Barzani-Ocelan

ڤیان فەرەج : ده‌ڵێن بارزانی چۆته‌ لای ئاپۆ .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

سه‌یره‌ له‌ماوه‌ی ١٧ ساڵی رابردوی زیندانیكردنی ئاپۆدا ، بارزانی بۆ یه‌كجار هه‌وڵی نه‌دا سه‌ردانی ئیمڕاڵی بكا، هه‌وڵی نه‌دا له‌ چوارچێوه‌یه‌كی نیشتمانی دا بچێته‌ لای ئاپۆو وه‌ك دو سه‌ركرده‌ مژاری ئه‌م گه‌ڵه‌ تاوتوێ بكه‌ن ، له‌م ماوه‌ درێژه‌دا بارزانی به‌تایبه‌ت دوای روخانی هه‌ژمونگه‌ری داعش له‌ رۆژاواو سه‌ركه‌وتنه‌كانی هه‌ده‌په‌، هه‌وڵی نه‌دا له‌رێگای گوشاری نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی باشوری بچێته‌ لای ئۆجه‌لان و پرسی كورد دوای سه‌ركه‌وتنی له‌ سێ پارچه‌ی داگیركراودا كه‌ ئه‌ڤده‌م له‌وپه‌ڕی خه‌باتی دیمۆكراسی و پێگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدان ودونیا به‌ چاوی تێبینی و چاودێریه‌وه‌ لێیان ده‌ڕوانی ، ئه‌م سه‌ركرده‌یه‌ هه‌وڵی نه‌دا له‌گه‌ڵ ئاپۆ له‌سه‌ر ئه‌و مژارانه‌ی دێنه‌ رۆژه‌ڤی داهاتوه‌وه‌ تاوتوێ بكا ، هه‌وڵی نه‌دا ئه‌و گۆشه‌گیریه‌ی سه‌ری بشكێنێو له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی هه‌ده‌په‌دا له‌سه‌ر رێگه‌ی چاره‌سه‌ری و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌ر مێزی گفتوگۆكان دوای ئه‌و هه‌مو قه‌تلو عامه‌ی له‌ئامه‌دو په‌رسوس و ئه‌نكه‌ره‌وجزیره‌و گمگم رویاندا نێوه‌نگیریه‌كی شه‌ریفانه‌ بكات كه‌ ببێته‌ مایه‌ی هێڵی زێڕینی له‌مێژویاندا ، كه‌چی ئێستا بۆ چۆڵكردنی شه‌نگالێك كه‌ له‌ بنه‌مادا قه‌ڵه‌مه‌ڕه‌وی حكومه‌تی عیراقه‌ هێشتاو له‌ چوارچێوه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمیشدا نیه‌ ، له‌گه‌ڵ ( سه‌رۆكی میت ) دا .

جارێكی تر ده‌نوسمه‌وه‌ ( سه‌رۆكی میت ) دا ده‌چێته‌ ئیمراڵی ؟
ئه‌مه‌ بۆ ؟
تۆبڵێی پرسی گشتی كورد كه‌ لانی كه‌م چاره‌نوسی ٣٥ ملیۆنی له‌ سێ پارچه‌ی پێوه‌ به‌نده‌ كه‌مبایه‌ختر بێ له‌ پرسی شه‌نگالێك كه‌ جگه‌له‌وه‌ی خۆیان راده‌ستیان كرد ، و هه‌په‌گه‌ بۆی ئازاد كردن ، دانیشتوانه‌كه‌ی به‌هۆی كۆچو هه‌لاتنه‌وه‌ له‌م قۆناغه‌دا له‌ چه‌ند ده‌هه‌زار كه‌سێ تێپه‌ڕناكا؟
ئایا خاكی شه‌نگال گه‌ر به‌ لافی كوردایه‌تی و نیشتمانی بێت به‌ده‌ست په‌كه‌كه‌وه‌ بێت كوردانه‌تره‌ یان به‌ده‌ست میتی توركیه‌وه‌؟
ئایا شه‌ڕی په‌كه‌كه‌ وه‌ك ئه‌ردۆغان باسی ده‌كا گوایه‌ له‌گه‌ل حزبه‌كه‌ی بارزانیدا له‌سه‌ری رێكه‌وتون داگیركردنی شه‌نگال ناگه‌یه‌نێ له‌لایه‌ن میتی توركیه‌وه‌ ئه‌مجاره‌؟
گه‌ر وه‌فدی ئیمڕاڵییان له‌گه‌ل بوایه‌ له‌و سه‌ردانه‌ به‌ حساب رویداوه‌ ، گه‌ر ئامانجیان زیاتر خزمه‌تێكی نیشتمانی بوایه‌ و له‌پێناوی به‌دی هێنانی سه‌روه‌ری نیشتمانی نه‌ك تاكه‌ حزبی دا هه‌وڵه‌كان چڕ بكرانایه‌ته‌وه‌ ئه‌وا بڕوام وایه‌ گه‌ل ده‌یتوانی چمكێ قه‌ناعه‌ت بكا ، به‌ڵام ئه‌م پلانگێڕیه‌ ده‌ره‌نجامێكی باشی لێ ناكه‌وێته‌وه‌ ، چونكه‌ مانگ سه‌ر له‌ ئێواره‌ دیاره‌ !
له‌كاتێكدا دێمیرتاش له‌هه‌وڵی جدیدایه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی ده‌ره‌چه‌یه‌كی لێكتێگه‌یشتنو هه‌وڵده‌دا جارێكی تر سه‌رباری ئه‌و هه‌مو ناحه‌قیه‌ی ئه‌ردۆگان و دۆسته‌كانی كردیان به‌رامبه‌ر گه‌له‌كه‌ی و خۆی و پارته‌كه‌ی له‌باكور ، سه‌ردانی قه‌ندیل ده‌كا بۆ ئه‌وه‌ی تروسكاییه‌ك هیوا به‌پرۆسه‌ی ئاشتی بداته‌وه ‌، چونكه‌ دڵنیایه‌ له‌م قۆناغه‌دا بینینی ئۆجه‌لان مه‌حاڵه‌، كه‌چی بارزانی رێگای ئه‌ردۆگان ده‌گرێ ؟ نه‌ك ئه‌مه‌ به‌ڵكو به‌ بێ ده‌میرتاش ده‌چێته‌ لای ئۆجه‌لان ؟ هه‌مان سیناریۆ كۆنه‌كه‌ی جاری پێشوم بیركه‌وته‌وه‌ كه‌ دوای ئه‌وه‌ی قسه‌و قسه‌ڵۆكێكی زۆر به‌زمانی سه‌رۆكه‌وه‌ هه‌ڵبه‌سترابو ، دواتر كه‌ ده‌رفه‌تی لێدوانی بۆ ره‌خسا به‌ یه‌ك رسته‌ هه‌مو راستیه‌كانی ده‌رخست .
دواجار میت و بارزانی و ئاردۆگان وپلانێكی مه‌ترسیدار له‌ ژێر شه‌پۆله‌كانی شه‌كانه‌وه‌ی ئاڵای باشوردا تاوتوێ ده‌كه‌ن ، دڵنیام گه‌ر حه‌كیمانه‌ مامه‌ڵه‌ی نه‌كرێ گۆمێك خوێن دروست ده‌كا ، به‌دلنیایه‌وه‌ به‌زه‌ره‌ری ئه‌وانه‌ دێ كه‌ له‌ ریزی نیشتمانی ده‌رده‌چن .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت