shangal-2

جیهاد محەمەد : تاوان بەسە ! بەرامبەر بە کچە ئێزیدییەکان .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تاوانێکی قێزەونی دیکەی نامرۆییانە و ناتەندروست و نا یاسایی و نا شارستانیی بەو پەڕی بێ موراڵیی و بێ ئاکارییەوە دەرهەق بە کچ و ژنە ئێزیدیەکان لە عێراق و کوردستاندا ئەنجام دەدرێت .

ئێزیدیەکان ، ئەو گروپە دینییەن ، کە جیاوازن لە دینەکانی دیکە و لە سەردەمی زۆر دێرینەوە تا هەنووکە بەو پەڕی سەلامەتی و ئاشتەواییەوە لەگەڵ خوشک و برا موسڵمانەکانیادا هاوسێ و هاودەم و هاونتەوە و هاونیشتیمانی بوون ، لە هیچ کات و سەردەمێکدا ئازاری کەسیان نەداوە و بۆ هیچ کەس و بۆ هیچ دینێک سەریەشەیان دروستنەکردووە ـ هەڵبەت وەک دین، ئەم دینەش دینێکی دۆگمایە ـ . وەلێ بە ناوی أللە وە، بە ناوی دینی ئیسلامەوە ، بە ناوی تەکفیرکردنیانەوە ، تا هەنووکە ٧٤ حەفتاو چوار جار بەر شاڵاوی جینۆساید کەوتوون لەسەر دەستی خەلیفە و وەکیلەکانی خەلیفەی ئیسلامدا . دوا هێرشی دڕندانە و جینۆسایدی ئێزیدیەکان بە فەرمانی خەلیفە ئەبوبەکری بەغدادی کرایە سەریان و لە ماوەیەکی کورتدا هەموو ناوچەی ئێزدیەکان داگیرکرا و بە سەدان پیاو و ژن و منداڵیان لێ کوژرا ، بە سەدان کچ و ژنیشیان لێ زەوتکرا و بە ناوی ( نیعمەت و غەنیمەی أللە وە ) کران بە کەنیزە و لە بازاڕەکاندا بەو پەڕی سوکایەتیەوە کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکار .

ئێستا ، دوای ئەو تاوانە دڕندانەیە ، دوای ئەو تاوانە نامرۆییە ، دوای ئەو تاوانە قێزەونە ، لە جیاتی ئەوەی قەرەبووی دەروونیی و مەعنەوی و ماددی بکرێنەوە ، لە جیاتی ئەوەی چارەسەری درەوونییان بۆ بکرێت ، تاوانێکی دیکە لە دامودەزگا تەندروستیەکانی عێراق و کوردستاندا لە ژێر ساییە هەردوو حكومەتی مایەپوچ لە هەموو روویەکی مرۆیی و مەعنەویی و ماددیی و ئەخلاقییەوە دەرحەق بەو ژن و کچانە دەکرێت ، کە بەهەر رێگەیەک بێت دەرباز بوون لە دەست دڕندەکانی داعش . لە دامودەزگا بە ناو یاسایی و تەندروستییەکانی عێراق و کوردستاندا ئەم کچ و ژنانە بە ناوی خۆ پاراستن! لە نەخۆشی ئایدز و لە لایەکی تر بە ناوی سەلماندنی تاوانی دەسترێژی بۆ سەریان، دەبرێنە ژورە تاریک و بێ مۆراڵە نامرۆییەکانەوە و بە پەنجەی دەستیان فەحسی (داخلییان ) بۆ دەکەن .

لەشی مێیینەی کچە ئێزیدییە رزگاربووەکان ، زۆر پاک و خاوێنترن لە پەنجەی دەستی ئەو کارمەندە تەندروستییەی ، کە بە بڕیارێکی گڵاو ئەم جۆرە فەحسە ئابڕووبەرە دەکات. کچە ئێزیدیە رزگاربووەکان ، زۆر شەرەفمەندترن لەو کەسانەی ئەم جۆرە بڕیارە دەردەکەن .

من وەک مرۆڤێک ، وەک هاووڵاتییەکی کورد و لە نزیکەوە هەستکردن بەو تاوانە گەورەیەیی کە بەرامبەر بە ئێزیدیەکان کراوە و دەکرێت ، وەک خەمخۆرێێک و دژایەتیکردنم بەرامبەر بە هەموو کارێکی ناڕەوا و نامرۆییانە و پاکتاوکردنی هەرچ کەس و گروپ و نەتەوەیەک، چەند جیاواز بن لەگەڵم، چەند دووربن لێمەوە ، دەنگم هەڵدەبڕم و پر بە دەنگم هاوار دەکەم، تاوانەکانتان بوەستێنن . بوەستن چیتر تاوان مەکەن . پەنجەی دەستت بخرە چاڵی چاوی بڕیادرەکەوە . پەنجەت لەو شوێنە پاکیزیە ڕامەدە . پەنجەت با هەڕەشە بکات لەوەی موچەکەت دەبڕێت ، لەوانەی نانی منداڵەکانت دەدەزن . راوەستە و ئیستێک بکە و بیرێک لە مێیینەی دایکت و خوشکەکانت و هاوسەرەکەت و کچەکانت بکەرەوە . ورد بیربکەرەوە ! تۆ مرۆڤیت و مرۆڤ شایستەی رێز و شکۆمەندییە ، مرۆڤ شایستەی تاوان نییە .

داواکارم لە هەموو ئەوانەی لە بەرەی ئازادیخوازیدان ، لە بەرەی پێکەوە ژیاندان ، لە بەرەی تۆلێرانس و لێبوردەییدان ، لە بەرەیی مرۆڤ و مرۆڤدۆستیی و بە مرۆڤبووندان ، دەنگی خۆیان بەرزبکەنەوە بەرامبەر بەم تاوانە نا شارستانیی و نا مرۆیی و نا کۆمەڵایەتیی و نا یاساییەی بەرامبەر بە کچە ئێزیدیەکان دەکرێت .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت