دکتۆر جەبار قادر :   چەندێ لەو باسانەی لە بارەی سایکس ــ پیکۆوە دەکرێن دروستن ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لە ئایاری ٢٠١٦ سەدەیەکی تەواو بە سەر مۆرکردنی ڕێکەوتننامەی سایکس ــ پیکۆدا تێدەپەڕێت . ئەم ڕێکەوتننامەیە   لە بارەی دابەشکردنی میراتە ئاسیاییەکانی دەوڵەتی عوسمانییەوە بوو . لەم ساڵانەی دواییدا باس و خواسێکی زۆر لە بارەی سایکس ــ پیکۆوە دەکرێن ، کە بەشێکی زۆریان لە گەڵ ڕاستییەکانی مێژوودا یەك ناگرنەوە . هەندێ کەس باس لە هەڵوەشاندنەوەی سنوورەکانی سایکس ــ پیکۆ دەکەن وەکو ئەوەی بەندەکانی لە کاتی خۆیدا جێبەجێ کرابن و واشی لێکدەدەنەوە کە ئەوە سایکس ــ پیکۆ بوو بووە هۆی دانەمەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان . دەبێت ئەمەش ئەوە بگەیەنێت کە بە دیوەکەی تردا ئەگەر ئەم ڕێکەوتننامەیە هەڵبوەشێنرێتەوە ئەوا بەرهەمەکەی هەڵبەتە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دەبێت . با بزانین ئەم بۆچوونانە چەندێ لە گەڵ ڕاستییەکانی مێژوودا یەکدەگرنەوە و  چەند دەیە دەبێت شتێك نەماوە بە نێوی سایکس ـــ پیکۆوە . 

بە پێی سایکس – پیکۆو ، ئەستەمووڵ ، تەنگەکانی دەردەنێل و بسفۆر ، ویلایەتە ئەرمەنییەکانی دەوڵەتی عوسمانی و باکوری کوردستان بۆ ڕووسیا دانرابوون . بەشێکی فراوانی باشور و باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیای ئەوڕۆش بۆ فرەنسا و بریتانیا تەرخان کرابوو . باشوری ڕۆژئاواو و بەشێکی گرنگی ناوەڕاستی ئەنادۆلیش بۆ ئیتالیا دانرا . دەبوایە یۆنانیش پشێکی زۆری لە میراتی عوسمانی لە ئەزمیڕ و تراقیا بەربکەوتایە . تەنها لە ناوخۆی ئەنادۆڵدا چەند ناوچەیەكی بێکەڵك هێڵرابوونەوە بۆ دەوڵەتی عوسمانی یا ئەو قەوارە سیاسییەی شوێنی دەگرتەوە . تورکەکان لە دژی ئەم پرۆژانە بە توندی جەنگان . لە شەڕی گالیپۆلی” چەنەقەلعە” کە نزیکەی یەك ساڵی خایاندا (١٩  شوباتی ١٩١٥ تا ٩ کانونی دووەمی ١٩١٦) هێزی هاوپەیمانیان تێکشکاند و ڕێگەیان لە داگیردنی ئەستەمووڵ و دەردەنێل گرت . ڕووسیاش بە هٶی شۆڕشی ئوکتۆبەر و ڕێکەوتننامەی برێست ــ لیتۆڤسکەوە لە گەڵ ئەڵمانیا لە شەڕ و ڕێکەوتننامەی سایکس ــ پیکۆش کشایەوەو بە شەڕی نیوخۆوە سەرقاڵ کرا . واتا دەستی لە ئەستەموڵ ، دەردەنێل و بسفۆر ، ویلایەتە ئەرمەنییەکان و باکوری کوردستان هەڵگرت . لە کاتی شەڕی سەربەخۆیی تورکیاشدا کەمالییەکان هێزەکانی فرەنسا و بریتانیایان لە باشوری تورکیا دەرکرد . هەروەها هێزەکانی یۆنانیشیان لە ئەزمیڕ و ڕۆژئاوای تورکیا و ئیتالییەکانیان لە ئەدەنە ، کوشەداسی و قۆنیە وەدەرنا . لە ئابی ١٩٢٠ هاوپەیمانان پەیمانی سیڤەر لە گەڵ دەوڵەتی عوسمانیدا بەست ، بەڵام کەمالییەکان دانیان پێدا نەنا و لە شەڕ بەردەوام بوون تا سەرکەوتنی کۆتاییان بەدەست هێنا و پەیماننامەی لۆزانیان لە ساڵی ١٩٢٣ لە گەڵ هاوپەیماناندا مۆر کرد ، کە دانی بە سەربەخۆیی تورکیای کەمالیدا نا و دوای چەند مانگێك ( لە ٢٩ ئوکتۆبەری ١٩٢٣) کۆماری تورکیا ڕاگەیاندرا . ئەمانە بەشێکی گرنگی ڕێکەوتننامەی سایکس ـــ پیکۆ بوون ، هەندێکیان تەنها دوای دوو ساڵ و هەندێکی تریان دوای سێ ـــ چوار ساڵ سەر و بن کران و  ئەو هەموو گٶڕانکارییانەیان بەسەردا هات .

مرۆڤ بۆی هەیە بپرسێت : دەبێت کێ عەقڵی بۆ ئەوە بچێت کە گوایە هەڵوەشاندنەوەی “سنوورەکانی” سایکس ـــ پیکۆ یا  سەر لەنوێ ” داڕشتنەوەی بەندەکانی موویەك لە سمێڵی کۆماری تورکیا دەکاتەوە ؟. ئەم پرسیارە نەك هەر وەلامی پێناوێت ، بەڵکو بیرکردنەوە لە وروژاندنی بۆ خۆی جۆرێك لە فەنتازیایە .   

خاڵێکی تری گرنگی سایکس ـــ پیکۆ داڕۆژی بەشی هەرە زۆری ویلایەتی مووسڵ بوو کە تا دەگیشتە ڕەواندز خرابووە نێو زۆنەی (A) کە لە سەر نەخشەی هاوپێچی ڕێکەوتننامەکە دیار کرابوو و بۆ فەرەنسا دانرابوو . لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە بەشی هەرە زۆری لیوای کەرکوک بە شاری کەرکوکەوە خرابوونە نێو زۆنی (B)، کە لە حەیفا و عەککاوە بە سەر ئوردون و ویلایەتەکانی بەسرەو بەغدايا درێژ دەبووەوە و لە باکوری ویلایەتی بەغدا دەگەیشتە سنوورەکانی ئێران ، بۆ ئینگلیز تەرخان کرابوون ، واتا هەر لەو کاتەوە بریتانییەکان کەرکوکیان لە ناوچەکانی دیکەی باشوری کوردستان دابڕی بوو .

ئینگلیزەکان زۆر چاوەیان لە سەر هەموو ویلایەتی مووسڵ بوو و بۆ هەلێك دەگەڕان کە دەستی بە سەردا بگرن ، بە تایبەتی دوای ئەوەی ڕووسیا لە شەڕ و لە ڕێکەوتنامەی سایکس ـــ پێکۆش کشایەوە ، چونکە بریتانیا نەیدەویست هاوسێی ڕووسیا بێت . بۆیە لە دوا ڕۆژانی شەڕدا هەڵمەتی داگیرکردنی ویلایەتی مووسڵیان پەرە پێدا و دوای ئاگربەستی مۆدروس شاری مووسڵیان داگیرکرد و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ شوێن پێی خۆیان لە هەموو ویلایەتی مووسڵ قایم دەکرد . لێرەوە کێشەی مووسڵ لە نێوان تورکیا و بریتانیا ( لە پاڵشیدا عیراق ) دەستی پێکرد . تورکەکان داگیرکردنی مووسڵیان لە لایەن بریتانییەکانەوە بە ناقانونی لە قەڵەم دەدا ، چونکە لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست داگیر کرابوو . بە پێی بەندەکانی ئاگربەستەکە دەبوایە هێزە شەڕکەرەکان لە شوێنی خۆیان نەجوڵێن و هێڕش نەبەن ، بەڵام پاکانەی بریتانیا بۆ داگیرکردنی مووسڵ بەندی (٧) ئاگربەستەکە بوو ، کە ڕێگەی دەدا بە هێزی هاوپەیمانان ئەو شوینانە داگیر بکەن کە گرنگ بوون بۆ ئاسایشی هێزەکانیان . لە هەمان کاتدا و بەر لەوەش ئینگلیزەکان لە هەوڵەکانیان لە گەڵ فرەنسییەکان بەردوامبوون بۆ ناچارکردنیان بۆ دەست هەڵگرتن لە مووسڵ . لە ئەنجامدا فرەنسییەکان ناچار کران دان بە خواستەکانی بریتانیادا لە مووسڵ بنێن ، بە تایبەتی لە نەوتەکەی . لە بەرامبەردا ئینگلیزەکان سۆزی ئەوەیان دا کە بەشی فرەنسا لەو نەوتە بدەن . لە کۆتاییدا تورکەکانیش ناچارکران دەست لە داواکارییەکانیان هەڵبگرن و ڕێکەوتننامەی حوزەیرانی ١٩٢٦ لە گەڵ بریتانیا و عیراق مۆر بکەن .

لێرەدا شایانی ئاماژە پێکردنە کاتێ سەرۆک وەزیرانی فرەنسا جۆرج کلیمەنسۆ لە ساڵی ١٩١٨ داوای لە سەرۆک وەزیرانی بریتانیا لوید جۆرج کرد کە هەردوولایان جارێکی دیکە دان بە ڕێکەوتننامەی سایکس ــ پیکۆدا بنێن ، لوید جۆرج داخوازییەکەی کلیمەنسۆی پشتگوێ خست و بە چەند ئاڵ و گۆڕێکی گرنگەوە گرێیدا کە تایبەت بوون بە ویلایەتی مووسڵ و فلەستینەوە ، بۆیە کلیمەنسۆ بە ناچاری دانی بە مافەکانی بریتانیادا نا لە مووسڵ ، هەرچەندە زۆر زوو بۆی دەرکەوت کە هەڵەیەکی گەورەی کردووە ، بەڵام تازە کار لە کار ترازا بوو و بریتانیا ئامادە نەبوو بە هیچ شێوەیەك لە پلانەکانی لە بارەی مووسڵەوە پاشگەز ببێتەوە ، بە تایبەتی ئەوەی باش دەزانی کە فرەنسا بە شەکەتی لە شەر هاتۆتە دەرێ و ئەمەش باشترین هەلە بۆ ئەوەی خواستەکانی خۆی بەسەریدا بسەپێنێ .

ئەگەر بریتانیا دوای دوو ساڵ لە مۆرکردنی سایکس ـــ پیکۆ ئامادە نەبووبێ دان بە هەموو خاڵەکانیدا بنێ ، ئێستا کە نە بریتانیا و فرەنسا لە ڕۆژهەڵاتن و نە ئەوەندە دەستیان بە سەر ناوچەکەدا دەڕوات کێ باس لە سایکس ــ پیکۆ و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دەکات ؟.

دوا خال کە دەمەوێ لێرەدا ئاماژەی پێ بکەم ستاتوی فلەستین بوو لە ڕێکەوتننامەکە . بە پێی سایکس ـــ پیکۆ بەشێکی فلەستین دەبوایە ستاتویەکی نێودەوڵەتی پێبدرێت ، ڕووسیاش مافی ئەوەی هەبوو لایەنگرانی کلیسای ئەرسەدۆکسی لەوێ بپارێزێ . ئەوەی دیکە بە تایبەتی بەندەرەکانی حەیفا و عەککا بەشێک بوون لە زۆنی (B) کە لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا و بۆ بریتانیا تەرخان کرابوون . ئەوەی ڕوویدا لە ساڵی ١٩١٧ وەزیری دەرەوەی بریتانیا لۆرد بلفۆڕ پەیمانی دا بە نوێنەری زایۆنیستەکانی بریتانیا بارۆن رۆچێلد کە بریتانیا هاوسۆزە و پشتگیری لەوە دەکات کە جوەکان لە فلەستین دەوڵەتێك بۆ خۆیان دروست بکەن ، بەم شێوەیە ستاتوی نێودەوڵەتی فلەستین و قودس ـ ئۆرشەلیم پشتگوێ خراو هێزەکانی بریتانیا لە ساڵی ١٩١٨ شارەکەیان داگیرکرد و بەڕێوەبەراتی خۆیان تێدا دامەزراند . جوەکانیش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە دامەزراندنی دەوڵەتەکەی خۆیان نزیک دەبوونەوە و لە دوای کشانەوەی بریتانییەکان و شەرەکانیان لە گەڵ عەرەبدا ناوچەیەکی فراوانیان خستە سەر ئەو دەوڵەتە ، نە گوێیان بە سایکس ــ پیکۆدا و نە هات و هاواری عەرەب لە پلانەکانیان پاشگەزی کردنەوە . ئەوەشی پەیوەندی بە سۆز و پەیمانی دامەزراندنی دەوڵەتێکی عەرەبی یا کۆنفیدیرالییەکی عەرەبی سەربەخۆوە هەبوو ، ئەوا چیرۆکێکی درێژە و ئێرە جێگەی باسکردنی نیە .    

دوا بە دوای شەڕی دووەمی جیهانی ئەو ناوچە عەرەبییانەی لە سایکس ـــ پیکۆدا ئاماژەیان پێکرابوو ” سەربەخۆیی ” یان بەدەست هێنا . ئەمانە کۆمەڵێ دەوڵەتی ناسروشتی و پڕ لە ئاڵۆزی و قەیران بوون ، کە پێناسەی دەوڵەتی شکستخواردوو پڕ بە پێستیانە . ئەم دەوڵەتانە لە هیچ بوارێکدا سەرکەوتوو نەبوون ، بوونە هۆی دەیان کارەساتی مرۆیی و گەلانی ناوچەکەیان توشی نەهامەتی و ماڵوێرانی زۆر کردووە .

بە وتەیەکی دیکە دەمێکی دوور و درێژە شتێك نەماوە بە نێوی سایکس ـــ پیکۆ و شتێکیش لە ئارادا نەبێ نە کەس بیر لە هەڵوەشاندنەوەی دەکات و نەکەسیش لە هەوڵی سەرلەنوێ داڕشتنەوەیدا دەبێت .

ئەوەی دەبێت دونیا بیری لێ بکاتەوە ئەوەیە کە کاتی ئەوە هاتووە گەلانی ناوچەکە لە دەست ڕژێمی دیکتاتۆری و گروپی خوێنڕێژ و بیڕی توندڕەوی ئاینی و مەزەبی و ڕەگەزپەرستی ڕزگار بکرێن .

بیرۆکەی دابەشکردنی دەوڵەتانی ناوچەکە ، کە بوونەتە هۆی ناسەقامگیری و شەڕ و پێکدادان ، لە سەر بنەمای ئەتنیکی و مەزەبی باسێکی نوێ نییە، بەڵکو لە هەفتاکانەوە هاتۆتە کایەوە و هیچ پەیوەندی بە سایکس ــ پیکۆوە نیە . هەوڵی هەموو کورد دەبێت بۆ ئەوە بێت کە ئەو دەوڵەتانە دابەش ببن بۆ ئەوەی ڕزگاری بێت لە جینۆساید و شۆڤێنیزمی گەلانی سەردەست و ببێت بە خاوەنی خاکەکەی خۆی . نەک سەردارانی شانازی بەوەوە بکەن کە ئەوە ئەوان  بوون لە دوای ٢٠٠٣ نەیانهێشت عیراق ” هەڵبوەشێتەوە و سەرلەنوێ بنیاتیان نایەوە !!!”. هەندێ هێزی کوردیش لە سوریا دوای ئەو هەموو کارەساتە هەمان بالۆرە لێدەدەنەوە . ڕەنگبێ کێشەی سەرەکی ئێمە لێرەدا بێت ، نەک لە سایکس ــ پیکۆ و پیلانەکانی دوژمنانی کورد و کوردستاندا بێت .  

یەکێ لە پاکانەکانی ئەم ڕۆژانەی کورد بۆ دانەمەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی ڕێکەوتننامەی سایکس ـــ پێکۆیە . ئەمەش وەکو زۆر لە قسە و باسەکانی دیکەی بژاردەی کوردی بنەمایەکی زانستی نیە و بەڵگە مێژووییەکان پشتڕاستی ناکەنەوە . ئەم لێکدانەوەیە ڕاکردنە لە ڕاستییە تاڵەکانی مێژوومان و ترسی خۆ بینینە لە ئاوێنەی مێژوودا وەکو ئەوەی هەیە ، نەك وەک ئەوەی دڵ دەیخوازێ ، هەروەها داننەنانە بەو ڕاستییە سادەیەدا کە کورد نە بەر لە شەڕی یەکەمی جیهانی ، نە لە دوای ئەو شەڕە و نە لە ڕۆژی ئەوڕۆشدا پرۆژەیەکی نەتەوەیی ڕاستەقینە و هەمەلایەنەی نەبووە و نیە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان . بە دیوێکی تردا باس و خواسی سایکس ــ پیکۆ و زۆر هۆکاری دیکە هەوڵێکە بۆ داپۆشینی هەڵەکانی سەردارانی کورد لە ڕابردوو و ئێستادا و تۆمەتبارکردنی ئەوانی دیکەیە کە هەمیشە کارەساتیان بە سەر کوردا هێناوە و پیلانیان لە دژی گێڕاوە و ئەمیش بۆ خۆی هەمیشە قوربانییەکی بێ گوناە و بێ زەواڵ بووە .    

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت