Barzani-Erdogan

کامەران وریا قانع : برسیه‌تى موسڵ و هه‌رێم .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

شارى موسڵ له‌ مێژوودا زۆر جار تووشى برسیه‌تى بوه‌ , به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ مرۆڤه‌كان په‌لامارى منداڵى بچوكیان داوه‌ له‌ شه‌قامه‌كان و ، دواى فراندنى هه‌ستاون به‌ خواردنى . مێژوونووسان چه‌ندین هۆكار بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌م برسیه‌تییه‌ باس ئه‌كه‌ن , هه‌ر له‌ هێرشى كوله‌ , تاكو بڵاوبوونه‌وه‌ى نه‌خۆشى كوشنده‌ , تاكو باران و به‌فرى زۆر ، كه‌ به‌روبوومى كشتوكاڵى تێكداوه‌ . ئه‌وه‌ى جێی سه‌رنجه‌ زۆربه‌ى مێژوونووسه‌كان هۆكارێكى زۆر ترسناكى برسیه‌تى ساڵى 1917 ی موسڵ باس ئه‌كه‌ن ئه‌ویش سوپایی عوسمانیه‌كانه . عوسمانیه‌كان د‌واى ئه‌وه‌ى له‌ به‌غدا ده‌ركران به‌ هاتنى ئینگلیز ناچار بوون سوپاكه‌یان بگواسنه‌وه‌ بۆ شارى موسڵ , ئه‌م سوپایه‌ بۆ به‌رده‌وام بوون له‌ ژیان باجى زۆریان خسته‌ سه‌ر شانى خه‌ڵكى موسڵ , ئه‌مه‌ش به‌م جۆره‌ بوو‌‌ :
راسته‌وخۆ به‌ بردنى كه‌لو په‌ل و زه‌خیره‌ى ماڵان یان پاره‌ , ئه‌مه‌ش وایكرد ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان بتوانن به‌ به‌رتیلدان به‌ ئه‌فسه‌ره‌كان خۆیان بدزنه‌وه‌ له‌ دانى باج و كه‌لوپه‌ل یان باجیكى كه‌میان ئه‌دا , هه‌رچى خه‌ڵكه‌ ساده‌كه‌ بوو سوپاكه‌ى عوسمانى كه‌وتبوونه‌ گیانیان و ده‌ستیان نه‌ ئه‌پاراست له‌ بردنى زه‌خیره‌كانیان .
هه‌روه‌ها جگه‌ له‌و دزییه‌ ئاشكرایه‌ , یاساى فرۆشتن هه‌بوو كه‌ ده‌وڵه‌تى عوسمانیش بارگرانیه‌كى زۆرى دروست كرد بوو له‌سه‌ر خه‌ڵكى دیهاته‌كان كه‌ پیشه‌ى سه‌ره‌كیان كشتوكال بوو ، به‌ گوێره‌ى ئه‌و یاساییه‌ ده‌بوایه‌ یه‌ك له‌سه‌ر ده‌ 1/10 به‌روبومى بده‌ن به‌ ده‌ڵه‌وت له‌ پێناوى یارمه‌تى دانى سوپا , به‌ڵام له‌ ساڵى 1917 كاتێك كوله هێرشى كرده‌ سه‌ر به‌روبوومى كشتوكاڵى , ده‌وله‌تى عوسمانى توشى بێ زه‌خیره‌یه‌كى زۆر بوو هه‌ستا یه‌ك له‌سه‌ر ده‌یه‌كى ترى زیاد كرد له‌سه‌ر جوتیاره‌كان , ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و باجه‌ى تر به‌ ناوى ( مجهود حربى ) كه‌ رێژه‌كه‌ى %50 له‌سه‌ر بالاخانه‌و موڵك وه‌ %25 بۆ زه‌وى كشتوكاڵى بوو , به‌مه‌ش خه‌ڵكه‌كه‌ هیچى بۆ نه‌مایه‌وه‌ . له‌ ئه‌نجامى ئه‌م برسیتیه‌ باندى دزى و ڕفاندن گه‌وره‌ دروست بوون , به‌ تایبه‌تى كاتێك زانیان كه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان زه‌خیره‌كانیان شاردوته‌وه‌ . ئه‌مه‌ وایكرد موسڵاوییه‌كان خه‌ون ببین به‌ هاتنى ئینگلیز و ڕزگار ببن له‌ خه‌لیفه‌ى عوسمانیه‌كان !.
ئه‌مرۆ ئه‌گه‌ر ببینین توركه‌كانى ده‌وڵه‌تى ئۆردوگان به‌ هه‌مان سیاسه‌ت هه‌رێمى كوردستان برسى ئه‌كه‌ن , ئه‌وان جگه‌ له‌ سوودى نه‌وتى هه‌رێم ئێستا چاویان له‌ غازه‌كه‌شیه‌تى كه‌ به‌ تاڵانى بیبەن . ئۆردوگان وه‌كو خه‌لیفه‌كان كه‌ به باپیره‌ گه‌وره‌ى خۆی ئه‌زانێت , ئه‌وه‌ى له‌سه‌ره‌ فه‌رمان بكات كه‌ ولایه‌ته‌كان مانگه‌ باج و سه‌رانى خۆیان بنێرن بۆ ئه‌سته‌مبول له‌ به‌رامبه‌ر به‌رگرى لێ كردنیان , ئیتر ئه‌م باج و سه‌رانه‌یه‌ چۆن كۆكرێته‌وه‌ ـ كارى ئه‌سته‌نبول نیه ، به‌ڵكو كارى والیه‌كانى ولایه‌ته‌كانه ‌. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مرۆ قات و قریه‌كى زۆر له‌ كوردستان دروست بووه ‌, چونكه‌ والى كوردستان ده‌بێت مانگانه‌ سه‌رانه‌ بنێرێت بۆ ئه‌سته‌نبول , ئیتر ئه‌م سه‌رانەیه‌ چۆن كۆده‌كرێته‌وه‌ گرنگ نیه‌ , هه‌ر له‌ مووچه‌ برین بۆ بردنى پاره‌ى گومرگه‌كان بۆ پێدانى پاره‌ى نه‌وت , ئه‌وه‌ والیه‌كانى هه‌ولێرو سلێمانین ( من نارازیه‌كانى باڵى تاڵه‌بانى له‌ بارزانى به‌ درۆیه‌كى گه‌وره‌ ئه‌زانم كاتێك هه‌ندێك قسه‌ى نارازى فرێ ئه‌ده‌نه‌ ناو میدیاوه‌ ) ئه‌بێت بۆى كۆكه‌نه‌وه‌ .
ئه‌گه‌ر توركه‌كان بێن باشترین دیاریان برسیه‌تیى بۆ ئێمه ‌, ڕه‌نگه‌ قات و قڕى موسڵ له‌ هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانیش دووباره‌ بێته‌وە .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت