ئەبوبەکر جاف : بزوتنەوەی گۆڕان كێ بون و چییان گۆڕیی ؟ .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەسەڵات ، گەمەو فێڵەكانی .

1

لە دواهەمین و یەكلاكەرەوەترین چارساتی دانوستان و گفتۆگۆكاندا بزوتنەوەی گۆڕان ( عومەری سەید عەلی ، جەلال جەوهەر ، عوسمانی حاجی مەحمود ..) دەنێرێت . لە كوێدا ؟ لەو شوێنانەی كە دوا بڕیاری تێدا دەدرێت ، بەڵام هێشتاكە ئەم كاراكتەرانەش دوا دەسەڵاتی بڕیاردان نین و دەبێت لە ڕێستەكاندا پەیوەندی بە كاك نەوشیروانەوە بكەن ، یاخود بگەڕێنەوە بۆ سەرچاوەی سەرەكی و دوا پنت و بڵندترین پنتی بڕیاردان ، كە ئەویش دیارە كێیە .

2

دەرچوونی نەوشیروان موستەفاو جێهێشتنی بزوتنەوەكە و ونبوون و دووری لە بزوتنەوەو جەماوەری بزوتنەوەكەوە ئەو كەلێن و درزو پەرش و بڵاویی و بێسەروبەرییەی خولقاند كە ، دەبینرێت . هاتنەوەو گەڕانەوەی كاك نەوشیروان لە موعجیزەیەك دەچێت بۆ ئەوانەی چاوەڕوانی هاتنەوەی دەكەن . چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئەم پیاوە بۆ ئێمە ئەو دۆخە سایكۆ – سۆسیۆلۆژییەیە كە هێشتا ئێمە لە ناو سەرمایەی كاریزمایی و پاڵەوانەكانی ڕۆژگاری شۆڕش و شاخداین نەك دونیای دام و دەزگاو گەمەی مەدەنی .

3

دەسەڵات قودرەیەكی سەیری خۆگۆڕین و فۆرم گۆڕینی هەیە لەوەی بۆ فریودان و چاوبەستنی هەیمەنە لەسەركراوەكان تا پەی بە مەئلوفیی و عادەتیی و یەكڕەنگی دەسەڵات و گەمەكانی نەبەن . دەسەڵات گەمەو گەمەكەرە ، دەسەڵاتی یاریی و یاساو ڕێساكانی گەمەكردنی هێزەكانە . گۆڕان فۆرمێكی پڕ لە ماسك و داپۆشراوی دەسەڵات و شەرعییەت و كاریزماو چیرۆك و حیكایەتەكانی نەوەی شۆڕش و شاخە ، بەڵام بە گەمەو دەستبردن بۆ گەمەو یاری نوێ لە ناو پرسەو ڕێوشوێنی گەمەیەك كە نەبینرێت ، یاخود چاوبەستن و فریودان لەناو ناونان و ناولێنانی نوێداقودرەت و توانای جیاوازبوونێكی كاتی و ڕاگوزەری هەبێت . گۆڕان گردكردنەوەو كۆكردنەوەو خڕكردنەوەی سەرمایە حیكایەتی دابڕاو درزتێكەوتووی نەوەیەكی تازەو خەیاڵی تازە بوو لە ناو ( تاكتیكگەلێكدا ) كە مەحكوم و ناچاربوو ڕۆژێك هەر بكەوێتەوە سەر لەوح و جەوهەری پاسیڤ و شەڕی كۆنی هێزەكان و شەڕی هێزەكان . هێزەكان بۆ بردنەوەو یەكلاییكردنەوەی ململانێی و شەڕێك دەست بۆ هەموو سەرمایەو میكانیزمێك دەبەن لە پێناو بردنەوەو بەلای خۆدا خستنی پارسەنگی هێزو تواناكانی . هەژاریی و كڵۆڵیی هێزە سیاسییەكانی دونیای ئێمەو دونیای ئیسلامی لەوێدایە كە ناتوانن هێزی نوێی جیاوازو دابڕاو بن لە هێزی پێش خۆیان و گوتاری ئەو هێزەی كە ، لە هەناوییەوە لێی هاتوونەتە دەرەوە . هەر كردەو ئەكتێكی ئەم هێزە ( جێابووەوانە ) لە دەیان و سەدان شوێندا كرشەو حیكایەت و میكانیزمی ئەداكردنی هێزەكەی پێشەوەی خۆیان بە دیار دەخەن . نموونەی ئەو كۆبوونەوە چارەنوسسازانەی كە تەنیا گفتوگۆو نیقاشی بێزەنتی تێدا ئەنجام نادرێت ، بەڵكو یەكلاكەرەوەو چركەساتی عەزم و جەزم و حەسمە .

4

دونیای ئێمە هیچ بەرئەنجامێكی پۆزەتیڤ و ئیجابیی و داهێنەرانەی لە هێزە جیابووەوەكان نەبینیوە ، واتە هێزێكی مونشەق و جیابووەوە نەیتوانیوە شتێكی نوێ پێشكەش بكات ، تەنیا پاراستنی چەند بەرژەوەندییەكی كەسی و گروپی نەبێت لە گروپی دایكدا پێشێلكراوە . دونیای ئێمە پێویستی بە هێزی ڕادیكاڵی نوێیە كە چ سەروكارێكی لە گەڵ هێزەكانی پێش خۆییدا نەبێت ، ئێمە لە مێژووی سیاسیی و ڕزگاریخوازیماندا دوو چركەساتمان هەیە ، یەكەمیان دامەزراندنی پارتی و شۆڕشی ئەیلول و چركەساتی نەوەیەكی نوێ و تازەی پاش ٧ ” كە ، نەوەیەك وەك هێزو وەك ئەكتی سیاسیی و ئیدۆلۆژی خولقا كە تازەبوون . هەرچی جوڵانەوەو بزوتنەوەكانی دیكەی ئێمەیە هەموویان جیابوونەوەو ئینشیقاق و درزتێكەوتن بوو . دەكرا لە پاش ڕاپەڕین و نیوەی دووەمی نەوەدەكان و سەرەتای دوو هەزار كە پۆتۆنسیالێتی هەبوو بۆ كردووە ئەكتی نوێی سیاسی ، هێزی نوێی سیاسی چالاك و خولقێنەری لێبەرهەم بهاتبایە . چون ئێمە لەو چركەساتانەدا سەروكارمان لە گەڵ كاڵبوونەوەی سەرمایەی شۆڕشگێڕیی و كاڵبوونەوەی چیرۆكی شاخ و پاڵەوانەكانی شاخدا هەبوو . ئێمە كەوتینە ناو سیاق و هەلومەرج و ڕێوشوێنی نوێ و تازەی جوڵەو ئەكتێك ، نەوەیەكی نوێ پێكهات . ڕەخنەی جددی وەك پرۆژە ، خەباتی مەدەنیی و فشاری سەندیكایی ، جەنگی كەمینەیی و پەرشوبڵاو ڕامنەكراو . دروستبوونی ناڕەزایی و فشار لە ناو هێزە كلاسیكی و تەقلیدییەكانماندا . خەبات و بەرگریی و یاخیبوون و بەرەنگاری نەبردرابوونەوە دەرەوە و لە هەناوی هێزەكانماندا فشارو بەرگری دروستبوو ، خزو سرك و لواو بە شێوەیەك كە بێشوناس و نادیارو بڵاو بوون .

5

بزوتنەوەی گۆڕان بە چەندین ڕوودا خەنجەرێك بوو لەو بەرگریی و ڤەرەنگاریی و یاخیبوون و بەربڵاویی و كەمینەییانەی كە جێگوی ئومێد بوون :
– بزوتنەوەی گۆڕان گەمەو فرت و فێڵی ئەو ئەكتەرە كلاسیكیی و تەقلیدیی و كۆنزەرڤاتوارەبوون كە ، دەیانوویست بە هەر جۆرێك بووە هێڵێكی گەیەنەر دروست بكەن و كاریان لە باو پرۆسەو ڕێوشوێنی ئیحتیواكردن و ئاشتكردنەوەی ئەم نەوەیە بێت .
– هەوڵ و پرۆژەی دەسەڵات بوو بۆ ئەوەی لە فۆرمی ئۆپۆزسیۆنبووندا خۆی دەربخات ، بزوتنەوەی گۆڕان هەوڵ و میكانیزمی پڕ لە گەمەو شاراوەی دەسەڵات و گەمەی دەسەڵات بوو بۆ بەردەوامیدان بە خۆیی و فراوانكردنی ڕووتەخت و فەزای هەناویی و لە خوارەوەبوونی خۆی .
– وەختێك كە زانرا ناڕەزایی و بەرگریی و بەرەنگاری كەمینەیی و سەندیكایی و پەرشوبڵاو وون و نادیارە ، لە ناو نادیاریی و بێشوناسیی گروپ و هێزو گردبوونەوە بچوكەكانیشدا ، دەسەڵات ترس و بیمی هەیە ، دەسەڵات زۆربەی جار كۆنترۆڵ و دیسپلین وندەكات ، بۆیە بزووتنەوەی گۆڕان گەورەترین خزمەتكاری دەسەڵات بوو لە خڕكردنەوەو كۆكردنەوەو ڕێكخستنی هەوڵە پەرش و بڵاوەكاندا ، وەك گەمەیەكی ترسناكی دەسەڵات ، جا بزانێت یان نەزانێت شوناسێكی ڕێكخراوەیی و سیاسی پێبەخشین ، بەخشینی چیرۆك و مۆراڵی كاركردن و بەرەنگاربوونەوەو بەرگرییەك كە زۆر پلە نایاب بوو بۆ دەسەڵات چونكە دەركەوتن و جۆیان دەرخست ، ئەمەش شەڕەكەی بۆ دەسەڵات ئاسانتر کرد تا بیان ناسێتەوەو كەوڵی ڕامكردن و كۆنترۆڵكردن و ماڵیكردنەوەیان بدات . یاخود مامەڵەیەكی سیاسیی و گفتوگۆی بەخشین و وەرگرتن و دان و سانیان لە گەڵدا بكات .
– بزوتنەوەی گۆڕان هێزو ئەكت و كەس و سەرمایەی ناڕەزایی و بەرهەڵستكاریی بردە دەرەوە و بەرەی لێدروست كرد . تا ئەو كاتەی بەرگریی و بەرەنگاریی و بەرهەڵستی لە ناو دەسەلاتی سیاسی ئێمەدا بوو ، نادیارو بێشوناس و پەرشوپلاو بوو . بە چوونە دەرەوەی هێزی ناڕازی ئێمە دەسەڵات نەیارو دوژمنی ئاشكرای بۆ پەیدا بوو ، لەوە كارەساتاوی تر ئەو دەنگە كەم و هێزە بجووكە ناڕازییانەی ناو هەناوی یەكێتی و پارتی یان بێدەنگ بوون یان پاشەكشەیان كردو چوونەوە باو هێزە كلاسیكیی و تەقلیدی و جەنگە كۆنەكەوە .
– بزووتنەوەی گۆڕان ، نەوەیەكی بێئوومێدو بێهیوای دایەوە دەستی هیواو ئومێدو موژدەی درۆزن و ساختە ، بوو بە هۆی خۆكوژی نەوەیەك كە بە چەندین ساڵی دیكە ناكەوێتەوە سەرپێی خۆی و ناتوانێت هەڵسێتەوە . نەوەیەكی نائومێد كە تەنیا ئومێدێكبوو ، خستییەوە ناو گەمەی پلەو پۆست و ئیمتیازات و خاڵیكردنەوەوە . كردنییەوە بە قوڕگی دەسەڵاتدا .
– گۆڕان و مێژووی دەركەوتنی ئەم ئەكتەی – ئۆپۆزسیۆنبوون لە فۆرمی گەمەكانی دەسەڵات و غەوغاو گەڕەلاوژەو قیژەقیژو ، لێدان و چەپۆكێكی زۆر ترسناكبوو لە چەمك و ئەكتی سیاسیی ئۆپۆزسیۆنبوون درا . بزووتنەەەی گۆڕان بێحورمەتیكردن بوو بە نائومێدییەك كە دەكراو دەتوانرا هیواو ئومێدی گەورەی لەسەر هەڵبچنرێت . ڕادیكاڵبوونێكی بێفكرو هەژارو كڵۆڵ لە تیۆریزەو چەمكاندن . هەژاری لە ئەدەبیات و فكرو كردەی فكریی و تیۆریزەی ڕادیكاڵیی و ڕادیكاڵێتی تێۆریزەكراو . لە بری ڕاو سەرنجی ئینشایی و عاتیفی لەسەر دەسەڵات و ناشیرینكردنی دەسەڵات ، نواندن و تەفسیركردنی دەسەڵات تەنیا وەك دەوڵەت و دەزگاو دەسەڵاتی دەوڵەتی ، تەعریف و پێناسەی تازەی بۆ دەسەڵات و ئەرك و وەزیفەو پونتەكانی هەبوایە . بزووتنەوەیەكی بێفكر كە ، ئەكتی سیاسی ئۆپۆزسیۆننانەی دەیان ساڵ بردە دواوەو لە باریبرد ، تێكیدا ، تەحریفی پێكرد ، تەشویهی كرد .

6

ئەوە چییە وا دەكات بڕێكی زۆر لە خەڵك نەتوانن دەسبەرداری ئەو وەهمەببن كە ئەم بزووتنەوەیە چ جیاوازییەكی نییە لە ئەكتەرو سەرمایەو شەرعییەت و چیرۆك …. دا لە گەڵ تەواوی هێزەكانی دیكەی دونیای ئێمەدا ؟ بۆچی وازهێنان و دەست لە كاركێشانەوەو پاشەكشەكردنی ئەكتەری وەك شاهۆ سەعید ، دكتۆر زانا ، دكتۆر جەعفەر ، موحەمەد حاجی و … قەبوڵ نەكرێت و وەك خیانەتكارو پاشەكشەكەر لە پرۆژەو هەنگاوەكان تەماشا بكرێن ؟ كاتێك گۆڕان و گوتاری گۆڕان دەبینی لە نێوان دۆست و دوژمن دابەشكردندا زەڕڕەیەك جیاوازی نییە لە گەڵ تەواوی هێزەكانی دیكەی دوونیای ئێمەدا ، دەبێت بێبیركردنەوەو بێ دوودڵیی و بێ قووڵبوونەوەو بێ گەڕان ئەوەمان لای ڕوون بێت كە ، گۆڕان هیچ جیاوازییەكی نییە لە گەڵ ژێزەكانی دیكەدا ، نەك جیاوازی نییە ، بەڵكو گۆڕانخوازان توندترو ئیدیۆلۆژیترو كەلـلە ڕەقتر دونیا بەسەر دونیای و دوژمن و نیشتمانپەروەرو خیانەتكارو ، ئەخلاقیی و بێ ئەخلاقیی و بەرەی گەل و بەرەی دەسەڵاتدا دابەش نەكەن . ئەگەر هاتباو مێژوەی سیاسیی ئەم بزووتنەوەیە تەنیاو تەنیا تێكدانی ئەم ئەخلاقی دۆست / دوژمن ، باش/ خراپە بووایە ، ئەوا بەرهەمێكیان دەبوو بە پلەیەك نەك تەنیا دونیاو فەزای سیاسی ئێمە ، بەڵكو دونیاو فەزای فكری و ێەقڵانیش قەرزارباریان دەبووین . ئەوانەی نایانەوێت گۆڕان وەك هەرهێزێكی دیكە ببینن و جیاواز نەیبینن لە هێزەكانی دیكەی دونیای ئێمە ، هەندێكیان ئەو ئەكتەرە كۆنانەن كە گۆڕان دوا تیریانە لە ناو دونیای سیاسەتكردندا ، هەندێكیان ئەو بێئومێدانەن كە ماندوون و باتوانن جارێكی دیكە بەرهەڵستكاری بخولقێننەوە ، هەندێكیان مەستی وەهم و خورافەی گۆڕان شۆڕش دەكات ، هەندێك دیكەیان بەشیان لە پلەوپۆست و ئیمتیاز بەهۆی گۆڕانەوە دەست كەوتووە ، هەندێكی دیكە بەهەر جۆرێك بووە لەو بڕوایەدان دەبێت بەرانبەر یەكێتی و پارتی هێزێك هەبێت ….. وە چەندین پاساوی مانەوەو پاساو بۆ مانەوەی دیكە .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت