دکتۆر جه‌بار قادر : چۆن دونیا ڕێگەیدا داعش ببێتە ئەم جانەوەرە ترسناکە ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بەشی یەکەم

ئەم پرسیارە بە هەزاران جار کراوە و سەدان کۆڕ و کۆبوونەوەی لە وڵاتانی دونیا بۆ ڕێکخراوە . سەدان کتێبیش لە بارەی داعشەوە بە زمانە جیاوازەکانی دونیا بڵاوکراونەتەوە . هەموو لایەکیش لە هەوڵی ئەوەدایە لەم مەتەڵە تێبگات : چۆن گروپگەلێکی سەرلێشێواوی بچووک توانیویانە ببنە ڕێکخراوێکی ترسناکی خاوەن سوپایەکی دەیان هەزار چەکداری دڕندەو هەزاران خۆکوژ ، کە بە کردەوە بێبەزییەکانیان ترس و نیگەرانیان لە سەرانسەری دونیادا لە دڵی مرۆڤەکاندا چاندووە ؟. وا پێدەچێ هێشتا خەڵک دڵی ئاو ناخواتەوە بەو باس و خواسانەی لە بارەی داعشەوە دەکرێن چونکە زۆربەیان بەتایبەتی لەو دەڤەرەی ئێمە لە چوارچێوەی لێکدانەوە و بۆچوون ، نەک زانیاری و فاکتی باوەڕ پێکراو دەخولێنەوە . ڕەنگبێ بۆ دەمێکی دوور و درێژ نهێنییەکانی سەرهەڵدان و هەڵکشانی بەرەو سەرەوەی داعش و هاوپەیمانییە ناپیرۆزەکانی لە گەڵ دەزگاکانی هەواڵگری دەوڵەتانی هەرێمەکە و دونیا لە دۆسێ نهێنییەکانی ئەو دەزگایانەدا بە شاراوەیی بمێننەوە ، ئەمە ئەگەر بۆ هەمیشە لە بەین نەبرێن . لە دونیای ئەمڕۆدا خەڵکێکی کەم کاتی ئەوەیان هەیە ئەو کتێب و توێژینەوانە بخوێننەوە کە لە بارەی داعشەوە بڵاسودەکرێنەوە . ئەوانەش زۆر نین گوێ لەو هەموو باس و خواستانە بگرن کە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە لە بارەی داعشەوە دەخرێنە ڕوو . بۆ ئەوانەی کاتی خوێندنەوەی ئەم هەموو لێکدانەوە و کتێبانەیان نیە و دەشیانەوێ لەم پرسە تێبگەن ڕۆژنامەنووسێکی هٶڵەندی ، بە ڕەچەڵەک عەرەبی ، پێشنیاری سەیرکردنی فلیمی ڕێوڕەسمی ڕەش دەکات ( (The Black Mass، کە فیلمێکی ئەمریکییە و لە ساڵی ٢٠١٥ لە سینەماکان پیشاندرا . فلیمەکە نموونەیەکی زەقی هاوکاری و هاوپەیمانی ناپیرۆزی نێوان ڕێکخراوی تاوانکاری و دەزگای هەواڵگری و سیخوڕی پیشان ئەدات . ئەم فیلمە بە بۆچوونی ئەو ڕۆژنامەنووسە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی سەرهەڵدان و هەڵکشانی داعش و پەیوەندییە نهێنییەکانی مایەی سەرنج و تێڕامانە ، بۆیە لێرەدا ئەگەر بە کورتیش بێت دەبێ هەندێ باسی لێوە بکەین .
ئەم فلیمە بەسەرهاتی ڕاستەقینەی تاوانکارێکی ئەمریکی بە ڕەچەڵەک ئایرلەندی بە نێوی جەیمس یا وایتی بەڵگەر Whitey Bulger دەگێڕێتەوە . بەڵگەر تا بڵێی کابرایەکی بێبەزەیی و دڵڕەقە ، سەرپەرشتی گروپێکی تاوانکاری ئایرلەندی ئەمریکی دەکات لە باشوری بۆستن بە نێوی Winter Hill Gang. فلیمەکە لە دەرهێنانی سکۆت کوپەرە Scott Cooper . چیرۆکی فلیمەکە لە سەر بنەمای ڕۆمانێکە بە ناونیشانی ( ڕێوڕەسمی ڕەش : چیرۆکی ڕاستەقینەی هاوپەیمانییەکی ناپیرۆز لە نێوان بیرۆی لێکۆڵینەوەی فیدیرالی و گروپی تاوانکاری ئایرلەندی ) ، ( Black Mass : The True Story of an unholy Alliance Between the FBI and the Irish Mob) ، کە لە ساڵی ٢٠٠١ لە لایەن دیک لێر و جیرارد ئۆنێڵەوە بڵاوکراوەتەوە .
وایتی بەڵگەر لە ساڵی ١٩٢٩ هاتۆتە دونیاوە و نێوە ئەسڵییەکەی جەیمسە ، بەڵام لەبەر سپێتی پێستی کابرایەک بە وایتی بانگی کردووە و ئیدی ئەو ناوەی بەسەرا دابڕاوە . وایتی بە وردە تاوانی وەک : دزی ، شەڕفرۆشی و سەرەڕۆیی کاروانی تاوانکاری خۆی دەسپێدەکات . چەند جارێک دەگیرێت و دەخرێتە زیندانەوە . لە گەڵ هەڵکشانی تەمەنیدا تاوانی گەورەتر و ترسناکتر ئەنجام دەدات . کوشتنی ڕکەبەران ، بازرگانی کردن بە مادەی هۆشبەرەوە ، پارە سپیکردنەوە ، دزی ، خەڵک ڕووتکردنەوە و خاوە وەرگرتن بەشێک بوون لە لیستی دوور و درێژی تاوانەکانی بەڵگەر . برایەکی بەڵگەر بە نێوی ولیەم سەرۆکی پێشووی سیناتی ماساچوستس بووە . دوای دەیان ساڵ لە تاوانکاری لە کۆتاییدا لە ٢٢ حوزەیرانی ٢٠١١ و لە تەمەنی ٨١ ساڵیدا دەستگیر کرا ، هەرچەندە دەمێکی دوور و درێژ بوو لە سەر لیستی تاوانکارە هەرە داواکراوەکانی ئێف بی ئای ((FBI بوو . لە ساڵی ٢٠١٣ بە دوو جار سزای هەتا هەتایی لە دادگا سزا درا . لە ماوەی زیاتر لە شەست ساڵ تاوانکاریدا چەندین ناوی هەبووە وه‌ک : تۆماس ف . باکسته‌ر ، تۆم هاریس ، تۆم به‌ڵگه‌ر ، مارک شه‌یپتۆن ، تۆماس مارشاڵ و چاڕلس گاسکۆ‌ و … هتد . له‌ دادگا به‌ کوشتنی 19 که‌س و به‌شێک له‌و تاوانانه‌ی که‌ ئاماژه‌مان پێکردن تۆمه‌تبار کرا .
تا ئێره‌ فیلمه‌که‌ جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆی له‌ گه‌ڵ سه‌دان و بگره‌ هه‌زاران فیلمی تاوانکاری دیکه‌دا نییه‌ که‌ بینه‌ران له‌ سه‌رانسه‌ری دونیا له‌ سینه‌ماکان و سه‌دان که‌نالی ته‌له‌فزیۆنیدا سه‌یریان ده‌که‌ن . ئه‌وه‌ی فلیمه‌که‌ جیا ده‌کاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م به‌ڵگه‌ره‌ی، ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ له‌ سه‌ر لیستی تاوانکارانی هه‌ره‌ داواکراوی ئێف بێ ئای بووه‌ ، زیاتر له‌ سی ساڵ هاوکار و سیخوڕی ئه‌‌و ده‌زگایه‌ بووه‌ ، له‌ دژی دوژمنێکی هاوبه‌ش که‌ گروپێکی مافیایی ئیتالی بوو له‌ باشوری بۆستن و به Patriarca Crime Family ده‌ناسرا .
به‌ڵگه‌ر تا بڵێی تاوانکار و چه‌ته‌یه‌کی بێبه‌زه‌یی و به‌دڕه‌وشت و بێ پرینسپ بوو ، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کاتێ جۆن کۆلۆنی ، کارمه‌ندی ئێف بی ئای ، هاوڕێی سه‌رده‌می هه‌رزه‌کاری ولاوێتی وایتی و ولیه‌می برای ، دوای لێده‌کات ببێته‌ پیاوی ئێف بی ئای ، له‌ دوای بێنه‌ و به‌ره‌یه‌کی زۆر به‌ڵگه‌ر قایل ده‌بێت ، به‌ڵام به‌ یه‌ک مه‌رج ، ئه‌ویش ئه‌وه‌ بوو که‌ له‌ دژی سوپای کۆماری ئایرله‌ندی (IRA) ، هاوکاری ئێف بی ئای ناکات . به‌ڵگه‌رێکی تاوانکار و بێ ئاکار ، که‌ ته‌نها به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک ئایرله‌ندی بوو‌ و چه‌ند پشتێکی له‌ ئه‌مریکا هاتبوونه‌ دونیاوه‌ ، ئاماده‌ نه‌بووه‌ له‌ دژی ڕێکخراوێکی توند و تیژی ئایرله‌ندی که‌ له‌ دژی بریتانیا له‌ جه‌نگدا بوو هاوکاری ده‌زگا سیخوڕییه‌کان بکات . به‌راوردکردنی‌ هه‌ڵوێستی ئه‌م تاوانکاره‌ له‌ گه‌ڵ هه‌ڵس و که‌وتی ده‌یان هه‌زار جاشی کورد ، کۆنه‌ به‌عسی ، پیاوی ئێران ، پاسه‌وانانی گوند ( کوێی قوڕوچیله‌ر ) له‌ باکوری کوردستان ، هه‌زاران سیخوڕی ئاشکرا و ژێر به‌ ژێری ئه‌م ده‌وڵه‌ت و ئه‌و ده‌وڵه‌ت و هاوبیرانی وه‌هابی ، حه‌شدی شه‌عبی ، قه‌ته‌ر ، ئاکه‌په‌ و تا کۆتایی لیسته‌که ، مرۆڤ تووشی شه‌رمه‌زاری ده‌کات‌ .
به‌ڵگه‌ر له‌ به‌رامبه‌ر هاوکاریکردنی ئێف بی ئای گفتی ئه‌وه‌ی ده‌درێتێ چاو له‌ چالاکی و تاوانه‌کانی بپۆشرێ ، به‌ مه‌رجی ئه‌وه‌ی سنووری خۆی نه‌به‌زێنێت . پرسی مانه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی سنووردا له‌م جۆره‌ هاوپه‌یمانیانه‌ زۆر گرنگه‌ و ده‌بێ دوو سێ خه‌تی به‌ژێردا بێنین ، چونکه‌ له‌ کێشه‌ی هه‌ڵکشان و به‌دێوه‌زمه ‌بوونی داعشدا ڕۆڵێکی گه‌وره‌ دهگێڕێت . هاوکاری و هاوپه‌یمانی داعش له‌ گه‌ڵ ده‌وڵه‌تان و ده‌زگاکانی هه‌واڵگریدا له‌م باره‌وه‌ که‌ره‌سته‌ی ده‌یان فلیمی له‌م جۆره‌ ده‌خه‌نه‌ به‌ر ده‌ستی ده‌رهێنه‌ران .
ئێف بی ئای به‌ هاوکاری به‌ڵگه‌ر و هاوپه‌یمانی له‌ گه‌ڵ ئه‌ودا مافیا ئیتاڵییه‌که‌ی بۆستن هه‌ڵده‌ته‌کێنێ و له‌ به‌ینی ده‌بات . کێشه‌ی تاوانکاری له‌ بۆستن به‌مه‌ نه‌ک کۆتایی نه‌هات ، به‌ڵکو ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ ئاڵۆزتر ده‌بوو و به‌ڵگه‌ر گۆڕه‌پانی چالاکییه‌کانی فراوانتر ده‌کرد و تاوانی ترسناکتری ئه‌نجام ده‌دا ، واتا ئه‌و هه‌موو سنوورانه‌ی ‌به‌زاند که‌ بۆی دیاری کرابوون . ئه‌و مافیاییه‌ی که‌ ڕێگر بوو له‌ به‌رده‌م دامه‌زراندنی ئیمپراتۆرییه‌ تاوانکارییه‌که‌ی به‌ڵگه‌ر له‌ ئارادا نه‌ما و چاوپۆشی ئێف بی ئایش باشترین هه‌ل بوو بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ر ببێت به‌و جانه‌وه‌ره‌ ترسناکه‌ . به‌ڵگه‌ر بوو به‌ مه‌ترسی له‌ سه‌ر خودی ئێف بی ئایش و له‌ کۆتاییدا ئه‌و ده‌زگایه‌ ناچار بوو به‌ڵگه‌ر ده‌سگیر بکات و له‌ زیندانی قایم بکات . له‌ کاتی دادگایی کردنی یه‌کێک له‌ هاوکاره‌ نزیکه‌کانی به‌ڵگه‌ردا ، داواکاری گشتی داوای لێده‌کات ئه‌وه‌ی بۆ ڕوون بکاته‌وه‌ ، چۆن به‌ڵگه‌ر له‌ تاوانکارێکی بچوکه‌وه‌ به‌و شێوه‌ سه‌یره‌ بوو به‌ خاوه‌ن ئیمپراتۆرییه‌کی تاوانکاری له‌ باشوری بۆستن . له‌ وه‌ڵامدا پیاوه‌که‌ی به‌ڵگه‌ر پێیان ڕاده‌گه‌یه‌نێ که‌ ئه‌و پێی سه‌یره‌ ئه‌وان ، واتا ده‌زگاکانی قانون و دژه ‌تاوان ، له‌وه‌ تێنه‌گه‌یشتوون که‌ به‌ڵگه‌ر له‌ ده‌سپێکدا ته‌نها یاریکه‌رێکی بچووک بوو و به‌ ته‌نها له‌ باشوری بۆستن ته‌راتێنی ده‌کرد ، ئه‌و گه‌نجێکی توند و تیژ بوو ، به‌ڵام بچووک بوو. له‌ ناکاو ته‌ونێکی ئاڵۆزی له‌ تاوانکاران دروست کرد و به‌ دادوه‌ر ده‌ڵێ : ده‌ته‌وێ بزانی ئه‌وه‌ چۆن ڕوویدا ؟ ئه‌وه‌ ده‌بێت له‌ پیاوه‌که‌ی ئێف بی ئای بپرسیت چۆن ڕیه‌گه‌یان دا ئه‌وه‌ ڕوو بدات .
حه‌په‌سان و په‌شۆکانی ده‌وڵه‌تان و بڕیاربه‌ده‌ستان و گه‌لانی دونیا له‌ به‌رامبه‌ر سه‌رهه‌ڵدان و هه‌ڵکشانی به‌ تاو و له‌ ناکاوی داعش له‌ عیراق و سوریا و گه‌شه‌کردنی تا بوو به‌و دێوه‌زمه‌ ترسناکه‌ له‌ سه‌ر دونیا له‌ حه‌په‌سان و په‌شۆکانی ئه‌و داواکاره‌ گشتییه‌ ئه‌مریکییه‌ ده‌چێت که‌ ئه‌و پرسیاره‌ی ئاڕاسته‌ی هاوکاره‌که‌ی به‌ڵگه‌ر ‌کرد . لێره‌وه‌ کۆمه‌ڵێ پرسیار‌ خۆیان ده‌سه‌پێنن : ئه‌وه‌ چۆن بوو ڕێگه‌ درا داعش ببێته‌ ئه‌م دێوه‌زمه‌ و جانه‌وه‌ره‌ ترسناکه‌ ؟، له‌ به‌رژه‌وه‌ندی کێدا بوو ئه‌م گروپه‌ چه‌تانه‌ به‌و شیوه‌یه‌ گه‌شه‌ بکه‌ن و ببنه‌ ئه‌م سوپا تاوانکاره‌ به‌هێزه‌‌ ؟، کێ داعش له‌ دژی کێ به‌کار دێنێ ؟، ئه‌ی چۆن بوو، وا له‌ ده‌ست ده‌رچوو و له‌ هه‌موو لایه‌ک هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه‌ ؟.
زۆر جار ده‌وترێت که‌س ناتوانێ به‌ گروپه‌ ئیسلامییه‌کان یاری بکات ، ئه‌وه‌ ئه‌وانن یاری به‌ هه‌موو لایه‌ک ده‌که‌ن و چاوه‌ڕێی چرکه‌ی گونجاو ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان ده‌ربخه‌ن و پلانه‌کانیان بخه‌نه‌ وار ژیانه‌وه‌ .

کەرەستەکانی داعش لە عیراق و سووریا :
لە١١ دیسەمبەری ٢٠١٥ ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕاپۆرتێکی گرنگی بڵاوکردەوە ئەو بۆچوونەی پشت ڕاست کردەوە ، کە پیاوانی بەعس لە سوپای پێشوو ، دەزگاکانی هەواڵگری بە هەموو لق و پۆپەکانێوە ، بڕبڕەی پشتی سوپاکەی داعش پێکدێنن ، هەرچی پیداویستی لۆجیستی هەیە بۆی دابین دەکەن ، پلانی سەربازی بۆ دادەڕێژن و ئەرکی هەواڵگری بۆ ئەنجام دەدەن . ئەمانە ئەزموونی دەوڵەمەندی خۆیان لە تاوانکاری و شەڕ و وێرانکاری چل ساڵی ڕابردوویان خستووەتە خزمەتی ئەم ڕێکخراوەوە . لە هەندێ لەو فیلم و کەرەستە میدیایانەی داعش پەیتا پەیتا بڵاویان دەکاتەوە دەستەواژەکانی بەعس بە تایبەتی لە دژی کورد بە زەقی بە گوتاری داعشەوە دیارە . لە هەمان کاتدا داعش ئەزموونەکانی بەعس لە گۆڕی بەکۆمەڵ ، خەڵک سەربڕین ، خاپۆرکردنی گوند ، تاڵانکردنی ماڵ و سامانی خەڵک ، بە کەنیزەکردنی ژنانی کورد ، هەوڵی پاکتاوکردنی ڕەگەزی لە دژی کورد لە زۆر شوێن و تەنانەت سیاسەتی بەعەرەبکردنی ناوچە کوردییەکان بە بێ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ دووبارە دەکاتەوە .
مەبەستی ئەم نووسینە لێکدانەوەی مێژووی بزووتنەوە ئیسلامییەکان و شێوازی کارکردنیان نیە ، چونکە ئەوە بابەتی توێژینەوەی زانستی هەمەلایەنەیە . ئەوەی لێرەدا مەبەستە ئاماژەکردنە بە کەرەستە سەرەکییە ئامادەکانی سەرهەڵدان و گەشەکردنی داعش لە عێراق و دوای ئەویش لە سوریا ، کە لە بەردەستدا بوون و گەڕان و کارێکی زۆری نەدەویست بۆ ئەوەی بخرێنە گەڕ و کاروانی پڕ لە تاوانی داعشی پێ بەڕێ بخرێ .
لە سەر ئاستی بنەمای فکری و هزری توندڕەوەیی ئاینی دونیایەک نووسین، کەنالی تەلەفزیۆنی ، گوتاری ئاینی ، ناوەندی خوێندن و ڕاهێنان لە عەرەبستانی سعودیە ، وڵاتانی کەنداو ، میسر ، پاکستان و زۆر وڵاتی دیکە لە بەردەستدان و هەمیشە چاوەڕوانی ئەوەن کەسانێک پەیدا بن و لە سەر ئەرزی واقیع کاریان پێ بکات . ئەو چرکە ساتەی هەموو لایەک لە چاوەڕوانیدا بوون هاتنی سوپای ئەمریکا و لە نێوبردنی ڕژێمی بەعس بوو لە عیراق .
لە لایەکەوە سوننەکانی عیراق ئامادە نەبوون دان بەو گۆڕانەدا بنێن و بەوە قایل بن کە بەشێکی دەسەڵاتیان بەردەکەوێت ، نەک هەموو دەسەڵات . لە لایەکی دیکەوە سوپایەکی گەورەی ئەندامانی بەعس ، ئەفسەرانی سوپای پێشوو و پیاوانی ئەمن و دەزگای هەواڵگری لە ئەنجامی تێکشکانی ڕژێم و هەڵهاتنی سەکردەکانیان بێ کار و دەسەڵات مابوونەوە و ترسی ئەوەیان هەبوو کاربەدەستانی نوێ تۆڵەی کۆن و نوێیان لێبکەنەوە . ئەمانە ئەو تٶڕە ڕێکخراوەییە ئامادەیە بوو کە هەموو ڕێکخراوە توندڕەوەکان لە ماوەی دوازدە ساڵی ڕابردوودا پشتیان پێ دەبەست . ژمارەیەکی زۆر لە مانە ئەزموون و شارەزاییەکی زۆری سەربازییان پەیدا کردبوو لە شەڕەکانی عیراق لە دژی کورد ، شەڕی ئێران و عیراق ، شەڕی ئازادکردنی کوەیت ، دامرکاندنی ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ و دوا شەڕی ڕژێم لە ٢٠٠٣ کە تێیدا سەری تێدا چوو . بە وتەیەکی دیکە ژێرخانێکی ڕێکخراوەیی حیزبی بەعس و شارەزایی ئەفسەران و سەربازانی سوپای پێشووی عیراق لە ناوچەیەکی فراوانی سوننەنشیندا ، کە بە درێژایی مێژووی عیراق شەر بە خۆوە لە سەر خاکەکەی نەدیبوو ، ئەو گەنجینەیە بوو کە هەموو ڕێکخراوێک خەونی پێوە دەبینێ . گەوجی ، نەزانی و چاوچنۆکی زۆربەی هەرە زۆری کاربەدەستانی نوێی عیراق گەورەترین خزمەتیان بەم ڕێکخراوە کرد بۆ ئەوەی لەو ناوچە فراوانە باڵا دەست و خاوەن دوا بڕیار بێت . بۆ چەک و تەقەمەنیش ئەم ڕێکخراوانە پەکیان نەکەوت . لە ڕێگەی ئەفسەرانی سوپاوە زۆربەی هەرە زۆری ئەو چەکانەیان دەسکەوت کە ڕژێمی سەدام و پیاوە دڵسۆزەکانی لە نێو ماڵان و دەزگاکانی دەوڵەت و لە ژێر زەویدا شاردبوویانەوە ، ئەمە بێجگە لەوەی لە ڕێگەی سوپای نوێی عیراقەوە بە دەستیان دەهێنا یا لە بازاڕی ڕەشی عیراق و هەرێمەکە و دونیا دەیانکڕی ..
لە سەر ئاستی دارایش لە تەک ئەو پارانەی لە لای هەندێ لە کاربەدەستانی باڵای بەعس بوون و خرابوونە خزمەتی ئەم ڕێکخراوانەوە، پارەیەکی زۆر لە وڵاتانی کەنداو بە ناوی پشتگیری لە هێزە عیراقییەکانی دژ بە داگیرکاری ئەمریکی کۆدەکرانەوە و دەگەیشتنە دەستی ئەم ڕێکخراوانە. پارەیەکی زۆر لە هاتوچۆدا بوو و زۆربەی وڵاتان لە بەر هۆی جیاواز چاوپۆشییان لێدەکرد. تەنانەت وەزارەتی دارایی ئەمریکا نیگەرانی خۆی لەم بارەیەوە دەربڕیبوو، بەڵام تا کار لە کار نەترازا کەس گوێی بەم پرسە نەدا . لە شارە سوننەکاندا خەڵکێکی زۆر بە خۆبەخشی یا بە ناچاری پارەیەکی زۆریان بەو ڕێکخراوانە دەدا . کۆمەڵی دۆست و برادەر لە زانکۆی مووسڵ پێیان ڕادەگەیاندم کە هەموو خاوەن پیشە و کارێک لە مووسڵ ناچارە پارە بەو ڕێکخراوانە بدات ، دەیان چیرۆکیان بۆ گێڕاومەتەوە کە چۆن پارە لە دکتۆر، بازرگان ، خاوەن دەرمانخانە و هەموو پیشەکارێک وەرگیراوە و چۆن ئەوەی ئامادە نەبووبێ پارەیان بداتێ ڕفێنراوە و لە بەرامبەر پارەیەکی زۆردا ئازاد کراوە ، یا بە خوێن ساردی کوژراوە . کەس لە ئێمە نیە چیرۆکی دەیان و بگرە سەدان کەسی نەبیستبێ کە لە کاتی خۆیدا و تا ئێستاش دەڕفێندرێن و بەرامبەر بە پارەیەکی زۆر ئازاد دەکرێن ، یا دوای پارە دانیش بە کوژراوی و سەربڕاوی دەبینرێنەوە . ئەم ڕێکخراوانە لە بواری خۆخزاندنە نێو دەزگا ئەمنی و سەربازییە نوێکان عیراقیش دوانەکەوتوون و سەدان کردەوەیان لە نێو ئەو دەزگایانەوە ئەنجام داوە و بە هەزاران زیندانیان بەڕەڵا کردووە و بە سەدان و بەگرە هەزاران ئەفسەر و بەرپرسیان کڕیوە .
سیاسەتی ڕاگەیاندراوی ئەمێریکا لە بارەی پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دیموکراتیزەکردنی وڵاتەکانی و ئەوەی گوایە ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام تەنها دەسپێکێکە بۆ ڕاماڵێنی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکانی ناوچەکە، ترسی خستە دڵی هەموو دەوڵەتانی ناوچەکەوە و هاری کردنە گێان ئەمێریکا . ئەمانە کەوتنە خۆیان بۆ ئەوەی سوپای ئەمریکا لە زڵکاوی عیراقدا نغرۆ بکەن و وا لە ئەمێریکا بکەن جارێکی دیکە بیر لە کارێکی لەو جۆرە نەکاتەوە کە لە عیراق ئەنجامیدا . مایەی تێڕامانە کە تەنها نەیارانی ئەمێریکا نەکەوتنە گیانی سوپاکەی لە عیراق ، بەڵکو هاوپەیمانانی دێرێنیشی لە ناوچەکە هیچ سڵیان لەوە نەکردوەو هەرچیان پێدەکرێت درێغی نەکەن بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە . لێرەوە سیاسەتی هاوکاریکردنی دارایی عەرەبستانی سعودی ، وڵاتانی تری کەنداو ، سەدان ڕێکخراوی بە نێو خێرخوازی و سەدان هەزار پارەداری موسوڵمان لە سەرانسەری جیهان بۆ بەرهەڵستکارانی داگیرکاری ئەمریکا لە عیراق ، کە لە بنەڕەتدا بریتی بوون لە توندڕەوە سوننەکان بە کۆنە بەعسی ، پیاوانی دەزگای هەواڵگری و ئەفسەرانی سوپاکەی سەدام حوسێنەوە ، ڕۆلی گەورەی گێڕا لە دابینکردنی بەشێکی گرنگ لە پێداویستییە داراییەکانی داعش و لق و پۆپەکانی قاعیدە لە عیراق .
لە تەک ئەم هاوکارییە داراییە زۆرەدا ، هاوردەکردنی شەڕکەرانی بیانیش کە ئامادە بوون خۆیان لە دژی سوپای ئەمریکا و هاوپەیمانە عیراقییەکانیان بتەقێننەوە دەستی پێکرد . پێکهاتەی بۆمبە مرۆییەکان ئەوە دەردەخات کە بەدەگمەن وڵاتی موسوڵمان هەیە خەڵکی وەهای لێوە نەهاتبێ بۆ عیراق و لە دواییشدا بۆ سوریا . لەم بوارەدا وڵاتانی عەرەبی بە سەرۆکایەتی عەرەبستانی سعودی پێشەنگ بوون . ڕژێمی ئەسەد ، کە زەندەقی چووبوو لە هەڕەشەکانی ئەمریکا ، دەستی کرد بە یاریکردن بەم بۆمبانە کە لە دواییا بە خۆی و ڕژێمەکەیدا تەقینەوە . ئەسەدی عەلەوی و عەلمانی سوریای کرد بە ڕێڕەوی سەرەکی ئەو تیرۆریستانە بۆ ئەوەی بگەن بە عیراق . لە گەشتەکانیاندا بۆ ” گۆڕەپانی جیهاد ” تۆڕێکی فراوانیان لە عەرەبە سوننەکانی سوریا دروست کرد و دوای چەند ساڵێک ئەو تۆڕە بۆیان بوو بەو ژێرخانەی پێویستیان بوو بۆ ئەوەی لە ڕژێمی ئەسەد هەڵبگەڕێنەوە . لە هاوپەیمانییەکانیدا داعش و دەوڵەتانی ناوچەکە تا بڵێی پراگماتین و گوێ بە ناکۆکییە ئایدیۆلۆژی و ئاینی و مەزەبییەکانیان نادەن . بینیمان داعش هاوپەیمانی لە گەڵ هێزگەلی عەلمانی و شیعە دەکرد بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی . ئەم بۆمبە مرۆییانە گەنجینییەکی لەبن نەهاتوو بوون بۆ داعش بۆ چاندنی ترس و تۆقاندن لە دڵی نەیارانیدا .
ڕووکردنە عیراق و سوریا و گۆڕەپانەکانی دیکەی “جیهاد ” و دەرچوونی ئەم گەنجە توندڕەوە سەرکێشانە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و گەلێ وڵاتی تر ، وا لێکئەدرایەوە کە لە کەسانێک ڕزگاریان دەبێت مەترسین لە سەر ئاسایشی نیشتمانیان . مردنیان لەو گۆڕەپانانە ڕزگار بوونە لێیان بێ ئەوەی ئەم دەوڵەتانە شتێکیان بەرامبەریان کردبێ . ئەمانە وەکو بۆمبێکی نراوە بوون ، نەدەزانرا کەی دەتەقێتەوە و بەکێدا دەتەقێنەوە . سەدان بەڵگە و زانیاری لە بەردەستدان کە باس لەوە دەکەن چۆن ئەو وڵاتانە و دەزگا هەواڵگرییەکانیان ڕێگەیان خۆش دەکرد بۆ ئەم گەنجانە بۆ ئەوەی بەبێ کۆسپ و تەگەرە ئەو وڵاتانە بەجێبێڵن و ڕوو لە گۆڕەپانەکانی چالاکیی گروپە تیرۆریستەکان بکەن . چاوپۆشییان لە دەرچوونیان کردووە و لەمپەریان لە بەردەمیان دروست نەکردووە . ئەوان وایان لێکداوەتەوە ، مادام لەوێ و لە دژی ڕژێمی ئەسەدن ، واتا لە سنووری دیاریکراودا شەڕ دەکەن و لە خۆیانەوە دوورن ، بۆیە پێویست ناکات ئەمان نیگەران بن . ئەمان لە مەدا بەهەڵەدا چووبوون ، چونکە داعش لە هاوپەیمانێتی تاکتیکی و چاوپۆشی ئەوان کەڵکی وەرگرت و بوو بە دێوەزمە و دواتر لێیان هەڵگەڕایەوە و بوو بە مەترسییەکی گەورە بۆ هەموو لایەک . هەر وەکو چیرۆکی فیلمی ڕێوڕەسمی ڕەش کە تاوانکارەکە نەک هەر لە دەستی ئێف بی ئای دەرچوو ، بەڵکو بوو بە مەترسیش بۆ سەر خودی ئەو دەزگایە .
پسپۆرانی ڕۆژئاوایی لە بواری تیرۆریزمدا ئاماژە بەوە دەکەن ، کە لە گەڵ گروپە توندڕەوەکانی عیراق و سوریادا هەمان چیرۆکی موجاهیدینی ئەفغانستان ، کە لە دژی سۆڤیەت شەڕیان دەکرد و لە هەناویانەوە قاعیدە و تاڵیبان لە دایکبوون ، دووبارە کراویەوە . کەسانێ باسی ئەمە دەکەن کە خۆیان بە فەرمانی دەزگای هەواڵگری بریتانیا ، هەواڵگری سەربازی- بەشی ٦ ناسراو بە MI6 ئەو کارەیان کردووە . یەکێ لەوانە کە نێوی ئەلەستەیر کرۆکە دەڵێت ئەوانەی لێرەدا ڕۆڵی کارمەندەکەی ئێف بی ئای دەبینن، بریتین لە وڵاتە عەرەبییەکانی کەنداو و تورکیا لە گەڵ چاوپۆشی وڵاتانی ڕۆژئاوادا . کرۆک بۆ خۆی لە کۆتایی حەفتاکان لایەن دەزگای هەواڵگری بریتانیاوە نێردرا بۆ ئەفغانستان بۆ ئەوەی پەیوەندی لە گەڵ موجاهیدەکان دروست بکات . ئەو کاتە ئەوان لە دژی سوپای داگیرکەری یەکێتی سۆڤیەت شەڕیان دەکرد . لە کۆتاییدا سوپای سۆڤیەتیان ناچار کرد بکشێتەوە ، بەڵام گروپە توندڕەوەکان بۆ خۆیان بوون بە کێشە و مەترسی کە ئێستا نەک تەنها ئەفغانستان و پاکستان گیرۆدەی دەستیان بوونە ، بەڵکو لە عیراق ، سوریا ، یەمەن ، لیبیا ، میسر و گەلێ وڵاتی دیکەی ناوچەکە ڕۆژانە کارەسات دەخولقێنن و بوونەتە هەڕەشەش لە سەر ئارامی و ئاسایشی دونیا . لێرەشدا دیسان ڕکابەرەکە لە نێوبرا، بەڵام بۆ خۆی بوو بە کێشە و سنوورەکانی بەزاند .
ئه‌وانه‌ی له‌م بواره‌دا خاوه‌ن ئه‌زموونی ده‌وڵه‌مه‌ندن چ له‌ کارکردنیان له‌ گه‌ڵ ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌کان و زانیاری کۆکردنه‌وه‌ له‌ باره‌ی ئه‌م جۆره‌ ڕێکخراوانه‌وه ، چ ئه‌وانه‌شی که‌ ساڵه‌های ساڵه‌ خه‌ریکی توێژینه‌وه‌ و به‌دواداچوونن له‌ باره‌یانه‌وه‌ ، هاوبیرن له‌ شتێکدا ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ،‌ که‌ هه‌موو گروپێکی تیرۆریستی ده‌وڵه‌تێکی له‌ پشته‌وه‌یه‌ . ئه‌م شاره‌زایانه‌ پێیان وایه‌ هیچ ڕێکخراوێکی تیرۆریستی به‌ بێ پشتگیری ده‌وڵه‌تێک یا زیاتر ناتوانی کرده‌وه‌ی ترسناک و گه‌وره‌ ئه‌نجام بدات . داعش نه‌ک ده‌وڵه‌تێک به‌لکو ده‌رزه‌نێک ده‌وڵه‌تی له‌ پشته‌وه‌یه . هه‌ر ئه‌و کرۆکه‌ ئه‌مه‌ ده‌ڵێت و بەرپرسی پێشووی MI6 یش ریچارد دیرلۆڤ ساڵی پار لە کۆڕێکدا بۆ تینکتانکی بریتانی RUSI ، ڕایگەیاند کە قەت نەدەکرا دەوڵەتی ئیسلامی وا گەورە ببوایە بە بێ یارمەتی دەرەکی . بە وتەی ئەو ئەم جۆرە شتانە هەر وا لە خۆیانەوە ڕوونادەن .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت