نەوزادی موهەندیس : ئەم قەیرانە داراییە چ پەندێكی فێری هەموان كرد ؟ .

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئاشكرایە هەموو گۆڕانە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتیەكان سوڕی ژیان و دەورانی سروشتی خۆیان هەیە ( كورت خایەن 5-10ساڵ ، مام ناوەند25-30 ساڵ ، درێژ خایەن60-70 ساڵ ) كە وەستاونەتە سەر هۆكاری سەرهەڵدانیان و هەر دەیە ساڵێك یان زیاتر سوڕی ئاسایی گەشە و گۆڕانكاریەكانیان تەواو دەكەن و دەستپێدەكەنەوە ، جا لەم سوڕی ژیان و گۆڕانكاریانەدا بەرزی و نشێوی تێدەكەوێت و قەیران و خۆشگوزەرانی و بوژاندنەوەی تیادا ڕوودەدات ، بۆیە ئەم قەیرانە سیاسی و دارایی و كۆمەڵایەتیانەی هەرێمەكەشمان وەكو دیاردەیەكی ئاسایی دەوران و سوڕی تەواوكاری سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگاكەمان و ناوچەكە و تەنانەت هەموو دونیاش دووبارە بونەوەی مێژوو و ڕابووردوە وەكو ئەو قەیرانە ئابورییە قوڵەی ساڵی 1929 كە ئەوروپا و ئەمریكای گرتەوە و بۆ چەندین ساڵ درێژەی هەبوو هەروەها قەیرانی دارایی جیهانی ساڵی 2007-2008 ، بەدڵنیاییش هەرێمی كوردستان و ناوچەكە و دونیاش ئەم دەورانە تێدەپەڕێنن و بەتەوابوونی قۆناغ و كات و ماوەكەی و سەرلەنوێ‌ دووبارە گەشە و بوژاندنەوە و خۆشگوزەرانی سەرهەڵدەدەنەوە و دەستپێدەكەنەوە و هەموانیشمان هەموو كێشە و ململانێ‌ و قەیران و تەنانەت كارەساتە دڵتەزێنەكانیش لەیاد دەكەین ، بەڵام گرنگ ئەوەیە كە چەند پەند و وانە فێربوبین بۆ ئەوەی لە سوڕ و جەڕایەنێكی نوێی مێژوویی تردا هەمان كێشە وكارەسات و قەیران بەتوندی نەمانگوشن و نەمانگێڕنەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم و خاڵی دەستپێك وەك لە ئێستادا بەسەرماندا هاتوە .

ئاشكرایە ئەم قەیرانە داراییە بەتەنها بەسەر كوردستاندا گوزەر ناكات بەڵكو تەواوی ناوچەكە و دونیاشی گرتۆتەوە بە ووڵاتە زلهێزە پیشەسازیەكانیشەوە ، بەڵام ئەوان لەلایەك بەپلانی زانستی و ئابوری و واقعی ڕووبەڕووی بونەتەوە و لەلایەكی تریشەوە ئامادەسازی و پەندو وانەیان لە مێژووی ڕابووردوویان وەرگرتوە ، هەربۆیە كاریگەریەكانی ئەم قەیرانە لەسەر ئەوان هێندە توند و جەرگ بڕ نیە وەك لای خۆمان .
لەئێستادا گرنگ ئەوەیە كە ئێمەش وەكو خەڵكانی تر چۆن بۆ داهاتوومان ئامادەسازی بكەین و ئەم قەیرانە كە ماوەی زیاد لە 2 ساڵە بەرۆكی گرتوین و تائێستاش ئاسۆ ڕونەكانی دەرنەكەوتون و بەتاریكی و لێڵی ماونەتەوە، چۆن ڕووبەڕووی ببینەوە و چ وانە و پەندێكیشی فێری هەموانمان كردوە ؟
ئاشكرایە هەرێمی كوردستان لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 وە و لەسەردەمی گەمارۆ ئابوریە چەند قۆڵیەكانی سەر عێراق و كوردستان قەیرانی هاوشێوەی ئەم قەیرانەی بەسەردا هاتوە بەڵام بەهێندەی ئەم قۆناغە و ئەم قەیرانە توند و سەخت و كاریگەر نەبوە ، بۆیە هەق وایە ئەم قەیرانە ببێتە مایەی بیركردنەوە و تێڕامان و خوێندنەوەیەكی نوێ‌ بۆ هەموو بوارەكانی سیاسەت و ئابوری و كۆمەڵایەتی نەك تەنها بۆ خۆمان بەڵكو بۆ ناوچەكە و دونیاش،پێویست دەكات كە كورد چیدی بە سۆز و بێباكی و پشت كردنە پلان و زانست و پسپۆڕەكان هەنگاو نەنێت و لەسەر هەڵە خوێندنەوە و حساب بۆنەكردنەكانی بەردەوام نەبێت ، وانەزانێت كە لەم هەرێمە نیمچە سەربەخۆیەدا بۆتە خاوەنی بڕیاری سیاسی و ئابوری خۆی و ئیدی هیچ كەس و لایەن و وڵات و بڕیاڕ و گۆڕانكاریە ناوچەیی و جیهانیەكان بەباش یان خراپ كاریگەری تێناكەن ، وانەزانێت كە گەر بەشێوەیەك گەشە و خۆشگوزەرانی و ئارامی سیاسی و ئابوری هەبوو ئیدی هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت لێی تێك بدات ، كوردستان دورگەیەكی دابڕوا نیە لەناوچەكە و دونیا و گۆڕانكاریەكانیان ، بەڵكو ئەم سەردەمی بەجیهانبونە هەموانی بەیەكەوە بەستۆتەوە و هەموان كاریگەری و كارلێك دەكەنە سەر یەكتری و جاران و سەردەمە دابڕاوەكانی ڕابووردوو نیە كە گەر قەیرانێكی ئابوری و دارایی لەناوچەیەكی جیهاندا ڕوویبدایە ئەوانی تر سەلامەت دەبوون ، چونكە دونیای ئێستا بۆتە گوندێكی هاوچەرخی بچوكی پێكەوە گرێدراو ، كەواتە پێویستە چ پەندێك فێربوبین لەم قەیرانەوە :
1 – لەڕووی سیاسیەوە دەركەوت كە هیچ حیزب و سەركردەیەك چەندە بەهێز و بەتوانا و دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتوش بێت ناتوانێت بەتەنها سەركردایەتی و ڕابەرایەتی دۆخەكە بكات و بەتەنها ڕووبەڕووی ئەم جۆرە قەیرانە ببێتەوە و خۆشی و میلەتەكەشمان ڕزگار بكات ، بۆیە پێویستە هەموان ئەم پەندە فێر بوبین كە هەموانمان پێكەوە بەهێزین و پێكەوە دەتوانین ڕووبەڕووی قەیرانە سیاسی و دارایی و سەربازیەكان ببینەوە و پێویستە ناوماڵ و ڕیزەكانی خۆمان لە كردار و گوتاردا یەك و یەكگرتووبین و پەنا نەبەینە بەر پاوانخوازی وقۆرخكاری دەسەڵات و دەرپەڕاندن و دوورخستنەوە و كەنارخستنی هیچ سەركردە و لایەنێكی سیاسی چەندە بچوكیش بێت ، تەنها بە كۆدەنگی و پێكەوە كاركردن و ئیجماعی سیاسی و جەماوەری دەتوانین سەركەوتن بەدەست بێنین و هەموان خۆمان بەخاوەن و خەمخۆری گەل و نیشتمانەكەمان بزانین ، و بە سیاسەتی هەڵە و بەلایەنگیری ناوچەیی لەسەر بنەمای ئاین و مەزهەب حكومەتەكەمان تەریك و بێ‌ كەس و بێ‌ پشتیوانی ناوخۆیی و ناوچەیی و دونیایی نەكەینەوە ، بەڵكو پەیوەندی دۆستایەتیمان لەگەڵ هەمواندا پەرە و گەشە پێبدەین ،چونكە مەسەلەی كورد مەسەلەیەكی سیاسی و نەتەوەییە پێش هەموو بابەتێكی تر ، بەپێچەوانەوە ئەوە ڕوودەدات كە ئێستا بەسەرماندا هاتوە .
2 – لە ڕووی داراییەوە ، پێویستە هەمیشە سیاسەتێكی دەسكراوە و بەربڵاوی و بەهەدەردان پیادە نەكەین بەڵكو بیرێكی دواڕۆژ و ڕۆژگارە تەنگانەكانیشمان هەبێت و هەمیشە یەدەگ و پاشكەوتی نەختینە و دراوی قورس و كاڵای گران بەهامان هەبێت لە بانكەكانماندا ، سیاسەتێكی ئابوری تەندروست و ساغڵەم پیادە بكەین و هەمیشە لەهەوڵی زیادكردن و هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهاتدا بین و خۆمان نەبەستینەوە بەتاكە سەرچاوەی داهاتەوە كە نەوت و غازی سروشتیە و بەڵكو بگەڕێین بەدوای سەرچاوەی تردا كە هەرێمەكەمان پێی دەوڵەمەندە لە كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار و سەرچاوەی مرۆیی و … هتد ، و سیاسەتێكی شەفاف و ڕوون و ئاشكراش پیادە بكەین . و نەكەوینە هەڵەی وەرگرتنی قەرزی دەرەكی كە خۆمان لە ئێستادا زیاد لە 20 ملیار دۆلار قەرزارین . لەبەرامبەریشدا خەرجیە ناپێویست و زیادە ڕەویەكان كەم بكەینەوە ، گەشە و بوژاندنەوەی ئابوریمان بەهەنگاوی زانستیانە و لەسەر خۆ بێت نەك هەڵپەكردن و پەلەكردن و زوو دەوڵەمەندبوونی پێوە دیار بێت .
3 – لە ڕووی ئیدارییەوە ، پێویست دەكات لەم هەرێمە بچوك و 5 ملیۆن كەسی و 4 پارێزگایەدا ، ئیدارەیەكی تۆكمە و پتەو و جێگیر و بەدامودەزگایی پیادە بكەین و دوور بكەوینەوە لەخۆ فروانكردن و دروستكردنی دامودەزگا و وەزارەتی ناپێویست كە ببێتە مایەی قەڵەوبونی لەش و لاری حكومەت و بەمەش تەمەڵ و لەش داهێزراو و بێجوڵە دروستبكەین ، بەڵكو هەمیشە دەبێت ئیدارەیەكی چوست و چالاك و ڕەشیقمان هەبێت كە بتوانێت ڕێبەرایەتی و ئیدارەی هەموو دۆخە ئاسای و قەیراناویەكان بكات ، هەمیشە ئیدارەیەكی بچوكی تۆكمە و ڕێكخراو زۆر سەركەوتووتر بوە لە ئیدارە و دامودەزگایەكی فراوان و پەرشوبڵاو . و ڕزگاربونیش لەم قەیرانە پێویستی بە حكومەتێكی ڕەشید و عاقڵمەندانە و پشوو درێژ هەیە كە دوور بێت لە خۆبەزلزانین و غروری سیاسی .
4 – لەڕووی یاساییەوە ، پێویست دەكات ئەم قەیرانە فێرمان بكات كە دەبێت یاسا سەروەر بكەین و هەموو دامودەزگا شەرعی و هەڵبژێردراوەكانی ئەم دەسەڵاتەمان متمانەی تەواوی هەبێت لەلایەك لەنێوان خۆیاندا و لەلایەكیش لەنێوان حكومەت و جەماوەرداو یاسا سەروەری هەموان بێت و بەشێوەیەكی عادیلانە پیادە بكرێت و ڕێگر بێت لە كەمتەرخەمی و كەموكوڕی و گەندەڵی و بەهەدەردانی سەروەت و سامان و دزینی ناشەرعی و حەرام لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە و یاسا ببێتە ڕێگر و ڕێكخەری سەرتاپای ژیان و گوزەرانی كۆمەڵگاكەمان .
5 – ئەم قەیرانە پێویستە فێری كردبین ، لەدەسەڵاتدارەوە تا بێدەسەڵات و تاك بەتاكی جەماوەری میلەتەكەمان كە چیدی پێویست بەخۆ دەوڵەمەندكردنی ناشەرعی ناكات و هەموان خۆمان بە بەرپرسیار بزانین لەبەرامبەر ئێستا و ئایندەی خۆشمان و نەوەكانیشماندا و سەروەت و سامانی ئەم میلەتەش بە ئەمانەتەوە لە گەردنماندا بزانین و دەست هەڵگرین لە كاری ناڕەوا و گەندەڵی و دزینی سەروەت و سامان ، چونكە بەبێ‌ بنبڕكردن و كەمكردنەوەی گەندەڵی هیچ پڕۆسەیەكی چاكسازی و ڕاستكردنەوە و خۆ دەربازكردن لەم قەیرانە داد نادات و تەنها وەك چارەسەرێكی كاتی و ئازار شكێن دەردەكەون ، بۆیە هەق وایە ئەوانەی بەدەسەڵات و خاوەن سەرمایە و تاڕادەیەكیش بەناڕەوا لەماوەی ئەم 24 ساڵەی حوكمڕانیدا خۆیان دەوڵەمەند كردوە ، لە ئێستادا غیرەتی كوردایەتی و گیانی بەخشین و قوربانیدانیان لا زیندوو ببێتەوە و ویژاندی خۆیان ئارام بكەنەوە بەوەی كە چی دەتوانن لە سەروەت و سامان بیبەخشنە حكومەت و بتوانن هاوبەشی و هاوكاربن لە چارەسەركردنی ئەم قەیران و تەنگژەیەدا و خەمخۆری و دڵسۆزی خۆیان بنوێن چ وەك حیزبەكان چ وەك دەسەڵاتدار و سەرمایەدار و خاوەن كۆمپانیاكان.وپارەی ژێر زەمینەكانیان بهێننە دەرەوە و بیخەنە خزمەت میلەتەكەیانەوە وەك دەڵێن ( پارەی سپی بۆ ڕۆژی ڕەش) .
بەم شێوەیە دەكرێت بۆ ئێستا و بۆ ئایندەش ئەم پەند وانانە فێری خۆمان و نەوەكانیشمان بكەین و زاڵ بین بەسەر ئەم قەیرانە داراییەدا و هەموان پێكەوە شانی بدەینە بەر و باری لاری حكومەت و دەسەڵاتەكەمان ڕاست بكەینەوە بەتایبەتیش لە ئێستادا كە كوردستان و عێراق و ناوچەكە و دونیاش ڕووبەڕووی قەیرانی سیاسی و ئابوری و سەربازی بونەتەوە و هەموان لەهەوڵی پاراستنی خۆیان و بەرژەوەندیەكانیاندان و هیمەت دەكەن تائەوپەڕی خۆیان و میلەتەكەیان لەشەڕی تیرۆر و برسێتی و نەهامەتی كۆمەڵایەتی دوور بخەنەوە، بۆیە كوردیش دەبێت وەك هەموان لەهەوڵی بێووچاندا بێت بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە ، بەڵكو ئەم قەیرانە چەندە زیانبەخش و كاریگەری خراپی هەبوە لەسەرمان بەڵام ببێتە مایەی بەخۆداچوونەوە و ڕاچڵەكاندن و ڕاستكردنەوەی هەڵە و پلانەكان و تێڕوانین و بۆچوونە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتیەكانمان و بشكێتەوە بە باشە و سوود و قازانج بۆ ئێستا وئایندەشمان .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت