نەوزادی موهەندیس : كۆدەنگی نیشتیمانی لە كوردستاندا بەرەو كوێ ‌؟

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەمیشە ئاشتەوایی سیاسی بۆتە هۆی دروستكردنی كۆدەنگی نیشتیمانی لەنێوان پارت و لایەن و سەركردە سیاسیەكان و جەماوەریشدا لەسەر كۆی مەسەلە گرنگە نیشتیمانیەكان ، هەربۆیە نەبوونی یان پەكخستنی ئاشتەوایی نیشتیمانی دەبێتە هۆی تێكدان و لەگرێژەنەچوونی هەموو پەیوەندی و لێكتێگەیشتن و پێكەوەكاركردنێك و وڵات و كۆمەڵگا دەخاتە گێژاوێكی سیاسی قوڵ و بەدواخۆشیدا ئاشتەوایی ئابوری و كۆمەڵایەتیش تێكدەدات .
هەربۆیە ئاشتەوایی سیاسی لەنێوان پارت و لایەنە سیاسیەكاندا بەردی بناغەی پێكەوەنانی متمانە و كاری هاوبەشە لە پێناو پاراستنی ئەمنیەت و ئاسایش و بەرزكردنەوەی ئاستی گوزەران و پێشكەوتنی وڵات و كۆمەڵگا و چەسپاندنی یاسا و عەدالەتی كۆمەڵایەتیش ، بەبێ‌ بوون و سەقامگیری ئاشتەوایی نیشتیمانی هیچ كۆدەنگیەكی سیاسی فەراهەم نابێت و وڵات و كۆمەڵگاش بەرەو دڕدۆنگی و زیاتر دووركەوتنەوە لەیەكتری و ئاژاوە و پشێوی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی سەر دەردەكات .
بەداخەوە لە ئێستادا لە كوردستاندا ئەو ئاشتەواییە سیاسیە ڕاستەقینەیە هەست پێناكرێت لەنێوان لایەنە سیاسی و سەركردەكاندا ، هەر ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی كە وڵات ڕوو لە قەیران و كێشەی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی بكات و لە ئێسشتادا كوردستان بە دۆخێكی سیاسی ناجێگر و شڵەژاودا تێپەڕدەبێت ، كە ئەمەش بۆتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و ئابوری و تەنانەت قەیرانی كۆمەڵایەتیش زیادی كردوە ، ئەم دووركەوتنەوە و دڕدۆنگی و لێكتێنەگەیشتنەی لایەنە سیاسیەكان بەداخەوە هێندەی لەسەر مەسەلەی حیزبی و دەسكەوتی حیزبیە نیوهێندە لەبەرژەوەندی كۆمەڵگا و چەسپاندنی یاسا و دام و دەزگا شەرعیەكانی حكومەتدا نیە ، هەموان سیاسەت بەڕق و كۆنە قین دەكەن و هەموان لەگەڵ یەكدا ناكۆك و ناتەبان و ململانیێ‌ حیزبیەكانیان گەیاندۆتە ئاستێك كە گەڕانەوەیان بۆ نەبێت و هەریەكەیان كەوتونەتە دۆڵێك و هیچ كامیان گوێ لەوی تر ناگرێت و ئامادەش نین بچوكترین سازان و سازش بۆ یەكتری بكەن و هەرئەمەش بۆتە هۆی دابڕانیان لە جەماوەری میلەتەكەمان و كوردستان ڕووە و ئاڕاستەیەكی مەترسیدار هەنگاو دەنێت ، لەم دۆخە پڕ قەیران و شەڕ و ناكۆكی و ململانێ‌ ناوچەیی و نێودەوڵەتیانەدا كە هەموان بەتەنگ پاراستنی سنور و دەسەڵات و بەرژەوەندیەكانی خۆیانەوەن و لەهەوڵی دوورخستنەوەی ئاگری شەڕی داعش و تیرۆریستانن لە خۆیان و كۆمەڵگاكانیان ، بەداخەوە ئێمەی كوردیش لەم هەرێمەدا خەریكی خۆخۆری و ململانێی ناڕەوای حیزبایەتین و سەرمان ناپەرژێتە سەر دەورو جیران و پیلانی ناحەزان و بێگائاین لە سیاسەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و دابەشبوینەتە سەر دوو ئاراِستەی جیاوازی ململانێكان هەریەكە لەبەرژەوەندی حیزب و سەركردەكانی خۆیانەوە لە مەسەلەكان دەڕوانن نەك لە پێناو بەرژەوەندی و دەسكەوتنی نەتەوەیی و نیشتیمانی كوردستاندا .
بەڵام هەموان دەبێت ئەو ڕاستیە باش بزانن كە سیاسەتی پاشكەوتنی ئەم بلۆك یان ئەو ڕیزبەندیە بەتاكو تەرا و بێ‌ بەرنامە و گوتارێكی یەكگرتوویی كورد هەمیشە دەبێتە مایەیزیانی گەورە و مەترسی دروستكردنیش بۆ ئەوەی كە هەشمانە ، بۆیە كورد لەم قۆناغ و دۆخە ئاڵۆزەی ناوچەكە و دونیاشدا لەهەموو كات زیاتر پێویستی بەیەكڕیزی و كۆدەنگی نیشتیمانی هەیە و لەهەموان دەخوازێت كە زیاتر بەرامبەر یەكتر نەرم ونیاتر بن و هەریەكەیان كەمێك سازش لە مافەكانی خۆی بكات و هەموان لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و ڕاشكاوانە و بوێرانە باس لەهەموو خاڵە ناكۆكەكان بكەن و بەهەموان ئەم دۆخە مەترسیدارە تێبپەڕێنن و سازانێكی گشتی و نیشتیمانی ڕاستەقینە بێننە ئاراوە .
ئاشكرایە سەركردەی سیاسی خەمخۆر و دڵسۆز لەكاتی قەیران و سەرهەڵدانی كێشەكاندا دەردەكەوێت و بە ووردبینی و دووربینی و خوێندنەوەی ڕاستی مەترسیەكان و دڵسۆزی بۆ گەل و نیشتیمان دەتوانێت قەیران و كێشەكان دووربخاتەوە و چارەسەریشیان بكات و بڕیاری ڕاست و دروست بدات . ئاشكراشە هیچ كێشە و قەیرانێكیش چەندە ئاڵۆز و سەخت بێت هەمیشە دەرچە و ڕووناكی و ئاسۆیەكی چارەسەر ئامادەگی هەیە گەر نیەت و بوێری و ڕاستگۆیی لای كەس و سەركردەكان هەبێت بۆ چارەسەركردن .
لەم دۆخەی ئێستادا كە لە ئەنجامی نەخوێندنەوەی ڕاست و دروستی یەكتری بەتایبەتیش پارتی و گۆڕان هاتۆتە ئاراوە و هێندەی تر كێشە و قەیرانە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتیەكانی هەرێمیان سەختر و قوڵتر كردۆتەوە ، مەترسیەكانیشی زیاتر و چڕتركردۆتەوە بۆ سەر ئێستا و ئایندەی كوردستان و هەرێمەكەمان و دەسەڵات و دەستكەوتەكانیش ، بەداخەوە هیچلایەكیشیان ئامادەیی ڕاستەقینەیان نیە بۆ چارەسەر و نەرمی نانوێنن و هەریەكەیان دەستیان گرتوە بە ڕاوبۆچونەكانی خۆیانەوە و هیچ كامیان ئامادەنین سازش بكەن لەسەر پۆست و پلە و كەسەكان و بیان كەنە قوربانی مەسەلە گەورەكەی گەل و نیشتیمان .
ئەو هێزەی كەلەم نێوەندەدا هەموو چاوەكان و هەموو ڕووناكیەكانی لەسەرن بۆئەوەی هیمەت و هەوڵ و دەستپێشخەری بكات بۆ چارەسەر و نێوەندگیری تەنها یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە ، كە هەمیشە بەشێك بوە لەچارەسەر و ڕێگەی نەداوە كێشەكان توندتر و ئاڵۆزتر بن و سەربكێشن بۆ توندوتیژی زیاتر و بە ئاشكرا و بەنهێنی لەهەوڵی نزیكردنەوەی هەردولادان وەك ئەرك و لێپرسراوێتیەكی مێژووی و وەك هێزێكی كارا و كاریگەر كەهەموان هەست بە سەنگ و قورسایی دەكەن و هەردوولاشیان چاوەڕانن كە یەكێتی هەڵوێستێكی لایەنگیری بۆ لایەكیان بنوێنێت بۆ ئەوەی باسكی ئەویتریان لاواز بێت ، بەڵام یەكێتی سیاسەتێكی ژیرانە و نیشتیمانیانە و نەتەواییانەی دووربینی لەسەر خۆ پیادە دەكات و مەبەستیش لەم هەڵوێستەی نە ترسنۆكیە و نە بێهەڵوێستیە ، چونكە بڕیار و هەڵویسَتی یەكێتی یەكلاكەرەوەی دۆخەكە دەبێت بە باش یان خراپ ، بۆیە سەختی و قورسی و هەستیاری دۆخەكە وا لەیەكێتی دەكات كە بەم شێوە بێلایەنیە مامەڵە بكات و هەرئەم هەڵوێستەش بارودۆخەكەی بە ئارامی هێشتۆتەوەو یەكێتی گەر بە حیزبایەتی تەسك و بەرژەوەندی حیزبی بیری بكردایەتەوە و كاری بكردایە بەدڵنیایی گەلێك دەسكەوت و پلەو پۆست و ئیمتیازاتی وەردەگرت ، بەڵام ئەوە نە سیاسەت و نەپلان و نەبیركردنەوەی یەكێتیە كە بە خراپی سوود لە فورسەتە هەڵكەوتوەكان وەربگرێت ، بۆیە دەبێت هەموان ئەم هەڵوێستەی یەكێتی بە بەرژەوەندی خۆیان و میلەتەكەشمان بزانن نەك بە بێهەڵوێستی .
گرنگیشە هەموان باش بزانن كە نەدەسەڵات و نە گەل و نە خاكی كوردستان تاپۆ و میراتی هیچ كەس و سەركردە و لایەنێكی سیاسی نیە بەتەنها بەڵكو میراتی هەموانە و هەموانیش بەپێی سەنگ و قورسایی و مێژوو و خەباتی خۆیان بەشدارن و ئەرك و مافیان هەیە ، هەر بەم بیركردنەوە كوردانە و نەتەوەیی و نیشتیمانیانە دەتوانین كۆدەنگیەكی نیشتیمانی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی پێكەوەبنێین و هەرێمەكەمان و گەلەكەمان لەم دۆخ و قۆناغە مەترسیدارەی خەباتدا ڕزگار بكەین . و باهەموان نیو هێندەی كەلەگەڵ ناحەزاندا نەرم و نیانین لەگەڵ خۆمان و لەنێو خۆی خۆماندا نەرم و نیان بین و ناوماڵی كوردایەتی ڕێك بخەینەوە و توندوتۆڵی بكەین بۆ ئەوەی بتوانین ڕووبەڕووی تەحەدا گەورەكانی دەوروبەرمان ببینەوە .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت