عەلی حەمەساڵح : ئەم روانینەی پارتی بۆ یەكێتی دروستە ! پارتی گرەو لە بێ دەنگی كێ‌ دەباتەوە ؟

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەم بێدەنگییەی كە هەیە بەرامبەر پارتی ، گەورەترین دیارییە بۆ پارتی هاوكاری بەردەوامبوونییەتی لەسەر هەڵەكانی ، بێدەنگی یەكسانە بە شەرعییەتدان بە كودەتا . ئەم بێدەنگییە ، گەورەترین زیانە بە ئایندەی ئەم وڵاتە .

جیزبی سیاسی هەرگیز تەسلم بە ئەمری واقع نابێت ، بەڵكو خەبات دەكات لە پێناوی گۆڕینی ئەو واقیعەی كە بەدڵی نییە . بەڕاشكاوی دەبێت بوترێت ، هەر سیاسییەك یان بەرپرسێكی حیزبی وتی : بارزانی سەرۆكە بەئمری واقع ، گرفت نییە لەبەر دڵی پارتی با گۆڕانكاری لەسەرۆكایەتی پەرلەمان بكرێت ، ئەو بەرپرسە یان تەسلیم بە ئیرادەی پارتی بووە یاخود خاڵی لاوازی لەژێر دەستی پارتیدایە .
پارتی دیموكراتی كوردستان ، هەموو رۆژێك هەنگاوێكی نوێ‌ دەنێت ، ئەم هەنگاوانەی پارتی لێوانلێوە لە غرورو بێمنەتی ، دوایەمینی هاتنی سوپای توركیا بوو ، ئەم بێمنەتییەی پارتی لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟ ئەم غرورەی بۆ كوێمان دەبات ؟.
پارتی ، پەرلەمانی پەكخستووەو خەریكە بۆی دەچێتە سەر و لەملاو لاش دەبیستین لەبەر دڵی پارتی خەڵكی دیكە دەڵێت بار پەرلەمان هەڵوشیتەوە ، بەڵام گرفت نییە بارزانی لە پۆستەكەی بێت !!
پارتی ، پێیوایە بوون و نەبوونی پەرلەمان وەك و یەكە ، تەنانەت زۆریان نەبوونی بە باشتر دەزانن ، ئەو وابیردەكاتەوە هێزی كاریگەر جگە لە گۆڕان ، یەكێتییە كە چەكدارو پارەی هەیە ، پارتی وای دەبینێت یەكێتی لەمەڕ ئەم هەڵوێستانەی پارتی جگە لە چەند لێدوانێكی كەمی رۆژنامەوانی هیچی دیەكەی نابێت ، ئەم لێدوانانەش بۆ رازیكردنی دڵی جەماوەرەكەیەتی ، ئەگەرنا یەكێتیش نیەگەران نییە بە پەكخستنی پەرلەمان و حوكمڕانی موتڵەقی پارتی !
پارتی ، جگە لەوەی وەزیرەكانی گۆڕانی ناردووەتەوە بۆ ماڵ حكومەتێكی پەككەوتووی 24 ملیار دۆلار قەرزاری ، بێ خزمەتگوزاری شەكەتی هەیە ، حكومەتێك لەم هەموو قەیران و لێواری داڕوخانی ئابورییەدا چوار مانگە یەك كۆبوونەوەی كردووە ، دیسانەوە پێیوایە یەكێتی دۆستییەتی لە نەكەوتنی ئەم حكومەتە شكستخواردووەدا ، بۆ ئەمەش پارتی ، دەڵێت : یەكێتی گرفتێكی نییە ، پارێزەر و بەرگریكاری حكومەتەكە جێگری سەرۆكی حكومەتە ، تەنانەت لەم ئەزمەدا دەیەوێت دەرماڵەی فەرمانبەران كەمبكاتەوە بەناوی چاكسازی ، بەڵام دەست بۆ داهاتی دزراوی نەوت‌و خاڵە سنورییەكان نەبات ، ئەمەشیان بە لیژنەیەك دەكات ، كە جێگری سەرۆكی حكومەت سەرۆكایەتی دەكات ، بۆ ئەوەی ناڕەزایی بۆ حیزبەكەی خۆی نەبێت ، وەك چۆن پێشتر سەرۆكایەتی دوو لیژنەی وەرگرتنی قەرزی دەرەكی و زیادەڕۆی شارەوانی دایە جێگری سەرۆكی حكومەت ، كاری هەردوو لیژنەش بێ‌ بەرهەم بوو !!
ئێستا سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ، كارەكانی سەرۆكی هەرێم دەكات و بۆ كوێ‌ دەچێت و لەگەڵ كێ‌ كۆدەبێتەوەو چی دەكات ، بێ‌ باكە لە هەموو هێزەكان ، دیسانەوە پێوایە یەكێتی نیشتیمانی بەمە نیگەران نییەو نوێنەرایەتی یەكێتی ” جێگری سەرۆكی هەرێم ” و جێگری سەرۆكی حكومەتە ، كەسیان هیچ شتێكیان نەوتووە ، تاوەكو ئێستاش بەرێز كۆسرەت رەوسوڵ نەیگوتووە جێگری سەرۆكی هەرێم نیم ، جێگری سەرۆكی حكومەتیش خۆی لە فڕۆكەخانە دەوەستێت بۆ پێشوازی لە میوانەكانی سەرۆكی پارتی ، كە وەك سەرۆكی هەرێم خەڵك دەبینێت .
كەباسی فەسادی نەوت لەگەڵ پارتیدا دەكەم ، دەڵێن : یەكێتیش شەریكمانە بۆ باسی ناكەیت ، دەڵێم : چۆن بەڵگەتان چییە ؟ دەڵێن : ئێمە بەتەنیا دەتوانین نەوتی كەركوك و تەقتەق بفرۆشین و یەكێتی قسەنەكات ، تۆ ژمارەكانی نەوتی كەركوكت بڵاوكردەوە كوا هەڵوێستی یەكێتی !!
ئێستا حاكمی موتڵەق لە وڵاتدا پارتییە ، حوكمڕانی مدیرناحییەو قایمقام و گەنمی جوتیار و بەشە خۆراكی مانگانە نییە ، حوكمڕانی پەیوەندی دەرەوەیەو بەتەواوی لای پارتییە ، حوكمڕانی سوپا و ئاسایش و هێزی ناوخۆیە لوتكەكانی لای پارتییە ، حوكمڕانی ئابورییە ، ئابوری كوردستان نەوتە ئەویش لای پارتییە ، تەنانەت دادگاكانیش بەتەواوی لە لایەن پارتییەوە كۆنترۆڵكراون ، وەك : دادگای تەمیز و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی دادوەری ، تەنانەت ئەنجومەنی شوارش كە سەربە وەزارەتی ناوخۆییە هەر لای پارتییە ، تەنانەت كارباش لای پارتییە .
پارتی لە رابردوودا هەموو ئەم دامەزراوانەی خستووەتە خزمەتی حیزبی خۆیەوەو نەشتوانراوە رێگری لێبگرێت ، تەنانەت دوایەمین جار هاتنی سوپای توركیا بوو ، پارتی وای دەبینێت بۆ ئەمەشیان یەكێتی هەڵوێست و قسەی جدی نابێت‌و دەتوانێت لەنێو لایەنە ناكۆكەكانی یەكێتیدا بەجۆرێك كار بكات ، یەكێتی پشتیوانی هەموو هەنگاوەكانی بێت .
پارتی ، ئێستا وابیردەكاتەوە ئەم دۆخە بەم شێوە بەردەوام بێت تاوەكو هەڵبژاردنێكی دیكە ، تەنانەت تاوەكو بتوانێت هەوڵی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنیش دەدات لە پێناو بەردەوامی دۆخەكەدا .
گۆڕان ، ئێستا پێویستی بەوەیە لەو چەند كارتەی لەبەردەستییەتی كارتێكی نوێی فشار بەكاربهینێت .
یەكێتی ، بەرپرسانێكی یەكێتی هەن رەخنەی جدییان هەیە لەسەر ئەم دۆخەی حوكمڕانی پارتی و بێ‌ باكی پارتی ، پێیانوایە پارتی نابێت لە حەجمی خۆی زیاتر حوكمڕان بێت و ئایندەی كوردستان بەرەو هەڵدێر دەبات ، هەرچەندە ئەم بەرپرسانە جدین ، بەڵام نەیان توانیوە بڕیاری جدی بۆ یەكێتی دروست بكەن . ئێستا یەكێتی نیشتیمانی ، یان دەبێت هەڵوێستێكی جدی نیشتیمانی هەبێت یاخود بەفەرمی پشتیوانی هەموو هەنگاوەكانی پارتی بكات ، چونكە گرەوی ئێستای پارتی لەگەڵ بێدەنگی یەكێتیدایە ، پارتی پێوایە براوە دەبێت و ئێمەش دەبێت لە هەنگاو و هەڵوێستەكانی یەكێتی بڕوانین لە چەند رۆژی ئایندەدا .

لەسەر بەشی فەیسبوکی نوسەر وەرگیردراوە

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت