نەبەز گۆران : ئێمە شەریكی ئێوە نین .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پرسیارە روونەكە ئەمەیە : كاتێك كە دەستانكرد بە خواردنی سەروەت و سامانی وڵات ، بۆچی كەستان نەكرد بە شەریكی خۆتان ؟
ئەی ئێستا كە شكستان هێناوە ، بۆ دەتانەوێت بمانكەن بە شەریكی شكستەكەتان ؟ خەیرە لە شكستا ئێمەتان لە بیرە و ، لەكاتی خواردنی مافەكانیشماندا لەبیرتانكردبووین ؟ ئەی نەتاندەزانی ئەوەی دەیبەن هی ئێمەیە و ئاخرییەكەی تاڵی لەگەڵ خۆی دەهێنێت ؟ ئەی نەتاندەزانی جوجەڵەكانی پاییز دەبێت لە بەهاردا بژمێدرێن؟
ڕەنگە هیچ شتێك هێندەی ئەوە خۆشبەختی نەبێت ، كە بەژدار نەبووبیت لە وێرانكردنی شوێنێك ، كە زادگەی خۆت و باو باپیرتە . هیچ شتێكش چەشنی ئەوە ئاسودەیی نیە ، لەوڵاتێكدا بە دەستی پاكەوە بگەرێیت ، كە پڕە لە دەستی پیس . باشتر لەوەش ئەوەیە ، هاوڵاتیەكی هێندە تەندروست بیت ، دەستت نەبێت لەو لێشاوی پیسخۆرییەی ساڵانێكی زۆر خەڵكێكی زۆری پێوە تلا . چونكە ، هەموو لێشاوێكی خراپبەكار هێنانی دەسەڵات ، شوێن ، ئەنجامەكەی بە باشی نابێت .
ئەتوانم بڵێم ، هەزاران هاوڵاتی وەك من ، نە بەژدارن لەم شكستە یەك لە دوای یەكانە ، نە كەسیش بۆی هەیە ئەو جەسارەتە بەخۆی بدات ، بمانكاتە شەریكی شكستەكانی خۆی .
ئێمە ئەو هاوڵاتیانەبووین ، لە نهۆمی ژێرەوەی كەشتیەكە ، ئازارمان دەچەشت و هاوارماندەكرد ، ئێوە ئەی بارۆنەكانی نهۆمی سەرەوە ، خەریكە ژیانمان دەسوتێن و ، لەگەڵ خۆشیەكانی خۆتاندا هەمووشتێكتان لە بیركردووە .
ئێمە ئەو هاوڵاتیانەبووین ، ساڵانێكە ئازار دەدرێین ، لەسەر ئەوەی نامانەوێت چیتر لەوە زیاتر مافی خەڵك بخورێت . ساڵانێكە هەرەشە ، لێدان ، گرتن ، هەرچی خراپەیە بەدەست ئەم ئێوەوە بنیمان تا كەمێك دەستە دێژەكانیان كورت بكرێنەوە ، كەچی سودی نەبوو خۆتان لێبوو بوو بە دەوڵەت مەدار !
دەمانزانی ئایندەكەی چ تاڵیەكی بەدوادا دێت . دەمانزانی چێژی ئارەزوەكانیان ، عەقڵی لێ‌ سەندونەتەوە و ، هەر خەریكی تێركردنی ئارەزوە كاتییەكانیانن . دەمانزانی كاتێكیش كە توشی شكستێك دەبن ، دەیانەوێت بێگوناهەكانیش بكەنە شەریكی خۆیان !
لێ ‌، ئێوەی ئەی بخۆرەكانی نیشتیمان . ئێوە ئەی ئەوانەی كوڕی خەڵكیتان دەكوشت لە پێناو ئارەزوەكانی خۆتان . ئێوە ئەی ئەوانەی زمانتان هەبوو بۆ برینداركردنی خەڵك و خواردنی مافەكانی ، بەڵام گوێتان نەبوو بۆ بیستن .
ئێمە شەریكی ئێوە نین . هەرگیز شەریكیش نەبووین و نابین .
دونیاكەی ئێمە زۆر لەوە پاكترە ، وەك دونیاكەی ئێوەی لێبیت . بیرتانە كاتێك لە كەیف و سەفادا دەژیان ، كەس شەریكتان نەبوو ؟ بیرتانە كاتێك بەشی خۆتاندەبرد لە هەموو كەستان دەشاردەوە ؟ بیرتانە پێمان دەوتن : ئەوەی ئێوە دەیكەن ، نەكردەیە .
نەمانووت : بوەستن ؟ نەمانووت : رێگاكەتان هەڵەیە ؟
بۆ گوێیتان نەگرت ؟ خەیرە ئێستا بەشوێن ئەوەدا دەگەرێن ، بمانكەنە شەریكی شكستەكانتان ، شەریكی دونیا خراپەكەی خۆتان ؟
ئێمە كەی شەریكی ئێوە بووین؟ كەی رێگا بەخۆمان دەدەین ببینە شەریكتان ؟ تا ئەمرۆ بتانەوێت لە وێرانكردنەكە بمانەكە شەریك و لە خۆشیەكانیش مافەكانمان بخۆن .
هەرچۆن وێرانتانكرد ، هەرچۆن گەیانتانە ئەمرۆژە ، بچن ئاواش چاكی بكەنەوە و ، بیگەرێنەوە بۆ رۆژێكی باش .
دڵنیاشبن ئەگەر وێرانترببێت ، لە ئێمە وێران نابێت ، لە ئێوە دەبێت . چونكە ئێمە هەر لە سەرەتاوە لەسەر وێرانە ژیاوین و ، راهاتووین بەو ژیانە وێرانەیەی كە ئێوە بۆتان دروستكردین . تكایە مەمانكەن بە شەریكی دونیا ناشیریینەكەی خۆتان .
دیسانەوە بیزانن ، ئەگەر وێرانتر ببێت ، بەس لە ئێوە ئەبێت نەك لە ئێمە .
ئێمەیەكی لەسەر وێرانە پەروەردەكراو . ئێمەیەك كە لەم ژیانە هێندەمان بەركەوتووە بمرەو مەژی ماوین ، بۆ ببینە شەریكتان ؟
هەرخۆتان شەریكی خۆتانبن . لە خۆشییەكاندا چۆن شەریك بوون ، لە چاككردنەوەی شكستەكانیشتاندا هەروا شەریك بن .
بۆیە باشترە بزانن ، نە شەریكتان بووین و نە دەشبین . با هەموومان دەستمان بەرزبكەینەوە ، هەركەسێك دەستی پیسە بە خواردنی سامانی وڵات ، كاتێك كە ئەم دۆخە دەبینێت بابچێت چاكی بكاتەوە . چونكە ئەو دەستپیسانە ئەم دۆخەیان دروستكردووە .
چاككردنەوەش ئاسانە ، زۆر ئاسانە :
تەنها ئەوەی بردوتانە بیگەرێنەوە ، زۆر شت چاك دەبێت . ئەگەر دەشتانەوێت بە كۆڵی پرەوە بمانكەن بە شەریكی شكستەكانتان ، ئەتوانین پێتانبڵێین :
زۆر گوناهن چاوەروانی ئەوە بكەن ، ویژدانی زنیدوو ببێت بە شەریكی ویژدانی مردوو .

س ـ ف بەشی نوسەر

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت