هەورامان عەلی : شیرینی دایك !

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەو دەستە چکۆڵەکانی دەهێنا بەسەر ئەو برینە کۆنەی خوارەوەی سکی ، کە لەهێڵی نەخشەیەك دەچوو ، بە دەنگە ناسککەی پرسی :
– دایە ئەوە چیە ؟
بەزەدەخەنەیەکی پڕ لە مهیرەبانیەوە وەڵامی دایەوە :
ئەو درزەی ، کە بەسکمەوەیە و لە نەخشە دەچێت ، تۆ لەوێوە هاتیە نێو ژیان !.
پێکەنی و بە چاوی ناباوەڕەوە نیگایەکی بڕیە نێوچاوانی دایکی و ئینجا پرسی :
یانی من لە سکی تۆوە هاتومەتە دەرێ دایە ؟! یانی من لەنێو سکی تۆدا دەژیام ؟!
باوەشی پێداکرد و یەك دوجار سەرکوڵم و چاوەکانی ماچ کرد ، ئینجا چپاندی بە گوێیدا :
گوڵی من ـ زیاد لە نۆ مانگ تۆ لەنێو سکما نیشتەجێ بوویت ، هەموو ساتێکی ئەو مانگانە دەستم دەهێنا بە ڕومەتی جوانتا ، هەستم بە لێدانی شەرمنانەی دڵە بچکۆڵەکەت دەکرد ، چاودێری زیاد بونی یەك بەیەکی خانەکانتم دەکرد ، لەگەڵ گەورەبونی تۆدا ، سکی منیش گەورە دەبوو .
زۆرجار بێ ئەوەی بتەوێت نەت دەهێشت بخەوم ، بە ئارەزوی خۆم نان بخۆم و جلەکانم لەبەرکەم . کە تەمەنت گەیشتە زیاد لە نۆ مانگ ، سەرەڕای ئەوەی ژانی جیابونەوەی تۆ لە پێستی منداڵدانم ، زۆر ئازاری دام . دانم بەخۆمداگرت تا تۆ بەشێوەیەکی سروشتی لەدایك ببیت . دوای چوار کاتژمێر لە ئازاریی بەردەوام ، پزیشکەکان وتیان دەبێت بە نەشتەرگەری لەدایك ببێت . بۆیە بەناچاری تۆ لەڕێگەی نەشتەرگەریەوە هاتیتە بوونم . بەڵام گوڵە جوانە بچکۆڵەکەم ، هەر ئەوەندەی پاکیانکردیتەوە و هێنایانی بۆ باوەشم ، بۆیەکەمجار بۆنمکردی نەك هەر ماندوبون و ئازارەکان بونە بەشێك لە یادەوری ڕابردوو ، بەڵکو وەك ئەوەی تازە منیش لەدایك ببمەوە .. تۆ بویتە جیهانێکی نوێ بۆم ، کە پرە لە خۆشەویستی . خۆشەویستیەك کە بەدرێژایی ژیانی پێش تۆ ، چاوەڕێی بووم و خۆشبەختانە ئێستا لە ئامێزمدایە ! .
چاوەکانی ئاویان تێزا بوو ، لەکاتێدا یەك دوو وردە فرمێسك بە ڕومەتە سورەوەبوەکەیدا هاتنەخوارێ ، بە ئەسپایی ووتی :
– دایە ئیتر ئەم برینە بۆ من زۆر پیرۆزە ، بمبورە بە هۆیی منەوە وات لێهاتووە ، لەمڕۆوە ئەو درزەی سکت وەك سومبوڵی ژیان و بونم چاولێدەکەم و ، هەتا لە ژیاندابم خۆم بە قەرزاریی خۆت و برینەکەت دەزانم ، ئایی دایە گیان …. چەندم خۆش دەوێت !

تێبینی : بیرۆکەی ئەم چەند وشەیە لە نوسینێکی عەرەبیەوە وەرگیراوە

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت