دکتۆر جەبار قادر : ڕووسیا و کورد ـ دوو سەدە لە پشتگوێخستن ـ بەشی دووەم .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

سەردەمی سۆڤیەتی :

دەبێ لەم سەردەمەدا لە دوو ڕەهەندەوە سەیری سیاسەتی ڕووسیا بەرامبەر کورد بکەین . یەکەم سیاسەتی کاربەدەستانی ئەو وڵاتە بەرامبەر کوردانی یەکێتی سۆڤیەت و دووەمیش سیاسەتیان بەرامبەر کوردی دەرەوە . لە سەردەمی تساریدا تەنها لە دیدی جیۆپۆلیتیکی و سەربازییەوە کاربەدەستانی ڕووسیا سەیری کوردیان دەکرد . هەمیشە بیریان لەوە دەکردەوە کە دەتوانن لە کاتی پێویستدا وەک هێزێکی شەڕکەر لە دژی دوژمنەکانیان بەکاریان بێنن . دوژمنایەتی ڕووسیا لە گەڵ دەوڵەتی عوسمانی و ئێراندا و ململانێی توندی لە گەل بریتانیاندا بۆ دەستگرتن بە سەر  ڕۆژهەڵاتدا ، دەبوایە ڕووسیای بکردبایە بە دۆست و هاوپەیمانی سروشتی کورد لە سەر بنەمای دۆژمنی دوژمنم دۆستمە . بنەماکانی سیاسەتی دەوڵەت بەرامبەر بە کورد لە سەردەمی سۆڤیەتیشدا هەمان شت بوون بەڵام لە ژێر پەردەی ئایدیۆلۆژیایەکی ناکۆک و لە بارو دۆخێکی مێژوویی و نێودەوڵەتی تەواو جیاوازدا . کورد هەمیشە وەک یەدەکێک لە دژی ئیمپریالیزم لە لایەن مۆسکۆوە سەیر دەکرا و دەبوایە بە پێی پێویست هانبدرێت بۆ ڕوو بە ڕووبوونەوە ، یا ڕێگەی لێ بگیرێت لە دژی داگیرکەرانی سەرهەڵدا و ڕاپەڕێ .

1 – لە بەرامبەر کوردی یەکێتی سۆڤیەت :

لە گەرمەی شۆڕشی ئوکتۆبەردا کوردانی کەفکاز و بەشێک لە کوردانی دەرەوەی یەکێتی سۆڤیەتیش هیوایەکی زۆریان بە دەسەڵاتی نوێی ( کرێکاران و جوتیاران ) هەبوو ، ئەو دەسەڵاتەی بانگەشەی نەهێشتنی چەوسانەوەی چینایەتی و نەتەوەیی بە هەموو لایەکدا بڵاودەکردەوە . کاربەدەستانی بەلشەڤی لە هەموو گوتار و بۆنەکاندا باسی ڕزگارکردنی خەڵکیان دەکرد لە دەسەڵاتی ڕەشی ڕووسیای تساری کە بە ” زیندانی گەورەی گەلان” نێویان دەبرد . نکۆڵیکردن لە کاریگەری شۆڕشی ئوکتۆبەر لە سەر گەلانی چەوساوە هەڵوێستێکی ئایدیۆلۆژییە و لە گەڵ ڕاستی ڕووداوەکاندا یەک ناگرێتەوە . قەبەکردنی کاریگەرییەکانیش لەوە زیاتر کە هەبوون بەهەمان شێوەیە کارێکی ئایدیۆلۆژی و پڕوپاگەندییە . هەنگاوەکانی دەسەڵاتی بەلشەڤی لە بوارەکانی ئاشتی ، ئاشکراکردنی پەیماننامە ئیمپریالییەکان بۆ دابەشکردنی میراتەکانی دەوڵەتی عوسمانی لە ڕۆژهەڵات ، دابەشکردنی زەوی و زار بە سەر جوتیاراندا ، ڕزگارکردنی کرێکاران لە چەوسانەوەی سەرمایەداران ، دامەزراندنی کۆمار و قەوارەی ئۆتۆنۆمی بۆ گەلانی گەورە و بچووکی ڕووسیای تساری لە چوارچێوەی یەکێتی سۆڤیەتدا و … تاد  ، هەنگاوگەلێک بوون کە پێشوازی گەرمیان لێدەکرا . وتار و بابەتی زۆر لەم بارەیەوە بە زۆربەی زمانەکانی دونیا ، بە زمانی کوردیشەوە بڵاوکراونەتەوە . کاریگەری شۆڕشی ئوکتۆبەر لە سەر کوردیش مافی خۆی دراوەتێ لە بڵاوکراوە کوردییەکاندا .

کوردێکی یەکێتی سۆڤیەت ( خالید مورادەڤیچ چەتۆیەف ) بەم شێوەیە باس لە ئوکتۆبەر و کورد ئەکات ” لە کاتێکدا جەماوەرانی کوردی دەرەوەی یەکێتی سۆڤیەت ڕوو بە ڕروی چەوسانەوەی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی دەبنەوە ، بەشێکی بچووکی گەلی کورد لە سایەی ئوکتۆبەری مەزندا ، بوو بە ئەندامێکی یەکسانی خێزانی فرەنەتەوەیی گەلانی یەکێتی سۆڤیەت . کوردانی دەرەوە هەر عەوداڵی ئەوەن نین بزانن دەسکەوتەکانی براکانیان لە یەکێتی سۆڤیەت چین ، بەڵکو بە پەرۆشەوە دەشیانەوێ بزانن چۆن ئەو دەسکەوتانە بەدەست هاتوون . چەتۆیەف باس لە هەندێ لەو کوردانە دەکات کە ڕۆڵی بەرچاویان لە سەرکەوتنی دەسەڵاتی بەلشەڤیدا گێڕاوە . لەم بارەیەوە تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی کەسانی وەکو لیتکین ، کە ناوی چووەتە ئینساییکڵۆپیدیای شۆڕشی ئوکتۆبەرەوە . ناوی ڕاستەقینەی لیتکین ، فەریق عەگیدەڤیچ پۆڵاتبێگەفە ، لاوێکی خوێنگەرمی شۆڕشگێر بوو ، خەباتی سەختی لە پێناوی سەرکەوتنی دەسەڵاتی بەلشەڤیدا لە سیبیریا کرد ، زۆر بە گەنجی لەو ڕێگەیەدا سەری نایەوە و لە لایەن ڕووسە سپییەکانەوە کوژرا . چەتۆیەف ناوی ژمارەیەکیش لەو کوردانە تۆمار دەکات کە ڕۆلیان هەبوو لە چەسپاندنی دەسەڵاتی سۆڤیەتیدا لە سیبیریا و ئازربایجان وەک جەنگیز یڵدرم ، سەرکردەی هیزی دەریایی ئازربایجان کە ڕۆڵیکی گەورەی گێڕا لە تێکشکاندنی حکومەتی موساواتییەکان لە باکۆ ، قەرەباخ و قوبادلی . وەک ئەندازیارێکی زیرەکیش ڕۆڵی کەم نەبوو لە بنیاتنانی هێزی دەریایی و پیشەسازی کۆماری ئازربایجان . بە هەمان شیوە قەرە ئەلیاسەف ، عەباس سوڵتانەف ، عەلی ئەمیرئەسڵانەف ، شامیر تەیفورەف ، عەرەبێ شەمۆ ( عەرەب شامیلەف ) کە لە دواییدا بوو بە نووسەر و کەسایەتییەکی دیاری کوردانی یەکێتی سۆڤیەت ، گەسان موستەفا چیکالیکی ( پرۆفیسۆر لە بواری کشتوکاڵ ) و گەلێکی دیکە . کوردەکانی ئازربایجان ، بە تایبەتی ئەو ناوچانەی لە دواییدا کوردستانی سوریان لێ پێکهێنرا ، هێزی سەربازییان دروست کرد و لە تەک سوپای سور لە دژی نەیارانی دەسەڵاتی سۆڤیەتی قارەمانانە شەڕیان دەکرد . لە نامەیەکدا کە کوردانی ئەم ناوچانە لە ١٩٢١ بۆ دەسەڵاتدارانی ئازربایجانیان ناردبوو ئەم وتبوویان  ” ئێمە کوردی ئازاد و بە سروشتی خۆمان نزیک لە دەسەڵاتی سۆڤیەتی ، ئەمڕۆ بۆ یەکەمین جار باوەش بۆ دایکی خۆمان دەکەینەوە – دەسەڵاتی کرێکاران و جوتیاران … ئەمڕۆ کۆت و بەند فڕێدەدەین و دەستمان بۆ گەلی برای ئازەری درێژ دەکەین و ڕوو لە سوپای سور دەکەین و هێزی سوارچاکانی هەمیشە سەرکەوتووی سوری کورد تێکەڵ بە ڕێزەکانی دەکەین کە هەتا هەتایە لە تەکیدا دەمێنێ و لێی جودا نابێتەوە .

باوەڕ ناکەم ئەم وتانە بۆ زۆر کەس لەم ڕۆژانەدا مایەی سەرنج و تێڕامان بن ، بەڵام نابێت ئەو ڕاستییە لە بیر بکەین کە لێرەدا باس لە مێژوو و سەد ساڵ پێش ئێستا ئەکرێت ، بۆیە دەبێت لە چوارچێوەی مێژوویی خۆیاندا هەڵبسەنگێنرێن . 

ڕەنگبێ چەوسانەوەی لەڕادەبەدەری کوردان لە لایەن ئازەرییەکانەوە و دروشمەکانی یەکسانی و برایەتی گەلان و نەهێشتنی چەوسانەوەی نەتەوەیی یەکێ لە هۆ سەرەکییەکانی ئەم پێشوازییە گەرمەی کوردانی ئازربایجان بووبێت لە ئوکتۆبەر و دروشمەکانی . لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا کوردانی ئازربایجان هەوڵی زۆریاندا قەوارەیەکی ئۆتۆنۆمی تایبەت بە خۆیان پێکبێنن . ئەو قەوارەیە لە کوردستانی سور لە ساڵانی ١٩٢٣ – ١٩٢٩ بەرجەستە بوو . ئازەرییەکانی لە یەکەم ڕۆژەوە لە هەوڵی لە ناوبردنی ئەو قەوارەیەدا بوون و لە کۆتاییدا بە پاساوی ڕیفۆرمی کارگێڕی و بەڕێوەبەرایەتی توانیان لە ساڵی ١٩٢٩ بگەن بەو ئامانجە و کوردستانی سور لە بەین ببەن ( لە وتارێکی تایبەتدا بە دوور و درێژی باسی پرۆسەی دامەزراندن و لەناوبردنی کوردستانی سورم کردووە و لە سەر لاپەڕەکەی خۆم لە فەیسبووک و سایتەکانی خەندان ، دەنگەکان و وتاریکورد و … هتد بڵاوکراوەتەوە ) . ئازەرییەکان سیاسەتی تواندنەوەی کوردیان بە بەردەوامی پەیڕەو دەکرد و ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەی کوردان لە ئازربایجان لە کەمیدەدا . لە سەردەمی دامەزراندنی کوردستانی سوردا نزیکەی پەنجا هەزار کورد لە ئازربایجان دەژیان ، بەڵام لە کۆتایی حەفتاکان بە پێی سەرژمێری فەرمی دەوڵەت کەس لە ئازربایجان نەمابوو خۆی بە کورد بزانێ . هاوبەشی ئاینی و مەزەبی کورد و ئازەری لە لایەکەوە ، ڕێگەنەدان بە خوێندن بە زمانی دایک و سوکایەتی کردن بە کورد لە لایەکی دیکەوە هۆی سەرەکی سەرکەوتنی سیاسەتی توانەوەی کورد بوو لەو کۆمارە سۆڤیەتییە . کوردانی تورکمەنستانیش هەمان چارەنووسی کوردانی ئازربایجانیان هەبوو . وادیارە سیاسەتی گەلانی تورک زمان لە هەر کوێیەک بن هەر هەمان شتە و هەموو چاو لە تورکیا دەکەن کە بە وڵاتی پێشەنگ دادەنرێت لە بواری چەوسانەوەی نەتەوەیی و تواندنەوەی گەلانەوە .  

لە ئەرمەنستان بارودۆخی کورد هەندێ جیاواز بوو . بە هۆی کوشتاری ئەرمەنەوە لە سەر دەستی تورک لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و ساڵانی شەڕی یەکەمی جیهانیدا خۆشیان بە چارەی تورکدا نەدەهات . بەشی زۆری کوردانی ئەرمەنستانیش لە جەور و ستەمی تورک لە سەردەمی مێژوویی جیاوازدا ڕایان کردبوو و پەنایان هێنابووە بەر ئەو وڵاتە ، بۆیە هەست و کۆستێکی هاوبەش هەردوو لای لە دژی تورک کۆ دەکردەوە . کۆماری ئەرمینیا ڕێگەیدەدا بە خوێندن بە زمانی کوردی و بڵاوکردنەوەی کتێب و ڕۆژنامە بەو زمانە . لە ئەنجامدا کۆمەڵێ پسپۆر و شارەزای کورد لەو کۆمارە پێگەیشتن و خزمەتیان بە زمان و مێژوو و کولتوری گەلەکەیان کرد . ژمارەی قوتابخانە کوردییەکان لەو کۆمارە لە گەشەکردندا بوو . بۆ نمونە لە ساڵی ١٩٢١ لە ئاواییە کوردییەکانی ئەرمەنستان تەنها پێنج قوتابخانە هەبوو ، بەڵام لە ساڵی ١٩٢٥ بوو بە دە قوتابخانە . کوردەکانی ئەرمەنستان دەستیان کرد بە ڕێکخستنی کۆنگرە و کۆنفرانسی تایبەت بە کێشەکانی کۆمەڵگەکەیان ، ئەلفوبێی کوردیان دانا ( لە دەسپێکدا لە سەر بنەمای ئەلفوبێی ئەرمەنی ، دوای ئەوە لاتینی و ئەوجا کیریلی و دوای نەمانی یەکێتی سۆڤیەتیش جارێکی تر گەڕانەوە سەر پیتی لاتینی ) و دەستکرا بە چاپکردنی کتێب و بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە . 

ئەرمەنیش وەکو گەلێکی سەردەستە ڕێگەیان بە کوردی ئەوێ نەدەدا ئەو سنوورەی بۆیان دیاری کرابوو ببەزێنن . لە هەمان کاتدا لە هەوڵی دابەشکردنی کوردا بوون لە سەر بنەمای ئاینی . کوردانی ئێزیدییان لە دەرەوەی کورد وەک ئێزیدی لە پاسپۆرت و بەڵگە فەرمییەکانیان تۆمار دەکرد . لە دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت و هەڵگیرسانی ئاگری شەڕی ناگۆڕنە – قەرەباخ هەرچی کوردی موسوڵمان هەبوو ، کە ژمارەیان دەور و بەری ٣٠ هەزار کەس دەبوو ، لە ئەرمەنستان بە زۆر و بە شێوەیەکی نامرۆڤانە دەرکرد . ئەو کوردانە بە هەرێمە جیاوازەکانی ڕووسیادا بڵاوبوونەوە و بەشێکیشیان بۆ کازاخستان و کۆمارەکان ئاسیای ناوەڕاست کۆچیان کرد . هەمیشە کوردانی ئەرمەنستان وەکو بەڵگەی بایەخدانی یەکێتی سۆڤیەت بە کورد و پاراستنی کولتوری کوردی لەو وڵاتە بە دەرەوە پیشان دەدران و باسیان لێوە دەکرا .

لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا کوردانی کەفکاز هەوڵی زۆریاندا لە سێبەری دەسەڵاتی سۆڤیەتیدا قەوارەیەکی تایبەت بە خۆیان دروست بکەن . هەوڵەکانیان تەنها لە ئازربایجان ئەنجامێکی هەبوو ، ئەویش کاتیی بوو و زوو لە بەین برا . لە سییەکاندا کەسس نەدەپەرژایە سەر ئەو جۆرە باسانە چونکە کوردیش ، وەکو هەموو گەلانی دیکەی ئەو وڵاتە لە سێبەری دیکتاتۆری ڕەشی ستالین دەژیان و بەر شاڵاوی ڕاونان و ڕاگوێزان کەوتبوون . کاربەدەستانی ئیمپراتۆرییە ترسناکەکەی ستالینی ستەمکار و ڕەگەزپەرستانی کەفکاز ، بە تایبەتی ئازەرییەکان لە ژێر پەردەی ” خەبات لە دژی نەیارانی دەسەڵاتی پرۆلیتاریا ، ئاژانەکانی ئیمپریالیزم و نازیزم و قاچاخچیان و … تاد ، دەیان ملیۆن کەسیان لە بەین برد و چەندین ملیۆنی دیکەشیان بە زۆر لە سەر زێدی خۆیان بۆ سیبیریا ، کازاخستان و ناوەڕاستی ئاسیا ڕاگوێزا . ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی ئازربایجان و گورجستان لە ساڵانی ١٩٣٧ و ١٩٤٤ بەر ئەم شاڵاوانە کەوتن . دوای مردنی ستالین لە ساڵی ١٩٥٣ و ڕیسواکردنی سیاسەتە دژە مرۆییەکانی لە دژی گەلانی سۆڤیەت و ژمارەیەکی زۆر لە شۆڕشگێران و کۆمۆنیستە ڕاستەقینەکان ، کوردیش هەوڵیدا سود لەو هەلە وەربگرێت و هەندێ لە خوێنەوار و ڕۆشنبیرەکانیان وەک عەربێ شەمۆ ، ئاجیێ جندی ، قەناتێ کوردۆ ، چەرکەزێ بەکۆ و گەلێکی دیکە نامەیان بۆ کاربەدەستانی باڵای وڵات نارد و داوای دامەزراندنی هەرێمێکی تایبەتیان بۆ کوردانی سۆڤیەت کرد ، ئەم هەوڵە و هەوڵەکانی دواتریشیان لە حەفتاکان سەریان نەگرت . لە تەک بەدەنگەوە نەهاتنی کاربەدەستان لە بەر دڵی ئازەری و ئەرمەنەکان ، دەردە کوردەش وەکو هەمیشە ڕۆڵی خۆی دەگێڕا لە شکستی ئەو جۆرە هەوڵانە . هەموو جارێک کۆمەڵێ کورد پەیدا دەبوون ، کە دەیانوت ئەوانە نوێنەرایەتی ئەوان ناکەن و هەندێکیان دەمێکی درێژە لە مۆسکۆ و لێنینگراد دەژێن و ئاگاداری بارودۆخی ئەمان نین ، کە گوایە بە کامەرانی و بەختەوەری لە گەڵ گەلانی برادا ژیان بەسەر دەبەن .    

بە گشتی بونیادی کۆمەڵایەتی کورد لە کۆمارەکانی کەفکاز دواکەوتوو بوو ، حەفتا ساڵی سیستەمی کۆمۆنیستی نەیتوانی ئەو بونیادە دواکەوتووە هەڵتەکێنێ ، بۆیە ڕەنگبێ کورد یەکێ لەو گەلە کەمانە بێت سودی زۆری لەو دەرفەتانە وەرنەگرتبێ کە ڕژێمی سۆڤیەتی لە بەردەم گەلانی بچووکدا ڕەخساندبووی بە تایبەتی لە بواری زانستی و کولتوریدا . لە گەڵ ئەوەشدا هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت بووە هۆی ماڵوێرانی بۆ ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی ئەو وڵاتە .  

لە ساڵی ١٩٣٧ بەشێک لە کوردانی ئازربایجان و ئەرمەنستان ، بەتایبەتی ئەوانەی لە سەر سنوورەکان دەژیان ڕاگوێزران بۆ کازاخستان و ناوەڕاستی ئاسیا . شاڵاوی دووەمی ڕاگواستنی کوردان لە ساڵی ١٩٤٤ بوو ، کە زیاتر کوردانی گورجستانی گرتەوە . ئەمانیش ڕەوانەی هەمان شوێن کران . چیرۆکی ڕاگواستنی کوردان لە کۆمارەکانی کەفکازەوە بۆ کازاخستان و ناوەڕاستی ئاسیا پرسێکی شاراوە بوو و کەم کەس لە سۆڤیەت و دەرەوەی سۆڤیەت شتێکیان لە بارەیەوە دەزانی . ئەو توێژینەوانەی لە بارەی ڕاگوێزانی دەیان گەلەوە لە یەکێتی سۆڤیەت ئەنجام دراون زۆر باسی کوردیان وەک کورد کردووە . ئەگەر ئاماژەیەکیان پێ کرابێت ، ئەوا یا لە ڕیزی گەلانی تورک زمان بووە ، یا لە ڕیزی گەلانی موسوڵماندا باسیان لێوە کراوە . تا سەردەمی پیریسترۆیکا و گڵاسنەست شتێک لەم بارەیەوە نەدەبیسترا و ئەگەر باس بکرابایە کۆمۆنیستەکان بە توندی ڕەتیان دەکردەوە ، تا کەسانی وەکو ئەکادێمێک نادر نادرەف و ئەوانی دیکە کەوتنە باسکردنی و لەو کۆنفرانسانەی لە بارەی کوردەوە لە ستۆکهۆڵم و پاریس بەستران هەندێ زانیارییان لە بارەی ڕاگوێزانی بەزۆری کوردەوە لە سەردەمی ستالیندا گێڕایەوە . شاڵاوی ڕاگواستن دەیان گەلی یەکێتی سۆڤیەتی گرتبووەوە وەک : کۆری ، ئەڵمان ، فینلەندی ، تەتاری کریم ، ئۆکراینی ، چێچانی ، کەڵمیک ، ئەنگوش ، بەڵکار ، یۆنانی ، بێڵەڕووسی ، لاتفی ، لیتوانی ، ئەستۆنی و گەلێکی تر . ئەمانە هەندێکیان لە کۆتایی هەشتاکان و دەسپێکی نەوەدەکان دەستیان کرد بە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان . بەڵام کورد نەک هەر زێدی خۆی لە دەستدابوو و جێگەی نەبوو بۆی بگەڕێتەوە ، بەڵکو بەر شاڵاوی ڕاگواستنی نوێش کەوت . لە کازاخستانەوە ڕوویان لە هەندێ دەڤەری ڕووسیا کرد وەک کراسنەدار ، ستافرۆپل ، ڕەستۆف و ئادیگێی . ژمارەی ئەو کوردانەی لە ١٩٣٧ و ١٩٤٤ ڕگوێزران نازانرێ . کوردەکان بۆ خۆیان باس لە هەزاران کەس دەکەن . لە بارەی ئەوانەی ئازربایجانەوە هەندێ سەرچاوە باس لە پێنج هەزار و بۆ ئەوانەی گورجستانیش باس لە سێ هەزار ڕاگوێزراو دەکەن . ئەو ژمارانە بۆ کەمینەیەکی بچووکی وەکو کورد لەو سەردەمەدا ژمارەی گەورە بوون .    

بەشداری کوردانی یەکێتی سۆڤیەت لە بەرەکانی شەڕی دووەمی جیهانی لە دژی سوپای هیتلەر مایەی شانازی بوو بۆ بنەماڵەکانیان . هەمان چەتۆیەف کتێبێکی ١٧٢ لاپەڕەیی لە بارەی بەشداری کوردەوە لەو شەڕەدا ، کە لە یەکێتی سۆڤیەت و ڕووسیا بە شەڕی مەزنی نیشتمانی نێو دەبرێت ، نووسیوەو لە ساڵی ١٩٧٠ لە پایتەختی ئەرمەنستان ، یەریڤان بڵاوی کردۆتەوە . لەو کتێبەیدا چەتۆیەف ناوی سەدان کوردی تۆمار کردووە کە لە بەرەکانی شەڕدا بەشدارییان کردبوو و هەندێکیان نازناوی پاڵەوانی یەکێتی سۆڤیەتیان پێ بەخشرابوو ، وەکو سیامەند سیابەندۆف . بە پێی ژمارەکانی چەتۆیەف لە ساڵانی ١٩٤١ – ١٩٤٤ زیاتر لە ٧٠٠ کورد لە ڕیزی سوپای سۆردا لە بەرەکانی شەڕ بەشدارییان کردبوو و لەمانە ٤٠٠ یان ژیانیان بەخت کرد .

بەگشتی سیاسەتی سۆڤیەتی لە بەرامبەر کوردەکانی خۆی هەندێ سەردەمی لیدەرچێ ، سیاسەتی پاراستنی کولتوری نەتەوەیی و زمانی کوردی بوو ، بە تایبەتی لە ئەرمەنستان و دواتریش لە کازاخستان . بەڵام لە کۆمارەکانی دیکە بە تایبەتی ئازربایجان و تورکمەنستان کورد لە ژێر پەردەی برایەتی گەلان و سۆسیالیزمدا ڕوو بە ڕووی سیاسەتی تواندنەوە ببووەوە و لە ماوەی چەند دەیەیەکدا ئیدی باسی کورد لەو کۆمارانە نەما ، بە تایبەتی لە ئازربایجان کە کورد ناوچەی تایبەت بە خۆی هەبوو و داب و نەریت و کولتوری خۆی بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ تێدا پاراستبوو .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت