جیهاد موحەمەد : جوانترین وانەی لێبوردەیی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوا بە دوای ئەوەی لە  ڕۆژنامەی (( هاوڵاتی )) ژمارە ١٧٠٨/ لاپەڕە (١١) ی رۆژی سێشەممە ٢٩/١٢/٢٠١٥ و مالپەڕی ( دەنگەکان ) دا ئەم بابەتەم بە ناونیشانی ( بەرەو لێبوردەیی ، ناتوندوتیژی ) بەرچاوکەوت بەدەست خۆم نەبوو ، هاوڕێیەکی خۆمم بیرکەوتەوە ، هێشتا تەواوم نەکردبوو کە گەرامەوە سەر ناوی نوسەرەکەی سەیر دەکەم رێک خۆیەتی ئەو هاوڕێیەمە . بەراستی سەرسام بووم پێشتر زۆر کاری جوانم لێ بینیبوو بەڵام دلفراوانیش بەم ئەندازەیە ئیدی شایانی ئەوەیە هەموو کەس بیخوێنێتەوە ، بەو هیوایەم بگەرێنەوە بۆ ئەو ژمارەیەی هاوڵاتی و ماڵپەری پاسەوان و  ماپەڕی دەنگەکان : دەنگەکان

بە وردی بەسەرهاتەکە بخوێننەوەو بە وردی بیری لێ بکەنەوە ، هەرکەس لای خۆیەوە ئەو رووداوە بهێنێتەوە بەرچاوی خۆی ، ئەوەی بەرامبەر بە هاوڕێکەی من کراوە ئەگەر بەرامبەر بە تۆی خوێنەری ئازیز بکرایە بیرکردنەوەت چۆن و هەڵوێستت چی دەبوو ؟! بە رای من ئەم هەڵوێستە هەروا لەخۆوە نەهاتووە ، بەڵکو جوانترین پەروەردەی مرۆییانەی لەپشتەوەیە ، دەنا لە کۆمەڵگایەکدا کە رۆشنبیرانیش تیایدا ناموس پەرستن ئەم هەڵوێستە زۆر جێگەی رێزە بۆیە لە هەموو ئامۆژگاریی ناو دەقە قورئانییەکان پیرۆزترە ، لە هەموو سزا یاساییەکانی بەرامبەر تاوانبارێکی وا دەکرێت بۆ چاکسازیی لە مرۆڤی تاوانباردا ، بە هێزتر و کاریگەرترە . من بۆ خۆم کە هەمیشە چاوەڕوانی کاری جوان و هەڵویستی جوان لەم هاوڕێ ئازیزەم بووم بەڵام کە ئەوەشم لە رۆژنامەی هاوڵاتی و هەندێک لە ماڵپەرەکان بینی ئیتر راوەستام !، بەڵێ دەبوو راوەستم  ! زۆر بە خۆمدا چوومەوە ، زۆر بیرم لە تۆلێرانس و پێکەوە هەڵکردن و راهێنانی تاواباران کردەوە لە سەرکاری مرۆڤدۆستیی و دوورکەوەتنەوە لە نەخۆشییە دەروونیەکان . ئەوەی هاوڕێکەم کردویەتی دەبوو راگەیاندنەکان نەک جارێک بەڵکو بۆ چەندین جار بڵاویان بکردایەتەوە ، بۆ ئەوەی بچێتە ناوکۆمەڵگاوە ، ئەم چیرۆکە بچێتە ناوقوتابخانەکانەوە ، مامۆستاکان بیخوێننەوەو بۆ قوتابیەکانیانی باس بکەن ، دەبوو بۆ چەندین جار مرۆڤە پەروەردکارەکان ، مرۆڤە مرۆڤدۆستەکان و مرۆڤپەروران قسەیان لەسەر بکردایە .

بەڵام مەخابن ، بۆ بڵاوی ناکەنەوە نازانم ! بەڵام گومانم نیە ئەگەر ئەم هاوڕێیە بە کامێرای مۆبایلەکەی خۆی لەدواوە وێنەی دراوسێ تاوانکارو بەدڕەفتارەکەی بگرتایە و  بکەوتایەتە دەست میدیاکاراو راگەیاندنەکان رەنگە بۆ دەیان جار بڵاویان بکردایەتەوە بە بێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە ، کە بڵاوکردنەوەی وێنەی ئەم تاوانبارە شکاندنی مرۆڤێکی شکستخواردوو بەدووای خۆیدا دەهێنێت . وەک هاورێکەم نوسیوێتی ماڵ ومنداڵەکەشی دەبوو باجەکەی بدەن ، مرۆڤی مرۆڤ پەروەر وەک ئەم هاورێ ئازیزە دەبێت وا بیربکاتەوە ، کە مرۆڤە شکستخواردوەکان دروستبکاتەوە ، نەک زیاتر بیانروخێنێت و تێکیان بشکێنێت . ئەمەی ئەم هاورێیە دەرهەق بەو تاوانبارە کردویەتی وانەیەکە پێویستە هەموومان بیخوێنیەوە و گوێی لێبگرین و لە خۆماندا بەرجەستەی بکەین .

دوای خوێندنەوەی ئەم هەواڵە لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هاوڕێکەم چیرۆکەکەی بۆ گرامەوەو وتی : کە تاونبارەکەم لەقافدا گرت لەکاتی تاوانەکەیدا پێم گووت ئیستا لەبەرئەوەی ژن و منداڵەکانت نەیزانن و ماڵت لێ نەشێوێ دوای چەند رۆژێکی تر قسەم دەبێ .  رۆژی ٣٠/١٢/٢٠١٥ رۆژێک پیش یەکەم  رۆژی مانگی ساڵی نوێ بە نامەیەکی پڕ لە ئامۆژگاریی و چەند کتێب و گۆڤارێکەوە دەچێت بۆلای و ئەوانەی پێشکەش دەکات ، پێی دەڵێت :  ئەمە قسەی منە بۆ تۆ ، ئەوە سزای منە ، برۆ نامەکە و کتێب و گۆڤارەکان بخوێنەرەوە ، فێربە ، رەوشت و مۆراڵی بەرزی مرۆڤپەرورانە بکە بە وانەیەک و بەردەوام بیڵێرەوە . هاورێکەم گوتی کاتێک تاوانکارەکە پەلاماری دەستمی دا بۆئەوەی ماچی بکات ، وتم نا هەرگیز نابێت دەستی کەس ماچ بکەیت ، برۆ منداڵکەنت جوان پەروەردە بکەو دەستی خۆت ماچ بکە .. وتی تکایە تف بارانم بکەو تێر شەقم بکە ، بەڵام من پێمووت نا هەرگیز ، خۆ ئێستا دەتوانم  وەک خۆت دەڵێیت پڕ شەقت بکەم و تف بارانت بکەم ، بەڵام من نامەوێ ئازارت بدەم ، دەمەوێ ببیتەوە بە ئینسان  ! پێم گوت ، ئەگەر خزمە خێڵکیەکانیشم بزانن من بەم جۆرە لە تۆ خۆش بووم ، منیش و تۆش پێکەوە پڕ شەق دەکەن . بەڵام نا هەرگیز نا ، نە من پرشەقت دەکەم ، نە لە لای منداڵەکان و هاوژینەکەشت دەتشکێنم ، لە جیاتی ئەوە دەمەوێت پشتە چەماوەکەت راستبکەمەوە و فێری رەوشت و مۆراڵی بەرزت بکەم .

 ئەی ئافەرم هاوڕێی تێگەیشتوو ، هاورێی مرۆڤدۆست و  مامۆستای وانەی پەرورەردە و رەوشتی بەرز . بەرزیی مۆراڵ و بیرکردنەوەی مرۆڤپەروەرانەت لای من وانەیەکی یەجگار بە بەهاو بە نرخی کۆمەڵایەتیە . هیوادارم ئەو هەڵویست و کاردانەوە ژیرانەیەیی تۆ لە هەریەکێکماندا بەرجەستە بێت و ببێت بە وانەیەکی کۆمەڵایەتی بەرز لامان .

 سەرچاوەی ئەم بابەتە 

باوکی لاس : بەرەو لێبوردەیی , ناتوندوتیژی .

وام بە بیرداهات سبەینێ کە رۆژ بووەوە زوو بچمە بنکەی پۆلیسی گەرەک و سکاڵای لەدژ تۆمار بکەم , بەڵام کە بانگهێشتیانکرد بۆ بنکە , لەوێ لەبەردەمی ئەفسەری لێکۆلینەوە دوای ئەوەی شەرمەزارییەکانی تۆمار دەکەم , داوادەکەم دراوسێ بەدکارەکەم ئازاد بکرێیت ! پێی دەڵێم : تۆ ئێستا بەهۆی بەدرەفتارییەوە لە بنکەی پۆلیس راگیراویت . هێشتا هەر لەم خەیاڵانەدا بووم , بیرێکی ترم بە مێشکداهات . بەڵام هەر زوو لێی پەشێوان بوومەوە . نا .. نەخێر ئەوەشیان ناکەم , ناچم بۆ بنکەی پۆلیس , سبەی ئێوارە هەموو پیاوانی گەڕەک بانگهێشت دەکەم و پێکەوە دەچینە ماڵی دراوسێکەمان و هەر لە ماڵەکەی خۆی دادگایی دەکەین , هەرچی هەیەو نیە , لە پێشچاوی هاوژینەکەی باسی دەکەم و دوا ئاگاداری دەدەمێ , ئەو شەوە هەتا درەنگانێکی شەو لە ژێر باتانیەکەمدا نەخشەی کۆکردنەوەی پیاوانی گەرەکم دانا ( کاک ئەحمەدی سایەق , کاک جەمالی دەلاک , وەستا کەریمی بیناسازی , جەزای تەنەکچی و شەماڵ چاوشین , ئەوەندە بەسە ) پێویستە پیاوە پارێزەرەکەی دراوسێمان با ئەویش ئامادە بێت , بەڵام لە پر بیرورام گۆڕی , نانا , نابێت ئەمەشیان لەقاودان و ئابربەرەو کاری کردن نیە چونکە دواتر هەر ئەم پیاوانە لە شوێنی ترو بۆنەی تردا سەرکۆنەی دەکەن , من نامەوێ ڕیسوای بکەم دەمەوێ لە خراپەکاری دوری بخەمەوە , نابێت هاوژین و منداڵەکانی بەمە بزانن .. ئەی چارە ؟ خۆ دەبێت سزایەک هەبێت بۆ ئەم بەدرەفتاریانەی دراوسێ بێڕێزەکەمان ! لە پر باتانیەکەم لەسەرچاوم لابردو لە جێگاکەم هاتمە دەرەوەو بەرەو کۆمپیتەرەکەم رۆیشتم , باشترین بیرۆکەم بە خەیاڵدا هات , هەم سزاو هەم ڕێپیشاندان . ئەو شەوە کەخەو نەچووبووە چاوانم لە سپێدەی بەیاندا کۆمپیتەرەکەم پێکردو هەرهێندەی شاشەکەی روناک بووەوە کەوتمە نوسینی نامەی پیرۆزبایی :
بەریز کاک (…..) بەداخەوە کە ئێوارەی 26/12/2015 لە شەرمەزاریدا دەستگیرم کردیت , کارێک کە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ دراوسێ و داب و نەریتی کۆمەڵایەتی گونجاونیە , بەڵکو زۆر نەنگی و شەرمهێنەرە . کەس نیە نەزانێت کە چاودێری کردنی ماڵ و حاڵی دراوسێ رەفتارێکی زۆر نزمە ولە پیاوی نامەرد و ترسنۆک دەوەشێتەوە , چ جای بچیت سەرت بە پەنجەرەی حەمامی ماڵاندا بگریت و سەیری خۆشوردنی کچۆڵەیەکی دەساڵان بکەیت ?! منداڵێک کە هێشتا خەون بەبوکەڵەوە دەبینێت نەک پیاو , تۆ هێندە گەمژەیت هێشتا نازانی کە ئاگاداری پێش خۆت نەبیت کامێرای چاودێری پاشەڵت بۆخەڵک دەخاتەڕوو ؟
بەهیوام دەستبەرداری ئەو رەفتارە ناشرینە بووبیت و لە قسە هێمنەکانی من تێگەیشتبیت و پەندوعیبرەت لێوەربگرتبن , من لە مێژە تێگەیشتووم توندوتیژی و ئەشکەنجەی جەستەیی , هەرگیز مرۆڤی ناپەسەند ناهێننەوە سەر رێگای باش و کردەوەی چاک , ئەو کاتەی لە بەرپەنجەرەی حەمامەکە لە قافدا گیرایت , من دەمزانی کە تۆ بیر لەچی دەکەیتەوە , وا چاوەڕوان بووی یەکسەر داتپەڵۆسم و بەجنێوو شەق و مستەکۆڵە بکەومە سەرو پۆتەڵاکت . دەمزانی کە ئەوساتە وەختە هەموو بیرت لای ئابروچوون و ماڵ شێوانت بوو , چاوەروانی دیمەنێک بوویت , دنیات بەسەردا بڕوخێ ( هاکا هەموو خەڵکی گەرەک ڕژانە سەرت و پیاوو منداڵ بەچاک و خراپەوە حەسیر مەیدانت دەکەن , ئەوسا نامەردترین پیاوی گەرەک و لەخۆت نامەردتر دەرفەتی ئەوەی بۆ هەڵدەکەوت دەمامکەکەی توندتر بکات و وەک پیاو چاکێک خۆی بنوێنێ , دەهات و زۆرترین شەقی تێهەڵدەدایت , بەڵام من چۆن ڕێگە بۆ نمایشی وەها دیمەنێک خۆش دەکەم ? تەنانەت جنێویشم پێنەدایت و دەستیشم لێ بەرز نەکردیتەوە . دەزانی بۆ ئەوەم نەکرد ? بۆئەوەی تامی لێبوردەیی بکەیت و سزای ناتوندوتیژی بچێژیت , نا دراوسێ بێڕێزەکەم چۆن ڕێگە بەخۆم دەدەم بێمەوە ئاستی تۆ , بۆ ئەوەی منداڵەجوانەکانت بە ڕەفتارە ناشرینەکەی باوکیان دڵیان نەشکێ و نەشڵەژێن و بەکاری نزمی باوکیان سەریان نەوی نەبێ , چۆن ڕێگە بدەم ئەوان باجی ناپەسەندی تۆ بدەن , ماڵت بشێوێ و هاوژینەکەت لێت بتۆرێ .
بیرت چوو کەوا جارێکی تریش سزایەکی دەرونیم دابوویت , بەڵام دیارە لەوەش تێنەگەیشتوویت ? تۆ کە چەندین جار لە قرچەی گەرمادا وەک دزێک هاتبوویت دڵڕەقانە وایەری فێنککەرەوە (سپلیت ) ـە کەمانت پچراندبوو , منداڵەکانمت بەگەرمای بێرەحمی هاوین سپارد , بەڵام بۆ تەریقکردنەوەو تەمبێ کردنت من هەستام پاسکیلێکی منداڵەکانم پێشکەش بە منداڵەکانی تۆکرد چونکە حەزیان لێیکرد بوو , وەستا سەروەری کارەباچی سەرەتا وەک پیاوێکی مونەرم لێی دەڕوانیم ! بەڵام دوایی کەلێم تێگەیشت فەرمووی : ( ئەگەروایە هەموو رۆژێک بیچڕێنن من دێم بەبێ بەرانبەر چاکی دەکەمەوە ) بەڵام ئەفسوس تۆ لەوە تێنەگەیشتوویت کە من بەلێبوردەیی سزات دەدەم … ئەمڕۆش وا جارێکی تر دەمەوێ وانەیەکی تری لێبوردەییت بدەمێ لە سەری ساڵی نوێدا لە دەرگات دەدەم ئەم نامەیەو چەپکێک گوڵ و کتێب و گۆڤارت پێشکەش دەکەم , هەتا بەخۆتدا بچیتەوەو کەمێک بیربکەیتەوەو بزانیت دراوسێکانت سەرقاڵی چین وتۆش خەریکی چی کارێکی ناپەسەندیت ? تۆ دەبێ بزانیت کێت و دەبێت لەگەڵ دراوسێکانت چۆن هەڵسوکەوت بکەیت . دەبێت بزانیت ئەمە رێگە پیشاندانێکی باشە بۆتۆ . ئەمە هەم پیرۆزبایی ساڵی نوێیە بۆت و هەم دوا دەرفەتیشتە بۆئەوەی وەک ریسوایەک خۆت لەزیندانی پۆلیس ولەبەردەم دادگا نەبینیت .

لەگەڵ رێزدا

تێبینی : رۆژی 30.12.2015 دیارییەکان گەیشتنە کەسی تاوانکار

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت