Bakuri-kurdistan

ئاریتما موحه‌ممه‌دی : ڕژیمی تورك و سه‌ركوتی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیی !

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ماوه‌یه‌كه‌ هێزه‌كانی ڕیژیمی فاشیستی تورك ده‌ستیان كردووه‌ به‌ كوشتنی هاوڵاتییانی باكووری كوردستان و له‌و ماوه‌یه‌دا كه‌ به‌رخۆدانی مه‌ده‌نیی له باكوور‌ له‌ گۆڕێ دایه ‌، پتر له‌ سه‌دان هاوڵاتی كوردستان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ڕژیمی فاشیستی توركه‌وه‌ دراونه‌ته‌ به‌ر گوللـە و كوژراون و بریندار بوونه ‌. ئه‌وه‌ له‌ كاتێك دایه‌ كه‌ پارتی كرێكارانی كوردستان ماوه‌یه‌ك پێش ئیستا یه‌كلایه‌نه‌ ئاگربه‌ستی ڕاگه‌یاندووه‌ . به‌ڵام هاوكات ڕژیمی تورك بێ گوێدانه‌ ئه‌و بڕیاره‌ی په‌كه‌كه‌ به‌رده‌وام هێرشی كردووه‌ته‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای باكوور و په‌له‌ماری ژن و منداڵ و به‌ساڵاچووانی داوه‌ و سه‌دان لاوی كوردیشی ڕاپێچی به‌ندیخانه‌كان كردووه و ده‌یانی دیكه‌شی كوشتووه‌‌ .

ئه‌م هه‌ڵوێست و سیاسه‌ته‌ی ڕژیمی تورك كه‌ هه‌ر كه‌س داوای مافی خۆی بكات به‌ لایه‌نگری پارتی كرێكارانی كوردستان ئه‌ژماری ده‌كات ، ناچێته‌ چوارچێوه‌ی مافی به‌رگری ڕه‌وا به‌بێ له‌به‌رچاو گرتنی كامه‌ حه‌قه‌ و كامه‌ ناحه‌قه‌ . بێگوومان نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ باكووری كوردستان نه‌ته‌وه‌یه‌كی بنده‌سته‌ و له‌لایه‌ن توركانی فاشیسته‌وه‌ به‌ چه‌شن و شێوه‌گه‌لی سیاسیی ، كولتووریی ، كۆمه‌ڵایه‌تیی ، ئابووریی و جیاواز ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه‌ و مافه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانیان ژێرپێ ده‌نرێت و لێ زه‌وت ده‌كرێت .

توركیه‌ تاكوو هه‌نووكه‌ به‌ پاساوی ئه‌وه‌كه‌ شه‌ڕی په‌كه‌كه‌ ده‌كات ، په‌ره‌ی به‌ هێرشه‌كانی بۆسه‌ر شار و ناوچه‌كانی باكووری كوردستان داوه‌ و له‌و نێوه‌نده‌‌شدا سه‌دان هاوڵاتیی ئاسایی وه‌ك هه‌میشه‌ گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌ . ئه‌وه‌ش له‌ دۆخێك دایه‌ كه‌ پارتی كرێكارانی كوردستان به‌ كرده‌وه خۆی دوور خستووه‌ته‌وه‌‌ له‌ گۆڕه‌پانی چالاكیی مه‌ده‌نیی له‌ باكووری كوردستان و هاوكات موراد قه‌ره‌یه‌ڵانیش ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌وه‌ی هه‌نووكه‌ له‌ باكوور ڕوو ده‌دات ، ته‌نیا خه‌ڵكی مه‌ده‌نییه‌ كه‌ ڕژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و به‌رگری له‌ ماف و ژیان ده‌كه‌ن و ئێمه‌ وه‌ك په‌كه‌كه‌ له‌و خه‌باته‌ مه‌ده‌نییه‌دا‌ به‌شدار نین .

هاوكات ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی باشووری كوردستان به‌ هۆی ئه‌وه‌كه‌ پێوه‌ندی دۆستایه‌تیی و سیاسیی له‌گه‌ڵ ڕژیمی توركیه‌ هه‌یه‌ ، ناتوانێ ڕاشكاوانه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ سیاسه‌ته‌كانی ڕژیمی توركیه‌ بگرێت ، ته‌نانه‌ت پێوه‌ندی نێوان هندێك له‌ لایه‌نه‌كانی سیاسیی باشوور و پارتی كرێكارانی كوردستان ئاسایی نییه‌ و زۆرجار یه‌كتر تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن و ڕه‌خنه‌ له‌ یه‌كتر ده‌گرن .

به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌نووكه‌ له‌ باكوور تێپه‌ڕ ده‌بێت ، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕژیمی تورك جیاوازی له‌ نێوان چه‌كدار و تاكی ئاسایی باكووری كوردستان دانانێت و سه‌ربازه‌كانی تورك به‌ چه‌شنێكی فاشیستی هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ژن و منداڵ و ده‌یانكوژن . ئه‌مه‌ش پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنی قووڵ بكرێته‌وه‌ و هاوكات ڕژیمی تورك له‌هه‌مبه‌ر ئه‌م سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستانه‌ی سه‌ركۆنه‌ بكرێت و له‌قاو بدرێت . كوشتنی ژن و منداڵانی بێ گوناح كه‌ له‌به‌ر بێمافیی ڕژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و داوای مافی سرووشتیی خۆیان ده‌كه‌ن كاره‌ساته‌ و پێویسته‌ كه‌ شۆڕشێكی مه‌ده‌نیی به‌دوادا بێت و پاشه‌كشه‌ به‌ سیاسه‌تی تورك بكات . ئه‌مه‌ش پێویستیی به‌ یارمه‌تیی كوردانی به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان ده‌كات .

وه‌ك ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی و مرۆڤدۆستانه‌ پێویسته‌ كه‌ كوردانی به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان پشتیوانیی ڕاپه‌ڕینی كوردانی باكووری كوردستان بكه‌ن و هه‌وڵ بده‌ن ڕووداوه‌كانی باكوور بخرێنه‌ ڕۆژه‌ڤی سیاسیی میدیاكانی كوردستان ، جیهان و ناوچه‌كه‌وه‌ . نابێ جیاوزییه‌كانمان ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌كه‌ نه‌یاری سیاسیی و نه‌ته‌وه‌ییمان كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ ڕژیمه‌كانی داگیركه‌ر زاڵ بێت به‌سه‌ر هزری سیاسیی و نه‌ته‌وه‌ییمان . نابێ جیاوزییه‌كانی سیاسیی و به‌ڕێوه‌بردن ، خزمه‌ت و تێكۆشانی نێوان لایه‌نه‌كانی سیاسیی كوردستان ببێته‌ پردی زاڵبوون و لێك دابڕانی هێزه‌كانی كوردستان ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌م‌ سیاسه‌ت و هه‌ڵوێسته‌ ڕێگه‌ خۆش ده‌كات بۆ ئه‌وه‌كه‌ داگیركه‌ر به‌سه‌ر چه‌ند شاخه‌ی جیاواز و دوور لێك دابه‌شمان بكات و هێدی هێدی سه‌ركوتمان بكات و شۆڕشی دادپه‌روه‌ریی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی كورد له‌نێو به‌رێت .

لێره‌دا هه‌موو لایه‌نه‌كانی سیاسیی كوردستان ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه‌ ده‌بنه‌وه‌ ، چونكه‌ بێگومان هه‌موو هێزه‌كان به‌ بچووك و گه‌وره‌وه‌ هۆكاری ئاڵۆزبوونی كێشه‌ی نێوان هێزه‌كانی سیاسیی كوردستان بوونه‌ تاكوو هۆكاری چاره‌سه‌ریی . ئه‌م ئاڵۆزییه‌‌ی نێوان هێزه‌كانی كوردستان به‌رهه‌می سیاسه‌تیی دووكه‌رتبوون و دوو به‌شبوونیانه ‌، بێگومان هه‌موو هێزه‌كانی سیاسیی كوردستان به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ی پارتی و په‌كه‌كه‌دا‌ دابه‌ش بوونه‌ و ئه‌مه‌ش ده‌كه‌وێته‌به‌ر گورزی ڕه‌خنه‌‌ . له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویست بوو كه‌ هێزه‌كانی دیكه‌ گرژیی و ئاڵۆزیی نێوان ئه‌و دوو پارته‌ بڕه‌وێننه‌وه‌ ، كه‌چی به‌داخه‌وه‌ ئه‌و جیاوازییه‌ بنه‌ڕه‌تییانه‌ كه‌ هێڵی سووری سه‌ركه‌وتنن به‌هێز كراون .

ئه‌م دابه‌شبوونه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌كه‌ هیچكام له‌ هێزه‌كانی سیاسیی له‌ هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان له‌ پێوه‌ندی به‌ ڕووداوه‌كانی باكووری كوردستان هه‌ڵوێستێكی ڕوون و كاریگه‌ر نه‌نوێنن ، ئه‌وه‌ش له‌ كاتێك دایه‌ كه‌ براوخوشك و كه‌سوكارمان له‌ باكووری كوردستان له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی سیاسیی و سه‌ربازیی دان و ڕژیمی تورك به‌ هه‌موو هێزیه‌وه‌ په‌لاماری كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیی باكووری كوردستانی داوه‌ و تاكوو هه‌نووكه‌ش سه‌دان هاوڵاتیی بێچه‌كی كوردستان گیانیان له‌ده‌ست داوه‌ .

هۆكاری نه‌بوونی یه‌كده‌نگیی سیاسیی له‌ نێوان هێزه‌كانی كوردستان ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌ بۆ نه‌بوونی ستراتیژیی نه‌ته‌وه‌یی ، نه‌بوونی كه‌سایه‌تییگه‌لی پێگه‌دار ، نه‌بوونی كۆمه‌ڵگایه‌كی كراوه‌ و به‌هۆش كه‌ ڕه‌شۆی هێزه‌كانی سیاسیی به‌ده‌سته‌وه‌ بێت . ئه‌مه‌ش ئاسۆی گه‌ش به‌ره‌و تاریكیی پاڵ پێوه‌ ده‌نێت .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت