دکتۆر جەبار قادر : ڕووسیا و کورد ـ دوو سەدە لە پشتگوێخستن – بەشی یەکەم .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لێکدانەوەی سیاسەتی دوو سەد ساڵەی ڕووسیا بەرامبەر بە کورد لە هەر سێ سەردەمی تساری (چاری ، قەیسەری )، سۆڤیەتی و پۆست – سۆڤیەتیدا ، یارمەتی مرۆڤ دەدات باشتر لە هەڵوێستی ئەمڕۆی ئەم زلهێزە تێبگات . ئەم سێ سەردەمە دوو سەدەی تەواو داگیر دەکەن . هەرچەندە ڕووسیا لە نیوەی دووەمی سەدەی حەڤدەهەمەوە بەرەو ڕۆژهەڵات دەبووەوە ، بەڵام تا کۆتایی سەدەی هەژدەهەم و دەسپێکی سەدەی نۆزدەهەم ئەو سیاسەتە بەرهەمێکی بەرچاوی نەبوو نە لە کوردستان و بەڵکو لە کەفکازیش ( قەوقاز ، قەفقاس ). لێکدانەوەی وردەکاری و ڕووداوەکانی ئەو دوو سەدەیە پێویستی بە توێژینەوەی مێژوویی هەمەلایەنەیە ، کە ئێرە جێگەی نیە . بۆیە لێرەدا بە کەڵک وەرگرتن لە پاشخانی مێژوویی دەتوانین تەنها هێڵە گشتییەکان بخەینە ڕوو . بۆ دیاریکردنی سیاسەتی ڕووسیا لە بارەی کوردەوە ، وروژاندنی هەندێ پرسیار کارێکی بەجێیە . ڕووسیا کەی و چۆن ئاشنایی لە گەڵ کوردا پەیدا کرد ؟، ئامانجی سەرەکی ڕووسیا لەو پەیوەندییەی لە گەڵ کوردا چی بوو ؟، ئایە ئامانجەکە لە هەموو سەردەمەکاندا هەمان شت بوو ؟، پاکانەی ڕووسیا چیە بە گوێنەدان بە کورد و داخوازییەکانی لە سەردەمە جیاوازەکاندا ؟، بۆچی ڕووسیا پشتگیری لە سەربەخۆیی کوردستان نەکردووە و ناکات ؟، ئەی بۆ قەوارەیەکی بۆ کوردەکانی یەکێتی سۆڤیەت پێکنەهێنا وەک بۆ زۆربەی گەلانی تری ئەو وڵاتەی کرد ؟، لە کۆتاییدا لە بارودۆخی ئاڵۆزی ئەوڕۆی ڕۆژهەڵاتدا دەبێ چاوەڕوانی چی بکەین لە سیاسەتەکانی ڕووسیا ؟. وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە ناتەواو دەبێت بە بێ لێکدانەوەی سیاسەتی ڕووسیا لەو سێ سەردەمە جیاوازەدا ، واتا : سەردەمی تساری ( ١٨٠٠ – ١٩١٧)، سەردەمی سۆڤیەتی ( ١٩١٧ – ١٩٩١) و سەردەمی پۆست سۆڤیەتی یا سەردەمی ڕووسیای فیدیرالی (١٩٩١ – ٢٠١٥).

سەردەمی تساری ( ١٨٠٠ – ١٩١٧)

هه‌رچه‌نده‌ ده‌مێک بوو که‌ڵکه‌ڵه‌ی داگیرکردنی ناوچه‌ شاخاوییه‌کانی که‌فکاز ، نیمچه‌ دورگه‌ی کریم ( قرم ) و که‌ناره‌کانی هه‌ردوو ده‌ریای ڕه‌ش و قه‌زوین له‌ خه‌یاڵی تساره‌کانی ڕووسیای دابوو و هه‌وڵه‌کان بۆ ئاگاداری و زانیاری په‌یداکردن له‌ باره‌ی ئه‌و ناوچانه‌ و دانیشتوانێوه‌ خرابوونه‌ گه‌ڕ ، لێ تا ده‌سپێکی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌میش له‌ ڕووسیا شتێکی ئه‌وتۆیان له‌ باره‌ی کورده‌وه‌ نه‌ده‌زانی . ‌گه‌ر زانا و خوێنه‌وارانی ئه‌و وڵاته‌ شتێکیان له‌ باره‌ی کورده‌وه‌ ژنه‌وتبێ‌ ، ئه‌وا سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌کانیان به‌رهه‌می گه‌ڕیده ، بازرگانان ، پیاوانی هه‌واڵگری و په‌یامبه‌رانی کڵیسا ڕۆژئاواییه‌کان بوون . چاوخشاندنێکی سەرپێی بە هەردوو بەرگی ( بیبلیۆگرافیای کوردناسی ) خاتو ژاکەلینا موسائیلیان ، کە ٨٧٦٤ ناونیشانیان گرتۆتە خۆ و لە ٨٠٠ لاپەڕەدا لە ساڵی ١٩٩٦ لە سانکت – پیتەربورگ ( سان – پیتەرسبورگ ، سان پیتەربورگ ، پیترەگراد ، لێنینگراد ) لە چاپ دراون ، ئەوەمان بە ڕوونی بۆ دەرئەخات کە بەر لە سەدەی نۆزدەهەم هیچ زانیارییەکی گرنگ لە بارەی کوردەوە بە زمانی ڕووسی نەبووە . ئەوەی مایەی تێڕامانە ، لە ماوەی یەک سەدەدا ڕووسیا توانی بوو بە لانکەی کوردناسی و تا دوا ساڵەکانی سەدەی بیستەمیش وەک تەنیا ناوەندی کوردۆڵۆژیا لە دونیا مایەوە . ڕووسەکان چۆن لەو بێ ئاگاییەوە گەیشتنە ئەو ئاستە لە بواری کوردناسیدا . بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ بایەخدانی زانا و دەزگا زانستییەکانی دەوڵەت بەو بەشەی کورد کە لە دوای داگیرکردنی کەفکاز کەوتنە چوارچێوەی ڕووسیای تسارییەوە . بە هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت و پاشەکشەی ڕووسیاوە و پەرەسەندنی ڕووداوەکانی کوردستان لە لایەکی ترەوە لە کۆتایی سەدەی ڕابردوودا ناوەند و گروپی توێژینەوەی نوێ لە بارەی کوردەوە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا پەیدا بوون و ڕووسیا پێگەی پێشەنگی خۆی بە تەواوەتی لە دەستدا .
پەیدابوونی کورد لەو خاکانەی دواتر بوون بە بەشێک لە ئیمپراتۆریی ڕووسیا مێژووییەکی کۆنتری لە سەدەی نۆزدەهەم هەیە . بە پێی هەندێ سەرچاوەی مێژوویی کورد لە سەردەمی میرنشینە کوردییەکانی سەدەکانی ناوەڕاستەوە لە هەندێ ناوچەی کەفکاز پەیدا بوونە . هەندێ لەو میرنشینانە ، بە تایبەتی میرنشینی شەدادی لە سەدەکانی ١٠ – ١٢ دەستی بە سەر ناوچەیەکی فراوانی کەفکازدا دەڕۆیشت . ئەمە زیاتر وڵاتی ئازربایجانی دەگرتەوە . بەشێک لە کوردان لە دوای لە بەین چوونی میرنشینەکە لەوێ مانەوە و دواتر نیشتەجێ بوون . هەندێ هۆزی کۆچەری دیکەی کوردیش لە سەدەکانی دواتردا ڕوویان لەم ناوچانە کرد و دەڤەرێکی فراوانیان لە نێوان ئەرمەنستان و ئازربایجان لە سەر خاکی ئەمەی دواییان پێکهێنا ، کە لە سەردەمی سۆڤیەتیدا بە کوردستانی ئازربایجان یا کوردستانی سور دەناسرا . لە شەڕەکانی نێوان دەوڵەتی عوسمانی و ئێرانیش لە کۆتایی سەدەی شازدەهەم ، کورد لە تەک سوپای عوسمانیدا و لە دژی ئێران شەڕیان دەکرد . بەشێکی فراوانی کەفکاز ، کە ئەو کاتە لە ژێر دەستی ئێراندا بوون ، لە ئەنجامی ئەو شەڕانەدا کەوتنە ژێر دەستی دەولەتی عوسمانی ، بە تایبەتی لەو شەڕەی لە ساڵی ١٥٨٩ کۆتایی هات . بەشێک لە شەرکەرانی کورد و هۆزەکانیان لەو ناوچانەش مانەوە و لە دواییدا هەر لەوێ نیشتەجێ بوون . لە نیوەی دووەمی سەدەی هەژدەهەمەوە کوردە کۆچەرەکان هەوارگە و گۆڕەپانی بەهار و هەواریان فراوانتر کرد و تا نزیک یەریڤان لە ئەرمینیا و باکۆ لە ئازربایجان دەکشان . لەو کاتەدا هێشتا هاوڵاتی ( ڕاستتر ڕەعییەی ئێران و دەوڵەتی عوسمانی بوون ) . ئەمانە هەموویان لە سەدەی نۆزدەهەم کەوتنە ژێر دەسەڵاتی ڕووسیاوە . لە دوای شەڕی نێوان ڕووسیا و ئێران و بە پێی پەیماننامەی گوڵستان لە ٢٤ ئوکتۆبەری ١٨١٣ ئێران ناچار کرا دەست لە داگستان ، گورجستانی ئەوڕۆ ( جۆرجیا ، بەشێکی گەورەی ئازربایجان و ئەرمەنستان ( ئەرمینیا ) هەڵبگرێت و ببن بە بەشێک لە ئیمپراتۆری ڕووسیا . ئەو ناوچانەشی کە مابوون لە خاکی ئازربایجان و ئەرمەنستان تا ڕووباری ئاراس ، ئەوا ئێران ئەوانیشی لە شەڕی ١٨٢٦ – ١٨٢٨ لە دەستی دا و بە پێی پەیماننامەی تورکمان چای ( ١٠ شوباتی ١٨٢٨ ) کە کۆتایی بە شەڕەکە هێنا ، خرانە سەر ئیمپراتۆریی ڕووسیا .
ئەو سنوورانەی ئەو ڕۆژانە کێشران تا ئێستاش بە بێ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ وەکو خۆیان ماونەتەوە . لە ئەنجامی ئەم ڕووداوانەدا ئەو کوردانەی لە وڵاتانی کەفکاز دەژیان لەوێ مانەوە و ئەو بەشەی کوردیان پێکهێنا کە بوون بە هاوڵاتی ڕووسیای تساری و پاشتریش یەکێتی سۆڤیەت . ئەمە لە بەرەی کەفکاز و پشتی کەفکاز . کوردەکانی تورکمەنستان و ناوەڕاستی ئاسیاش ئەوانە بوون کە شا عەباس لە سەدەی ١٧ ڕایگوێزابوون بۆ ئەوەی سنوورەکانی ئێرانیان پێ بپارێزێت لە هێڕشی تورکمەنەکان . سیاسەتی ڕاگوێزانی کوردانی ئێران بۆ خوراسان و سەر سنوورەکانی تورکمەنستان تا دوا ساڵەکانی فەرمانڕەوایی نادر شاش لە چلەکانی سەدەی هەژدەهەم هەر بەردەوام بوو . دوای ئەوە بە چەند سەدەیەک شەپۆلێکی دیکەی کورد بە زۆر دەبرێن بۆ ناوەڕاستی ئاسیا، مەبەست ئەو کوردانەی لە سەر دەستی ستالین لە کۆمارەکانی کەفکازەوە لە ساڵانی ١٩٣٧ و ١٩٤٤ بران بۆ کازاخستان و ئاسیای ناوەڕاست .
هەر لە سەدەی نۆزدەهەمدا هەڵمەتەکانی ڕووسیا بۆ داگیرکردنی هەموو کەفکاز و کەنارەکانی دەریای ڕەش و دەرهێنانیان لە دەست دەوڵەتی عوسمانیش دەستیپێکرد . لە ماوەی نیو سەدە و لە ئەنجامی سێ شەڕی گەورەدا لە ساڵانی( ١٨٢٨ – ١٨٢٩ و ١٨٥٣-١٨٥٦ و ١٨٧٧-١٨٧٨) کە بە پەیماننامەی بەڕلین لە ساڵی ١٨٧٨ کۆتایی پێ هێنرا ، هەموو ئەو ناوچانەی کەفکاز کە بە دەستی دەوڵەتی عوسمانییەوە بوون خرانە سەر ڕووسیا . ئەمە نەک تەنهاڕۆژئاوای گورجستان و ئەرمینیای ئێستا بوو ، بەڵکو ویلایەتی ئەردەهانی ئەوڕۆی تورکیاشی لە گەڵدا بوو ، کە لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی بەلشەڤییەکان گەڕانیانەوە بۆ تورکیای کەمالی . لەم دەڤەرانەش ژمارەیەکی زۆر کورد هەبوون .
کوردێکی زۆر لە کاتی شەڕی ١٨٧٧ – ١٨٧٨ لە تورکیاوە ڕایان کرد و پەنایان بردە بەر وڵاتانی کەفکاز . ئەمانە زۆربەیان کوردی ئێزیدی بوون ، لە دوا ساڵەکانی شەڕی یەکەمی جیهانیشدا و ساڵانی دوای شەڕیش تا دامەزراندنی دەسەڵاتی سۆڤیەتی لە کۆمارەکانی کەفکاز لە دەسپێکی بیستەکانی سەدەی ڕابردوو ، کوردێکی زۆر لە تاو برسێتی و جەور و ستەمی تورک پەنایان دەبردە بەر ئەرمەنستان و گورجستان .
بەم شێوەیە کورد لە سەردەمی جیاوازدا لە سەر ئەو خاکانە پەیدا بوونە و دواتر نیشتەجێ بوونە و کاتێ ڕووسیا دەستی بە سەریاندا گرت وەکو هەموو خەڵکەکانی دیکە بوون بە هاوڵاتی ڕووسیای تساری و دواتر یەکێتی سۆڤیەت و دوای هەڵوەشانەوەی ئەمیش بوون بە هاوڵاتی ئەرمینیا ، ئازربایجان و گورجستان . بە پێی ئەو سەرچاوانەی لە بەر دەستماندان ئەستەمە هەبوونی کورد لە سەر ئە خاکانە بکەین بە بەڵگە بۆ ئەوەی بە بەشێک لە کوردستانیان دابنێین .
بایەخدانی ڕووسیا بە کورد و هەوڵی کۆکردنەوەی زانیاری لە بارەی ئەم گەلەوە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەم ڕەوتەی ڕووداوەکانەوە هەبوو . لە دەسپێکی سەدەی نۆزدەهەمدا ڕووسیا لە هەوڵی ئەوەدا بوو کوردانی ئێران و دەوڵەتی عوسمانی بێلایەن بکات لە شەڕەکانیدا لە دژی ئەو دوو دەوڵەتە . بەلای ڕووسیاوە گرنگ بوو کورد لە دژی سوپاکەی نەوەستنەوە چونکە ئەوان لە سەر سنوورەکان بوون و دەیانتوانی کاربکەنە سەر پارسەنگی هێزەکان . بەڵام کوردانی کەفکاز لە تەک سوپای ڕووسیا بەشداریییان لە شەڕەکاندا دەکرد . بە پێی زانیارییەکانی کوردناسی بەناوبانگی ڕووس ڤڵادیمێر مینۆرسکی ، ڕووسیا هێزی تایبەتی لە کوردەکانی کەفکاز پێکدەهێنا . بۆ نمونە لە شەڕی ١٨٢٩ لە دژی عوسمانییەکان ، بە وتەی مینۆرسکی ، چوار تیپ لە موسوڵمانانی ڕووسیا دروست کرابوون ، کە یەکێکیان لە کورد پێکێنرابوو و ژمارەی سەربازەکانی ٤٠٠ سوارە بوو . لە کاتێکدا لە شەڕی کریمدا( قرم ) دوو تیپی کوردی لە ڕیزی سوپای ڕووسیا لە دژی عوسمانییەکان شەڕیان دەکرد . یەکێکیان بە تیپی ئێرانی و ئەوی دیکەیان بە تیپی یەریڤان دەناسران و جەعفەر ئاغا سەرداری ئەمەی دواییان بوو . ئەم جەعفەر ئاغایە بە پلە سەربازییەکاندا هەڵکشا تا گەیشتە پلەی جەنەراڵ .
لە کاتی شەڕی کریمدا ڕابەری سەرهەڵدانی کوردان لە ساڵی ١٨٥٥ یەزدان شێر هەوڵی زۆری لە گەڵ ڕووسەکان دا بۆ ئەوەی هاوکاری بکەن لە دژی عوسمانییەکان ، ڕووسەکان داخوازییەکانی یەزدان شێریان پشت گوێ خست و کاتێ دەستیان بە هێڕش کرد ئەو بە پیلانێکی کونسولی بریتانی لە موسڵ نەمرود ڕەسام خۆی دابوو بە دەستەوە . دیپلۆماتەکانی ڕووسیا گەلێ جار ڕەخنەی ئەوەیان لە دەوڵەکەتەی خۆیان دەگرت کە کوردەکان پشت گوێ دەخات و بە پیر داخوازییەکانیانەوە ناچێت و کەڵک لەو هێزەی هەیانە وەرناگرێت . ئەمە بۆ سەرهەڵدانەکەی یەزدان شێر لە سەدەی نۆزدە و هەوڵەکانی عەبدولڕەزاق بەدرخان و هەندێ سەرکردەی دیکەی کوردیش لە سەدەی بیستەمدا دروستە .
هەرچەندە شێخ عوبەیدوڵای نەهری لە شەڕی ١٨٧٧ – ١٨٧٨ لە دژی ڕووسەکان و لە تەك سوپای عوسمانیدا شەڕی دەکرد ، لە گەڵ ئەوەشدا لە کاتی ئەو شەڕەشدا و هەر بە وتەی مینۆرسکی ١٣٠٠ سەربازی سوارەی کورد لە تەک سوپای ڕووسیا لە دژی عوسمانییەکان شەڕیان دەکرد . ئەمانە هەموو کوردی کەفکاز بوون .
لە کاتی شەڕی یەکەمی جیهانیدا ناوچە کوردییەکان بوون بە گۆڕەپانی شەڕ لە نێوان هەردوو سوپای عوسمانی و ڕووسیا . بە هۆی ئەو شەڕانەوە زیانێکی زۆر بەر کورد و نیشتمانەکەی کەوت . پیلان و پرۆژەی دەوڵەتانی کۆڵۆنیالیش بۆ دابەشکردنی میراتەکانی دەوڵەتی عوسمانی لە هەموو لایەکەوە کوردستانی لەت وپەت دەکرد . لە لایەکی ترەوە پشتگیری ڕووسیا لە چەتە ئەرمەنەکان و کردەوە دژە مرۆییەکانی سەربازانی ڕووس لە زۆر شوێنی کوردستان ، ڕووسیان لە لای کورد کردبوو بە دێوەزمەیەکی ناعەز و ترسناک . وشەی مسقۆف لە نێو کورداندا بۆ دەمێکی دوور درێژ بەرجەستەی توند و تیژی سەربازانی ڕووسی لە بیری گشتی کوردا دەکرد . لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش ڕووسیا دەستی لە گەڵ بریتانیا و فرەنسا تێکەڵ کردبوو و بە پێی ڕێکەوتننامەی سایکس – پیکۆ کوردستانیان لە نێوان خۆیاندا دابەش کردبوو . بە پێی ئەو ڕێکەوتننامەیە هەموو باکوری کوردستان بۆ ڕووسیا دانرا بوو . شۆڕشی ئوکتۆبەر ١٩١٧، مۆرکردنی ئاشتی برێست – لیتۆڤسک لە نێوان ڕووسیا و ئەڵمانیا لە لایەکەوەو ، داڕوخانی دەوڵەتی ڕووسیا و شەڕی ناوخۆ و گەلێ هۆکاری تر ، دەسەڵاتدارانی بەلشەڤییان ناچار کرد لە شەڕ بکشێنەوە و ئەو ڕێکەوتننامە نهێنییانە ئاشکرا بکەن و ئەوەش ڕابگەیەنن کە ئەوان بەشێک نین لێیان و دەست لەو بەشانە هەڵدەگرن کە بۆیان دانراون . ئەم هەڵوێستەی بەلشەڤییەکان دەنگدانەوەی زۆری لە ڕۆژهەڵات دایەوە و کاربەدەستانی کۆڵۆنیاڵی بریتانی و فرەنسی توانا و کاتێکی زۆریان خەرج کرد بۆ ئەوەی لە زیانەکانی کەمبکەنەوە .
بە گشتی لە سەردەمی تساریدا دەسکەوتەکانی ڕووسیا لە کوردستان لە زانیاری کۆکردنەوە و توێژینەوە لە بارەی کورد و کوردستانەوە و گەشەکردنی کوردناسی بەولاوە شتێکی ئەوتۆ نەبوون . لە ئەنجامی لکاندنی کەفکاز بە ڕووسیاوە ژمارەیەک کورد بوون بە هاوڵاتی ڕووسیا . ئەم کۆمەلگە کوردییانە ئەو کەرەستە زیندووە بوون کە زانا ڕووسەکان بەشێکی زۆری توێژینەوەکانیان لە بارەوە کردن ، هەوڵیاندا لە ڕێگەی ئەوانەوە کورد بناسن ، زانیاری زیاتر لە بارەی ئەم گەلەوە بەدەست بێنن و باشتر لە بونیادی کۆمەڵایەتی و کولتوری ئەم گەلە تێبگەن . ئەمەش بوو بە بنەمای ئەو قوتابخانە کوردناسییە کە یەکێ لە شانازییەکانی ڕووسیا و یەکێتی سۆڤیەت بوو .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت