عبدالباری عتوان : دەوڵەتی سونی وەک جێگرەوەی داعش و متمانەپێدانەوەی حزبی بەعس !

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە عەرەبی بۆ کوردی ـ عیماد عەلی
خاتو حەنان فەتلاوی سەرۆکی لیستی ( ارادە ) لە پەرلەمانی عیراق ، دەڵێت : زانیاری ئەوەم لایە کە سەت هەزار کەس لە چوارچێوەی هێزێکی عەرەبی و ئەمریکی کۆدەکرێتەوە ، بۆ نەهێشتنی داعش لە عیراق . جەختیشی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە سیناتۆر جۆن ماکەین لەکاتی دوا سەردانەکەیدا بۆ بەغدا ئەوەی بە سەرۆک وەزیرانی عیراق حەیدەر عەبادی راگەیاندووە ، کە بریاری ناردنی هێز دراوە .
باراک ئۆباما ، سبەینێ دووشەممە لە گوتارێکیدا باس لەو پلانە نوێ یە لە عیراق و سوریا دەکات ، بەڵام لەسەر قەیرانی هاتنی هێزەکانی تورکیا بۆ موسڵ و هەرەشەی عیراق بە بۆمبارانکردنیی ، کە وەک پێشیلکردنی سەروەریی لەقەڵەمی دەدات کە لە 2003 ەوە نەماوە ، بێدەنگی هەڵدەبژێرێت . ئەو پرسیارەی کە بە توندی خۆی فەرز دەکات ، ئایا ئامانجە رستەقینەکانی پشت ئەم جموجوڵە چیەو ، ئەو وڵاتە عەرەبی و ناوچەییانە کێن ، کە هێز رەوانەی ئەم هاوپەیمانیە نوێیە بۆسەر ئەرزی واقیع دەکەن ، کە وا ئەمریکا پاش هاوپەیمانی هێزی ئاسمانیەکەی ، هەوڵی پێکهێنانی دەدات . ئایا هێزە ئەمریکیەکە لە %10 ی ئەو هێزە پێشنیار کراوە پێکدێنێت وەک ئەوەی ماکین جەختی لەسەر دەکاتەوە یان زیاتر ؟ بۆچی لەم کاتەدا ؟
لەناوبردنی داعش کردەوەیەکی ئاسان نیە ، ئەمە جگە لەوەی دەرئەنجامەکەشی دیارنیە . بەڵام پرسیارەکە لەوەدایە : لای ئەمریکا جێگرەوەی ئەم دەوڵەتە کێ دەبێت . ئەو ناوچەیەی کەزاڵ دەبێت بەسەریدا لەباکوری رۆژئاوای عیراق و باکوری رۆژهەڵاتی سوریا شێوازەکەی چۆن دەبێت ؟
جۆن بوڵتون ، یەکێک لە هەڵۆ دیارەکانی موحافزکارە نوێکانی ئەمریکا و باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتوەکان لەسەردەمی سەرۆک بوش دا ، دوو رۆژ لەمەوبەر، وەڵامی هەندێک لەم پرسیارانەی لە نوسراوێکدا لە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ی ئەمریکی دایەوە . دەڵێت : ئەوەی دەیزانین ئەو سوریا و عیراقەی دەیناسین نەماون ، ئەوەی جێگرەوە ی داعشە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سونی هاوشانی دەوڵەتی کورد لە باکوری عیراقە ، لەلایەن وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە عەرەبەکانی لە ناوچەکەدا ، بەو مەرجەی بەعس بەهەردوو بەشەکەی عیراقی و سوریەکەی زاڵ بن بەسەریدا .
لە روانگەی بوڵتنەوە ، ئەم دەوڵەتە فاکتەری مانەوەی بە بونی 13 بیری نەوت لە عیراق و 170 بیر لە سوریا دەبەستێتەوە ، کە لەگەڵ کورد دا بە سەرپەرشتی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەسەریی رێکدەکەون . بەڵام بە پێی دیدی ئەو ، دەبێت سعودیە و وڵاتانی تری کەنداو خەرجی و پێداویستیەکانی ماوەی پێکهێنانی ئەو دەوڵەتە بگرنەئەستۆ . بە پێی روانینیشی ئەو دەوڵەتە بۆ چەندین ساڵی تر دیموکراسی نابێت و شەر دژی گروپە ئیسلامیە توندرەوەکان دەکات .
بولتن ـم یەکجار لە ژیاندا بینیوە ئەویش لە دیالۆگێک و ەک کۆمینتکارێکی عەرەبی ، لە بەرنامەی بەناوبانگی datiline london ی کەناڵی bbc ئینگلیزی لە ساڵی 2003 دا . لە رێگاوە بوو بۆ ناوچەکە ، لە دیالۆگێکی گەرمدا و روبەرووی بوومەوە . زۆر بە ساردیەوە وەڵامی دامەوە و ، وتی : چەندت پێ دەکرێت رەخنە لە ئەمریکا بگرە ، بەدەنگی بەرزیش قسە بکە و لە سەر نیازەکانی گومانت هەبێت ، وەڵامەکانی منیش بۆ تۆ پاش چەند هەفتەیەکی تر لەسەر ئەرز دەبێت . پاش چەند هەفتەکە هێزە ئەمریکیەکان عیراقیان داگیر کرد و بە پێی بنەمای تایفی و ئیتنی دابەشیان کرد و پاشماوەی ئەو چیرۆکەش دیارە . ئەوەی دەمەوێت بیڵێم کە ئەم ( بۆڵتۆن ) ـە ئێستا لە پەیمانگەی ( ئینتەربرایز ) کە گرنگترین ناوەندی توێژینەوەی ئەمریکایە و ، لە دامودەزگاکانی دەسەڵاتەوە نزیکە ، کار دەکات . هەروا بە هەرەمەکی قسە ناکات و لەسەر پلانێک قسە دەکات کە نەخشەی بۆ کێشراوە و چاوەری جێبەجێ کردنە . بە دووری نازانین کە ئەو هێزەی تورکیا لە موسڵە سەرە رمی هێر شکردن بێت بۆ سەر داعش بە هەماهەنکی و پیرۆزکردنی ئەمریکا و ، دووریش نیە هێزی سعودی و ئوردونی ئیماراتی و لەوانەیە میسریش بەشدار بن لەم کارەدا . ئەوە قسەیەی ئەنوەر قرقاش وەزیری دەوڵەتی ئیمارات بۆ کاروباری دەرەوە مان بە بیردێنێتەوە ، کە پێش دوو هەفتە بە بێ هیچ هۆکارێک وتی : وڵاتەکەی ئامادەیە بە هێزی وشکانی شەری داعش بکات . تەمەنی رێکەوتنامەی سایکس – بیکۆ کە پێش سەت ساڵی تەواو ئیمزا کرا ، تەمەنە دیاریکراوەی تەواو بووە و ، وا دیارە هەوڵێک لە ئارادایە بۆ تازەکردنەوەی بەگۆرینی نەخشەی سنورەکانیەوە ، بە هەڵوەشانوەی دەوڵەتە قوتریەکانی ، بە تایبەتی سوریا و عیراق و ، پێکهێنانی دەوڵەتی نوێ لەسەر بنەمای تایفی و ئیتنی . هەندێک لە وڵاتانی عەرەب بە هاندانی ئینگلیز و فەرەنسا ، لە شۆرشێکدا دژ بە پیاوە تورکە نەخۆشەکە و ، بە شێوەەیکی کارا لە جێبەجێ کرنی ریککەوتننامەی سایکس – بیکۆ بەشداریان کرد . لەو دیدەوە کە لە ژێر داگیرکاری تورکیا بون . ئێستاش هەمان دەوڵەت و دیکەش ، لە ژێر ئاڵای تایفی سونی بەشدار دەستوەردانی عەسکەری دەکەن .
عەرەب لە رێککەوتننامەی سایکس – بیکۆ توشی هەڵخەڵاتنێکی گەورە هاتن و ، تائێستاش باجی ئەو فرتوفێلە دەدەنەوە ، ئێستا ئەو قەبارە زەرەرمەندیەی لە دەرئەنجامی دەستخەرۆییە تائیفیە نوێ یە چەند دەبێت ؟
زەرەرکان زۆرگەورە و دەستخەرۆییەکانی داهاتوو گەورەتر دەبن ، رۆژانمان لە بەیندایە .

 سەرچاوە ـ رای الیوم

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێر بۆ هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت