barzani-1

مەحمود ڕەزا : مەسعود بەرزانی بە چ سیفەتێ کۆبونەوە ئەکا ؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمڕو مەسعود بەرزانیی سەرۆکی پارتی ، نوێنەری کونسوڵگەری و نوێنەرایەتیەکانی بێگانەی لە هەولێر کۆ کردەوە و قسەی بۆ کردن .
میدیای حیزبەکەی بەرزانی وا باسی کۆبونەوەکەیان کرد کە بەناوی سەرۆکی هەرێمەوە میوانەکان بانگ کراون و مەسعود بەرزانی باسی شەڕی داعش و پێوەندی نێوان هەولێر و بەغدا و هەلومەرجی سیاسیی هەرێمی بۆ کردون و ، گوایا پێی وتون : ماوەیەکی تر لەگەڵ حیزبەکانی کوردستان کۆ ئەبێتەوە .
لە راستیدا ئەم هەنگاوەی مەسعود بەرزانی لە چەند لاوە سەرسوڕهێنەرە :
٭ لە لایەکەوە ، چونکە ئەم کابرایە نەک سەرۆکی هەرێم نیە ، بەڵکو کەسێکی کودەتا چیە و خۆی و حیزبەکەی کودەتایان کردوە بە سەر شەرعیەت و ، دوای مردن یشی بێ ، شایەنی ئەوەیە لە سەر ئەم کودەتایەی کردویەتی ، بدرێ بە دادگا و سزای قانونی لە سەر وەر گرێ .
٭ لە لای دووەمەوە ، لە بەر ئەوەی حیزبەکەی خۆی هۆکاریی یەکەمی قەیرانە قوڵەکانی ناو هەرێم و نێوان هەرێم و بەغدا یە ، ئەتوانێ بێ کۆبونەوە کردن بەم خەڵکەش واز لە خووی شێواندنی بەردەوامی هەمو شتەکان بهێنێ و بڕێ لە قەیرانەکان خاو بکاتەوە .
٭ لە لای سێیەمەوە ، چونکە کونسوڵگەریەکان بە دیفاکتۆ مامەڵە لەگەڵ مەسعود بەرزانی ئەکەن ، ئەگینا ئەوان هەمویان ئەزانن ئەم کابرایە بە زەبری چەک و بە کودەتا لە سەر کورسی سەرۆکی هەرێم خۆی هێشتۆتەوە ، ئەگینا سەرۆکێکی نا شەرعیە .
رەنگە بۆ نوێنەرانی وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی ئیسلامی ئەم هەنگاوەی مەسعود بەرزانی ئاسایی بێ ، بەڵام بێ شک بۆ نوێنەرانی وڵاتانی ئەوروپا مایەی لاقرتی و پێکەنینە بە ئاوەز و روی ئەم کابرایە . چونکە بە گوێرەی زانیاری من ، یەکێتی ئەوروپا دەمێکە بە نوێنەری تایبەتی خۆیانا پەیامی ڕووبەڕوو یان داوە بە مەسعود بەرزانی کە یەکێتییەکە لە دوای 19 ی ئابەوە ئەو بە سەرۆکی هەرێم نازانن … ئەگەر تەعامولی لەگەڵ بکەن بە دیفاکتۆ لەگەڵی ئەکەن .
٭ لە هەموی عاجبایەتی تر ئەوەیە کە مەسعود بەرزانی چەند رۆژێ لەمەو بەر پەیامی بڵاو کردەوە و داوای کرد پۆستەکەی ئەو نە کرێ بە بیانو بۆ رێک نە کەوتن . لە سەر ئەم راستە رێیە ، سەرەتایی ترین هەنگاو مەسعود بەرزانی ئەبو بی نایە بۆ ئەوەی پۆستەکەی نە کرێ بە بیانو ، ئەوە بوو کە چی تر بە ناوی سەرۆکی هەرێمەوە نە جوڵێ و نە چالاکێ و بەو ناوەوە قسە نە کا .
ئەم کابرایە کە خۆی و گرێی پۆستەکەی و ئینقلابەکەی بە سەر شەرعیەتا بونەتە مایەی قوڵتر بونەوەی قەیرانەکان و ، ئەو خۆی بەشی هەرە گەورەی کێشەکانە ، بە نیازە بە چ ناوێکەوە لەگەڵ حیزبەکانی کوردستان کۆ ببێتەوە ؟
ئەگەر وەکو سەرۆکی پارتی بە نیازە ئەو هەنگاوە بنێ و ئەگەر ئامادەیە بە بێ بیانو و راوڕێوی هێنانەوە واز لە کورسیی داگیرکراوی سەرۆکی هەرێم بهێنێ و ئامادەیە چارەسەری قەیرانەکان بسپێرێتەوە بە تاکە دەزگای شەرعیی هەرێم ، پارلەمانی کوردستان ، ئەو کاتە هەقێتی شانازی بە خۆیەوە بکا کە ئەبێ بە کلیلی چارەسەری بەشێ لە قەیرانەکان .
لێ ، تا مەسعود بەرزانی و حیزبەکەی و بنەماڵەکەی ئامادە نەبن شوێنەوارەکانی خیانەتی 12 ی ئۆکتۆبەری 2015 بسڕنەوە ، دەرچونیان لەو تەڵەیەی خۆیانیان پێوە کروە ، خەونی زڕاوە .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت