puk-pdk

عەتا قەرەداخی : بۆ سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی ـ نزیکە زەنگ لێبدات !

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بێگومان باسی زەنگی قوتابخانەکان ناکەم بەڵکو باسی زەنگی تەقینەوەى جەماوەر دەکەم . بێزارییەکانی خەڵک خەریکە لە ژێر کۆنترۆڵ دەردەچێت . بێ موچەیی و بێ کارى و سستی بازاڕو کەمی کارەباو کەمی سووتەمەنی و کەمی کۆى خزمەتگوزارییەکان یەخەى ژیانی رۆژانەى زۆرینەى جەماوەرى گرتووە بە تایبەتی موچەخۆران و کرێکاران و ئەهلی بازاڕ . ئەگەر زۆرێک لە خەڵکە شتێک پاشەکەوتیشیان هەبووبێت ئەوە چوار مانگ و نیوە موچەیان وەرنەگرتووە ، بێگومان ئەو پاشەکەوتەشیان خواردووە. باشە لەمەو دوا چی بکەن ؟ ئایا بەراستی هیچ پارەو سەرمایەک لە کوردستاندا نیەو ئێمە لە بارێکی پڕ لە قەیرانی ئەوتۆداین کە لە رووى داراییەوە هەرەس بهێنین ؟
رەنگە جێگاى خۆى بێت بپرسین بە راست حکومەت هیچ پارەیەکی نیە ؟ ئەى باشە پارەى ئەو نەوتەى بەردەوام دەفرۆشرێت لە کوێیە ؟ هەموو دەزانین نەوت زۆر دابەزیووە ، بەڵام خۆ دەبێ ئەگەر بڕەکە بەشی پێویستیش نەکات دیار بێت ؟ بەهەرحال گریمان ئێمە نەوتمان نەفرۆشتووەو ئەسڵەن نەوتیشمان نیە . ئەى ئەو هەموو داهاتەى ناوخۆ لە کوێیە ؟ گریمان داهاتی ناوخۆشمان نیە ، ئەى ئەو نزیکەى هەشتا ملیار دۆلارەى کە تاکو ئێستا لە بەغداوە هاتووەتە کوردستان دەبێ هیچی لێ پاشەکەوت نەکرابێت ؟ باشە ئێمە زۆرجار ئەوەمان بەرباى گوێ کەوتووە کە چەند بەرپرسێکی هەرێمی کوردستان لە پارتی و یەکێتی ملیاردێرن ؟ هەروەک یەکێک لەو بەرپرسانەى کوردستان کە خۆى گومانی ئەوەى لێناکرێت خاوەن کۆمپانیاو کۆشک و پرۆژەى ئابوورى بێت ، پێش نزیکەى دووساڵ لە راگەیاندنەکانەوە گووتی پارەى ژێر زەمینەکان بهێننە دەرەوە . دیارە ئەم بەرپرسە کە پێگەکەیشی لەناو یەکێتیدا لە ریزی پێشەوەیە ، بێ بنەماو بێ زانیارى قسەى لەوجۆرە ناکات . کەواتە چی ئەوەى لە سەرچاوە جۆراوجۆرەکانەوە سەبارت بە بەرپرسە ملیاردێرەکان دەگوترێت و چ ئەوەشی ئەو بەرپرسەى یەکێتی سەبارەت بە پارەى ژێر زەمینەکان گووتی لە خۆوە نەهاتووەو بێ گومان کە دووکەڵ هەبوو دێیش هەیە . واتە جەماوەرى خەڵکی کوردستان هەقی خۆیەتی بڕوا بە حکومەت و حیزبەکان نەکات کاتێ بێ گوێدانە چۆنێتی بەڕێوەچوونی ژیانی خەڵکی سەرقاڵێ چەلەحانێی بێ ئەنجامی سیاسین لەسەر پۆست و پلەو بەردەوامبوون لەسەر زیاتر ئاڵۆزکردنی ژیانی خەڵکی . چەلەحانێیسیاسی کوردی نانیشانی شانۆگەرییە بەناوبانگەکەى شکسپیرمان بیردەخاتەوە : چەقەنەى بێ ئارد ، یان هاژەو هوژەى بێ هۆ Much Ado About Nothing
ئێستا بارودۆخەکە لە رووى سیاسیەوە پڕ مەترسی دیارە لەو روانگەوە کە ناوچەکە بووەتە جێگاى ململانێی زلهێزەکانی دنیاو ئەگەرى گۆڕین و داڕشتنەوەى نەخشەى ناوچەکەو دیاریکردنەوەى سنوورەکان ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوەو کوردیش نەک ئامادەباشی بۆ هەر ئەگەرێکی گرنگ نەکردووە ، بەڵکو ئێستا لە خراپترین بارى دابەشبوون و پەرتەوازەیدایە .
پارتی وەکو حیزبی یەکەم زۆر کەمتەرخەم و بێباکە لە ژیانی خەڵکی کوردستان و لەوە ناچێت مێشێک میوانی بێت . یەکێتیش سەربارى ئەوەى واینیشان دەدات کە دەیەوێت رۆڵى ناوبژیوان و رێکخەر ببینێت بەڵام لەراستیدا بە دەست کێشەکانی ناوخۆیەوە دەناڵێنێت و هیچ بڕیارێکی یەکگرتووى نیەو ئەو هەوڵانەشی لە شێوەى ناوبژیواندا دەیدات بۆ دوورخستنەوەى کێشەکانی ناوخۆیەتی یان لەراستیدا سەرکردایەتیەکەى بۆ خۆدزینەوە لە کێشە خنکێنەرەکانی ناوخۆى بە دەروەى خۆیەوە خەریک دەبێت . ئەم ناتوانێت کێشەکانی خۆى چارەسەر بکات چۆن دەتوانێت کێشەى نێوان ئەوانی تر چارەسەر بکات . کورد باشی گوتووە ئەگەر دەردەدار حەکیم بوایە چارەى دەردى خۆیی دەکرد . گۆڕانیش دواى بێ دەنگ بوونی رێکخەرەکەى و شاردنەوەى هۆى ئەو دیارنەمانەو دوورخستنەوەیان لە سەرۆکایەتی پەرلەمان و لە حکومەتیش، هەریەک بۆخۆى قسەدەکات . بەداخەوە ئەوانیش لە کۆمەڵێ منداڵی پێنەگیشتوو دەچن کە باوکیان بە گەنجی مردبێت و ئەوانی بە هەتیووى بەجێ هێشتبێت . ئەوەى لە شاشەکان و کۆبوونە لەگەڵ یەکێتی دەبینرێت سەرکردەکانی ئەساى ناو یەکێتین کە پێموایە ئەگەر نەوشیروان مستەفا لە ژیانی سیاسیدا نەمێنێت ، پێکهاتەى راستەقینەى گۆڕان کە نەوە گەنجەکەن ، بە ئاسانی گوێ لەو بەرپرسە دێرینانەى یەکێتی ناگرن کە ئێستا لەگەڵ یەکێتی کۆدەبنەوەو رەنگە حەزیش بکەن بچنەوە ناو یەکێتی. هیچ کام لەم سێ لایەنەش ئەوەیان پێوە دیار نیە کە بەتەنگ بێزارییەکانی خەڵکەوە بن . بەڵکو لە خەمی پۆست و بەرژەوەندییە حیزبیەکانی خۆیاندان . ئەگینا دەبووا هەرچۆنێک بێت هەوڵی دابینکردنی لایەنی کەمی پێداویستیەکانی خەڵکیان بدایە لە موچەو کارو ژیاندنەوەى بازاڕ .
بەهەرحاڵ ئاستی بێزارى خەڵک لە ئەندازە بەدەرەو جەماوەر دەکوڵێت . بەڵێ خەریکە کاتی زەنگ لێدان دێت . زەنگی ناڕەزایی خەڵک . بیریشتان نەچێـت ئەوە ترسناکترین زەنگە . ئێستا جەماوەر تۆراوەو دڵشکاوە لە حیزب و حکومەت . تاکو ئێستا دانی بەخۆیدا گرتووە ، بەڵام گومان ناکرێت ئەگەر بە زووترین کات پێداویستیەکانی جێبەجێ نەکرێت ، زەنگە ترسناکەکە لێدەدات . زەنگی راپەڕین . راپەڕین دژى کێ ؟ بێگومان دژى سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی . دژى ملیاردێرەکان ، دژى خاوەنی ژێرزەمینە پڕ لە پارەکان. دژى کۆمپانیاکانی حیزب . دژى کۆمپانیاکانی بەرپرسان و ئەو کەسانەى بە پارەکانی ئەمان کاردەکەن . دژى ئەوانەى بەرپرسن لە گەندەڵی و لە بەفیڕۆدانی داهاتی گشتی . بۆیە پێویستە سەرکردایەتی پارتی یەکێتی لەوە تێبگەن بۆ جەماوەر زۆر گرنگ نیە کێ سەرۆکەو کێ وەزیرەو کێ گزیرە ، جەماوەر ژیانی دەوێت . بە تایبەتیش دواى ئەوەى کە جەماوەر ئیدارەى خراپ و شکستخواردووى بیست و پێنج ساڵی بینیووەو بە بەرچاویشیەوە ئاشکرا دیارە کە چۆن لەسەر داهاتی گشتی و سامانی خەڵک ، حیزب و کۆمپانیاکانی حیزب و بەرپرسان و ئەیجنتەکانیان وەکو سوڵتان دەژین. ئێستا جەماوەر بەرەو ئەوە دەچێت بڵێت نەک پارتی و یەکێتی و گۆڕان و ئیسلامیەکان با شەیتان حاکم بێت و ژیانمان دابین بکات . بەڵێ ئەمە ئەو بۆچوونانەن کە هۆکارى دەرکەوتنیان خراپی و گەندەڵی حکومەت و حیزبەکانی کوردستانە ، ئەگینا جەماوەر هەر ئەو جەماوەرەیە کە بەعسی راماڵی . لەوەى ئێستا خراپتربوونی بارى ژیانی خەڵکی دەبێتە هۆى ئەوەى جەماوەر وێنەى ئێوەو بەعس هاوشێوە بکات . هەرکات ئەوە لاى جەماوەر رووبدات ، کۆنەستی کۆمەڵایەتی جەماوەر دەوروژێ ، ئەو کاتە هیچ هێزێک ناتوانێت رێگرى لێبکات . بۆیە من دەمەوێت لێرەوە سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی لەوە ئاگادار بن کە لەبەردەم مەترسی تەقینەوەى جەماوەردان ، ئەگەر بە زووترین کات فریا نەکەون و هەنگاوى عەمەلی دەستبەجێ بۆ چاککردنی ژیانی روو لە هەرەسی خەڵک نەنین ، ئەوا کوردستان بەرەو تەقینەوە دەچێت و لەوەشدا دەکەوینە بەردەم ئەگەرى دۆڕاندنی ئەوەى هەمانە ، چونکە بارودۆخەکە لەوە ترسناکترە تەحەمولی ئەو بێباکی و خامۆشیەى ئێوە بکات . دڵنیابن ئەگەر جەماوەر پشتتان لێبکات نەک ناتوانن لەم بارودۆخە شلۆقەى ناوچەکەدا هیچ بۆ کورد دەستەبەر بکەن ، رەنگە ئەمەى ئێستاشمان لە دەست بدەین . ئێوەش بەرپرسیارن لەهەر شتێکی خراپ کە رووبدات . بەڵێ ئێستا خەریکە زەنگە ترسناکەکە لێدەدات . ئەگەر بەم شێوەیە بێباک بن ، رەنگە ئەنجامەکەى سەرتان بخوات ! بۆیە لێرەدا ئەم نووسینە بەم دێڕەى حاجی قادر کۆتایی پێ دەهێنم :

حاجی کەسێکە بێ کەس بۆ ئێوە قوڕ دەپێوێ
گوێى لێ دەگرن زەریفە، ناگرن بەڵام لە خۆتان

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕیکانت

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت