Newshirwan-Barzani

بەختیار شارەزوری : پارتی و گۆڕان .. گێمی دووەمی یارییەکە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

باشوری کوردستان وەک هەمو ناوچەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم سفربونەوەی دەسەڵاتی لۆکاڵیدایە ، کەوتوتە بەر شەپۆلی گۆرانکارییە دەرەکییەکان ، بە شێوەیەک هیچ  وڵاتێک خاوەنی دەسەڵاتی سەربەخۆی خۆی نیە ، هەمو گۆڕانەکان و ئاراستەی گۆڕانکارییەکان تاکتیک بەڕێوەی دەبات ، ئەوەشی دەوترێت ستراتیژی کارکردن و دروشم و ئامانجەکان ، جگە لە کەمالیاتێک هیچی تر نیە ، واتا گروپەکان لە شەڕ و یارییەکانیاندا تەکتیکین و دورن لەوەی کە دروشمیانە و دەیڵێن ، لەسەرەوەی هەرمەکەش دو سەربازگە یاری بە کارتی پۆکەرەکانیان و شەترنجەکانیان دەکەن ، باشوری کوردساتان دەکەوێتە سەر نەخشەی ڕێکەوتنێکی مێژوی لە نێوان تورکیا و ئێراندا ، کە درێژ دەبێتەوە بۆ ئێستا ، واتا سێ خولگە هەیە بۆ یارییەکان و وەک هاوکێشەیەکی میکانیکی و ماتماتیکی یەکتر دەجوڵێنن و یەکتر تەواو دەکەن و هاوسەنگی نێوان ململانێ و شەڕەکان دەکەن ، کە هەر یەکەیان چەند هەرێمێک و چەند سەر زەمینێکیان بەدەستەوەیە و سەکۆی شەڕەکانیان لە خۆیان دور خستوەتەوە ، ئەو سەرزەمینانە وەک مێزی بەریەککەوتنیان بەکار دەهێنن و کارتەکانیان دەخەنە سەر ئەو مێزە ، ئەمەش لەسەر کۆمەڵێک پێوەر، وەک بەرژەوەندی هاوبەش و ترسی هاوبەش و دژبون بە یەکتر ، کە لە ڕوە ماکیاجاویەکەیدا بە سەربازگە ، یان کەوانەی ( سونی و شیعی ) ناسراوە .

ڕێکەوتننامەی ستراتیژی بەشێکی بچوکە لە ڕێکەوتن و بەریەککەوتنی دو کارتی بچوکی نێوان ئەم دو هێزە ، کە زیاتر ڕێککەوتنێکی دابەشکاریە ، بۆ پۆست و دەسەڵاتەکان و دەستکەوتەکان ، ئەو دیو دێگەڵە و ئەمدیو دێگەڵە و زۆنی سەوز و زەرد ، بەشێکە لەو ڕێکەوتن و کارتانەی دەستی ئەم دو ووڵاتە ( ئێران وتورکیا ) کە ئەم دو کارتە ، زۆر کات بۆ لاوازکردن یان بەهێزکردنی کارتەکانی تر بەکار دەهێنرێت ، زۆر کاتیش لەسەروی هەرەمەکەوە ( ڕوسیا و ئەمریکا ) بێدەنگ بون یان کاردانەوەیان ، بەپێ ی بەرژەوەنی خۆیان دەبێت ، کاتێک بزوتنەوەی گۆڕان دەیەوێت هەرێم ببێتە خاوەن ستراتیژی سەربەخۆی خۆی ، واتا دەستکاریکردنی ئەم نەخشەیە ، ئەمەش چی تورکیا و چی ئێران لەسەر سفرەی هاوبەرژەوەندی دژی گۆڕان کۆدەکاتەوە و ناهێڵن ئەو نەخشەیە تێک بچێت ، واش دەکەن کە گوتاری گۆڕان بە تاتیکێک بدەنەوە بە یەکێتی ، ئێران ڕازیە لەسەر ئەدائی ناو بەغداد ، لە سەرۆک کۆمارەوە تا وەزیرەکانی پارتی و لە بەرامبەردا تورکیا ڕازیە لە وەزیر و جێگری سەرۆکی هەرێمی یەکێتی لە کوردستان ، بەم پیودانگە هەر هێزێک بێتە گۆڕێ دەبێت بچێتەوە سەر ئەو نەخشەیە و لەوێوە بە پێ ی ڕێکەوتنی ئێران و تورکیا پشکی هەبێت ، کاتێک بزوتنەوەی گۆڕان دروست دەبێت ، ئەمە بەشێکی ئیرادەی لۆکاڵیە بۆ گۆڕینی نەخشەی پەیوەندی و گۆڕینی ڕەسمی دەسەڵات ، بەڵام نایەوێ بچێتە سەر ئەو نەخشە مێژوییە ، دەیەوێت دەستکاری نەخشەی ڕێکەوتنی وڵاتانی ناوچەیی و جیهانی بکات ، ئیتر دەکەونە دانانی تەکتیک و سیناریۆ دژی ، ئەوە بو بینیمان چۆن سنوری دێگەڵە تۆختر بویەوە و ئەو نامەیە ئاراستەی بزوتنەوەی گۆڕان کرا ، کە ئەمەش نامەیەکە بۆ هەر جوڵەیەکی تر ، چونکە بەشێوەیەک بەرژەوەندی گەندەڵی سەرانی پارتی و یەکێتی بە بەرنامە و پلانێکی داڕێژراو بەستراوە پێکەوە ، کە درێژکراوەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی تورکیا و ئێرانە ، زەحمەتە کاری لەسەر بکرێت ، مەگەر شۆڕشێکی گەورەی وەک ئەوەی خومەینی ، ئەویش کاتێک دەبێت کە ئەم دو وڵاتە بکەونە بەردەم ئەگەری شەڕێکی گەورە و تێکچونی ئەم هاوکێشانە ( وەک ئەوەی لەسەردەمی میرنشینی بۆتاندا ڕویدا ) .

لێرەوە پارتی کاتێک دەیەوێت لە بەرکەوتەی خۆی زیاتر داگیر بکات ، بێ بونی گڵۆپی سەوزی ئێرانی و پشکی زیاتری ئێران لە بەرکەوتەی بەغدادا  ئەمە ناکات  ، دەبینین لە بەرامبەر ئەمەدا لە بەغداد کوردەکان بەرامبەر عەبادی ( وەکیلی ئێران ) بێدەنگن ، ئەمەش دەکاتە ئەوەی کە گۆڕان کەوتوەتە ناو کۆڵانێکی داخرا و ناچارە مامەڵە لەگەڵ واقعدا بکات ، ئەگەر چی ئێران لە ڕێگەی یەکێتیەوە بە ئاشکرا ئەم پەیامە بە بزوتنەوەی گۆڕان دەگەیەنێت .

کەواتە دەتوانین بڵێین ، هەر هێزێک چەند دەنگ بهێنێ هەر دەبێت لەو ڕێکەوتننامە بەشکارییە بۆی دادڕن ، گۆڕان دەتوانێت لە ئێستادا بچێتەوە سەر ئەو نەخشەیە و و کار بۆ داڕشتنی دروستکردنی ئەو ئیرادەیە بکات ، تا هەمو هێزەکان ناچار بکات بە کارکردن بۆ ستراتیژی سەربەخۆی باشور بە پارتیشەوە ، وە سیاسەتی نەرمی تەکتیکی پیادە بکات و بتوانێت لە ناو هێزی پێشمەرگەدا کار بکات و بونی خۆی بسەلمێنێ و ببێتە بەشێک لەو سیاسەتە باوەی کە هەیە ، تا زەمینەی دروست بۆ ئامانجەکانی دروست ببێت ، لە ئێستادا ئەگەری گۆڕینی سیاسەت و یارییەکانی گۆڕان لە ئارادایە ، چی ئێران و چی تورکیا ئەو ڕاستیە دەزانن بێ بونی گۆڕان لەو بەشکاریەدا ناتوانن هیچ بکەن و هەرچیش بکەن ، لە داهاتودا بە زەرەر بۆ سەر بەرژەوەندییانکنیان دەشکێتەوە .

لە قسەیەکی نەوشیروان مستەفاوە ( زانیاری هەڵە چوە بۆ پارتی ) دەردەکەوێت کە گۆران دەیەوێت جۆر و ئاراستەی یارییەکانی بگۆڕێت ، لە ئێستادا پرسی هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامەی ستراتیژی بخەوێنێ ، کار لەسەر ئەو نەخشەیە بکات کە هەیە ، کە ئەم یارییەی کرد ، ئەو کات پارتیش ناچار دەبێت بە ڕیککەوتن لەگەڵی و ناتوانێت ئەو یارییانەی پێشتر لەگەڵ گۆڕان بکات ، ئێمە دەزانین پارتی و یەکێتی هەمو جوڵەیەکیان تاکتیکیە و دیزاینی ئەم تاکتیکەش لە ئەنقەرە و لە تارانەوە بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و ڕوسیاوە دەکرێت .

بۆیە گێمی دووەمی یارییەکەی گۆڕان مەحکومە بە چونە نا بازنەکەوە ، لەوێوە یاریەکانی بکات ، کە وەک ئەوە وایە پێشتر چوبێتە ناو ساحەی یارییەکەوە ، کە دەکاتە گۆڕەپانی ڕێککەوتننامەی ستراتیژی و پاشان  گۆڕان کارتی سوری درابێتێ ، ناشتوانێ وەک هاندەر لەدەرەوەی ساحە هیچ لە جۆری یاریەک بگۆڕێ ، تەنها دەبێتە سەیر کەر ئیتر یارییەکە خراپ بێت یان نا هیچی پێناکرێت ، دەبێت بچێتەوە ناو ساحەکە و لەوێوە یاری بکات ، مەحکومیشە بەم یارییە ، ئەگەر نا سفر بونەوەی خۆی دەبینێ .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت