کامەران وریا قانع : یه‌كێتی و ده‌ستى دوو .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

له‌ دنیایی بازاردا هه‌موو جار كه‌رسته‌یه‌كى ده‌ستى دوو نرخه‌كه‌ى ئه‌وه‌نده‌ هه‌رزان ئه‌بێت , كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ى ئاماده‌یه‌ هه‌رزان فرۆشى بكات و هه‌ندێكجار هه‌ر له‌ كۆڵى بێته‌وه‌و نرخ لاى گرنگ نیه ‌.
ئه‌مرۆ هێزیكى وه‌ك یه‌كێتى نیشتمانی وایلێهاتووه‌ ، بووه‌ به‌ كه‌رسته‌یه‌كى ده‌ستى دوو , كه‌ زۆر هه‌رزان فرۆش كراوه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌وانه‌ى خۆیان به‌ خاوه‌نى ئه‌زانن . ئه‌وه‌ى یه‌کێتی ‌هه‌رزان نرخ كرد یاسایی بازار نه‌بوو , به‌ڵكو سیاسه‌تى هه‌رزان نرخی بوو , به‌رامبه‌ر هێزێكى وه‌ك پارتى .
ئاخر ئه‌م هێزه‌ له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ هیچى له‌ پارتى كه‌متر نیه‌ له‌ هێزى سه‌ربازیه‌وه‌ بیگره‌ بۆ توانایی دارایی بۆ پێگه‌ى جه‌ماوه‌رى و تاكو خه‌باتى شاخ , به‌لام كه‌ سه‌رنج ئه‌ده‌یت وه‌كو زۆربه‌ى ئه‌ندامه‌ پله‌ به‌رزه‌كانى ئه‌ڵێن پارتى هه‌موو شتێكى بۆ خۆیی بردوه‌ و ئه‌مانیشى له‌ بازارى سیاسه‌ت هه‌رزان كردوه‌ .
ئه‌وه‌ى ئه‌مرۆ ئه‌م هه‌موو قه‌یرانه‌ى دروست كردوه‌ پارتى نیه‌ به‌ ته‌نها به‌شێكى زۆریشى له‌سه‌ر یه‌كیه‌تیه‌ , به‌و جۆره‌ى كه‌ سه‌ركرده‌كانى ئه‌م حزبه‌ به‌ ئاشكرا دیاره‌ كه‌ كوردستانیان به‌ چه‌ند ملیۆن دۆلارێك به‌ پارتیان فرۆشتوه‌ , ده‌سه‌لاتیشیان داوه‌ به‌ پارتى به‌ دڵى خۆیی ئه‌م میلله‌ته‌ به‌ دار و به‌رد بكێشێت , ئه‌وه‌ى یه‌‌کێتی لێئاگادار نیه‌ ئه‌مرۆ كه‌ سه‌رچاوه‌كانى هێز زۆربه‌ى به‌لاى ئه‌ودا شكاوه‌ ، به‌ڵام هه‌موو مه‌ست بوون به‌و ته‌ماحه‌ بچوكه‌ى پارتى .
یه‌كێتی له‌ رووى په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ له‌ پارتى باشتره‌ , له‌ رووى سامانى سروشتیه‌وه‌ زۆنه‌كه‌ى ده‌وڵه‌مه‌ندتره‌ , له‌ رووى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ هێزه‌ كوردیه‌كان باكور و رۆژهه‌لات كه‌ ئه‌مرۆ چاوه‌روانى گه‌وره‌یان لێده‌كرێت باشتره‌ له‌ پارتى , له‌ رووى شه‌ڕى داعشه‌وه‌ داستانى گه‌وره‌یی كردوه‌ و … هتد .
ئیتر ئه‌بێت چ سحرێك بێت ئه‌م حزبه‌ ئه‌وه‌نده‌ ترسا بێت له‌ حزبێكى وه‌ك پارتى كه‌ به‌ بێ مه‌رج ته‌سلیمى هه‌موو سیاسەتێكى بووه ‌. چ نهێنیه‌كه‌ ئه‌م حزبه‌ ئه‌وه‌نده‌ خۆیی به‌ بچوك ئه‌بینێت ؟ ره‌نگه‌ سه‌ركرده‌كانى یه‌كێتی مانه‌وه‌ى خۆیان به‌ مانه‌وه‌ى باڵاده‌ستى پارتى له‌ كوردستان به‌ستبێته‌وه‌ ؟
یه‌كێتی له‌م رۆژەدا ته‌نها بنكه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كەى ته‌ندروست و باشه‌ ، ئه‌گینا سه‌ركرده‌كانى هه‌موو بوون به‌ ده‌ستى دوو و سێ و چواریى هه‌رزان فرۆش بۆ پارتی .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت