Snduqi-Pare

نەبەز گۆران : پارەی ژێرزەمینەكان لای منە .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

هەڵبەتە زۆرجار بۆ ئەوەی بزانم دۆخەكە بەرەو كوێ‌ دەروات ، نە گوێ لە رۆشنبیرەكان دەگرم ، نە لە سیاسییەكان . گوێ‌ لە نەوتفرۆشەكان دەگرم .

ئەوەی نەوتفرۆشەكان لەسەر دۆخی ئایندە دەیزانن ، نە سیاسیەكان ، نە رۆشنبیرەكان نایزانن . نەوتفرۆشەكان دوو روخساریان هەیە ، روخسارێك كە لە میدیادا قسەی پێدەكەن ، خۆیان دەكەنە فریادرەس و فریشتە و پاڵەوانی بەرگری خەڵك . ئەم روخسارەیان هەرگیز نە جێگای بروایە ، نە دەبێت گوێی لێ‌ بگریت .
روخسارە راستەقینەكەیان ئەوكاتانە دەردەكەوێت ، كتوپڕ لە شوێنێكی تایبەت دەكەونە ناو دۆخێك و هەندێك راستی دەڵێن . دەبێت تەنها لەوكاتانەدا بروا بە وتنەكانیان بكەیت .
یەكێك لە نەوتفرۆشە خۆشبینەكان ، بروای وابوو : ئەم دۆخە لە ناوەراستی ئەمساڵدا گۆرانكارییەكی بەسەردا دێت . گۆرانكارییەكەش بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە و ، كەمێك لە دەوڵەتە ناوتفرۆشەكانی ئەم ناوچەیە ، دە بوژێنەوە .
رەنگە ئەم قسەیە زۆر خەیاڵی بێت و ، جێگای بروا نەبێت . بەڵام بە دیوێكی تردا بۆئەوەی ناوچەكە لەوە زیاتر بەرەو دارمان نەروات ، ئەشێت ئەمە رووبدات . ئەمە قسەی من نیە ، قسەی نەوتفرۆشێكی خۆشباوەرە كە ئاوا بیردەكاتەوە .
ئێستا ئێمە ، لە دۆخێكی خراپی سیاسی و ئابووریداین . خراپی دۆخەكە وایكردووە ، هەركەسێك لە سیاسیەكان ، یان سیاسیە نەوتفرۆشەكان ، كە لە میدیاكانەوە قسە دەكەن دەیانەوێت وا قسە بكەن ، كە خۆیان بەشێك نین لە دروستكردنی ئەم دۆخە ! وا وێنای خۆیان دەكەن بەشە جوانەكەی ئەم هەرێمەن و ، بەرپرسیارنین لە خراپییەكان .
میدیای كوردیش لەبەر ئەوەی میدیایەكە زۆر سەرسامە بە سیاسیەكان ، هەمیشە بووەتە شوێنێك بۆ پاككردنەوەی روخسارە ناشیرینەكانی سیاسیە نەوتفرۆشەكان و ، سیاسیە بخۆرەكانی سەروەت و سامانی گشتی .
میدیا فەزایەكی دروستكردەو ، هەر یەكێك لەو سیاسیە نەوتفرۆشانە دێتە گۆ ، باسی خراپی ئەوانی تردەكات و باس لەوە دەكات ، دەبێت پارە براوەكان و ، پارەی ژێرزەمینەكان بهێنرێتەوە و بگەرێنرێتەوە بۆ خەڵك . یانی ، فەزایەك دروستبووە ، وەك بڵێیت : پارەی ژێرزەمینەكان لای ئێمەی بەدبەخت بێت و ، پێویستە بیگەرێنینەوە . ئەو رووە ناراستەی سیاسیە نەوتفرۆشەكان كە لە میدیاكانەوە دەیبینین ، روكێكی باوەرپێنەكراوە . روێكە هەرگیز لای ئەوانەی كە زانیارییان لەسەر جموجوڵە ئابوورییەكان هەیە ، نابێتە شوێنی برواكردن .
كێشەكە لەوەدایە ، هێشتا مرۆڤگەلێك هەیە بروا بەم جۆرە وتنانە دەكات ، كە شەوان لە رێگای میدیاكانەوە ، وەك ژەهرێك دەدرێت بە گوێیاندا .
راستیەكەی ئەوەیە ، ئەو پارانەی براون ، ئیدی پارەی بوددجەبن ، یان پارەی نەوت ، یان هەر پارەیەكی دیكە ، بە قسەی میدیایی ناگەرێتەوە . دەبێت یاساییەك هەبێت بۆ گەرانەوەی ئەو موڵكە گشتییە .
ئێمە لەم دۆخەدا پێش هەمووشت لە بێ‌ یاسایی و لە نەبوونی چاودێریی و ، لە پەكخستنی پەرلەماندا ، گیرۆدەبووین . حیزبە سیاسیەكانیش دابەشبوون بەسەر دوو بەرەی دژ بەیەك ، بەرەی گەرانەوەی یاسا و ، بەرەی كوشتنی یاسا لە پێناو كەسێك .
پێش هەمووشت پێویستە دۆخە سیاسیە ئاڵۆزەكە چاككبكرێـتەوە . پاش ئەو دۆخە ، جارێكی كە دۆخی دەزگا پەكخراوەكان چاكبكرێتەوە ، نەك بەو بیركردنەوە خێڵەكیەی ( پارتی ) بەڵكو ، بە بیركردنەوەیەكی دروستی كوردانەوە . كە ئەمانە چاككبوونەوە ئیدی بیرێك لە بنەوانە ئابوورییەكە بكرێتەوە . لەبری خۆ بە پاكزان و خۆ بەپاڵەوانكردن لە میدیادا ، بە یاسا موڵكە گشتییەكان ، پارە برواوەكان بگەرێنرێنەوە و ، چیدی میدیا نەكرێتە مینبەرێك بۆ ئەو سیاسیە نەوتفرۆشانە و ، ئەو كەسە بخۆرانەی سەروەتی گشتی ، هەتاكو بێن ، باس لەگەرانەوەی پارەكان بكەن . چونكە خۆیان بەشێكن لە دروستكردنی ئەو فەزاییە و ، هیچكام لەو خۆ بە پاڵەوان زانانە بێ‌ بەری نین لەم دۆخە . هەریەكەیان پشكی خۆی بەردەكەوێت .
گەروا نیە ، كەوایە پارەی ژێرزەمینەكان لای ئەوان نیە و لای ئێمەی بەدبەختە و ، بفەرموون وەرن بیبەنەوە و دۆخەكەی پێ‌ چارەبكەن .
س ـ ف ـ نوسەر

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت