دکتۆر جەبار قادر : لە بارەی دەوڵەتی کوردییەوە .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

هەموو کوردێک بۆی هەیە دید و بۆچوونی خۆی هەبێت لە مەڕ کات و شێوازی گونجاو بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان . ڕەخنەی فرە زۆریشمان هەیە لەوانەی بیانەوێ ئەم خەونە پیرۆزەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بۆ مەبەستی تەسکی حیزبایەتی خۆیان بەکار بێنن . بۆشمان هەیە باوەڕ بەو کەسانە نەکەین کە زۆر باس لە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دەکەن ، بەڵام لە سەر ئەرزی واقیع هیچ هەنگاوێکی جدی بۆ گەیشتن بەو ئامانجە هەڵنانێن . دەبێت گومانمان لەوانەش زۆر بێت کە لە لایەکەوە باس لە دەوڵەتی کوردی دەکەن و لە لاکەی ترەوە دەبنە هۆی دابەشبوونی گەل و نیشتمان. ئەوانەی هەستی ناوچەگەرێتی ، خێلچێتی و وردیلە ناسنامەو … تاد دوروژێنن ناکرێت جێگەی باوەڕ و متمانەی خەڵک بن کاتێ باس لە دەوڵەتی کوردی دەکەن .
کوردی ڕۆژئاوا دەتوانن بڵێن باری جیۆسیاسیمان دەرفەتی ئەوەمان ناداتێ باس لە دەوڵەتی کوردی بکەین ، بۆیە سیستەمی کانتۆن بە گونجاو دەزانین بۆ ئەم بەشەی کوردستان . کوردی باکور ئەگەر بڵێن بەشێکی گەورەی خەڵکەکەمان ( ئاماری تەواومان لە بەردەستدا نیە ، بەڵام ژمارەیان بە ملیۆنانە ) لە دەرەوەی کوردستان دەژێن و وا حەوت سەد ساڵە ئێمە لە گەڵ تورکدا پێکەوە دەژێین (هەندێکیان دەڵێن وەکو نینۆک و گۆشتمان لێهاتووە و قابیلی جودابوونەوە نین) و لەو بیست ملیۆن کوردەی باسیان لێوە دەکەین ، بە هۆی سیاسەتی تورکاندنەوە ڕەنگبێ تەنها دوو ملیۆنێکیان بتوانن هەندێ بە کوردی قسە بکەن ، بۆیە پێمان باشە لە چوارچێوەی تورکیایەکی دیموکراتدا بمێنینەوە و مافە ڕەواکانی خۆمان لەو چوارچێوەدا بەدەست بێنین . ئەگەر کوردی ڕۆژهەڵاتیش بڵێن ئێمە وا زیاتر لە دوو هەزار ساڵە لە گەڵ گەلانی ئێراندا ژیان بەسەر دەبەین و دەمانەوێ لە چوارچێوەی ئێرانێکی فیدیرال یا نامەرکەزیدا مافەکانمان وەچنگ بێنین ، کورد ئەم قسانەی پێخۆش نابێت، بەڵام کەس ناتوانێ بە ناپاکی و خیانەتی نەتەوەیی تۆمەتباریان بکات . ڕەنگبێ شتێک لە بارەی ناواقعییەتی دروشمەکانی پێشووی هەندێکیانەوە بهێنرێتەوە بیریان ، ئەمەش لای کورد تا ئێستا کێشەی گەورە نەبووە و بادانەوە باوە لە ناو بزووتنەوەی کوردیدا . گوتاری سیاسی کوردی فێری ئەم جۆرە دایەڵۆگە عەقلانیانە نیە . ئەو دەبێ هەمیشە لە سەر حەق بێت و ئەوی دیکە بەهەڵەدا چووبێت . ئەم بابەتە قسەی زۆرتر هەڵدەگرێت و ئێرە جێگەی نیە. ئەوەی لێرەدا ئاماژەی پێدەکەین باس و خواسی هەندی کەس و بە ناو نووسەرە کە لە دژی دەوڵەتی کوردی شەکر دەشکێنن .
بەداخەوە هەموو شتێک لەم کوردستانەی ئێمە گەوهەری ڕاستەقینەی خۆی لە دەستداوە ، هەرکەسە بۆ خۆیەتی و بەلای جیاوازدا خەڵک پەلکێش دەکات . هەستی بەرپرسیارێتی تا بڵێی لاوازە . هەرزەکارێکی سیاسی هەر لە بەر ئەوەی خۆی و حیزبەکەی لە تاڵانکردنی نیشتماندا کەمیان بەرکەوتووە ، هەرچی بەدەمیدا دێت لە دژی خاک و نیشتمان دەیڵێت . وەکو ئەوەی نیشتمان بەرپرس بێت لەوەی نەیارانی حیزبەکەی هەموو شتێکیان بۆ خۆیان قۆرخ کردووە و بەشەکەی ئەمان کەمە . سەیر لەوەدایە هەموو ئەمە بە ناوی ئازادی ڕادەربڕینەوە دەکرێت و کەس نیە لێپرسێنەوە لە گەڵ ئەم هەرزەکارانەدا بکات .
مرۆڤ چەند دەیهێنێ و دەیبا ناتوانێ لەو کوردانە تێبگات کە لە دژی دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان قسە دەکەن . باوەڕ ناکەم لە سەر گۆی زەوی کەس هەبێت لە بری ئازادی و سەربەخۆیی حەز لە کویلەیی بکات . کەسیش نیە پێی خۆش بێت لە وڵاتەکەی خۆیدا هاوڵاتی پلە دوو و سێ بێت . ئەگەر کەسی وا هەبێت ئەوا دەبێت کێشەیەکی دەروونی جدی هەبێت . کێ بێ ئەو ژیانەی لە گەڵ گەلانێکدا پێخۆش بێت کە ڕۆژانە سوکایەتی بە خۆی ، نەتەوەکەی، زمانەکەی، کولتورەکەی و … تاد دەکەن ؟. کێ بێت حەزی لە هاوڵاتێتی بێت لە گەڵ فەتلاوی ، عالیە نسەیف ، مشعان ، نوجەیفی جاران نەک ئێستا و هاوچەشنەکانیان لە ” برایانی تورک و فارس و عەرەب “؟.
تۆ بڵێی تورکیا ، ئێران ، عیراق و سوریا لای ئەم کەسانە وەک سویسرا و بریتانیا بن ؟ وڵاتی دیموکراتی ، یەکسانی ، سەروەری قانون ، مافی مرۆڤ و خۆشگوزەرانی و ئێمە خوا خراپی بۆ کردبێتین و بمانەوێ لێیان جیا ببینەوە و بە دەستی خۆمان ببینە کۆیلەی فڵانە حیزب و فیسارە بنەماڵە ؟.
باوەڕ ناکەم کەسیش عاشقی ئەوە بێت کە تەنها بە ناوهێنانی وڵاتەکەی کۆمەڵێ مرۆڤی دڕندە ئاسا چاوی لێ سوور بکەنەوە و دەماری ملیان هەڵسێ و بەسەریا هاوار بکەن و بقیژێنن شەکری وا نەشکێنی ، لە دونیا وڵاتێک نیە بە ناوی کوردستان .
تۆ بڵێی کەسێک هەبێت حەز بەوە بکات کاتێک لێی دەپرسن کاکی برا تۆ خەڵکی کوێی ، لە بری ئەوەی وەڵامەکەی یەک وشە بێت ( کوردستان )، ناچار بێت چەندین ڕوونکردنەوە لە بارەی ئەم کوردستانەوە بدات : دەکەوێتە کوێوە ؟، بە سەر چەند وڵاتدا دابەش بووە؟، بۆ دەولەتی خۆی نیە؟، ئەی ئەم خەڵکی کام پارچەیانە؟. ئەمە ئەگەر پێویست بەوە نەکات کۆمەڵێ چیرۆک و بەسەرهاتی تراژیدیش بۆ گوێگرەکانی بگێڕێتەوە. تۆ بڵێی لەم سەردەمی تیکنۆلۆژیا و ڕاکە ڕاکەی مرۆڤەکاندا کەس کاتی ئەمەی هەبێت؟.
تۆ بڵێی کەسانی بەوێژدانی وەک ئیسماعیل بێشکچی و هاوبیرانی بەهەڵدا چووبن ، کاتێ دەڵێن نابێت کورد لە دەوڵەتی سەربەخۆ کەمتر بە هیچ شتێک قایل بێت ؟. ئەم زاتە دوای ئەو هەموو توێژینەوە زانستییانەی لە بارەی کوردەوە لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا کردوونێتی و لە دوای ئەو هەموو ساڵەی لە زیندانەکانی تورکیادا بردوونێتیە سەر لە پێناوی ئەم بیر و باوەڕەدا خۆی و هاوبیرانی دەبێ هەموو بەهەڵەدا چووبن و کەسانێک کە تازە دەستیان قەڵەمی گرتووە و هەندێ شتی بێ سەر و بەر دەنووسن و دژایەتی دەوڵەتی کوردی دەکەن ، باشتر لە شتەکان گەیشتبن ؟.
پێموایە مرۆڤی بەوێژدان گەر کوردیش نەبێت لە بەرامبەر ئەو هەموو ستەمەی لە کورد کراوە هەر پشتگیری لە کورد و داخوازییەکانی دەکات، کە مافی بڕیاڕدان لە سەر چارەنووسی خۆی لە سەرووی هەموویانەوە دێت ، بێ گوێدانە ئەوەی کێ ڕابەریانە لەم چرکە ساتەدا و کێ کاروباریان بەڕێوە دەبات و چۆن بەڕێوەیان دەبات .
یەکێ لە شتە سەیر و سەمەرەکانی دیکەی ئەم قەڵەم بەدەستانە ئاڵای پێرۆزی کوردستانە . ئاڵای کوردستان لە بیستەکانی سەدەی ڕابردووەوە لە سەردەمی خۆیبوونەوە بووەتە ئاڵای کورد، واتا نزیکەی بیست ساڵ پێش دامەزراندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و پەنجا ساڵ پێش دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان، ئەم ئاڵایە ئاڵای کوردستان بووە و هەموو کورد و لە هەموو شوێنێک بە ئاڵای خۆی زانیوە و مایەی گومان نەبووە. ئێستا کەسانێکی بێ ئاگا لە مێژوو پەیدا بوونە و وادەزانن ئەمە ئاڵای پارتی دیموکراتی کوردستانە !!، لە بەر ئەوەی ئەوان لە دژی پارتی دیموکراتی کوردستانن ، ئیتر دەبێ کورد دەست لەم ئاڵایە هەڵبگرێت و ئاڵای حیزبی لە جێگەی دابنێت. من نازانم کێ ئەمەی بردووتە ( دیماغی – بە قەولی ئوستادی مەرحوم) کێوە. بیست ساڵ پێش ئێستا کاتێ پاڕەلەمانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات دامەزرا (١٩٩٥)و دوای ئەویش کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (١٩٩٩)، کەس لە دژی ئەوە نەبوو کە ئەمە ئاڵای هەموو کوردە . گروپێکی بچوکی حیزبی بۆچوونێکی هەندێ جیاوازیان لە بارەی ئاڵاوە هەبوو، بەڵام زۆربەی هەرە زۆری ئەندامان ئامادە نەبوون بە هیچ شێوەیەک ئەمە ببێتە جێگەی باس . کوردانی هەموو پارچەکانی کوردستان، لایەنگرانی حیزبێکی سیاسی لێدەرچێت ، ئامادە نەبوون لە ژیر هیچ ئاڵایەکی حیزبیدا دابنیشن و ناوی کۆنگرەی نەتەوەییش لە خۆیان بنێن، لە گەڵ ڕێزی زۆری هەموو ئامادەبوواندا بۆ ئاڵای حیزبە تێکۆشەرەکان .
تۆ بڵێێ کوردێک هەبێت حەزی لەم ئاڵا جوان و ڕەنگینە نەبێت ؟. بۆ خۆم بە یەکێ لە ئاڵا هەرە جوانەکانی دونیای دادەنێم. پێموایە ئەگەر کوردیش نەبوومایە هەر بەلامەوە ئاڵایەکی زۆر جوان و قەشەنگ دەبوو .
ئەمانەی لە دژی دەوڵەتی کوردی شەکر دەشکێنن زۆر بێ ئاگان لە ئەزموونەکانی مێژوو. ئەوان وا دەزانن هەموو ئەم وڵاتانەی ئەمڕۆ لە دونیادا هەن لە سەر دەستی کەسانی دیموکرات و مرۆڤدۆست دامەزراون. نەخێر دەیان دەوڵەتی گەورەو بچووکی ئەم دونیایە لە لایەن کۆڵۆنیالیزم و ئیمپریالیزمەوە دروست کراون. لە داگیرکەرانی کوردستان دوانیان لەم جۆرەن، مەبەستمان عیراق کە بریتانیا دروستی کرد و سوریا کە فرەنسا دایمەزراند. دەیانی دیکە لە سەر دەستی شا و ئیمپراتۆری دیسپۆت بناغەیان دانرا، دەیانی دیکەش کەسانی خوێنڕێژ و ستەمکار دروستیان کرد، کە زۆربەی هەرە زۆری دەوڵەتانی دونیا دەگرنەوە، تەنها بۆ نموونە ئاماژە بە هەندێکیان دەکەین: ڕووسیا، ئەڵمانیا، چین، تورکیا، ئێران، عەرەبستانی سعودی و دەیانی دیکە. ئەوانەی لە سەر دەستی کەسان و بزووتنەوەی دیموکراتخواز دامەزراون بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن. بۆیە دژایەتی کردنی ئەو کەسەی ئەوڕۆ دروشمی سەربەخۆیی کوردستانی بەرزکردۆتەوە، قەت ناتوانێت ببێتە پاکانە بۆ ئەوانەی لە دژی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان قسە دەکەن .
لە بابەتی دەوڵەت نەتەوەشەوە، کە ئەوڕۆ بووەتە بنێشتە خۆشەی بن دانی زۆر کوردی بێ ئاگا لە ڕەوتی ڕووداوەکانی مێژوو و دونیا، زۆر شت هەیە بوترێ، کە لەم وتارە کورتەدا ناکرێت بوترێن و جێگەیان نابێتەوە. تەنها ئەوەندە دەڵێم کە هەموو قسە و باسەکانیان ئەوە بە باشی دەرئەخات کە خراپ لەو چەمکە حاڵی بوونە. ئەو دەوڵەتانەی ئەوان بە دەوڵەت – نەتەوەیان دەزانن، هیچیان دەوڵەت نەتەوە نین و لە دروستکردنی نەتەوە و دەوڵەت نەتەوەدا شکستی تەواویان خواردووە. ئەوان لە جێگەی ئەوەی وەک سویسرا لە ڕێگەی دیموکراسی، یەکسانی و خۆشگوزەرانیەوە لە چەند گروپێک خەڵک کە بە زمانی جودا دەپەیڤن، نەتەوەیەکی سویسری دروست بکەن کە هەموو هاولاتییەکی سویسری شانازی پێوە بکات، ئەوانەی لە مەڕ خۆمان ویستوویانە لە ڕێگەی چەوسانەوەی نەتەوەیی، تواندنەوە، سەرکوتکردن، جینۆساید، برسیکردن و زەبری ئاسن و ئاگر نەتەوەی سەردەست بسەپەێنن و ئەوانی دیکە بەوە قایل بکەن کە لە نێو ئەودا بتوێنەوە. لەم ڕێگەیەوە عیراق، سوریا، تورکیا و ئێران ویستوویانە دەوڵەت نەتەوە دروست بکەن، کە بۆیان نەکراوە و شکستی تەواویان تێدا هێناوە و ئەوڕۆ باجەکەی دەدەنەوە و ئەگەری ئەوەش زۆرە کە سەریشیان تێدا بچێت. ئەم کڵۆڵانە دەیانەوێ پێمان بڵێن کە هەموو ئەو گەلانەی دونیا کە خەباتی دوور و درێژییان بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان کردووە و قوربانی زۆریان لە پێناویدا داوە و ئەوڕۆکە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیانن لە سەر خاکی نیشتمانی خۆیان لەم دونیایە، هەموو گێلن و بە هەڵەدا چوونە و چەند نەخوێنەوارێکی کورد کە لە دژی هەموو دەوڵەت نەتەوەیەکن و دەیانەوێ حەزی خۆیان بۆ کۆیلایەتی لە ژێر پەردەیدا بشارنەوە، گوایە لەم پرسە باش تێگەیشتوون .
ڕاستە لە سەر ئەرزی واقیع کاری جدی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بەدی ناکرێت. بناغە و کۆڵەکەکانی دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان تا بڵێی لاوازن. کۆسپ و تەگەرەی زۆر وەک ناوچەگەرێتی، شارچێتی، خێڵچێتی، مەزەبگەرایی…تاد دەخرێنە بەردەم پرۆسەی بەگەلبوون و نەتەوەبوونی کورد. لە گەڵ هەموو ئەم ئێش و ئازارانەدا گەشتی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی کەوتۆتە ڕێ و لە کۆتاییدا کورد دەبێتە خاوەن خاک و ئاسمانی خۆی و ئاڵای کوردستان لە سەر ئەو خاکە شەکاوە دەبێت .
بە هیوای ئەوەی ئەوانەی بە هەڵە وەگەل مێگەلی نەزانان و نەیارانی دەوڵەتی کوردی کەوتوون بە ئاگا بێنەوە و خۆیان لەو داوە ڕزگار بکەن، خۆیان و لە دوای خۆشیان نەوەکانیان تووشی شەرمەزاری ئەوە نەکەن، کە پەنجەیان بۆ درێژ بکرێت و بوترێت ئەمانە لە کاتی خۆیدا لە دژی سەربەخۆیی کوردستان بوون وەکو نەوەی خۆفرۆشان و پیاوانی داگیرکەران و جاشی جۆراو جۆر .
ئەوەی دەمێنێ گەل و نیشتمان و ئاسۆی ڕووناکی دوا ڕۆژە. ئەوەی ئەڕۆ سیاسەت دەکات، یا گەندەڵی و یاری بە چارەنووسی خەڵک دەکات دەڕوات و دەبڕێتەوە و لە بیر دەکرێت. هەڵوێستی مرۆڤەکان بۆ مێژوو دەمێننەوە و تۆمار دەکرێن. لە داهاتوودا پەشیمانی دادی ئەو کەسانە نادات کە ئەوڕۆ ئاڵای دژایەتی کردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانیان هەڵگرتووە .