ئەنوەر ڕەشید : ئەمە حومکەتە یا حوکمەت .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەم شتەی لە هەرێمی کوردستان پێی ئەوترێ حکومەت و لە راستیا ئەوان باندێکی بازرگانی نەخوێندەوارن و بوونیان بۆ ئەوەیە تا مسقاڵێک سامانی سروشتی نەتەوەیی لە ژێر زەمین و سەرزەمینی ئەو هەرێمە بمێنێ ، ئەوان دەستبەرداری حوکم نەبن. بەلایانەوە گرنگ نیە نرخی نەوت بەرز بێ یان نزم ، نرخی بەرمیلێک ببێ بە پەنجا سەنتیش ئەوان هەر دەری ئەهێنن و کەمیش بهێنێ لە گیرفانە بەتاڵەکانی خەڵکی دەر ئەهێنن . ئەوان لەگەڵ نەخوێنەواریان خۆێندنەوەیان بۆ میللەت هەیە ، ئەی ئەگەر وا نەبێ چۆن ئەیانتوانن چارەکە سەدەیەک بدزن و بکوژن و سامانی نەتەوەیی بە هەدەر بدەن و میللەت برسی بکەن و ببنە داڵدەدەر و خەڵات کردنی جاش و خۆفرۆشان و دەست بخەنە دەستی هەموو دوژمنانی نەتەوەکەمان و بە شانازیشی بزانن؟ ئەوان ئەزانن چۆن هەندێ خوێندەواریش ئەخەنە ژێر سایەی خۆیان و کارە ناشیرینەکانیان پێ ئەنجام بدەن ، من لێرەدا نموونەیەکی بچووکم دێتەوە یاد ، ئەڵێن برادەرێکی نەخوێنەواری پارتی کە نەیئەزانی ناوی خۆیشی بنوسێ و تەنیا زمانی تورکی و کوردی ئەزانی، لە ئەڵمانیا ئەژیا و لەگەڵ نوسینگەیەکی تورکی رێکەوتبوو کرێکاریان بۆ بەرێ سەعاتی بە دوانزە ئۆیرۆ بۆ هەر کرێکارێک بۆ پاک کردنەوەی کۆمپانیا زەبەلاحەکان ، لەملاشەوە کۆمەڵێ کەسانی خوێنەواری لە ( ئەندازیار و پارێزەر و مامۆستاو …. کە خاوەنی نزمترین بڕوانامەیان دیبلۆم بوو ) ئەبردە سەرکار بە هەشت ئۆیرۆ ( مانای نیوەی پارەی رەنجی هەرهەموویان پێکەوە ئەچوە گیرفانی ئەو نەخوێنەوارە و هەموو کارەکەشی ئەوەبوو بەیانیان ئەیبردن و پاش نیوەڕۆ ئەیهێنانەوە، دیارە وەک ئەڵێن ئەو برادەرە سەروحسابی خۆی نازانێ ، چونکە ئەیزانی گۆشتەکە لە کوێوە ئەخورێ .
دیارە ئەو نموونە بچووکە کەمێک لە ویژدانی تیا هێشتبووەوە ، بەڵام حکومەتی هەرێم ئەوەندە لەخۆی رازیە ، بە هیچ شێوەیەک حساب بۆ هاوڵاتی ناکات تروسکایی بۆ کەرامەتی خۆی نەهێشتوەتەوە و ئەوەش لە گەلۆریەتی و نەیتوانیوە مێژووی زۆرداران بخوێنێتەوە و دەرسی لێ وەگرێ، رەنگە راگەیاندنە بەکرێگیراوەکانی خۆیان لە خشتەیان بردبن و وایان وێنا کردبێ کە خەڵکی بە هەموو گەندەڵی و کەڵەگاییەکانیان رازین، یان ئەوەیە بەو هێزەوە ئەنازن کە لە ئوتومبێلە جام رەشە گوللەنەبڕەکانیانا خۆیان گیڤ کردوەتەوە، ئەڵێن قسە دێت و قسە ئەبڕێ ، بەم ئوتومبێلە گوللەنەبڕانە قسەیەکی هونەرمەند جەمیل سابیرم بیر هاتەوە کە ئەیوت ( من تێناگەم ئەمانە ئوتومبێلی گوللەنەبڕیان بۆچیە، خۆ میللەت تەقەیان لێ ناکا ، ئەو لە جیاتی تەقە تفیان لێ ئەکات ).
ئەمەی ئێستا لە هەرێما ئەگوزەرێ قەیران نیە ، ئەمە کارەساتە ، ئەمە گەمەیەکی مەترسیدارە بە قووتی رۆژانەی خەڵک ئەکرێ و بێدەنگ بوون لەو کەڵەگاییە بەشداریە لە خیانەتا ، بۆیە ئەو لایەنەی ئەیەوێ پێگەی خۆی جێگیر بکا و بەڕووی سورەوە بمێنێتەوە و نەچێتە زبڵدانی مێژووەوە ، ئەبێ روو لە شەقام بکات ، شەقام کە گڕی گرت وەک مووچە هەزەلیەکەیان بە نیوەیی نابێ ، شەقام زریان بەرپا ئەکات ، بۆیە پشتگیری کردنی ئەو باندەی بە ناهەق ناوی حکومەتی لێ نراوە ، دوژمنایەتی کردنی میللەتە ، میللەتیش کە راپەڕی هەرچی خڵتەی چارەگرانی زۆردار هەیە بە شیوی نەهامەتیا رایان ئەماڵێتە زێرابی شەرمەزاری هەتا هەتایی .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت