ئاکۆ برایم : مژدە .. مژدە … وەزیرى شارەوانى هەرێم بەدیلى نەوتى دۆزییەوە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خۆشى لەخۆمان و چاو و دڵمان رۆشن ، ئیتر لەمەولا نە مووچە دوا ئەکەوێت ، نە تووشى قەیرانى دارایى ئەبین ، لەمەودوا ئێمەش وەکو باقى دەوڵەتانى تر ئەبین بە خاوەنى ئابورییەکى تۆکمە و ، لەگرفتى بێ ئیش و بێ بازاڕى و ، رۆیشتنى گەنجان بۆ دەرەوە رزگارمان ئەبێت ، بەپێچەوانەوە پاش ئەو پڕۆژە گەورە و مەزنە ، ئیتر پۆل پۆل خەڵکى بێ ئیشى وڵاتانى تر ، داواى فیزاى کار لە کوردستان ئەکەن ، بەچەشنێک فرۆکەخانەکان وا جەنجاڵ و سیخناخ ئەبن ، لەخەڵکى جۆراو جۆر هەر مەپرسە ، ئەمەش بۆخۆى داهاتێکى ترو قازانجێکى باشتر بۆ وڵات بەدەست ئەخات .. من بەبیستنى هەواڵەکە یەکسەر شاگەشکە بووم ، لەدوێنێ وە ئافەرین و دەستخۆشى بۆ وەزیرى شارەوانى ئەنێرم . کە بەڕێزى ئەرکى کێشاو ئەو فکرە و بیرۆکە نایابەى خستە روو ، بەڕاستى سەلماندى کە خەمخۆر و رۆڵەى بەئەمەکى ئەم نیشتمانەیە ، هەروابێتەوە ئەو بۆچون و چەمکە سواوانەى ئەوەنەى تر بەدرۆخستەوە کە ئەڵێن حکومەت لەبەرامبەر قەیران و کێشەکاندا دەستەوەستان و بێ بەدیلە و هیچ بیر لەحاڵ و گوزەرانى ئەو خەڵکە ناکاتەوە .

ئافەرین هەى بلیمەت ، رەحمەت لەخۆت و فیکرەت . بەڵام بەداخەوە جەنابى وەزیرە خان ، خۆزگە پێش بیرۆکەکەت ، پێشتر سەرپێى سەرێکت لە مەسیف و شوێنە گەشتیارییەکان بدایە ، ئەوجا ئەو چارەسەرت بخستایەتە روو ، لەوە ئەچێت جەنابت لەم وڵاتەیا نەژیت و ، ئاگا و عیلم و خەبەرت لەگەشتو گوزارو کەرتەکەى نەبێت ، ئەگینا ئەو بەدیلەت بەخەیاڵا نەئەهات ،!! ئەرێ نەورۆز خان ، جەنابت سەردانى شوێنە گەشتیارییەکانت کردوە ؟ چەن شوێنت بینیوە کە بەحساب سیاحى و شوێنى بەسەربردنى کاتن ،؟ چەنێکیان رووى ئەوەیان هەیە کە گەشتیار روویان تێبکات و ، بەهۆیەوە داهاتمان چنگ کەوێت ؟، بۆ ناشێ نەزانیت کەئەغڵەبى سیاحەت خانەکانى وڵات موڵکى خەڵکن نەک حکومەت ، واتە داهات و قازانجەکەى ئەچێتە گیرفانى خەڵکەوە حکومەت یەک قڕوشى بەرناکەوێت ، ئەى ئیتر چۆن چۆنى ئەتوانین داهات بەدەست بێنین ؟ مەگەر فەرمانبەرانى شارەوانى و کارمەندانى لەبەردەم سەیرانگاکانى سەرچنار و بێخاڵ و چەمى رەزان و جوندیان ، عەرەبانەیان پێ بێت ، چلورە و لەفە و چپس و گوڵەبەرۆژە بفرۆشن .!! ئەگینا کوا کامە سەیرانگا موڵکى میرى یە تا بۆداهاتەکەى تورەکەى بۆ بدورین .
بێجگە لەوەش جەناب من وەکو خۆم بەشى زۆرى سەیرانگاکان گەڕاوم ، بەڵام تاقە یەک ئوتێڵ و چێشتخانە ، نەک پلە یەک ، پلە چواریش چى یە نەمبینیوە ، باشە سبەى رۆژ ئەگەر گەشتیارى بیانى لەو ئەوروپا و ئەمریکایەوە بێن بەمیوانمان ، لەکوێ بیان خەوێنین ؟ ئیش و کارى تەوالێت لەکوێ بەجێ بهێنن ؟ تۆ بڵێى وەکو زەمانى قەیم میوانەکان لەمزگەوت و دیوەخان نەخەوێنن ؟ یان بۆ نیشاندانى مەعالیم و شوێنى مێژووى بیان بەین بۆ کوێ ؟ بۆ ئەشکەوتى شانیدەر یان هەزار مێرد یان قزقاپان ، کە لەرووتان بەگوڵاو بێت یەک پارچە ریخ و پیسایى و شیاکەن ، قیروسیا لەوانەش فەرەزنا وەک چۆن بەهاران شارەوانى و رێکخراوەکانى ژینگە عەللاگە و کیسى خۆڵ ئەبەخشن بە سەیرانکاران ، ئێمەش دایبى و کەمامەیان بدەینێ ، تا لەو ئیحراجیە رزگارمان بێت .
بەهەرحاڵ ، ئەمانەمان هەموو خستە لاوە بەو نەوعە حەلمان کرد ، بیرۆکەکە بەتۆپەڵێک نوقسانیەوە کەوتە بوارى جێ بەجێکردنەوە ، حکومەت بڕیاریدا بەدروستکردنى ئوتێلى گەشتیارى و چێشخانەو شارى یاریى و ریستۆرانت و باڕ ویانەى شەوانەو تەواوى ئەو شتانە ، دەى خۆ ئەوەش پارەى ئەوێت ، ئەى پارە لەکوێ بێنین ؟ یان کە میوانەکانمان برد بۆ شوێنە سیاحییەکان بەکوێ یا بیان بەین ؟ بەو جادە پڕ لەتاسە و کەنەڵان و یەک سایدانەیا ؟ حکومەتێک بە روبعە قەڕنێک نەتوانێت بیر لە چاکسازى بکاتەوە ، یەک دوو حاوییە و سەیارەى خۆڵى باش فەراهەم بکات ، دوو جوت دەستکێش و بەدلەو ماسیحەیەک بەژینگە پارێزێک رەوا نەبینێت ، ئەى چۆن ئەو پڕۆژە ملیار دۆلارە ئەخاتە گەڕ . بەکام ستاف و کۆمپانیا روومان سپى ئەکاتەوە ؟ بەو کۆمپانیایەى کە گازلەتەواوى وڵات و بازاڕى رەش بە 525 دینارە ، کەچى ئەو بەوەزارتى کارەباى ئەفرۆشێت بە 1200 دینار . یان لەرێگەى خەبیرە خەیاڵیەکانى وەزارەتى سامانە سروشتیەکان کە مانگى 4 دەفتەر معاشیانەو و وەکو خەتى ئیستیوا وان ، خوا و کاک ئاشتى هەورامى نەبێت کەس نازانێت کێن و چین ؟! دەى هەرچى چۆنیک بێت بە قەرز و قۆڵەو شیرینى نەوت و ، هاوکارى وڵاتان ، بە داهێنانەکانى کاک ئاشتى و خۆمان خستە ژێر قەرزێکى چەندین ملیار دۆلارى و ، بە ریالى سعودى و لیرەى تورکى بودجەمان بۆ دابین کرد ، ئەى پێم ناڵیێت زەوى کوا ؟! تا ئەو باڵەخانەو مۆتێل و ڤێلایانەى باسمکرد لەسەرى دروست بکەین ، مەگەر نابیت کە هەموو سەیرانگاو گەشتیارى خانەکان ، بونەتە موڵکى ئەو خەڵکەو ، هەمووى سیاج و تەلبەند کراوە ، بستە زەوییەک بەچۆڵى نەماوەتەوە .
کەواتە چیمان کرد ؟! سفر هیچ بەدەستەوە ، هەروەک عەزیەتەکەت کێشاوە ، ئەو مەشروعەت خستۆتە روو ، جا بۆدەوڵەمەندکردنى ئەو بیرۆکەیەت ، من یەک پێشنیازى باشترت پێ ئەڵێم ، بەس با نهێنى بێت و لەبەینى خۆمان دەرنەچێت ، رازیشم بیکەیت بەناوى خۆتەوە ، ئەویش ئەوەیە ، ئەوە تەڕح بکەیت ، کە بەهەموو لایەکمان هانى گەشتیاران بدەین بێنە هەرێم ، ئێمەش کە هیچمان نى یە و ، بۆ پشوو حەوانەو بەسەربردنى کاتەکانیان ، با لاى خۆمانەوە ، وەکو نەوت و بەنزین و گازە حەیاتەکە بەتاتکەر ئاودیوى یان بکەین ، بەوڵاتانیان بفرۆشین .
تو دینت چۆنە ؟ فیکرەکەى من باشترە یان ئەوەى تۆ ؟!

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت