Barzani-u-Ardogan

شێرزاد شێخانی : سەرۆکی مەسینەکانی مزگەوت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەگێڕنەوە لەسەردەمی حوکمی عوسمانیەکاندا خەڵکی شارێک لەبەرامبەر چەوەساندن و بەتاڵانبردنی سامان و ماڵوێرانکردنیان بەدەست والیەکەیانەوە هاواریان لێهەڵئەسێت . خۆیان کۆ ئەکەنەوە ئەچنە بارەگای سوڵتان لە ئەستەنبۆڵ و داوای لێ ئەکەن ئەم والیەیەیان لەکۆڵکاتەوە.. دوای ئەوەی باسی زوڵموزۆرداری ئەو والییەیان بۆ سوڵتان کرد زۆر پەست و توڕە بو ، بریاری لادانی داو فەرمانیکرد بەهیچ شێوەیەک پۆستی تری نەدرێتێ . بەڵام کابرا وەک هەمو دیکتاتۆریکی تینوی دەسەڵات کەدەستبەرداری پۆست نابێت ، خۆی گەیاندە لای سوڵتان و کەوتە سەر دەستوقاچ ماچکردنی بۆ ئەوەی هەر پۆستێک بێت پێیبەبەخشێت. سوڵتان رەفزی کرد، بەڵام کابرا نەوەستا تا قەناعەتی پێهێنا بیکات بەسەرۆکی مەسینەکانی مزگەوتی شارەکە .
سوڵتان بەناچارییەوە رازی بو ، کابرا گەرایەوە شارو بەفەرمانی سوڵتان بو بەسەرۆکی مەسینەکانی ئاودەستی مزگەوت .. هەروەک پیشەی هەمیشەیی لەزوڵم و زۆرداری هەستا مەسینەکانی کردە دو رەنگی شین و وسور . هەرکاتێک زەلامێک مەسینەی سوری هەڵگرتبا فەرمانی بەسەر ئەکرد دایبنێتو شینەکە ببات. ئەگەر شینیشی بردبا پێی ئەوت سورەکە بەرە . بەمشێوەیە حوکمی خۆی بەسەر دەستنوێژی موسلمانان فەرزکرد .. ئەمکارە زۆری کێشاو رۆژ لەدوای رۆژ خەڵکەکە لەو حوکم و رەفتارەی کابرای سەرۆکی مەسینە بێزار ئەبون تا وایلێهات خەڵکەکە بەعام لەبن سەری ئەم کابرایە وازیان لە نوێژکردنیش هێنا.
حکومەتی ناسکونازداری هەرێمەکەمان ئێستا هیچی بەدەستەوە نەماوە تەنانەت مەسینەکانی مزگەوتیشی پێ بەرێوە ناچێت . ئەوەتا موچە کەمبژیوی خەڵکە رەشورووتەکەیە پێی دابین ناکرێت.. کارەبای پێنادرێت خەریکە ئەیفرۆشێتە کەرتی تایبەتەوە .. پرۆژەی خزمەتگوزاری پێ جێبەجێ نابێت ، رێگاوبان وێرانیش بن عارەبانەیەک قییری نییە چاکی بکاتەوە .. نەوتی پێنافرۆشرێت لەهەرزان بازارەکانیشەوە .. قوتابخانەی پێ بەرێوە ناچێ چونکە موچەی نیە بداتە مامۆستایان.. بەرهەمی کشتوکاڵی ناوخۆ وەستاوە ، کەرەوزو سەلکە تورەکانمان لەچیین و ماچیینەوە هاوردەئەکرێن .. ئەرزەکانی گەشتوگوزارمان بوەتە مەزرعەی تایبەتی بەرپرسان .. پەرلەمان ئیفلیج کراوەو ئەنجومەنی وەزیران شەش مانگ جارێک کۆ ئەبێتەوە .. موچەی کردە نیوەو دواتریش کەمی ئەکاتەوەو نازانین دوای ئەو چیتری لەهەگبەدایە .
