جیهاد موحەمەد : خەڵکی ناڕازیی کوردستان لە دوو تەنگەژەدایە .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

خەڵکی ستەمدیدە و بەشمەینەتی کوردستان ، تەنها بە دەست حکومەت و حیزبگەلێکی هاوبەش ” براوە  ” لە دەسەڵاتی سیاسییدا لە تەنگەژەدا نییە ، بەڵکو لە هەمانکاتدا بە دەست حیزبگەلێکی جووت مۆراڵ و خەیاڵپلاوەوە لە تەنگەژەدایە .
ئەو حیزبانەی جووت مۆراڵن ، ئەوانەن کە لە لایەک راستەوخۆ و بە چەند ئەندام پەرلەمان و چەند وەزیرێک هاوبەشن لە دەسەڵاتی سیاسیی حکومەتە گەندەڵەکەدا و لە لایەکی دیکە خۆیان بە پێشەوا و رابەری خەڵکی ئۆپۆزسوێن دەبینن .
چەند حیزبێکی دیکە ، کە تەنها دروشمگەرایین و بە بەرزکردنەوەی دروشمە خەیاڵپڵاویەکانیان خۆیان بەوە دەزانن جێگرەوەی حکومەت و دەسەڵاتە سیاسییە گەندەڵەکەن لە حاڵەتی راماڵینی ئەم دەسەڵاتە سیاسییە گەندەڵەدا .
حیزبە جووت مۆراڵەکان مەستی هاوبەشین لە دەسەڵاتی سیاسییدا و بەردەوام لە دوای هەموو هەڵبژاردنە ساختەکارییەکان شەڕیانە لەسەر وەرگرتنی پۆستە گرنگ و دەوڵەمەندەکان ، کەچی بێ شەرمانە خوا خوایانە ئەم دەسەڵاتە سیاسییە گەورەترین هەڵەی ستراتیژی بکات ، زۆرترین دزی و گەندەڵی بکات ، زۆرترین و بەرفراوانترین ستەم و چەوساندەوە بکات ، بۆ ئەوی ئەمان قاچی ناو ئۆپۆزسوێنیان قایمتر بێت و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بقۆزنەوە بە ” ئەلله و اکبر ” و بە نوێژکردن لە سەر شەقامەکان و کردنی شەقامەکان بە مزگەوت و وتنەوەی سروتی دینی و هاتوهاوار و بانگهێشتکردن بەوەی کە تەنها دینی ئیسلام و سەلەفیەت چارەسەرە و هیچی تر .
کۆمەڵە حیزبیکی دیکەی درووشمگەرایی ، کە هەندێکیان بیانەوێت یان نا لە گەندەڵیەکەی دەسەڵاتی سیاسییەوە ئاڵاون و بوون بە زوڕناژەنی ئەم دەسەڵاتە سیاسیی و دیموکراتیە درۆزنانەیەی کوردستان ، ئەم حیزبانە و هەندێکی دیکە لەو حیزبانەی کە خەیاڵپڵاوانە خۆیان بە جێگرەوەی دەسەڵاتە سیاسییە گەندەڵکە دەزانن و هەموو دواکارییەکی چاکسازیی و نارەزایەتییەکی خەڵکی کوردستان وا نیشان دەدەن کە گوایە ئەمە دوا ویستگە و کۆتای دەسەڵاتە سیاسییەکەی کوردستانە و ئەمان جێگەرەوەن و هەر ئەمانن کە دەتوانن پێشەوایەتی و رابەرایەتی ناڕەزایەتیەکان بکەن تا دوا مەنزڵ و دوا چارەسەر .
بە بڕوای من چەند حکومەت و دەسەڵاتە سیاسییە گەندەڵەکە زەرەری لە خەڵکی کوردستان داوە ، هێندەش و بگرە زیاتریش ئەم حیزبە جووتمۆراڵ و خەیاڵپڵاوانەش زەرەریان لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان داوە بە موزایەدەی سیاسیی . ئەم حیزبانە لێناگەڕێن ، خەڵکی کوردستان خۆیان دەریچەیەک بدۆزنەوە بۆ رێکخستنی ناڕەزایەتییەکانیان ، خۆیان خۆیان رێکبخەن، ئەگەر ناڕەزایەتییەکانیان گەیشتە ئەو ئاستەی دەسەڵاتی سیاسیی و حکومەتە گەندەڵەکە ملی شۆرکرد بۆ داواکارییەکانیان ـ کە شۆڕی ناکەن و مل نادەن ـ ئەوە چاکسازییەکە دێتە دی و خەڵک هەندێک ماندووی دەحەسێتەوە لەوەی کە دەگەن بە ماف و پێداویستییە سەرەتاییەکانیان (هەروەک هەموو ئەو خەڵکەی لە ژێر چەوساندنەوە و ستەمکاری حوکومەتە تۆتالیتاریی و دیکتاتۆرییەکاند دەناڵێنن ، بەڵام مافە سەرتاییەکانیان وەک موچە و کارەبا و ئاوی پاک و تا ئاستێک دادپەروەری و یاسا بوونی هەیە ) چونکە هەموو داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان ، ئەگەر بمانەوێت خۆمان نەخەڵەتێنین ، دەچێتە چوارچێوەی چاکسازییەوە و هیچی دیکە .
ئەوە حیزبە جووت مۆراڵ و دورشمگەراییەکانن کە داخوازییەکانی خەڵک و نارەزایەتیەکان وا پیشان دەدن کە گۆڕانگاری بنەڕەتی لێوە بەرهەم دێت ، دەنا لە راستیدا وانیە و خەڵکی کوردستان تا ئێستاش لەو ئاستەدا نییە کە داوای گۆڕانکاری بنەڕەتی بکات . ئەم حیزبانە لە جیاتی ئەوەی ناڕەزایەتییەکان بەو عاقارەدا بەرن کە ببێت بە داخوازی بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی و هۆشمەندیەکی وا لای خەڵک دروستبکەن کە بە چاکسازیی رازی نەبن ، کەچی بە خەڵکی دەڵێن دوامانکەون لەگەڵمان بن ، وەرنە ناو حیزبەکانمانەوە ئێمە ئازدتان دەکەین ، لە جیاتی ئەوەی خەڵکی فێری قسە بە ناوبانگەکەی پاوڵۆ فرێری بکەن کە دەڵێت : ” کەسێک دەتوانێت کەسێک بچەوسێنێتەوە بەڵام کەسێک ناتوانێت کەسێک ئازاد بکات ” . ئازادی لە گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکاندایە ، لە گۆڕنکاری جیهابنیی سەردەمیانەو و مرۆڤدۆستی و بوون بە مرۆڤ و گۆڕینی کولتوور و پەروەردەی نەریتیی دایە بۆ کولتووری دیموکراتیی و پەروردەی فەلسەفیاینە .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت