکێشین و ئەوداڵى خوێندنەوەى جیدى و سەوداسەرى پرسیارى بکەین .. یاخود بەو شێوەیەى کەپێشتر و لەسەرەوەڕا گرتمانەبەر ، بەشێوەیەکى ناڕاستەوخۆ و ناتەقلیدییانە مامەڵەى لەگەڵدا بکەین .

چەند ئیزافەیەکى مێژوویى
هەرچەند هەوڵدانێکى بەرچاو و پڕ وردەکاریى لەلایەن لێکۆڵەرى کتێبى کۆمەڵى هەقە ، رێبوار حەمە تۆفیق ـەوە دراوە ، بەمەبەستى دۆزینەوەى رەگوڕیشە مێژووییەکانى هەقەو چۆنیەتى پەیدابوون و سەرهەڵدان و پەرەسەندن و دواتر خەفەبوونى لەماوەیەکى مێژوویى دیاریکراوى تاڕادەیەک کورتدا .
بەڵام ئەوەندەى دەرفەتیش هەبێت ، بەندەش والێرەدا .. بەمەبەستى ئاوەڵاکردنى دەرکەیى دیکەو خستنەڕووى زانیارى ترى مێژوویى ، گەر شیاو بێت واى ناو بنێین ، لەمیانى خستنەڕوویەکى ئیزافەگەرانەوە هەندێک شت دەخەمەڕوو ، دەکرێت بەتێز و بۆچوونە گرنگەکانى میهرداد ئیزەدى یش دەست پێبکەین :
لەساڵى 522 ى پ . ز دا بەتەواویى حوکم و دەسەڵاتى کۆنە فیدراسیۆنى میدییەکان ” کە تا ئەو دەمەش بەسەرکردایەتى ئەخامەنییەکان و نیمچە رۆڵێکى میدییەکان ، بەڕێوە دەبرا ، کەوتە دەست ئەخامەنییەکان .
گەرچى لەسەردەمى ئازهى داهاک زوحاک دا ، رێبازى ئایینى یەزدانی یەکان وەک ئایینێکى رەسەن و زاڵى ناوچەکە پەیڕەو دەکرا . کەهەردەم باڵادەستى بەسەر ئایینى زەردەشتییەکانەوە هەبووەو بگرە رێنیشاندەر و رابەرى راستەقینەى پیر و مووغانە زەردەشتییەکانیش بووە .
بەڵام لەسەردەمى داریوس ى فارسداو بەبەرنامە ویستویەتى یەزدانی یەت ى ئایینى رەسەنى میدییەکان بشێوێنێت . لەهەوڵێکى بێ وێنەدا یەزدانی – یەت قەدەغەکراوەو زەردەشتییەت سەپێنراوە . داریوس هەر بەوەشەوە نەوەستاوەو خودى گاتاکانى زەردەشتیشى شێواندووەو بەمەبەستى خزمەتکردنى خۆیى و دەسەڵاتەکەى گۆڕیویەتى ، گەرچى لەمەدا سەرکەوتوو نەبووە .
لەو گۆڕانکارییانەى کەلەگاتاکانى زەردەشتدا کردووێتى و بۆى زیادکردووە ، هاوتاکردنى ناو و چەمکى ئەهریمەن ، بەداهاک .. زوحاک بووە .
هەر بۆیە لەمیتۆلۆژیاى ئێرانیدا ، راشکاوانە ئەم هاوتا بوونەى ناو و چەمکى شەیتان و زوحاک دەبینرێتەوە .
بەڵام لاى ئەو لقە ئایینییانەى کەلە یەزدانی یەت جیابوونەتەوە ، بەپێچەوانەى ئەم بۆچوونەوە زوحاک کەبەهەڵە بۆتە ساهاک ، هێشتاکە رێز و مەزنایەتى و قودسییەتى خۆى پاراستووەو هەردەم لەلایەن ئەو لقە ئایینییانەوە ستایش دەکرێت “4”) .
هەروەها دەڵێت : رەنگە ناوێکى دیکەى یەزدانى یەتیش حەق بێت ، کەبەواتاى رۆحى رەها دێت و هەر ئەمەشە بۆتە هۆى دابەش بوونى بەسەر سێ بەشى سەرەکیدا : ئێزیدى و عەلەوى و یاریسانى .
یەزدانى یەکان چ لەئێستاداو چ لەڕابردووشدا باوەڕیان بەتیشکى پیرۆز و حەوت فریشتەکە هەبووەو ژمارە حەوتیشیان بەپیرۆز زانیوەو پێشیان وابووە لەحەوت هێزى خراپەکار دەیانپارێزێت .
یەزدانى یەکان رۆح و ماتەریالێ بەشێوەیەک لەیەکدى جیادەکەنەوە ، کەئیدى رۆحى رەها هیچ پێوەندییەکى بەدنیاى ماتەریاڵەوە نامێنێت و پێوەشى خەریک نابێت . حەق یان رۆحى رەها لاى یەزدانى یەکان وەک ئافەریدەکار مامەڵەى لەگەڵدا دەکرێت و سەبارەت بەحەوت ژمارە پیرۆزەکەش ، پێیان وایە کە لەبەرپرسى گەورەى فریشتەکان و پێنج فریشتەکەى دیکەو رۆحى رەها پێک دێت .
بەرزترین پلەى ئایینیش لاى یەزدانی یەکان باب ـە ، کەلەزمانى ئارامى کۆندا بەواتاى دەروازە دێت .
میرزا عەلى محەمەد لەچەرخى نۆزدەیەمدا ژیاوەو یەکێکە لەو زاتانەى کەگەیشتۆتە پلەى باڵاى باب و دواتریش رێبازى ئایینى بابى یان بەهایى دامەزراندووە
کەدیارە هەڵێنجراوى بیرۆکەى ئایینى
میترا ییەکانە .. بەماوەیەکى زۆر کەم لەناوچەکەدا بڵاو بۆتەوە .
یەزدانى یەکان چەشن و شێوەى خواپەرستنیان ، دوور لەخەڵکانى بێ باوەڕ و غەیرە دین ، بەشێوەیەکى پەنهان و نهێنى بەڕێوە بردووە .. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەحوکمى باوەڕیان بە رۆحى رەها ، رێبازە ئایینییەکانى تریشیان جوداو نامۆ نەبینیوەو پێیان وابووە کەپێغەمبەرەکان لەلایەن رۆحى رەها وە ، بۆ رزگارکردنى مرۆڤایەتى نێردراون . هەر بۆیە بەگیانێکى دۆستانە روانیوویانەتە پەیامى موسا و عیسا و محەمەد و هەموو جۆرە رێبازە ئایینییەکانى دیکەش .
شایانى باسە کەیەزدانی یەکان سەبارەت بەدروستبوونى دنیاى ماتەریال و قیامەت تەواو هاوفیکرى رێبازە ئایینییەکانى ترن و ئەوەى بەلاشیانەوە گرنگە رۆژى قیامەتە . هیچ کاتێک یەزدانى یەکان دەستەیەکى تایبەتیان بۆ بەڕێوەبردنى کاروبارە ئایینییەکانیان پێکەوە نەناوەو دەستەوسان و بەئەدەبەوە روانیویانەتە رێبازە ئایینییەکانى تر .
دەکرێت میتراییەکان ، مەزدەکییەکان ، هوڕەمییەکان ، قەرامیتییەکان ، بەباڵى جیا جیاى یەزدانى یەکانى بدەینە قەڵەم ، سەربارى کاریگەرییان بۆ سەر مانییەکان و ئیسماعیلییەکان و دورزییەکان بابى بەهاییەکان و زەردەشتییەکان . “5”
لەهەمان وتاردا ئاماژەیەکى گرنگیش بەلایەنى سێکسى بەکۆمەڵ دەدات : بەدرێژایى مێژوو ئەم رێبازە ئایینییانە رووبەڕووى زۆر تانەو تەشەر و رەخنەى خەڵکانێک بوونەتەوە کە یەزدانى یەکان و عەلەوییەکان و مەزدەکییەکان و رێبازە ئایینییەکانى دیکەشیان ، بەمومارەسەکردنى سێکسى بەکۆمەل تاوانبارکردووە .
ئەوەى بەلاشمەوە سەیر و سەمەرەو جێى سەرسووڕمانە ، ئاماژەکردنەکانى هێنرى راولنسۆن و ماکدۆناڵد کینەر و گ . ر . درایڤەرە کەپێیان وابووە تا ساڵانى 1912 – 1923 کەشێکى سێکسى لەو چەشنە بەڕێوەچووەو بەدرێژکراوەى رێبازى میتاو ئەناهیتایان لەقەڵەم داوە .. ئەو دوو رێبازە ئەندامى سێکسییان پەرستووەو دەچنەوە سەر کولتوورى سێسۆستریس .
کینەر یش ، وەک دەڵێت و ئاماژەى بۆ کردووە ، گوایە خودى خۆى بەشدارى کەشێکى سێکسى لەو چەشنەى کردووە “6” .

مانى ییەکان وەک بنەمایەکى سۆفیستى

لەنمونە پەرەگرافەکانى سەرەوەدا ، ئاماژەدانى میهرداد ئیزەدى بۆ کاریگەرى یەزدانى یەکان لەسەر مانى یەکان ، بەجیا لەوانەى ترى سەرنج رادەکێشێت و بەتایبەتیش مانى یەکان وەک یەزدانىیەکان رووبەڕووى هێرش و دژایەتى توندى زەردەشتى یەکان بوونەتەوە . لەبەر ئەوەى مانىیەکان بەپێچەوانەى زەردەشتییەکانەوە بانگەوازى زاهیدبوون و دەست هەڵگرتن لەدنیاى ماددیان کردووەو سەربارى ئەوەش وەک زەردەشتییەکان بەزوڵم و زۆرى دەسەڵاتداران قایل نەبوون .
مانىییەکان دژ بەخواردنى گۆشت و خواردنەوەى مەى و رابواردنى سێکسى بوون و بەتەوایى رەبەن بوون و هەردەم بانگەشەى جڵەوکردنى شەهوەت و دوورکەوتنەوەیان لەسەرجەم خراپەکارییەکان کردووە . وێڕاى داواکردنى رۆژووگرتنى بەردەوام و دژایەتى کردنى زوڵم و زۆر لەهەر شوێنێکدا بێت و بووبێت . هەر بۆیە بەهرام ى پاشاى فارس کەوتە دژایەتى کردنى شەخسى مانى و پێڕەولێکەرانى ئایینەکەى . هەروەها مەسیحییەتیش دژایەتییەکى سەرسەختى مانى یەکانى دەکرد ، زیاتریش لەو روانگەیەوە بوو کەهەرچەند مانى یەکان مەسیحیان پێ نێردراوى یەزدان بوو ، بەڵام لەهەمان کاتیشدا بەمرۆڤ و بەندەى خوایان دەزانى و ئەمەش لەگەل تێفکرین و دنیابینى ئایینى سێینەى پیرۆزى مەسیحییەکان پێچەوانە دەکەوتەوەو نەدەگونجا .
گرنگى مانىیەکان و جیابوونەوەى تەواویان لەزۆر ئایینى دیکە ، بەجدیەتى خوداپەرستى و رەبەنى و خۆ مەحروم کردنى تەواویان لەسەرجەم خۆشییەکانى دنیادا دەردەکەوێت . سەبارەت بە مانى یەکان و قووڵایى ئیمان و تەسەوفیان ، لەکاتێکدا ئەگەر کاریگەرى یەزدانى یەکانیان لەسەر بێت ، وەک میهرداد ئیزەدى ئاماژەى پێدەدات ، دیارترین نموونەى کەسێکى باوەڕداریان زۆر بە سەلمانى فارسى یە ، کە پێغەمبەرى موسڵمانان د . خ ، زۆرى خۆشویستووەو لەبارەشیەوە زانراوە ، کەهەرگیز تەنانەت پێش موسڵمان بوونیشى تاڵیب بەدنیاى ماددى و لەزەتەکانى نەبووە .. هەرگیز مەى نەخواردۆتەوە ، بەهەموو شێوەیەک لەئافرەت و دنیاى شەهوانییەت بەدوور بووەو وەک هەر باوەڕدارێکى مانىیش گۆشت خۆر نەبووەو دەگێڕنەوە کەبەکەسێکى گۆشتخۆرى گوتووە : سەیرە ، گۆشت گۆشت بخوات .
ئیدى سەلمان هەرگیز خۆى پەیوەستى دنیاى فانى نەکردووەو بەتەواویى پاش ئیسلام بوونیشى هەموو سیفاتە سۆفیستییە رەبەنییە دیارەکانى مانى یەکانى تێدا بەرجەستەبووەو هاوڕێیەکى نزیکى کەسانى وەک : عەلى کوڕى ئەبوو تاڵیب و ئەبى زەر ئەلغەفارى و حەزیفە کوڕى یەمان و عەمار کوڕى یاسر بووە .
یەکێک لەنموونە هەرە گرنگەکانى هەڵوێستى واقیعییانەى سەلمانى فارسى یش ، لەپاش بوونى بە والى لە مەدائین دا بەرجەستە دەبێت ، هەموو مووچەى ساڵانەى کەپێنج هەزار درهەمێک دەبێت ، دەداتە فەقیر و هەژاران و لەبرى ئەوەش کەلەکۆشکى والی یەتیدا بژى لەگچکە کۆختێکى لەقامیش دروستکراودا ژیان دەباتە سەر و بەهیچ شێوەیەک حیساب بۆ پلەى کۆمەڵایەتى و دەسەڵاتى خۆى ناکات و هەروەک جاران زاهیدانەو سادەو ساکارانە ژیان دەباتە سەر . ئەمەش خەلیفە عومەرى کوڕى خەتاب تووڕە دەکات و نامەیەکى ئاگادارکردنەوەو سەرکۆنەکردنى بۆ دەنێرێت و سەلمانى فارسى یش لەوەڵامدا دەڵێت : تۆ دەڵێى من دەسەڵاتى خوام لاواز و ونکردووەو خۆم کردۆتە پردێک خەڵکى مەدائین بەسەرمدا بپەڕێنەوەو قورسایى خۆیان بدەن بەسەرمداو بەچەشنێک خۆم زەلیلکردووە ، کەخەڵکى مەدائین حیساب بۆ دەسەڵاتى ئیمارەتەکەم نەکەن . ئەوە بزانە ئەى عومەر ، زەلیل بوون لەئاست تاعەت و پەرستنى خوا ، لاى من زۆر لەشانازى کردن بەسەرپێچکردنى خوا خۆشترە .
لێرەدا نابێت ئەوەش لەیاد بکەین کەخودى مانى لەساڵى 215ى – زایینیدا لەبنەماڵەیەکى ئەشکانى لەسەرى باوکەوەو کەمرکانی یش لەسەرى دایکەوەو لە هەمەدان ى پایتەختى هەرێمى میدیا دا هاتۆتە دنیاوەو رێبازە ئایینییەکەى وەک زەردەشتى و مەزدەکى و هەندێک رێبازگەلى تر لەزەت پەرست و خۆشى ویست نەبووە . هەر بۆ نموونە بەئاشکرا مەزدەکى یەکان رابواردنى بەردەوامیان لەگەل هەمە چەشن و جۆرى مێینەو خواردنى خۆشترین خواردن و خواردنەوەو بەدەست هێنانى شتە دنیایەکانیان کردبووە پرەنسیب و بەعەمەلى پیادەیان دەکرد . پێشم وایە ئەگەر بەتەواویى تەرکیز بکرێتە سەر پرەنسیبە کۆمەڵایەتى و ئایینى و فەلسەفییەکانى مەزدەکییەکان و لێکۆڵینەوەى تەواوى دەرحەق بکرێت ، پێوەندییەکى بەرچاو لەنێوانى و لەنێوان کۆمەڵى هەقە دا بدۆزرێتەوە ، بەتایبەتیش لەڕوانگەى مەشاعییەتى سێکس و ماڵ و موڵکەوە .. بەمەش لەسەرجەم ئەو رێبازە ئایینییانە دوور دەکەونەوە ، کەهەوڵى پاکبوونەوەى رۆحیى و فەنا بوون لەرۆحى رەهادا دەدەن ، بەتایبەتیش ئەو باڵانەى کەزیاتر نغرۆى لەزەت و چێژبینینە کاتییەکانى دنیاى ماددین !؟
هەر لە کتێبى ئایینى ڤیدا وە ، کەبەئاینێکى دێرینى پێش نزیکەى پێنج هەزار ساڵێک لەمەو پێش و بگرە زیاترى هیندییەکان ناسراوە ، دژایەتى نەفسى بارگاوى بەخراپەکارى و شەڕانگێزى کراوەو جەخت کراوەتە سەر ئەوەى کەدواجار و لەدوا مەنزڵدا مرۆڤەکان بەپێى کارەکانیان چارەنووسیان دیاری دەکرێت .
هەروەک لەفەلسەفە رۆحییەکانى وەک یۆگا شدا رەنگی داوەتەوە ، هۆشیارى گەردوونى بەشێکى پیرۆز و رەهایە لەگەردوونداو بووەو دەشبێت ، سەرچاوەى سەرجەم باشەخوازى و زانست و زانیارى و جوانی یەکە ، دادپەرەوەر و کامل و بێ نەنگییەو خاوەن دەسەڵاتێکى نەبڕاوەى بێ سنوور و بێ کۆتایەو هیچ شتێکیش لەبووندا ناکەوێتە پێش ئەو و ئەو یەکەمین دەسەڵاتدار و ئافەریدەکارە .
بۆیە هەر کەسێک بەگوێى داواکارییەکانى نەفسى خۆى بکات و جڵەو بۆ ئارەزووکانى شل بکات و وەدووى حەز و ئارەزووەکانى بکەوێت ، ئەوە بوونى خۆى ون دەکات و لەنوورى ئەزەلیى و ئەبەدیى ژیریى گەردوونى دوور دەکەوێتەوە . بۆیە ئەو کەسانەى کە سالیک ى رێگەى گەیشتنە حەقیقەت و جوانى و باڵابوون و حەقى ئیلاهین ، پێویستە لەڕێى مانترا زیکر ەوە خۆیان بگەیەننە حاڵەتى سەمادهى فەنابوونەوەو جێگەى باسە پلەى ئیمانى باوەڕداریش بەسێ قۆناغدا تێپەڕدەبێت :

یەکەمیان ـ علم الیقین ـەو ، دووەمیان ـ عین الیقین ـەو ، سێیەمیشیان ـ حق الیقین ـە ، ئیدى لەو میانەوە کەسى باوەڕدار بەهیچ شێوەیەک لەفەرمانەکانى ئافەریدەکار لانادات و لەلایەن پەروەردگاریشەوە کەم و زۆر دەبێتە خاوەن هێزى نائاسایى و بەمەش لەکەسە ئاساییەکان بەتەواوى جیا دەبێتەوە . ئەمە لەکاتێکدا بەرانبەر بەمە فریودەرى کەونى هەیە ، کەلەلایەن ئافەریدەکارەوە رێ پێدراوە بۆ هەڵخەڵەتاندنى مرۆڤ و دەبێت خودى مرۆڤ بۆ خۆى هوشیار بێت و تەسلیم بەو فریودەرە کەونییە نەبێت و جڵەوى نەفس و شەهەوات و حەز و ئارەزووەکانى بگرێت .
ئەمە هاوکێشەیەکى بنەڕەتى پاکبوونەوەو بگرەو بەردەى مابەینى باوەڕ و بێ بڕواییەو وەک بینیمان لەخودى دنیابینى فەلسەفەییانەى یۆگاشدا هەیە . باشە تۆ بڵێى کۆمەڵى هەقە دوور و نزیک هەوڵێکیان بۆ پاکبوونەوەى رۆحى خۆیان دابێت ، تا ببنە درێژکراوەى رێبازێکى میستیکى و سۆفیستى و بەتایبەتیش نەقشبەندى وەک ئیدیعاى دەکەن ، چونکە ئەگەر تەنها حیسابیان بۆ دنیاو بوونى فیزیکى و ماتەریاڵى خۆیان کردبێت و لەهەوڵى تێرکردنى غەریزەکانیاندا بووبێتن و هێندەى یۆگی یەک بیریان لەبوون و گەردوون و ئافەریدەکار نەکردبێتەوە و وەک لەبەسەرهات و درێژەى رووداوەکاندا دەکەوێتەڕوو ، ئەى لەکوێدا بەسۆفیزم و بۆچوونە قووڵە رۆحییەکان دەگەنەوە ، یان لەکوێدا دەبنەوە بەتەریقەتێکى ئیماندار و زۆر پرسیارى دیکەى تر کەهەقە سەبارەت بە هەقە مەترەح بن .

هەقە ـکان
بەپێى گێڕانەوە مێژووییەکان و ئاماژە پێدانى ئەم و ئەو سەرچاوە، ئاستەمە لەڕوانگەیەکى ئایینى رەهاو بەتایبەتیش وەک خاوەن تەریقەتێکى جدیانەى سۆفیستى و زاهیدێتى تێیان بڕوانین؟!
چونکە بەتەواویى ئەوەى ئەوان کردوویانە، پێناچێت شەتەحات و تەجاوزات و خوروقاتى حاڵگرتن و “مەستبوون-سەکەر”ى سۆفیستانە بێت!؟
جێگەى باسە ئەوە بهێنینەوە یاد خۆمان، ئێمە کاتێک باس لەرێبازێکى ئایینى جدى دەکەین، بۆ نموونە وەک رێبازى ئایینى ئێزیدی، باس لەئایینێکى حەقیقى پڕ لەئیمان و باوەڕى راستەقینەى کۆمەڵە خەڵکێک دەکەین، ئیتر چەند جیاواز و دوور بن لەئایینەکانى تر، جدى بوونێک لەناوەڕۆکى ئایینەکەیاندا هەیە کەناکرێت نکووڵى لێبکرێت، چ وەک باوەڕ و ئیمان و چ وەک مەوجودییەتى ئیتنیکى و کەڵچەریى و فەرهەنگى و تاد..
هەر ئەمەشە واى لەگەڕیدەیەکى ناودارى موسڵمانى وەک”ئیبن بەتووتە” کردووە، کەبەڕێزەوە لەگەشتنامەکەیدا ئاماژە بەجوامێرى و میوان پەروەرى شێخێکى ئێزیدى خەڵکى”شەنگال” بدات و منەتبارى خۆى دەرحەق بەهەڵوێستى جوانى ئەو دەربڕێت.
بۆیە لێرەدا حەقە بپرسین، ئەگەر ئەوەى سەبارەت بەحەقە-کان دەگوترێت گشتى درۆ و بووختان بێت، ئەى بۆ دەبێت بەدرێژایی مێژوو، بوختانى ئاوا بۆ نموونە بۆ ئێزیدییان هەڵنەبەسترابێت، ئەمە جگە لەوەى نەک هەر کوردانى موسڵمان کە کوردانى ئێزیدییان خۆش ویستووە، بەڵکو تەنانەت لەسەردەمى حوکمى ئیسلام-یشدا، پێناچێت پێوەندییەکى زۆر نائاسایى هەبووبێت و لێرەدا بەپێویستى دەزانین چەند پەرەگرافێکى کتێبى-کوردەکان-ى “میهرداد. ئیزەدى”
بەنموونە بهێنینەوە:
( کاتێک -سەلاحەدینى ئەیوبى- ئەنتاکیاى داگیرکرد، زۆربەى خەڵکەکەى و تا زنجیرە چیاکانى ئامانۆس-یش، ئێزیدى بوون و لەو سەردەمەدا ئێزیدییەکان توانییان، کوردە غەیرە موسڵمان و مەسیحییەکان بکەنەوە بەئێزیدى و پاشان بەسەر زۆر ناوچەى وەک”ورمآ”و”سیواس”و”کەرکوک”دا بڵاوبوونەوەو لەچەرخى”سیازدە و چواردە”دا توانییان هێزێکى سیاسى و عەسکەرى پێکەوە بنێن و ماوەیەک لەناوچەى “جیزرە-جزرە” حوکم بکەن و شایانى باسیشە لەو دەمەدا میرى ناوچەى “شام” ئێزیدى بووە.
لەساڵى 1297دا “زەینەدین یوسف” کەواعیزێکى ئێزیدى بووە، توانیویەتى زۆر کۆمەڵەى سەر بەئێزیدییان لەشام و قاهیرە-دا دابمەزرێنێت.. ناوبراو لەقاهیرە-دا کۆچى کردووەو هێشتاکە گۆڕەکەى لەوێدایە).
ئاشکرایە هەر بەدواداچوویەکى ژیان و سەرگوزشتەى ئەو زاتە، باش ئەوە دەزانێت، کە”سەلاحەدینى ئەیوبى” پاش نەخۆش کەوتنێکى سەخت کەدەیگەیەنێتە لێوارى مەرگ و پاش بینینى خەونێک بەوەى کەخوداى بەخشندەو میهرەبان ئەو دەمە لەگوناهەکانى خۆش دەبێت، کە”قودس” رزگار بکات، ئیدى بەشێکى موعجیزەى ئازایەتى ئەو زاتە لەو باوەڕە ئایینییە قووڵەیەوە هەڵقووڵاوە. باشە کەواتە چ شتێک هەیە “سەلاحەدینى ئەیوبى” بێدەنگ بکات بەرانبەر بەئازادی هەڵسووڕانى ئێزیدییان بۆ بڵاوکردنەوەى ئایینییان، لەکاتێکدا ئەم سەرکردەیەکى زۆر دەستڕۆیشتوو و بەتواناى ئەو دەمى موسڵمانان بووە؟!
پێشم وایە وەڵامەکەى زۆر ئاسان و ئاشکرایەو پێویستى بەهیچ خۆ ماندووکردنێک نییەو ئێستاشى لەگەڵدا بێت کوردانى موسڵمان، کوردانى ئێزیدى و کاکەیى و ئەوانەى تریشیان خۆشگەرەک بووە. کەواتە دیارە رک و کینەى بەشێکى بەرچاوى موسڵمانە کوردەکانى ئەو دەم دەرحەق بە-هەقە-کان، تەنها لەجیاوازییە ئایینییەکانەوە سەرچاوەى نەگرتووە.
ئەمە جگە لەوەى زۆربەى ئەوەى سەبارەت بەدنیاى هاوبەشییانەى سۆسیۆ-ئیکۆنۆمیکى هەقەکان باس دەکرێت و زۆر کەسى پێخۆشباوەڕ و گەشبین بووە… لەڕوویەکى تریشەوە پێناچێت بەتەواویى وابووبێت و زۆر شت هەر لەچاوبەستەگى چووەو لەپشت هەموو ئەو یەکسانى و برایەتى و مرۆڤ دۆستییە سەرزارەکییەوە، نکووڵى لەبوونى کارێزماى شێخ و دەستەو تاقمێکى خۆسەپێن ناکرێت؟!.

لێکچوونى هەقەکان و ئەوانى تر  .
لەکتێبى کۆمەڵى هەقە ، لەسەر زارى شاکر فەتاح ، ل179-181دا هاتووە : هەقەکان ـخۆپەرستان و پوول پەرستان هێندە دەستکارى ئایینى پاکى ئیسلامیان کردو بۆ کەڵکى ناپوختەى خۆیان، ئەم کوردەوارییە بەسەزمانەیان چەواشەکردو بەهەموو جۆرە فڕوفێڵێک رووتاندویانەتەوە، دواییەکەى ئەم تەکیەو خانەقاو پرچ و ریش و تەپلڕ و دەف و بەشیر سەربڕین و شاپڵیتە خواردن و شێخ و خەلیفەو دەروێش و مریدەیان پەیداکردو رێڕەوى نەقشبەندییان گۆڕى و خستیانە شێوەى “رێڕەوى هەقە”، وە “رێڕەوى هەقە”یش کەتڵپەى “رێڕەوى نەقشبەندیى”یە، ئەگەر هیچى لێ نەڵێین، کەبووەتە هۆى بێ کار و فرمانى و گێژ و وێژیى و نەزانى، لەبەر ئەوە یەکێکە لەدوژمنەکانى گەلى ” کورد نەژاد “.
لەبەر ئەوە پێویستە بەهەموو هێزێکمانەوە کۆشش و خەبات بکەین، ئەمانەى بوون بەهەقە بیانخەینەوە سەر ئایینە پاکەکەى ئیسلام. وەک بۆمان دەرکەوتووە”رێڕەوى هەقە” کەبەم جۆرە بەنهێنى گیراوەو شاراوەتەوەو لەهەقەکان بەولاوە ناهێڵن کەس تێى بگات، چووەتەوە سەر رێڕەوى “ئیسماعیلییەکان” کەهەر چییەک خۆشى پێ گەیاندبێتن، لایان رەوا بووە! شێخەکانیان بەهەشت و دۆزەخیان بۆ دانابوون، لەپێشەوە بەنگ و تریاکیان داوە بەدەروێش و مریدەکانیان تا بێهۆشیان کردوون، ئینجا هەر فرمانێکیان ئارەزوو بووە، پێیان سپاردوون و دەروێشەکان بەکارتێکردنى ئەو بێهۆش داڕووانە، دەست بەجآ فرمانەکانیان بۆ جێبەجآ کردوون. زانست وا پیشان دەدات ئەوەى ئەو جۆرە دەرمانانەى بدرێتآ، هەرچى پێى بڵێیت بەقسەت دەکات، با زیان و نەمانى خۆیشى تێدا بێت، چونکە بەتەنیشت ئەو دەرمانانەوە، هۆش و خواستى مرۆڤ کز دەبآ، دەتوانرآ بەهۆى نوواندنى موگناتیسییەوە یاخود چاو بەستەوە، کار لەوانە بکرآ، هەر کارێکیان پآ بسپێررآ پێیان رابپەڕێنرآ، پاشان کەهاتنەوە هۆشى خۆیان، هەر چییەکییان پێ وتراوەو پیشان دراوە، لەبیریان دەچێتەوە. ئێمە ئەوەمان بۆ دەرکەوتووە کەهەقەکانى ئێمە لەلایەن شێخەکانیانەوە لەهەموو کۆبوونەوەیەکیاندا ئەوەیان دەرخوارد دەدرێت، بێجگە لەئەوە وەک چاومان پآ دەکەوێت زۆر لەهەقەکان چاویان هەموو دەم ئەبڵەق و کزە!
زۆریشیان کز و بێهێز و سستن. لەدەنگى بەرز دادەچڵکێن، ئەمانە هەموویان نیشانەى خواردنى بێ هۆشدار یاخود دەرمانانى بیهۆشکردنن-کۆمەڵە رۆژنامەى چەمچەمالڕ، چاپخانەى الحوادپ، بەغدا، 1983،ژمارە 7ل101-103).
لەم خستەڕووەدا پێش هەموو شتێک شوبهاندنیان بە”ئیسماعیلییەکان” سەرنجمان رادەکێشێت، جا ئەمە چەند رووکەشیانە وایە، یان وانییە، ئەوە مەسەلەیەکى ترەو ئەوەى گرنگەو زۆر پێویستە بآ سآ و دوو ئاماژەى پێ بدەین، ئەوەیە کەلەڕووى باوەڕ و دنیابینییەوە ئیسماعیلییەکان هەمیشە بڕوایان وابووە کەهەر دەبێت “ئیمام”ێک لەدنیادا چ بەئاشکرایى یان پەنهانى هەبێت. لاى ئەوان ئافەریدەکار دروستکەر و کۆکەرەوەو دادوەرى دوو دژەو سەلماندنى بوونیشى پەیوەستە بەهاوبەشێتى خۆیى و زاتى بوونەوەران، ئەمە جگە لەگرنگێتى حەوتەوانەى شتەکان، وەک حەوت ئیمام وحەوت تەبەقەى ئاسمان و حەوت گەڕۆک و حەوت رۆژى هەفتەو تاد..
تەنانەت یەکێک لەو تایبەتمەندییانەى کەپێى دەناسرێنەوە لەڕووى فیکریی و شیفرەبازییانەوە، رۆچوونى قووڵیانە بۆ نێو دنیاى ژمارەکان و هەوڵدانى تەواویانە بۆ خوێندنەوەى ئایەتەکانى قورئان، لەمیانى کۆکردنەوەو دابەشکردنیانەوە لەڕووى ژمارەییەوە، تا دەگەنە ئەو ژمارانەى کەواتاو دەلالەتى قووڵیان هەیەو دەکرێت ئێستاو ئایندەى پێ بخوێنرێتەوەو بەشێوەیەکى بەرچاویش خودى موعجیزەى ئیلاهی لەژمارەکاندا دەبیننەوە و تەنانەت زۆر بەئاسانیش هەست بەکاریگەرى بیروبۆچوونى فیساگۆرسییەکان دەکرێت لەسەریان کەپێیان وابووە، هاوشێوەبوون لەنێوان وێنەى ژمارەکان و وێنەى شتەکاندا هەیە، دیارە لێرەدا ئاستەمە وردو درشتى دنیابینى فەلسەفییانەى ئیسماعیلییەکان بخەینەڕوو، تەنها مەبەستێکمان لەو ئاماژەپێدانانەدا روونکردنەوەى قووڵى دنیا بینى فەلسەفییانەى ئیسماعیلییەکان-ە کەناکرێت بەهیچ کلۆجێک لەو رووەوە بە-هەقە-کانیان بشووبهێنین.
کاتێک بەدرێژکراوەى نەقشبەندییەکانیش دەردێنە قەڵەم، دەکەوینە هەڵەیەکى قووڵەوە، چ وەک ئەوەى نەقشبەندییەکان لەگوتەى:
“خودایە تۆ مەقسەدو رازی بوونیشت مەتڵەبمانە”ى “ئەبوبەکرى سدیق”ەوە دەست پێدەکەن و زۆر بەقووڵى دنیابینى فەلسەفییان لەئەدەبیات و گوتار و زیکرەکانیاندا وەدەر دەکەوێت و وەک خۆیان پێیان وایە هەڵگرى سلووک و رەوشتى عیبادئەلرەحمان و ملکەچانى رێگەى حەقن، ئیدى دواتر دەگەنە کوێ و چەند ئەوەى کەدەیکەن لەگەلڕ رآ و رەسمە شەرعییەکانى ئایین، یان ئایەتەکانى قورئاندا دێنەوە، ئەوەیان مەسەلەیەکى ترە..بەڵام بەئاشکراو لەڕوو و بێ هیچ پەردەپۆشییەک، حەلەقاتى زیکریان و زیاتریش پاش نوێژى عەسران، لەزۆر رۆژانى هەفتەدا و لەنێو مزگەوتەکاندا بەڕێوە دەچێت و هیچ شتێکى بەرچاوى دژە پەرستن و زیکرى خوداى تێدا نییە، تا دەرئەنجام بزووتنەوەیەکى وەک هەقە-کانى لێ بکەوێتەوە!؟ ئەمە جگە لەوەى نەقشبەندییەکان خاوەنى چەندین کتێبى تایبەت بەتەریقەتەکەى خۆیانن و زۆر بەوردى و زیرەکانە تەریقەتەکەیان دەبەنەوە نێو قووڵاییەکانى ئایینى ئیسلام، چەندین ئایەت و گوتەى پێغەمبەریش”د.خ” دەکەنە پاڵپشتى دنیابینییان.
وەک زانراویشە ئیدامەدان بەپەرستنى خوداو لانەدان و پاشگەز نەبوونەوە، بۆ ئەوەیە وەک لەقورئاندا هاتووە : واعبد ربک حتى یاتیک الیقین99الحجر .
هەر ئەمەشە وا لە”سالیک”ى رێچکە سۆفیستییەکان دەکات، کەجیاواز لەموسڵمانێکى ئاسایى خەریکى خوداپەرستى بێت. شایانى باسیشە، دەکرێت کەسێک موسڵمان بێت و هەموو فەرز و سونەتەکانی ئایینیش جێ بەجآ بکات، بەڵام مەرج نییە ئیماندار بێت؟!.
هەر وەک لەقورئاندا دەفەرمووێت : قل لم تومنوا ولکن قولوا اسلمنا .
بۆیە وەک زانراوە هەولڕ و تێکۆشانى زاهید و رەبەن و سۆفى و مورید و سالیک و هاوچەشنەکانى بۆ گەیشتنە یەقین و بەدەست هێنانى چیتر زیاترى ئیمانە ، نەک لەدەست دان و دوورکەوتنەوە لێى، جا رێگەى ئەمەش لەنوێژ رۆژو و عیبادەتى زیاد و زۆرى ئەو کەسانەوە مەیسەر دەبێت، کەهەمیشە بۆتە مایەى ئیعجابى دیندارى ئاسایى و تەنانەت زۆرجارانیش واق وڕمانیان، لەتواناى رۆژوو گرتنى نیمچە بەردەوام و نوێژى زۆر و زیکرکردنى بێکۆتاى ئەو کەسانە، سەربارى خۆ مەحروم کردنیان نەک هەر لەشتە حەرامەکان، بەڵکو زۆرجار لەشتە ڕێگە پێدراو و حەڵاڵەکانیش ؟!
لەلاپەڕە 178-ى کتێبى کۆمەڵى هەقە-دا لەسەر زارى ئیدمۆنز هاتووە : ئەم تەریقەتە نهێنییە گەلێک رێوشوێنى ئایینى پێشێل کردبوو : سۆفییان بینیوە تا سەر سەرى ناوەتە پیسایى ئاژەڵەوەو زیکرى خواى کردووە، شێوەیەک لەموڵکدارێتى گشتییان هەبووە، لەوانە : موڵکدارێتى گشتى بەسەر ژناندا. گروپى تێکەڵاوى ژن و پیاویان بەیەکەوە بینیوە ، پیاویان بینیوە کەبەرگى ژنانەى لەبەردابووەو زێڕ و زیوى بەخۆوە کردووەو دواى خۆرئاوابوون لەدەورى تەپۆڵکەکانى نزیک دآ، خولاوەتەوە. لەکاتێکدا کەژن و پیاو لەحەوزى مزگەوتدا بەیەکەوە مەلەیان کردووە، هەندێک جار لەگەلڕ خۆیاندا سەگیشیان بردووەتە ناو ئاوەکەوە- کەدیارە لەڕوانگەى موسڵمانانەوەو بەپێى مەزهەبى حەنەفى، سەگى تەڕ حەرامە- قاپ و جامى پڕ لەمیزیان بەدەست گێڕاوە. دواى هێرشى تاقمێک لەسۆفى حاڵگرتوو بۆ سەر مزگەوتى سەرگەڵو و سووتاندنى لاپەڕەیەکى قورئان .
زۆر سەیرە هەموو ئەو دیمەنانەى کە”ئیدمۆنز” لەبارەى هەقە-کانەوە دەیخاتەڕوو ، کۆکراوەى کۆمەڵێک دیاردەى تاڕادەیەک دوورن لەواقیعى کوردییەوەو ئەوەى کەلەبوونى گەلێک کۆنى سەماکردنى پیاوان بەجلى ژنانەوە دڵنیامان دەکات، بوونى واقیعیانەى ئەو دیاردەیەیە واتە سەماکردنى پیاوان بەجلى ژنانەوە، لەهەندێک ناوچەى “دەریاى رەش-قەرەدەنیز”دا، بەتایبەتیش دانیشتووانى شارى”قەستەموونوو”، ئیدى لەئاهەنگ و بۆنەکاندا پیاوانى سەماکەریان بەجلى ژنانەوەو هاوشێوەى سەماى ناسراو بەسەماى رۆژهەڵاتى.. دەکەونە سمت بادان و سنگ هەڵپەڕاندن و نوشتانەوەو خۆ خستنە باوەشى ئەم و ئەوەوە..شایانى باسیشە ئەم جۆرە سەمایە بەهیچ شێوەیەک ناچێتە نێو دنیاى سەماى بەناو سۆفیستییەوە، وەک ئەوەى سەماکەرەکانى تەریقەتى مەولانا جەلالەدینى رۆمى دەیکەن، کەسەربارى نەشیاوبوونى لەڕووى شەرعى بوون و جدیەتى خواپەرستن لەئایینى ئیسلامدا، بەڵام هەر هیچ نەبێت، هونەرى بوونێکى تەواو لەسەماکانیاندا هەیەو تا بڵێى جدین لەئەنجامدانیداو تەنها کارێکیشیان هەڵسووڕان و هەڵسووڕانى بەردەوامە لەنێو کەشێکى رۆحى و ئارامییەکى قووڵدا .
گەر بگەڕێینەوە بۆ ئاماژەپێدانەکەى”ئیدمۆنز” دەبێت زۆر پرسیار سەبارەت بەو سەمایە بکەین و بزانین چەند پێوەندى بەرێبازى هەقە-کانەوە هەیە، یان ئەگەر پێوەندى پێوە نەبێت، بۆ کراوەو چ کوردێک هەیە لەهۆشمەندییەکى تەواوداو لەو زەمەن و مەکانەى ئەو دەمەدا توانیبێتى کارێکى وا ئەنجام بدات، تۆ بڵێى ئەو کەسەى ئەوەى ئەنجام دابێت، سەرخۆش بووبێت؟! یان وەک “شاکیر فەتاح” ئاماژەى پێدەدات ماددەى بێهۆشکەرى پآ درابێت؟! مەبەستم ئەوەیە بەتاک یان بەکۆمەلڕ پێیان درابێت و ئیتر هەیان بێت بەقاپ میزى گێڕابێت و هەشیان بێت شتى دیکەى ئەنجام دابێت، جا سەیریش لەوەدایە میزگێڕانیش بەقاپ و بەکارهێنانى، بەسەرهاتێکى ترەو لەلایەن ئەنجامدەرانى سیحر و ساحیرانەوە بەکار دێت، وەک بەتاڵکردنەوەى خودى سیحر بەمیز و ئەویش بەمیزکردنە بەر دەرکەو زۆر شتى قۆڕو بێماناى نێو کتێبەکانى سیحر و تەلسم و تەعویزەکان و هاوچەشنەکانى..ئەمە جگە لەوەى وەک خۆم، زۆر بەگوومانەوە دەڕوانمە ئەو دێڕەى ئەدمۆنز : قاپ و جامى پڕ لەمیزیان بەدەست گێڕاوە .
یان دەڵێت : هەندێ جار لەگەلڕ خۆیاندا سەگیشیان بردووەتە ناو ئاوەکەوە-کەدیارە لەڕوانگەى موسڵمانانەوە و بەپێى مەزهەبى حەنەفى سەگى تەڕ حەرامە .
ئەم دێڕەش ئەوەندەى دێڕەکەى پێشووتر و بگرە زیاتریش گومانم لا دروست دەکات، ئەگەر هەڵەى چاپ نەبێت، چۆن دەبێت –ئەدمۆنز- نەیزانیبێت، زۆرینەى کورد شافیعى-یە نەک حەنەفى، لەلایەکى تریشەوە وەک زۆر بیانى لێى تێگەیشتووە، شافیعییەکان و بەتایبەتیش کوردەکانن وەک باس دەکرێن، سەگیان پآ گڵاوەو هەر تەماسێکیان لەگەڵى هەبێت، بەقووڕە سوور پاکژى دەکەنەوەو ئیدى بەقەناعەتى ئەوان گڵاوییەکەى نامێنێت.
شایانى باسیشە تورکە سوونییەکان بەپێچەوانەى کوردەوە حەنەفى-ین، باشە تۆ بڵێى کوردى ئەو ناوچەیە حەنەفى مەزهەب بن؟!!
یان بەپێى لێکچوونى سەماى ئەوان و “تورکە قەرەدەنیزییەکانى قەستەموونوو” هەر بەڕەچەڵەکیش تورک بن؟!!
هەرچەند هیچ پێناچێت و تائێستاش ئاماژەپێدانێکى لەو چەشنەم نەکەوتۆتە بەرچاو.
بەڵام هەندێک نمونەى مێژوویى هەن ، وەک میهرداد ئیزەدى لەکتێبى کوردەکان دا ئاماژەى بۆ دەکات، گوایە روویداوەو بەدرێژایى مێژوو و لێرە و لەوآ هەندێک کۆمەل و عەشرەتى کورد بآ هیچ زەبر و زۆرێک و لەهەلومەرجە مێژووییە تایبەتەکاندا، بۆ نموونە بووبێتنە ئازەرى و تورک و فارس و تاد..هەر وەک چۆن باسیش لە زۆر عەشرەتى غەیرە کورد دەکات هەر بۆ نموونە لەتورک و فارس و تاد.. کە لەڕۆژگارێکدا بوونەتە کورد، جا ئەمە وابووە یان نەبووە، ئەوە لێکۆڵینەوەو ساغکردنەوەى قووڵى گەرەکە، بەڵام یەکێک لەنموونەکانى عەشیرەتى سندى-یە کەگوایە باو و باپیرانیان لەسند-ەوە هاتوون و پاش نیشتەجێ بوونیان لەکوردستاندا، بوونەتە کورد؟!
ئیدى گۆڕانکارى ئیتنیکى لەسەردەمانێکدا چۆن بووبێت ، بەڵام لەسەردەمى عوسمانییەکاندا، هیچ نکووڵی لەسیاسەتى بەتورککردنى بەردەوامى دەوڵەت ناکرێت، کەبەدرێژایى مێژوو لەناوچەکانى ژێر دەسەڵاتیاندا پیادەیان کردووە.. ئەمە بێجگە لەهات و چۆى کۆچەرییەکانى تورک بەکوردستانداو سەربارى نیشتەجێ بوون و تێکەڵبوونیان، ئەوەى ئەم بیربۆچوونانەش پشت راستدەکاتەوە، واتە تێکەڵبوونى دوو سەرەى چ کورد لەگەلڕ تورک، چ تورک لەگەلڕ کورد، وتارێکى “داڤید مێکداڵ-ە بەناوى -کوردە عەلەوییەکان-7-” کەلێرەدا چەند پەرەگرافێکى بەنموونە دەهێنینەوە، یەکەم پەرەگرافیشیان تایبەتە بەو چەشنە تێکەڵ بوونەو ئەوانەى تریش رەنگە هەندێک نموونەو دیاردەى ترى بەراوردکارى گرنگمان وەبیر بێنێتەوە:
(1-کۆمەڵێک لەتورکە عەلەوییەکانیش هەن کە ددان بەشوناسنامەى کوردیدا دەنێن و هەندێکیشیان بەر لەچەند سەدەیەک لەمەوبەر ئاوێزانى کولتوورى کوردى بوون.
لەسەردەمانێکیشدا هەندێک لەکوردە سونییە کۆچەرییەکان تێکەلڕ بەتورکمەنە عەلەوییەکان بوون و ئیدى کوردەکان سیستمى باوەڕى ئایینى عەلەوییەکانیان وەرگرتووەو تورکمەنەکانیش کولتوورى کوردیان لەخۆ گرتووەو تەنانەت زۆرێک لەتورکەکانى تریش تازەمەنێکى نزیکیش، دژ بەپۆلێنکردن و رەفزکردنى جوداخوازانە بوون و وەک سیمبۆلیش شوناسنەمەى کوردیان قبووڵکردوووە.
2- عەلەوى زۆر جار و بەواتایەکى گشتى وەک دەلالەت لەشیعەو پانتاییەکى بەرفراوانى باوەڕى دەروێشانە دەخرێتەڕوو.
بەڵام زیاتر وەک تێکەڵەیەک لەبیرۆکەى شیعییەت و مازدەیزمى فارسى و مەسیحییەت، لەسەرەتاى چەرخى شانزەیەم و پێش سەردەمى عوسمانییەکان، لەخۆرهەڵاتى ئەنادۆڵداو لەنێو خێڵە تورکمەن و کوردەکاندا جێى خۆى کردەوە.. کە بیروباوەڕەکانى نێوەڕاستى ئاسیاش لەخۆ دەگرێت.
ئەم عەلەوییانەى کە “قزلڕ باش”یشیان پێدەگوترا(بەهۆى ئەو سەروپێچە سوورانەى کەلەسەریان دەبەست)، لەتەک ئیمپراتۆریەتى “فارسى-شیعە” دژ بەعوسمانییەکان جەنگاون، بەڵام پاش ئەوەى لەساڵى 1514دا عوسمانییەکان توانیان هێزە ئێرانییەکان لەئەنادۆلڕ وەدەربنێن، بەتۆبزى زێد و خاکى نیشتەجێبوونى عەلەوییەکان خراوەتە پالڕ خاکى عوسمانییەکان.
3- عەلەوییەکان پێنج مەرجەکەى ئیسلامیان پشت گوآ خستووە: شەهادەت و نوێژى پێنج فەرزەو زەکات و رۆژوو و چوونە حەج.
بەپێى باوەڕى سونییەکانیش خراپترین خاڵى سنووربەزاندنى عەلەوییەکان، لەدەست نوێژنەگرتنى پێش دوعاکردنیاندا بەرجەستە دەبێت.
4- عەلەوییەکان گرنگى بەدار و درەخت-یش دەدەن، بەتایبەتیش دار و درەختى نزیک گۆڕى پیاوچاکان، هەر بۆیە مرۆڤەکان بەمەبەستى هاتنەدى نیازەکانیان، پارچە پەڕۆى هەمەجۆر لەو جۆرە دارانە دەئاڵێنن.
5- لەگوندە عەلەوییەکاندا لەڕووى “سوسیۆ- ئیکۆنۆمیک”ەوە، شێوازێکى دیموکراتخوازانەمان دەکەوێتە بەرچاو- بەتایبەت ئەوان ئاغاى گەورەى تایبەت بەزەوییان نییە و بەشێوەیەکى هاوبەش کار دەکەن-، بەهۆى ئەمانەو لەڕووى سیاسیشەوە بەمەبەستى خۆ جیاکردنەوە، عەلەوییەکان بەرەو چەپخوازى دەچن).

بەر لەکۆتایى
هەموو ئەو نموونانەى پێشتر و ئاماژەپێدانەکان و پەرەگرافەکانى سەرەوە، دەمانگەیەنەتە ئەوەى کەبڵێین: پێدەچێت هەقە-کان، سەرپێیانەو دەرئەنجامى تێکەڵبوونى چەندین شت و شتگەلى، تەنانەت زۆر جار دژ بەیەک و جوداو جیاواز و سەیر و سەمەرەو نەگونجاو و نەشیاو دروست بووبێتن.. واتە لەو شوێنانەدا کەپێت وایە گەیشتوویتە هەقە-کان و باس لەوان دەکەیت، لەڕاستیدا باس لەشتێکى تر دەکەیت.. یان کاتێک پێت وایە، واخەریکە دەستنووسێکى زۆر خەتەرناکى ئەوان، سەبارەت بەدنیابینى و شەتەحاتى سۆفیستییانەیان بێتە پێشچاوت و دانەرەکەشى خودى شێخێکى ناسراوى باڵێکى دیارى بزافەکەیانە، کەوەک دەگێڕنەوە سەیرترین و عەجایبترین ماجەراى ژیانى هەبووە.. بەڵام کاتێک چاوت بەهەقیقەتنامە-کەى “ل210،213-ى کۆمەڵى هەقە”دەکەوێت، نازانیت دەرحەق بەو گاڵتەجاڕە” شیعر-پەخشان”ەى کەباشترین دەربِرى ئەقڵیەتى رێبەرێکى بزافەکەیە چى بڵێیت و چۆن چۆنى سبەینآ زات بکەیت و ئەو هەزەلییاتە وەک خەتەرناکترین و پێموایە تەنها ، یان وەک نموونەیەکى تێکستێکى هەقە-کان وەربگێڕیتە سەر زمانێکى بیانى و ناچار بیت بەر لەوەى بیخوێننەوە پێیان بڵێیت، تکایە بەخوێندنەوەى مەدەنە قاقاى پێکەنین و وامەزانن ئەمە نووسینێکى پڕ تڕووهات و فشقیاتە؟! چونکە ئێمە بەبوونى ئەم تێکستە دەبێت لەجێى پێکەنین بگرین و لەناخیشەوە بزەمان بێت بەوەى ، کەبەشێکى زۆرى مێژووى دوور و نزیکى بزووتنەوەو بزاف و رێباز و رێچکە و تەریقەت و ئەوانەى تریشمان نە-نووسراو–ەتەوەو نەئاواش تەنزیرى مەعریفى و کۆمیدیانەى”لاهوت-ناسوتى” لەدوو توێى “شیعر-پەخشان”دا بۆ کراوە، یان ئەگەر بۆشى کرابێت، پێمان نەگەیشتووە، تا وەک ئەم –هەقیقەتنامە-یە، بەخوێندنەوەى خەفەتبار و بێهوودە بین؟!
هەندێک دێڕى هەقیقەتنامەکە:
( عیلمى هەقیقەتمان خوێند، چى دەبێتە قسەو کەلیمە
مەلیکى ئێمە کێیە؟ کەریمە
ئەمە قسەیەکى کوردییە، کورت و موختەسەرە
دەلیلى هەق شوناسیمان برادەرە
ئەمە قسەیەکى ئیسبات و بآ شکە
رەفیقى قیامەتمان خوشکە
شەیتان عەدووە، دینمان دینارە
بۆچى؟ چونکە ئەوەلڕ ئاخیر زەمانە
ماناى ئاخیر زەمان..شەیتانە)

دواجار و کۆتاییەکى کراوە

دواجار و پاش خستەڕووى هەندێک دێڕى هەقیقەتنامەکە، پێم وایە دەبێت جارێکى تر و سەرلەنوآ بچمەوە نێو دنیاى کتێبى –کۆمەڵى هەقە-کان و ئیدامە بدەمەوە بەخوێندنەوەکەو بەگووڕ و تینێکى نوێوە، ئەوەندەى کەدەکرێت و دەشێت، هەندێک شتى دیکە بوورووژێنم؟!
بەڵام لەم دەرفەتەدا، سەربارى سڵکردنەوەم لەدرێژبوونەوەى نیمچە بێکۆتاى وتارەکە، ناشمەوێت سەرجەم دەرکەکان ئاوەڵابکەم و مەبەستمەو پێم وایە، دەبێت کردنەوەى دەرکەکانى دیکە، بۆ خوێنەرانى جیدى کتێبەکە جێ بهێڵم و چەشن و شێوە جوداکانى خوێندەوەکانى تریش هەر بەوان بسپێرم….؟!
سەرچاوەکان:
( 1: کۆمەڵى هەقە/لێکۆڵینەوەى:رێبوار حەمە تۆفیق/ئینستیتیوتى کەلەپوورى کورد/2010).
(2: المکتبە المفقودە/لوتشیانو کانفورا/انترنیت).
(3: هەمان سەرچاوەى پێشوو).
(KURTLER/MEHRDAD.R.iZADY4:/
-.iSTANBUL”2004″)
5: هەمان سەرچاوەى پێشوو).)
( 6: هەمان سەرچاوەى پێشوو).
:7) ALEViLiK VE KURTLER( inceleme-Arastrma-Belgeler)/postfach131831،42045wuppertal-1997
izadyusf@yahoo.com.au

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت