نەوزادی موهەندیس : دەوڵەتی كوردی لەنێوان خەون و دروشمبازیدا .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

كەمتر لە 3 مانگی تر 100 ساڵی تەواو تێپەڕ دەكات بەسەر ڕێكەوتنی سایكسبیكۆی ساڵی 4/1916دا كە تیایدا و لە ئەنجامی جەنگی جیهانی یەكەمەوە و سەركەوتن و باڵادەستبونی هاوپەیمانان بەسەر وڵاتانی میحوەردا و داگیر و دابەشكردنەوەی میراتی دەوڵەتی عوسمانی ( پیاوە نەخۆشەكە ) ، كوردستانی گەورە بە خاك و نەتەوەوە داگیر و دابەشكرایەوە بەسەر چوار وڵاتی ناوچەكەدا لە توركیا و ئێران و عێراقی هێشتا دروستەنەكراو و سوریاشدا . بەم شێوەیە سەد ساڵی ڕێكە كورد خەون و خەبات دەبینێت و دەگێڕێت بۆ وەدەستهێنانەوەی سەربەخۆیی و ئازادی و دەوڵەتی نەتەوەی خۆی . بەڵام تائێستا ئەو خەونەمان وەدینەهاتوە و نەگەیشتونەینەتە دوا مەنزڵی سەركەوتن و ترۆپكی ئاوات و خواستە ڕەوا نەتەوەییەكانمان وەكو نەتەوە سەردەست و هاوشانەكانی خۆمان ، كورد وەك نەتەوە گەلێك دواكەوتوە لەبەدەستهێنانی خواستە ڕەواكانیدا لە پێكەوەنان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی ، ئێمە لەكاتێكدا نەمانتواینوە كە دەوڵەتێك ڕابگەیەنین كە سەردەمی نەتەوەپەرستی و تۆخبونەوەی سنورەكان و داڕشتنیان بوە ، ئیدی لە ئێستادا چۆن بتوانین كە دەوڵەتی كوردی ڕابگەیەنین كە سەردەمی جیهانگیری و نەمانی سنورەكان و كاڵبونەوە و تێكەڵاوبونی شارستانێتیەكان و كۆمەڵگا مرۆڤایەتیەكانە .ئێمە كە ماوەی 100 ساڵە نەمانتوانیبێت خەونێك بهێنینە دی و بیكەینە دیفاكتۆ و بیسەپێنینە سەر هەموان لەناوچەكە و دونیاشدا ، ئیدی دەبێت چ ئومێدێكمان بە ئایندە هەبێت و خەباتی زیاتری بۆ بكەین .
پرسیار لێرەدا ئەوەیە ، ئەرێ‌ بەڕاستی بۆچی كورد تا ئێستا نەگەیشتۆتە ئەو خەون و ئاواتەی كە 100 ساڵە هەوڵی بەدیهێنانی دەدات كە ئەویش دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی نەتەوەیی خۆیەتی؟ زۆر بەكورتی و بەكوری ، بەداخەوە سەرەڕای هەموو سەركەوتن و شۆڕش و ڕاپەڕین و قوربانیدانە زۆرەكانی كورد لەو پێناوەدا ، بەڵام هەمیشە خاڵی گرنگ بۆ نەگەیشتنی كورد بەو ئاواتەی تەنها و تەنها كورد خۆی بوە ، سەرەڕای هەبوونی فاكت و هۆكاری دەرەكی لەتوانا و وزەی كورددا، بەڵام ڕاستیەكی مێژوویی هەیە كە بریتیە لەوەی كە هیچ گەل و نەتەوەیەك ناتوانێت بگاتە ئامانج كاتێك بڕوای تەواوی بە توانا و وزە و قوربانیدانەكانی گەلەكە و جەماوەرەكەی خۆی نەبێت و سەركردە و جەماوەر متمانەی پتەویان لە نێواندا نەبێت و لەگەڵ یەكتریشداڕاستگۆ نەبن ، بەداخەوە كورد و مەسەلەكەی هەمیشە و لەهەموو قۆناغەكانی خەباتدا بۆتە قوربانی ململانێ‌ حیزبیە تەسكە ناوخۆییەكانی و خۆخۆری و دووبەرەكی و پەرتوبڵاوی لەكار و كردار و گوتاریدا و هەمیشە ڕۆحیەتی خۆ بەزلزانین و خۆ سەپاندن و قۆرخكاری ئامادەگی هەبووە لەنەستی سەركرە كوردەكاندا و گەر خاوەنی بچوكترین دەسەڵات بوبن هەمیشە جەماوەر و توانا و متمانەیانی لەدەست داوە لە پێناو دەسكەوت و دەسەڵاتی خۆی و حیزب و بنەماڵەكەی. هەمیشە كوردایەتی لەنێوان دروشمبازی لایەن و سەركردەكاندا ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خەباتی خۆی ونكردوە و كەوتۆتە بەر ڕاكێش ڕاكێشی سەركردە و لایەنەكان و بەداخیشەوە هەموانیان هەمیشە بەرژەوەندیە تەسك و كەمەكانی خۆیان لا بەرزتر و پیرۆزتر بوە لە مەسەلە گەورەكەی كورد و كوردایەتی .
لەئێستاشدا و دوای سەد ساڵ لەخەبات و قوربانیدان ، هێشتاكە كورد نازانێت خەونە لە مێژینەكەی چۆن بهێنێتە دی و بیكاتە ئەمری واقیع یاخود چۆن واز لەدروشمبازی بهێنێت و بەڕاستی و ڕاستگۆیی دەستبگرێتە ئەڵقەی دەوڵەتی سەربەخۆدا. و لەم پێناوەشدا چۆن بتوانێت ئیجماعێكی سیاسی و كۆدەنگیەكی میللی لەدەوری كۆبكاتەوە و بتوانێت هەموان بەهەموو ئاڕاستە و گوتار و كردارە جیاوازەكانەوە كۆبكاتەوە و زۆر بەتوندی و بەهێزەوە و بەبێ‌ شەرم و ترسنۆكی داوای دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی سەربەخۆ بكات و پەردەی شانۆگەری تراژیدیای كورد و مەسەلەكەی لە كۆتاییدا بە سەركەوتن و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردی بەكۆتا بهێنێت و مافی خوراوی سەدساڵەی ڕابووردوومان بۆ بگێڕێتەوە و خوێن و فرمێسكی ڕژاوی خەم و كارەساتەكانمانی سەد ساڵەمان بۆ بگۆڕێتەوە بە فرمێسكی خۆشی و سەركەوتن.
دەبێت ئەو ڕاستیەمان لەبیر نەچێت كەئەم قۆناغە هەڵكەوتوەی كورد كە بەژیرانە خۆی خزاندۆتە ناو بەرەی جەنگی دژە تیرۆرەوە و لەو پێناوەشدا قوربانی و خەباتی زۆری داوە و پێشمەرگە و شەڕڤانان و گەریلا بونەتە سیبمولی سەركەوتن و دژە داعش و كۆنەپەرستی و ترس و تۆقاندن و لە ئێستادا كە باشوور و ڕ‌وژئاوا ڕزگار و سەرفرازن و باكوریش لە ژانێكی قورس و سەختی لەدایكبونێكی نوێدایە دەروازیەكی گەورە و فراوان كراوەتەوە لەسەر كورد و مەسەلەكەیدا و ئەوەی كە بەدرێژایی 100 ساڵی ڕابووردوو وەك فاكتی دەرەكی و ناوچەیی دژمان بوە لەئێستادا ئەو فاكتە بەتەواوەتی لەگەڵ كورد و مەسەلەكەیدایە و بە مادی و مەعنەوی لەگەڵ سەرخستن و پشتیوانی كوردان و بۆیە ئەوەی ماوەتەوە لە ئێستادا هۆكای ناوخۆیی خۆمانە كە بەداخەوە لەهیچ بەشێكی كوردستاندا ناوخۆیەكی پتەو و بەهێز و یەكگرتوومان نیە . ئەوەتا لە باشوور تازە بەتازە ململانێ‌ حیزبیەكان و بەرژەوەندیە حیزبیەكان تۆخ دەكەینەوە دژی یەكتری و لەهەوڵی لەباربردنی هەموو دەسكەوتی 24 ساڵەداین و تازە بەتازە خەریكی خۆسەپاندن و قۆرخكارین لەدەسەڵات و سەرقاڵی دەڕپەڕاندنی ئەوانی ترداین ، لەڕۆژئاواشدا بە ئاشكرا ململانێكان دیارەو بونەتە دوو بەرەی دژ بەیەكتر و هەموو كارە باشەكانی یەكتریان پێخراپە و لەهەوڵی خۆسەپاندن و دەرپەڕاندنی خەڵكانی تردان ، لەباكوور خۆشبەختانە تاڕادەیكی زۆر باش ڕیزەكان یەك و یەكگرتوون سەرەڕای بوونی بڵقە سەر ئاوكەوتوە لاوازەكان . بۆیە لەئێستادا دەوڵەتی كوردی زۆر نزیكە لەدوا مەنزڵ و ڕاگەیاندنی ، بەڵام ماوەتەوە سەرخۆمان كە چۆن زەمینە و زەمانی گونجاوی بۆ بڕەخسێنین و كاری گەرموگوڕی بۆ بكەین و هەموو لایەنە سیاسی و ئابوری و سەربازی و كۆمەڵایەتی و دەروونیە ناوخۆیەكانی بۆ ئامادە بكەین ، چونكە ڕِاگەیاندنی دەوڵەتێكی كوردی سەربەخۆ لەم ناوچە گرینگەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا كارێكی سەرپێی و ڕاگوزەرو سان نیە و ناشبێت ، بەبێ‌ ئەوەی تەداروكاتی تەواوەتی بۆ ئامادە بكرێت ، خاڵی گرنگ ئەوەیە كە هەموان واز لە دروشمبازی بێنین و دوور بكەوینەوە لە خود و خۆپەرستی و زاڵكردنی بەرژەوەندیە حیزبیەكان بەسەر بەرژەوەندیە باڵاكانی نەتەوە و نیشتیماندا ـ چونكە قۆناغەكە هێندەی پێویستی بەكار و كردارە نیوهێندە پێویستی بەدروشمبازی و تەكتیكاتی حیزبی نیە ، ئەگینا بەپێچەوانەوە سەدساڵی ئایندەشمان تاریك و تون و خوێناویتر دەبێت و دەگەڕێینەوە بۆ چوار گۆشەی یەكەم و خاڵی سفر .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕیکانت