facebook-580x300

ئاریتما موحه‌ممه‌دی : په‌یامێك بۆ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كانی نێو فه‌یسبووك  .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئه‌م ماوه‌یه‌ كۆمه‌ڵێك كوردی شۆڕشگێری نێو فه‌یسبووك و ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك سه‌ركرده‌ی حیزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان دژكرده‌وه‌یان به‌رامبه‌ر بێڕێزیكردنی ڕژیمی ئێران به‌ سیپاڵی كوردی ده‌ربڕی، وه‌ك ئه‌وه‌ وابوو كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مینجار بێ‌ ڕژیمی ئێران بێڕێزی به‌ جلوبه‌رگی كوردی بكات . ڕژیمه‌كانی ئێران پتر له‌ سه‌دان ساڵه‌ بێڕێزی به‌ ناسنامه‌ی كورد و زمان و ڕه‌سه‌نایه‌تیی كورد ده‌كه‌ن ، ئه‌مه‌ش له‌ كه‌س شاراوه‌ نییه ‌. به‌ڵام دژكرده‌وه‌ی هندێك له‌ كورده‌كانی نێو فه‌یسبووك بۆ من ئاسایی نه‌بوو . له‌به‌ر ئه‌وه‌كه‌ به‌شێكی زۆر له‌ ڕووناكبیرانی كورد و چالاكوانانی نێو ئه‌م تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ به‌كرده‌وه‌ دانیان به‌ پێشكه‌وتوویی كولتووری فارسدا ناوه‌ و پێیان وایه ‌كه‌ نه‌ته‌وه‌ی فارس نه‌ته‌وه‌یه‌كی پێشكه‌وتووه‌ و كولتووره‌كه‌ی خاوه‌ندارێتی ناسنامه‌ی كورد ده‌كات .

وه‌ك ئاماژه‌، ئه‌م به‌شه‌ له‌ تێكۆشه‌ران  و چالاكوانه‌كانی فه‌یسبووك كه‌ به‌شێكیان ئه‌ندام و لایه‌نگرانی حیزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان پێك ده‌هێنن، زمانی فه‌رمیان له‌نێو ئه‌م تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌دا فارسییه‌ و ئه‌وانه‌شیان كه‌ خۆیان به‌ نه‌ته‌وه‌یی و ناسیۆنالیست ده‌زانن دیسان ئه‌گه‌ر بۆچوونێك سه‌باره‌ت به‌ ڕووداوێكی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی ده‌رببڕن ، به‌ فارسی ده‌ینووسن و وه‌رگێڕدراوه‌كه‌شی له‌ خواره‌وه‌ی فارسییه‌كه‌ داده‌نێن. به‌ واتا زمانی فارسیی زمانی فه‌رمیی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ كه‌سانه‌یه‌ كه‌ به‌داخه‌وه‌ زۆرینه‌ش پێك ده‌هێنن و كوردییه‌كه‌ش زمانی ناوچه‌یی یانخود وه‌ك فارسه‌كان ده‌ڵێن زاراوه‌ی ” محلی ” یانه‌ .

ئه‌م له‌ كاتێك دایه‌ كه‌ ئه‌م ‪« چالاكوانانه‌ی‪»  نێو فه‌یسبووك سه‌باره‌ت به‌ ئاماژه‌یه‌كی یه‌كێك له‌ میدیا ئه‌له‌كترۆنییه‌كانی ئێران دژكرده‌وه‌یان پیشان دا و به‌ بێڕێزیكردن به‌ كورد و كوردستانیان ئه‌ژمار كرد . له‌وه‌ دڵنیام كه‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ڕژیمی ئێران و ڕاگه‌یاندنه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ یه‌كه‌مینجار نییه‌ و ڕۆژانه‌ له‌ شێوه‌ و چه‌شنی جیاوازدا ناسنامه‌ی كورد پێشێل ده‌كه‌ن ، به‌ڵام بۆ هه‌موومان ڕوونه‌ كه‌ ئێران داگیركه‌ری كوردستانه‌ و نه‌یاری كورده‌ و چاوه‌ڕوانی له‌وه‌ش كاره‌ساتبارتری لێ ده‌كرێت . به‌ڵام له‌وه‌ تێناگه‌م كه‌ بۆچی ئه‌و به‌شه‌ له‌ كورده‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا چالاكن و ڕۆژانه‌ یه‌كێ له‌ كۆڵه‌كه‌كانی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد كه‌ له‌ زمانی كوردیی پێك دێت ، پێشێل ده‌كه‌ن و جێی باییخیشی نییه بۆیان ‌، بۆ ئه‌م كرده‌وه‌ی میدیایه‌كی ئه‌له‌كترۆنیی ڕژیمی ئێران بۆ ئه‌م چه‌شنه‌ كه‌سانه‌ هێنده‌ هه‌ستیار و ورووژێنه‌ر بوو ! خۆ ئه‌مانیش ڕۆژانه‌ بێڕێزی به‌ زمانی كوردیی ده‌كه‌ن ! هه‌روه‌ك ئه‌و میدیا ئه‌له‌كترۆنییه‌ی ئێران به‌ خۆیدا چووه‌وه‌ و هه‌ڵه‌كه‌ی ڕاست كرده‌وه ‌، پێویسته‌ كه‌ ئه‌م كورده‌ چالاكوانانه‌ی نێو فه‌یسبووكیش به‌خۆیاندا بچنه‌وه‌ و لانیكه‌م له‌ خواره‌وه‌ی بۆچوونه‌كانیان كه‌ به‌ زمانی فارسییه‌، وه‌رگێڕدراوه‌ كوردییه‌كه‌ بڵاو نه‌كه‌نه‌وه‌ ، چونكه‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌پاندنی كولتووری نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست له‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌ زمان و ناسنامه‌كه‌ی به‌ چه‌شنێكی دڵخوازانه‌ له‌نێو هزری و بیری كورددا جێ بكاته‌وه ‌. ئیتر ئه‌و كات‌ پێویست ناكات كه‌ داگیركه‌ر وزه‌ی خۆی بۆ تێكدانی ناسنامه‌ی كوردیی ته‌رخان بكات ، چونكه‌ خۆمان به‌و ئه‌ركه‌ هه‌ڵده‌ستین .

وه‌ك ئاماژه‌ ، كورده‌كانی باكووری كوردستان كه‌ هه‌نووكه‌ به‌شێكیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن و ده‌سه‌ڵاتی كولتووریی و سیاسیی تورك به‌ سه‌ریاندا زاڵ نییه‌ كه‌چی به‌ توركی ده‌نووس و هه‌ر به‌ توركیش ده‌ئاخفن ! ئه‌مه‌ فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌و كێشه‌یه‌ كه‌ له‌ نێۆڕۆكی ئه‌م باسه‌دا ئاماژه‌م پێی كرد . هه‌نووكه‌ كورده‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ده‌سه‌ڵاتی كولتووریی فارس به‌ سه‌ریانه‌وه‌ زاڵ نییه‌ كه‌چی نه‌ك هه‌ر به‌ كوردیی نانووسن بگره‌ بێڕێزیش به‌ زمانی كوردیی ده‌كه‌ن . بۆ من ئه‌گه‌ر كوردێك په‌یامێكی فارسیی بنووسێت و له‌ خواره‌وه‌ی فارسییه‌كه‌ش به‌ كوردی هه‌مان په‌یام دووپات بكاته‌وه ‌، به‌بێڕێزیكردن هه‌ژمار ده‌كرێت .

كورد ئه‌و كورده‌یه‌ كه‌ به‌ كوردی ده‌نووسێت و به‌ كوردی ده‌پۆشێت ، نه‌ك به‌ كوردیی هه‌ڵده‌چێت و ئاژاوه‌ ده‌نێته‌وه‌ !

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێر بۆ هاوڕێکانت