دوایین بژاردەکانیشی فرۆشتنی هەندێ وەزارەتە بەکەرتی تایبەت بۆ ئەوەی خەڵکی بەعام بکەونەوە ژێر دەستی کۆمەڵێک زۆردارو خوێنمژی میللەت لەگەندەڵکارو کۆمپانیاکانی سەر بەدەسەڵات ..
وڵاتێک خەزینەکەی بەتاڵ بێت ، وەزارەتەکانی فرۆشراو بیت.. پەرلەمانەکەش فاتیحای لەسەر خوێنرابێت.. سەرۆکایەتی هەرێمەکەشی ئیکسپایەر بوبێت ، ئەم وڵاتە چی بەسەر یەکەوە ماوە ..
حکومەت ئەگەر وەزارەتی نەبێت ، پارەی نەبێت ، پرۆژەی نەبێت ، سامانی نەبێت ، مەگەر سەرۆکەکەی وەکو کابرای والی سەرۆکی مەسینەکانی مزگەوت بێت ، ئەگینا لەچ شوێنێکی دونیادا حکومەتێکی ئاوا بینراوە؟ .
داوای قەرزی نیو دەوڵەتی ئەکات ، کەس سییقەی پێناکات دینارێکی بداتێ چونکە مایەپوچەو ئابورییەکەی داتەپیوە . تەنانەت کاتێک سواڵیش ئەکات کەس دڵی پێناسوتێت. ئەوەتا لەدوایین زیارەتی ناموبارەکی وەفدی هەرێم بۆ ئەمریکا یەک عانەیان پێ رەوا نەبینی ، ئەو ئەمریکایەی کە سەرانی پارتی ئەیانوت ئیجازەی دروستکردنی دەوڵەوتی سەربەخۆییان پێداوین . بەڵام هەر لەئیدارەکەی ئەمریکادا پێیان راگەیەندرا کەوا جارێ برۆن ئەو ملیاران دۆلارەی دزیوتانە لەمیللەتەکەتان بیهێننەوەو موچەی خەڵکی پێبدەن ئەوسا ئێمەش هاوکارتان ئەبین ؟ .
زۆر راستە ، من پێموایە ئێستا سەرانی دەسەڵاتەکەی پارتی لانیکەم 100-200 ملیار دۆرلارێکیان لە بانکەکانی دەرەوەدا هەیە ، با ئەو پیاوەتیە بەرامبەر بەمیللەتەکەیان بکەن بەقەرزیش بێت 5 ملیاری بهێننەوەو کێشەی موچە چارەسەر بکەن و بازار بکەوێتەوە ئیش و ئەحواڵ ئاسایی ببێتەوە ، کاتێک نەوتەکەمان پارەی کرد قەرزەکەیان وەرگرنەوە و هیچ پێویست بە سواڵو نوزانەوە ناکات لەوڵاتان ، چونکە هەمو دونیا گەشتۆتە ئەو قەناعەتەوە کەوا پارە هەیەو لەژێرزەمینو بانکەکانی دەرەوەدا حەشار دراوە ..
خۆ ئەگەر بایی ئەوەندە دڵیان بەو میللەتە نەسوتێت و بیانەوەی ئەم بارودۆخە وەکو ئێستا یا لەوەش خراپتری بکەن ، ئەوسا نە بەیاننامەکەی بەناو سەرۆکایەتی هەرێم دو عانەی قەڵپ ئەکات کاتیک داوای لەم میللەتە برسییە کرد دان بەخۆیانەوە بگرن ، نە ئەو ملیاران دۆلارە دزراوەی هەشیانە بەفریایان ئەکەوێت ، چونکە کە قەوما ئەو رۆژەیە کە ” یوم لاینفع مال ولابنون “. چارەنوسی دیکتاتۆریش دیارە بەچی ئەگات نمونەی قارونیشمان لەبیر نەچوە کە خوای گەورە لموزی لەئەرز خشاندو کردی بەپەندی زەمانە .. باقی وەلسەلام ..

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕیکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت