دکتۆر جەبار قادر : چۆن دونیا ڕێگەیدا داعش ببێتە ئەم جانەوەرە ترسناکە ؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەشی دووەم

هەر کەسەو لە ئاوازێک دەخوێنێ :
دوای ئەوەی ئەزموونەکان پیشانیاندا کە یاریکردن لە گەل گروپی تیرۆریستیدا یاریکردنە بە ئاگر ، چۆن ئەو هەموو وڵاتە هێشتا لە گەڵ داعشدا یاری دەکەن ؟. ئەوە زانراوە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە وڵاتانی هەرێم و دەرەوەی هەرێمیش کێشەی زۆریان لە گەڵ ڕژێمی سوریدا هەبووە و هەیە . مێژووی ئەم ڕژێمە پڕە لە هەماهەنگی وهاوپەیمانی لە گەڵ گروپی توندڕەو تیرۆریست و بەکارهێنانیان لە دژ دەوڵەتان و هێزە نەیارەکانی. وەکو ڕژێمێکی ئایدیۆلۆژی تاکڕەو و تۆتولیتاری هاوچەشنەکانی یەك لە دوای یەك هەڵوەشانەوە و لەبەین چوون . بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا ، ئیسرائیل و ژمارەیەک لە دەوڵەتە عەرەبییەکان هەڵس و کەوتەکانی ڕژێمی ئەسەد لە لوبنان ، هاوپەیمانێتی لە گەڵ حیزبوڵلا و ڕێکخراوە فەلەستینییە توندڕەوەکان، بەرهەڵستکاری پرۆسەی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیدا ، پشتگیری کردنی لە ئێران لە کاتی شەڕی عیراق و ئێراندا ، پیلانگێڕی لە دژی ژمارەیەك لە دەوڵەتانی عەرەبی کە هاوپەیمانی ڕۆژئاوان بە هەماهەنگی لە گەڵ ئێراندا و پەیوەندی توند و تۆڵی لە گەڵ ڕووسیادا ، هەموو ئەمانە مایەی نیگەرانی ڕۆژئاوا و دەوڵەتە عەرەبییەکان بوو . هەموو بۆ هەلێك دەگەڕان ئەم ڕژێمەیان لە کۆڵ ببێتەوە . داخوازییە دیموکراتییەکانی خەڵکی سوریا لە بەهاری ٢٠١١ ئەو چرکە ساتە بوو کە پێیان وابوو لە دەمێکی کورتدا سەری ئەو ڕژێمە دەخوات . چاوەڕوانییەکان لە جێگەی خۆیدا نەبوون و ڕژێم بە هاوکاری ئێران ، حیزبوڵلا ، میلیشیا شیعەکانی عیراق و پشتگیری تەواوی ڕووسیا توانی بەرگە بگرێت و درێژە بە تەمەنی خۆی بدات ، هەرچەندە بەشی هەرە زۆری وڵاتەکەی لە دەست دەرچوو . شتێک کە زۆر یارمەتی ئەم ڕژێمەیدا کردەوە نامرۆیی و ترسناکەکانی گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکان بوو ، کە کەمترین هاوسۆزیان بۆ بزووتنەوەی دژ بە ڕژێم لە دڵی گەلانی دونیا نەهێشت ، تا کار گەیشتە ئەوەی بیر لە مانەوەی ڕژێمی ئەسەد بکرێتەوە و بە بژاردەی باشترین خراپەکان دابنرێت .
تورکیا لە بلۆکی دژە ئەسەدا ڕۆڵی سەرەکی بەرکەوت . کێشەی جۆرا و جۆر پەیوەندییەکانی سوریا و تورکیایان بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ ئاڵۆز و ناتەبا کردبوو . خەونی گەڕانەوەی ئەسکەندەرۆن لە لای سورییەکان بە زیندوویی هێڵرایەوە ، کێشەی بەکارهێنانی سەرچاوەکانی ڕووباری فورات لە ماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا هەمیشە پرسێکی ئامادە بووە لە پەیوەندییەکانی هەردوولادا ، تورکیا قەت ئەوەی لە بیر نەکرد کە ڕژێمی ئەسەدی باوک هاوکاری لۆجیستیی پارتی کرێکارانی کوردستانی لە دژی تورکیا دەکرد و پەناگەی لە سوریا و لوبنان پێشکەش کردبوو بۆ ئەوەی ڕاهێنانی سیاسی و سەربازی بۆ ئەندامان و لایەنگرانی تێدا بکات . هەڕچەندە لە پایزی ١٩٩٨ ناچار کرا دەست لە عەبدوڵا ئۆجەلان هەڵبگرێت و لە سوریای دەربکات ، بەڵام تورکیا ئەمەی لە بیر نەکرد . لە لایەکی دیکەوە ڕووداوەکانی سوریا هاوکات بوون لە گەڵ هەڵکشانی خولیای دەسەڵاتخوازی بێ سنووری ئەردۆگان ، کە بیری لە گێڕانەوەی سەروەرییەکانی دەوڵەتی عوسمانی دەکردەوە، لە ڕێگەی ڕابەرایەتی کردنی بزووتنەوەی برایانی موسوڵمانەوە ، کە دەبوایە لە وڵاتانی بە نێو بەهاری عەرەبی دەسەڵاتیان بگرتایەتە دەست و ئەمیش ببوایە بە سوڵتانی ئەم سەردەمەیان .
ئامانجی هەرە لە پێشینەی تورکیا لە پەیوەندییەکانی لە گەڵ داعشدا ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد بوو ، چونکە دەیزانی بە مانەوەی ئەم ڕژێمە کێشەی نوێ بۆ تورکیا دروست دەبێت . ڕژێمی ئەسەد ئەم هەڵوێستەی تورکیای لە بیر ناچێت لە دژی ڕژێمەکەی . باڵادەستی لە سوریا و کردنی بە کۆڵۆنیایەکی ئابوری و سیاسی تورکیا ئامانجێکی دیکەی ئەردۆگان و دەست و دایەرەکەی بوو لە سوریا . بە هەمان ئەندازەش و ڕەنگبێ زیاتریش لە گۆڕنانی خەونی کوردانی ڕۆژئاوا و باشوریش بۆ بوون بە فاکتەرێکی سیاسی و سەربازی گرنگ لە هەرێمەکە و ڕێگەگرتن لە دامەزراندنی قەوارەی کوردی لە ڕۆژئاواو باشوری کوردستان بنەمای ستراتیجی تورکیا بوو لە هاوپەیمانی ناپیرۆزی لە گەڵ داعشدا . لێرەوە تورکیا بوو بەو دەروازە کراوەیە لە بەردەم داعش و هەوادارانیدا بۆ دەرباز دەبوون بۆ سوریا . ڕۆژ لە دوای ڕۆژ وردەکاری یارییەکانی تورکیا لە گەڵ داعش و یارمەتییە لۆجستییەکانی بۆ ئەو ڕێکخراوەیە و بازرگانی بازرگانانی تورکیا لە گەڵیدا پەردەیان لە سەر هەڵدەماڵرێ. بازرگانی تورکیا لە گەل داعشدا سەرچاوەیەکی دارایی گرنگ بوو بۆ ئەم ڕێکخراوەیە و بەشێک لە پێداویستییەکانی تورکیاشی لە نەوت بە نرخێکی هەرزان دابین دەکات .
کاتێ هەموو لایەک بۆیان دەرکەوت کە ئۆپۆزیسیۆنی پەرش و بڵاوی سوریا هیچی پێ ناکرێت و جڵەوی ڕووداوەکان لە دەستی هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکاندایە ، کەوتنە پەیوەندی کردن لە گەڵ ئەمانەی دواییدا . لە سەرەتاوە بیر لە برایانی موسوڵمان دەکرایەوە . بەڵام لە گەڵ درێژە کێشانی ململانێ و بەیەکدادانەکاندا ، ڕەوتی توندڕەو و تۆقێنەر دەستی بەسەر گۆڕەپانەکەدا گرت و یەک لە دوای یەک هێزەکانی دیکەی ڕاماڵی، بۆیە بە خۆشی بێ یا بە ناچاری کەوتنە یاریکردن لە گەڵ نوسرە ( لقی قاعیدە لە سوریا ) و دواتریش لە گەڵ داعش . جیاوازی ئایدیۆلۆژی سەرەکی قاعیدە و داعش لەوەدایە کە یەکەمیان دەڵێت لە دەسپێکدا ” کافرەکان” و دوای ئەوە شیعە و لە ئاین لادەران دەبێ لە نێو ببرێن . بەڵام داعش بە پێچەوانەوە پێی وایە دەبێت لە نێوبردنی شیعە و دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامییەوە دەست پێ بکرێت ، ئەوجا گوایە دونیای کافران تەفرو تونا دەکات .
دەبێ وڵاتەکانی کەنداو بە چاوپۆشی ڕۆژئاوا لە پێناوی چیدا بپشتگیری لە داعش بکەن ؟. ئایە لە ڕێگەی ئەم ڕێکخراوە خوێنڕێژەوە دەیانویست چی ئامانجێك بەدەست بێنن ؟. بۆ ئەمان لە نێوبردنی ڕژێمی ئەسەد ئامانجی یەکەم بوو ، هەر یەکەیان لە بەر هۆیەك و هەمووشیان لە بەر چەند هۆیەکی هاوبەش. ڕژێمی ئەسەد لە ڕێگەی ڕێکخراوە فەلەستینییەکان ، حیزبوڵا ، و گەلێ ڕێکخراوی دیکەوە بەشی خۆی سەرئێشەی بۆ هەموویان دروست کردبوو . لە تەك ئەوەدا ڕژێمی سوری و کەمینەی عەلەوی باڵادەست بۆ دونیای سوننی قەت مایەی قەبوڵ نەبووە و نیە ، پەیوەندییە توند و تۆڵەکانی ڕژێمی ئەسەد لە گەڵ ئێران و حیزبوڵادا مایەی نیگەرانی و ناڕەحەتین بۆ عەرەبستانی سعودی و وڵاتانی کەنداو و بگرە هەموو جیهانی سوننی. ڕژێمی ئەسەد تەنها رژێم بوو لە ناوچەکەدا هێشتا دروشمەکانی دژ بە زایۆنیزم و ئیمپریالیزمی بەرز دەکردەوە، هەوڵی دەدا وای دەربخات کە تەنها ئەوە بە پشتگیری ئێران و حیزبوڵڵا لە دژی ئیسرائیل خۆی ڕاگرتووە و نایەڵێت ئامانجەکانی بەدی بێت و دەوڵەتانی دیکەی دونیای عەرەبان لەم پرسانەدا بێ هەڵوێستن. پەیوەندییە توند و تۆڵەکانی ڕژێمی ئەسەد لە گەڵ ڕووسیاشدا بۆ وڵاتانی ناوچەکە و ڕۆژئاواش مایەی نیگەرانی و ناڕەزایی بوون. لە تەک ئەمانەدا بۆ ئەمانیش ڕزگار بوون لە کۆمەڵێ کەسی سەرلێشێواوی توندڕەو ناردنیان بۆ سوریا یەکێ لە ئامانجەکان بوو. لە بەرامبەر هەموو ئەمانەدا دامەزراندنی دەسەڵاتێکی عەرەبی سوننی گوێڕایەڵ بۆ دەوڵەتانی کەنداو تورکیا و لە پشتی ئەوانیشەوە بۆ ڕۆژئاوا خواستی ئەم وڵاتانە بوو. ئەمانە هەموو پێکەوە زەمینەی ئەو بەرەیە بوو کە لە دژی ئەسەد دروست بوو و هەر یەکەیان بە شێوەیەك کەڵکی لە داعش وەردەگرت .
وەکو ئەوەی FBIو بەڵگەر هاوهەڵوێست بوون بۆ هەڵوەشاندنەوەی مافیای ئیتالی، وڵاتانی کەنداو و تورکیا و دەوڵەتی ئیسلامیش هاوئامانجن بۆ لەنێوبردنی ڕژێمی ئەسەد لە سوریا. ئەم دەوڵەتانە هەروەکو چۆن FBI مافیای ئیتالی بە هەڕەشەی سەرەکی دەزانی و بەڵگەر پاش ئەو دەهات، ئەم وڵاتانەش وای بۆ دەچوون کە گەورەترین هەڕەشە مانەوەی ڕژێمی ئەسەد و هاوپەیمانییەتی لە گەڵ ئێراندا و دوای ئەوە مەترسی گروپگەلی وەک داعش و قاعیدە دێتە ئاراوە .
هەوڵی ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان سوننە و شیعە لە ڕۆژهەڵات و بەربەست دروست کردن لە بەردەم بەرەیەکی فراوانی شیعە لە ئێران، شیعەکانی عیراق، عەلەویییەکانی سوریا و شیعەی لوبنان هۆیەکی سەرەکییە بۆ دروستکردنی ئەم جۆرە ڕێکخراوانە. عەرەبستانی سعودیە، وڵاتانی کەنداو، تورکیا و گەلێ وڵاتی تریش لە ناوچەکە و جیهانی ئیسلامی و لە پشتی ئەوانیشەوە ڕۆژئاوا لە گەڵ ئەوەدا هەڵناکەن کە شیعە لە گروپێکی گەورەی پشتگوێ خراو و بێدەسەڵاتەوە ببێتە هێزێکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتدا. ئەم بەرەیەی شیعە هەڵبەتە بە ڕابەرایەتی ئێران دەبێت و هەڕەشە دەبێت بۆ وڵاتانی کەنداو و شادەماری سەرچاوەکانی وزەو ئابوری جیهان. ئەگەر پەیوەندییەکانی ئێران لە گەڵ ڕۆژئاوا ئەوەندە قەیراناوی نەبوونایە، ڕەنگبێ ڕۆژئاوا بەم شێوەیەی ئێستا لە دژی باڵادەستی ئێران و شیعە نەوەستایەتەوە. بۆیە ئەگەر داعشیش لە بەین بچێت بیر لە شێوازی دیکەی هاوسەنگی ڕاگرتن دەکرێتەوە ، وەکو ئێستا باس لە دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ عەرەبە سوننەکانی عیراق و سوریا دەکرێت و لەو پێناوەشدا هاوپەیمانی بە نێو ئیسلامی دروست دەکرێت .
ڕۆژئاوا هێچ نەبێت لە ساڵی ٢٠١٢ ئاگاداری ئەوە بوو کە دەوڵەتێکی ئیسلامی توندڕەو بەڕێویە. ئەمە بە ڕوونی ئەو دەمە دەرکەوت کاتێ دادگایەکی ئەمریکی CIA ناچار کرد بەڵگەنامەیەکی نهێنی ئابی ٢٠١٢ بڵاوبکاتەوە. لەو بەڵگەنامەدا باس لەوە کراوە، ئەگەر ڕووداوەکانی سوریا بەو شێوەیە بەردەوام بن، ئەوا ئەگەری دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەلەفی لە ناوچە سوننەنشینەکانی سوریا ئەگەرێکی بەهێزە. نەک هەر ئەوە بەڵکو باس لەوەش کراوە کە ئەوەش ئەو ژینگەیە دروستدەکات کە قاعیدە و هاوچەشنەکانی بگەڕێنەوە بۆ شارە سوننەنشینەکانی عیراق بە تایبەتی بۆ مووسڵ و ڕومادی. وڵاتانی هاوپەیمانی توندڕەوە ئیسلامییەکان ئەمەیان بەهەڵ دەزانی بۆ گەمارۆدانی ڕژێمی سوری و کەوتنە پێشکەش کردنی یارمەتی سەربازی و دارایی بۆ ئەم ڕێکخراوانە بۆ ئەوەی ئەسەد لە ناو ببەن. گروپە توندڕەوەکانیش هەلەکەیان قۆزتەوە و کەوتنە یاری کردن لە گەڵ هەموو لایەکدا. هەموو ئەمەش بە بەر چاوی ڕۆژئاواوە ڕوویدەدا .
بۆ نمونه‌ تا ساڵی 2014 وڵاتانی که‌نداو پاره‌ و چه‌كیان ده‌داوه‌ ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌کان له‌ سوریا. له‌ ڕاپۆرتێکی برۆکینگز به‌ ناونیشانی ( یاریکردن به‌ ئاگر، له‌ دیسه‌مبه‌ری 2013) توێژه‌ره‌کان ئاماژه‌یان به‌وه‌ کردووه‌ که‌ شێخه‌کان به‌ ئاشکرا پاره‌یان بۆ داعش کۆ ده‌کرده‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ نیگه‌رانی له‌ هاتوچۆی ئه‌و هه‌موو پاره‌یه‌ ‌دره‌بڕا، به‌ڵام هه‌موو لایه‌ک خۆیان لێ گێل ‌کرد. ئه‌م چاوپۆشی لێکردنه‌ مایه‌ی سه‌رنج و گومانی زۆر که‌سن، به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ تیۆری پیلانگێڕی هه‌یه‌ .
ده‌وڵه‌تی ئیسلامی په‌نجا هه‌زار بۆ سه‌د هه‌زار شه‌ڕکه‌ری هه‌یه‌، که‌ هه‌زارانیان شه‌ڕکه‌ری بیانین. به‌ پێی دوا ژماره‌کانی ئیندێکسی تیڕۆریزمی جیهانی سه‌ر به‌ ئینستیتوتی ئابوری و ئاشتی، له‌ نێوان ساڵانی 2011 ـــ 2015 به‌لانی که‌مه‌وه‌ 30 هه‌زار شه‌ڕکه‌ری بیانی له‌ ڕێگه‌ی تورکیاوه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ سوریا. ته‌نها له‌ شه‌ش مانگی ساڵی 2015 دا ژماره‌یان حه‌وت هه‌زاری تێپه‌ڕاندووه‌، زۆربه‌یان یه‌ك ڕاست چوونه‌ته‌ لای داعش یا به‌ره‌ی نوسره‌ .
که‌س باوه‌ڕ به‌وه‌ ناکات که‌ ئه‌مه‌ له‌ لاوازی ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌کانی تورکیاوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبێ. واتا هاتنی ئه‌م هه‌موو شه‌ڕکه‌ره‌ بیانییه‌ بۆ سوریا له‌ ڕێگه‌ی تورکیاوه‌ به‌ دزیوه‌ نه‌بووه‌ و له‌ بێ ئاگایی میت و ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌کانی تورکیا نه‌بووه ، به‌ڵکو ئه‌مه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ته‌ به‌رامبه‌ر داعش‌، واتا ئه‌و سیاسه‌ته‌ی پێی وایه‌ داعش خزمه‌تی ستراتیژی تورکیا ده‌کات له‌ سوریا و عیراق. بۆ ماوه‌یه‌ک تورکیا هه‌وڵیدا دونیا به‌وه‌ هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێنێ که‌ له‌ به‌ر بارمته‌کانی له‌ لای داعش له‌ مووسڵ، نایه‌وێت به‌ ئاشکرا به‌شداری له‌ هه‌وڵه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ دژی ئه‌و ڕێکخراوه‌یه‌ بکات. ده‌مێکی تر به‌ به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تانی تر دوورن له‌ ئاگره‌که‌وه‌ و تورکیا له‌ سه‌ر هێڵی ئاگره‌که‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌م باشتر شته‌کان ده‌بینێ و ئه‌وان له‌ هه‌ڵوێسته‌کانی تورکیا تێناگه‌ن. هه‌وڵی خۆ دوور گرتن له‌ ئاگری داعش نه‌ک ته‌نها بۆ تورکیا، به‌ڵکو بۆ ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌کانی ئه‌وروپا و حکومه‌ته‌کانی ئه‌و وڵاتانه‌ش تا ئه‌ندازه‌یه‌ک به‌هه‌مان شێوه‌ بوو. ئه‌مانیش هه‌وڵی که‌میان ده‌دا ڕێگه‌ له‌ توندڕه‌وه‌کان بگرن بۆ ئه‌وه‌ی نه‌چن بۆ سوریا، چو‌نکه‌ وایان لێکده‌دایه‌وه‌ که‌ ئاگره‌که‌ له‌ خۆیان دووره‌ و پێویست ناکات هه‌ڵوێستی توند بنوێنن. وا ده‌بینرا مه‌سه‌له‌که‌ پرسی کاته‌ و چه‌ند حه‌فته‌یه‌ك نابات ڕژێمی ئه‌سه‌دیش ده‌ڕوخێت و ئه‌وجا ده‌رئه‌که‌وێت ڕه‌وتی ڕووداوه‌کان چۆن ده‌بێت. تا ئه‌و کاته‌ی تیرۆریستان خۆیان به‌ لاوازکردنی ڕژێمی ئه‌سه‌ده‌وه‌ خه‌ریک کردبوو ڕۆژئاوا زۆر نیگه‌ران نه‌بوو. ته‌نانه‌ت فره‌نساش که‌ له‌م دواییه‌دا بوو به‌ قوربانی کرده‌وه‌ی تیرۆریستی داعش هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ هه‌ڵس وکه‌وتی ده‌کرد و ڕێگه‌ی له‌ چوونی گه‌نجه‌ توندڕه‌وه‌کان بۆ سوریا نه‌ده‌گرت. ئه‌م نه‌رمی نواندنه‌ له‌ به‌رامبه‌ر داعش تا ئه‌و کاته‌ی ڕووی کرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌کانی کرده‌ ئه‌وروپا هه‌ر وا به‌رده‌وام بوو .
په‌یوه‌ندی له‌ نێوان ڕۆژئاوا و تونڕه‌وه‌کاندا بۆ خه‌ڵک ڕوون نه‌بوو. حکومه‌ته‌کان ‌وا خۆیان ده‌رده‌خست که‌ له‌ شه‌ڕدان له‌ دژی توندڕه‌وان، به‌ڵام ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌کان ده‌ست و په‌نجه‌یان نه‌رم ده‌کرد له‌ گه‌ڵ ئه‌و ڕێکخراوانه‌دا، هیچ نه‌بێ تا ساڵی 2013، کاتێ هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ ئه‌م ڕێکخراوانه‌و کرده‌وه‌کانیان گۆڕانی به‌سه‌ردا ده‌هات. ئه‌مه‌ش له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرت که‌ ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌کان بینییان زۆر له‌وانه‌ی ده‌چوونه‌ سوریا ده‌گۆڕان، ڕوویان له‌ توندڕه‌وی و توند وتیژی ده‌کرد و ‌هه‌ستی دژ به‌ ڕۆژئاواش له‌ لایان په‌ره‌ی ده‌سه‌ند. نیگه‌رانی زیاتر ئه‌و کاته‌ دروست بوو کاتێ پیاوانی داعش له‌ سوریا و عیراق ده‌ستیان کرد به‌ سه‌ربڕینی ڕۆژئاواییه‌کان. ئه‌مێریکا و هه‌ندێ له‌ وڵاتانی ڕۆژئاوا ده‌ستیان به‌ بۆردومانکردنی ده‌وڵه‌ته‌که‌ی به‌غدادی له‌و کاته‌وه‌ ده‌ست پێکرد. ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ دژی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی، بۆ ئه‌وه‌ نه‌بوو که‌ داعش به‌ ته‌واوی له‌ نێوببر‌ێت، چونکه‌ به‌ بۆچوونی ڕۆژئاوا ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی تێکچوونی هاوسه‌نگی له‌ نێوان شێعه‌ و سوننه‌ له‌و ناوچه‌ گرنه‌گه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نزیک. به‌ وته‌یه‌کی دیکه‌ ئه‌مه‌ بۆ ئه‌وه‌ بوو داعش که‌نترۆڵ بکرێته‌وه‌ و جارێکی دیکه‌ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ نێو ئه‌و سنوورانه‌ی بۆی دیاری کراون‌. دیسان تا ئه‌و کاته‌ی داعش له‌ سنووره‌کانی خۆیدا مابووه‌وه‌، ڕۆژئاوا به‌ پێویستی نه‌ده‌زانی ترسی زۆری لێ بنیشێت. زوو زوو گوێمان له‌وه‌ ده‌بوو که‌ شه‌ڕی داعش ده‌مێکی زۆر ده‌خایه‌نێ، نابێ خه‌ڵک چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بێت له‌ ده‌مێکی کورتدا ئه‌م ڕێکخراوه‌ له‌ به‌ین بچێت و ڕه‌نگبێ شه‌ڕه‌که‌ ده‌ ساڵ بکێشێت. هێواش هێواش بۆچوونی واش په‌یدا ده‌بوو که‌ داعش بووه‌ به‌ واقیعێکی ناوچه‌که‌و ده‌بێ هه‌ڵس و که‌وتی له‌ گه‌ڵدا بکرێت و له‌ جێگه‌ی ئه‌وه‌ی بۆردومان بکرێت پێویسته‌ وتووێژی له‌ گه‌ڵدا بکرێت. ڕاوێژکاری میتی تورکی هاکان فیدان له‌ چاوپێکه‌وتنێکی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕێک ئه‌مه‌ی بۆ وڵاتان پێشنیار کرد. ئه‌و ده‌ ساڵه‌ی ئه‌مریکا باسی لێوه‌ ده‌کرد بۆ ئه‌وه‌یه‌‌ له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌ڵته‌رناتیڤی داعش دابین بکرێت بۆ پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ی له ئه‌نجامی له‌ ناوچوونی ئه‌ودا دێته‌ کایه‌وه‌، ‌مه‌به‌ست ناوچه‌ سوننییه‌کانه. هه‌روه‌ها ده‌بێ ببێته‌ ئامرازێک بۆ ڕاستکردنه‌وه‌ی ناهاوسه‌نگی نێوان شیعه‌ و سوننه‌ له‌و هه‌رێمه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێ به‌ هاوکاری ڕاسته‌وخۆی تورکیا، عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ و قه‌ته‌ر و به‌ پشتگیری ئه‌مریکا ڕۆژئاوا ڕوو بدات‌. چۆن مرۆڤ باوه‌ڕ به‌وه‌ بکات که‌ هاوپه‌یمانییه‌کی نێوده‌وڵه‌تی له‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ ساڵێکدا نه‌توانێ وزه‌ له‌ ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیابان نشین ببڕێت. ژماره‌ی هێڕشه‌کانی هاوپه‌یماننان بۆ سه‌ر داعش هه‌ندێک تیشک ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌م پرسه‌. هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ ماوه‌ی ساڵی ڕابردوودا ڕۆژانه‌ ده‌ور به‌ری یازده‌ هێڕشی کردووه‌ته‌ سه‌ر پێگه‌کانی داعش، له‌ کاتێکدا له‌ شه‌ڕی ئازادکردنی کوه‌یتدا ڕۆژانه‌ 976 هێڕش ده‌کرایه‌ سه‌ر سوپای عیراق، بۆیه‌ ئه‌و هێزه‌ زه‌به‌لاحه‌ی سه‌دام له‌ ماوه‌ی چه‌ند حه‌فته‌یه‌کدا ته‌فر و تونا کرا و له‌ کوه‌یت ده‌رکرا. ئه‌و ده‌مه‌ ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانان بیانویستایه‌ به‌ ئاسانی عیراقیان داگیر ده‌کرد .
باس له‌وه‌ش ده‌کرێت که‌ ئه‌م توندڕه‌وییه‌ ته‌نها له‌ ڕێگه‌ی سه‌ربازییه‌وه‌ له‌ نێو نابرێت، به‌ڵکو پێویستی به‌ پرۆسه‌یه‌کی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی فیکری، کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و ئابوری …تاد هه‌یه. ئه‌مه بۆچوونێکی دروسته به‌ڵام پێش هه‌موو شتێک ده‌بێت خوێنڕێژی داعش رابگیرێت‌، ئه‌وجا بیر له‌ جێبه‌جێ کردنی ئه‌و ستراتیژه‌ بکرێته‌وه‌. که‌سیش ناتوانێ باوه‌ڕ به‌وه بکات که‌ وڵاتانی وه‌کو عه‌ره‌بستانی سعودی و قه‌ته‌ر ده‌توانن ئاڵای شه‌ڕی فیکری له‌ دژێ داعش هه‌ڵبگرن. به‌ بێ له‌ نێوبردنی بنه‌ما فکرییه‌کانی داعش و هۆیه‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی، مرۆڤایه‌تی ناتوانێ له‌م دۆزه‌خه‌ ڕزگاری ببێت، ئه‌گه‌ر داعشیش له‌ به‌ین ببرێت، ئه‌وا جێگره‌وه‌ی په‌یدا ده‌بێت.
ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ لایه‌نگرانی ئه‌و بۆچوونه زۆرتر ده‌بن که‌ باس له‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێک بۆ سوننه‌کان ده‌که‌ن له‌و ناوچانه‌ی داعش داگیری کردوون. ڕه‌نگبێ ئه‌مه‌ یه‌کێ له‌ چاره‌سه‌ره‌کان بێت ئه‌گه‌ر به‌ پێی تێگه‌یشتنێکی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی جێبه‌جێ بکرێت. کاربه‌ده‌ستانی ئه‌و وڵاتانه‌ ناتوانن بیر له‌ ئه‌گه‌رێکی وا نه‌که‌نه‌وه‌.
له‌ ده‌سپێکدا جیاوازی سه‌ره‌کی له‌ نێوان داعش و قاعیده‌ له‌وه‌دا‌ ده‌بینرا، که‌ قاعیده‌ ئه‌رکی یه‌که‌می خۆی له‌ جیهاد له‌ دژی “کافران” ده‌بینی، له‌ پ‌له‌ی دووه‌مدا ده‌هاته‌ سه‌ر شه‌ڕی شیعه‌ و لاده‌ران له‌ ئاینی ئیسلام. به‌ڵام داعش به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ سه‌یری ئه‌رک و ئامانجه‌کانی ده‌کرد، واتا شه‌ڕی شیعه‌ و لاده‌ران له‌ دین، ئه‌وجا شه‌ڕی کافران. له‌ دوای کرده‌وه‌که‌ی پاریسه‌‌وه‌ به‌ لێکدانه‌وه‌ی ڕۆژئاوا، داعش ئامانجه‌کانی گۆڕیوه‌. ئێستا ڕۆژئاوای به‌ دوژمنی سه‌ره‌کی و یه‌که‌مین ڕاگه‌یاندووه‌ و شه‌ڕی شیعه‌ و لاده‌رانی خستۆته‌ پله‌ی دووه‌مه‌وه.‌ ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه‌ له‌ دوای کرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌که‌ی پاریس‌ و هه‌ڕه‌شه‌کانی داعش له‌ وڵاتانی دیکه‌ی ئه‌وروپا ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ زیاتر له‌ لای کاربه‌ده‌ستان و سیاسه‌تمه‌دارانی ئه‌وروپا ده‌چه‌سپێ. بۆیه‌ ده‌بینین وڵاتانی ڕۆژئاوا که‌وتۆنه‌ته‌ خۆیان و خه‌ریکی دروستکردنی هاوپه‌یمانێتی فراوانتر، به‌هێزتر و چالاکترن بۆ له‌ نێوبردنی داعش .
ئێستا زۆربه‌ی وڵاتان ئه‌وه‌یان له‌ لا ئاشکرا بووه‌ که‌ داعش ده‌سته‌مۆ ناکرێت، هه‌ر وه‌کو چیرۆکی فیلمی ڕێوڕه‌سمی ڕه‌ش که‌ FBI نه‌یتوانی به‌ڵگه‌ر ده‌سته‌مۆ بکات. مخابن ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ زۆر دواکه‌وت و باجه‌که‌ی له‌ سه‌ر گه‌لانی سوریا و عیراق و کوردستان زۆر گران بوو. نه‌ داعش و نه‌ هیچ ڕێکخراوێکی دیکه‌ی تیرۆریستی و ته‌نانه‌ت ئیسلامی سیاسیش له‌ پلانیاندا نیه‌ کۆت و به‌ندی هیچ لایه‌نێک قه‌بوڵ بکه‌ن. ڕه‌نگبێ بۆ ماوه‌یه‌ک کاتێ پێویستییان به‌ هاوکاری و هه‌ماهه‌نگی هه‌یه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م ده‌وڵه‌ت یا ئه‌و لایه‌ن هه‌ندێ نه‌رمی بنوێنن، به‌ڵام که‌ ده‌ستیان به‌ سه‌ر باره‌که‌دا ڕۆیشت، ئیتر گوێ به‌ که‌س ناده‌ن و خه‌ریکی سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های خۆیان ده‌بن . داعش زۆر لایه‌نی ‌ به‌ به‌رزکردنه‌وه‌ی دروشمی ” مانه‌وه‌ و گه‌شه‌کردنی هه‌میشه‌یی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی” هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندبوو. له‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆی وا لێکدرایه‌وه‌‌ ، که‌ ئه‌م دروشمه‌ په‌یامی ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێ که‌ ئه‌م ده‌یه‌وێت درێژه‌ به‌ ژیانی بدات، بۆیه‌ ناچار ده‌بێت له‌ گه‌ڵ هه‌ندێ لایه‌ن خۆی بسازێنێ و هه‌موو لایه‌ک نه‌کات به‌ دوژمنی خۆی. چاوپۆشی وڵاتان و ده‌زگاکانی هه‌واڵگری له‌ سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌کردنی داعش زۆر جار له‌ به‌ر ڕۆشنایی ئه‌م تێزه‌دا لێکده‌درایه‌وه‌ . ده‌ستوه‌شاندنی داعش له‌ هه‌موو لایه‌ک و بڵاوکردنه‌وه‌ی کرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌کانی به‌ ڕاست و چه‌پدا دونیای حه‌په‌ساند و هه‌موو ئه‌و لێکدانه‌وانه‌ی مایه‌پوچ ده‌رخست . له‌ دوای هێڕشه‌که‌ی پاریسه‌وه‌ زۆر باس له‌و لایه‌نانه‌ ده‌کرێت که‌ سیاسه‌تی چاوپۆشیان له‌ به‌رامبه‌ر داعش په‌یڕه‌و ده‌کرد. له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ تیشکی زۆر خرایه‌ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کانی تورکیا و داعش و له‌ ژێر فشاری ئه‌مێریکا ناچار کرا سنووره‌کانی له‌ گه‌ڵ سوریا قایم بکات. کوه‌یت له‌ ژێر فشاردا تۆڕێکی هاوکارانی داعشی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ که‌ پاره‌ و چه‌کیان بۆی کۆده‌کرده‌وه‌ .
تێوه‌گلانی ڕووسیا له‌ ڕووداوه‌کانی سوریا و هێڕش کردنه‌ سه‌ر داعش و سه‌رچاوه‌ ئابورییه‌کانی و داخستنی ڕێگه‌ی بازرگانی نه‌وته‌که‌ی له‌ گه‌ڵ تورکیا ، گرێ ئاڵۆزه‌کانی هه‌رێمه‌که‌ی ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ ئاڵۆز کرد و کارته‌کانی تێکه‌ڵ کرد . ڕووسیا و ڕۆژئاوا و یاریکه‌ره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی هه‌رێمه‌که‌ له‌ کێبڕکێدان . کێشه‌که‌ له‌وه‌دایه‌ ئه‌م هاوپه‌یمانییانه‌ ئامانجی جیاواز و دژ به‌ یه‌کیان هه‌یه‌ و ئه‌ندامانی هه‌ر یه‌ک له‌ هاوپه‌یمانییه‌کانیش بۆ یه‌ک ئامانج کار ناکه‌ن . ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌ خه‌ریکی داعشن ده‌ ئه‌وه‌نده‌ خه‌ریکی یه‌کدین و له‌ هه‌وڵی تێکدانی پلان و ستراتیژه‌کانی یه‌کدیدان. له‌و به‌ینه‌دا‌ داعش و ڕژێمی ئه‌سه‌د بۆ خۆیان درێژه‌ به‌ ژیانیان ده‌ده‌ن. داعش کۆتایی دێت . پرسیاره‌ گه‌وره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌: نه‌خشه‌ و دیمه‌نی ناوچه‌که‌ له‌ دوای داعش چۆن ده‌بێت ؟.

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت