Nechirvan-Yusf

بڕیاردرا سەرۆکی‌ پەرلەمان و وەزیرەکانی گۆڕان بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو ڕایگەیاند ، لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەو کۆمیتەیەی کە لە کۆبوونەوەی بارزانی و لایەنەکاندا پێکهێنرا ، بڕیاردرا سەرۆکی‌ پەرلەمان و وەزیرەکانی گۆڕان بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان .

هیوا میرزا سابیر ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ئێوارەی‌ ئەمڕۆ ١ی‌ شوباتی‌ ٢٠١٦دا لە بەرنامەی‌ تاوتوێی‌ کەناڵی‌ ئێن ئاڕ تیدا ڕاگەیاند ، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی (١ی‌ شوباتی‌ ٢٠١٦) لیژنەی ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی هەرێمی کوردستاندا بڕیار دراوە سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان . ڕاشیگەیاند ، لە کۆبوونەوەکەی بارزانی و لایەنەکاندا باسی چارەسەر کردنی کێشەکان و کراوە و گەڕانەوەی سەرۆکی پەرلەمان وەزیرەکانی گۆڕانیش داواکاریی زۆرینەی لایەنەکان بووە بۆ چارەسەر کردنی بارودۆخی هەرێمی کوردستان . ئەوەش لەکاتێکدایە سەرلەبەیانیی‌ ئەمڕۆ ٢٦ی‌ کانوونی‌ دووەمی‌ ٢٠١٦ لەسەر بانگهێشتی‌ بارزانی‌ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ژمارەیەک لایەنی‌ سیاسی بۆ تاوتوێکردنی‌ باردۆخی‌ هەرێمی‌ کوردستان و قەیرانەکانی‌ ئێستا هەرێم بەڕێوەچووبوو . بەپێی‌ ڕاگەیاندراوی‌ کۆتایی‌ کۆبوونەوەکەی‌ بارزانی‌ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا باس لەوە کراوە پەرلەمان کارا بکرێتەوە و لیژنەیەکیش بۆ ئەو مەبەستە پێکهێنراوە .
ڕۆژی‌ ٢٦ی‌ کانوونی‌ دووەمی‌ ٢٠١٦ بارزانی‌ لەگەڵ بەشێک لە لایەنەکانی‌ هەرێمی‌ کوردستاندا کۆبوونەوەیەکی‌ ئەنجامدا و لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرابوو لەسەر پێکهێنانی‌ لیژنەیەک بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ هەموو لایەنەکانی‌ هەرێمی‌ کوردستان و ئاسایکردنەوەی‌ باردۆخی‌ هەرێمی‌ کوردستان . ئەوەش لە کاتێکدایە بەرەبەیانی‌ ڕۆژی‌ ١٩ی‌ ئابی‌ ٢٠١٥ پێنج لایەنە بەشداربووەکە لە حکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان لە دوای‌ زنجیرەیەک کۆبوونەوە بە بەشداریی‌ نوێنەری‌ ئەمریکا و باڵیۆزی‌ بەریتانیا لە عێراق و نوێنەری‌ یۆنامی ‌، داوایان لە پەرلەمانی‌ کوردستان کرد کۆبوونەوەی‌ ڕۆژی‌ ١٩ی‌ ئاب دوابخات بۆ ڕۆژی‌ ٢٣ی‌ ئاب . سەرباری‌ داوای‌ لایەنە سیاسییەکان ، پەرلەمانی‌ کوردستان هەوڵیدا لە ڕۆژی‌ ١٩ی‌ ئابدا کۆبوونەوەی‌ دووەم بۆ هەمواری‌ یاسای‌ سەرۆکایەتیی‌ هەرێم بەڕێوە ببات ، کە بەهۆی‌ تەواو نەبوونی‌ ڕێژەی‌ یاسایی‌ پەرلەمانتارەکانەوە کۆبوونەوەکە ئەنجام نەدرا .
لە کۆبوونەوەی‌ ڕۆژی‌ ١٩ی‌ ئابدا ٥٣ پەرلەمانتار ئامادەی‌ دانیشتنەکەی‌ پەرلەمان بوون و لەبەرامبەردا ٥٨ پەرلەمانتار بەشداریی‌ کۆبوونەوەکەیان نەکرد . ئەوەش لەکاتێکدا بوو ، کە ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی حوزەیرانی‌ ٢٠١٥ پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ چوار پڕۆژە یاسای‌ لایەنە سیاسییەکان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای‌ سەرۆکایەتیی‌ هەرێم کرد وفراکسیۆنی پارتی کۆبوونەوەکەی بایکۆت کرد و پڕۆژەکانی ڕەتکردەوە .
لە کۆبوونەوەی ٢٣ حوزەیرانی ٢٠١٥ پەرلەمانی کوردستان ، کە تایبەت بوو بە خوێندنەوەی‌ پڕۆژە پێشنیازکراوەکانی‌ لایەنە سیاسییەکانی‌ هەرێم بۆ هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم بوو ، لە پڕۆژە پێشنیازکراوەکاندا داوا کراوە سیستمی‌ سیاسی‌ لە هەرێم پەرلەمانی‌ بێت و سەرۆکی‌ هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت .
پێشتریش و لە ڕۆژی‌ ٢٠ی ئایاری‌ ٢٠١٥ لیژنەی نووسینەوەی دەستوور لەلایەن پەرلەمانی‌ کوردستانەوە پەسەند کرا . دەبوایە بەپێی یاسا لە ماوەی ٩٠ ڕۆژدا لیژنەکە پڕۆژەی دەستووری هەرێمی‌ کوردستان ئامادە بکات بۆ ڕاپرسی . بەپێی‌ ڕێککەوتنی‌ نێوان یەکێتی‌ و پارتی‌ لە لە ٣٠ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٣دا ماوەی ویلایەتەکەی‌ بارزانی‌ بۆ دوو ساڵی‌ تر درێژکرایەوە و بەپێی‌ ئەو ڕێککەوتنە ویلایەتی‌ بارزانی‌ ١٩ی‌ ئابی‌ ٢٠١٥ کۆتایی‌ پێهات و لە دوای‌ ١٩ی‌ ئابی‌ ٢٠١٥ەوە بۆچوونی‌ جیاواز سەبارەت بە پۆستەکەی‌ بارزانی‌ لە پۆستی‌ سەرۆکایەتیی‌ هەرێمدا هەیە .
دوابەدوای‌ ئەو پێشهاتانە لە ڕۆژی‌ ١٢ی‌ تشرینی‌ یەکەمی‌ ٢٠١٥ ئاسایش و هێزەکانی‌ پارتی‌ لە بازگەی‌ پردێ ڕێگرییان لە گەڕانەوەی‌ سەرۆکی‌ پەرلەمان و پەرلەمانتارانی‌ گۆڕان کرد بۆ هەولێر و ئەوەش کاردانەوەی‌ زۆری‌ لێکەوتەوە . هەروەها لە ڕۆژی‌ ١٢ی‌ تشرینی‌ یەکەمی‌ ٢٠١٥ەوە ڕێگری‌ کرا لە دەوامی‌ وەزیرەکانی‌ گۆڕان لە وەزارەتەکانیاندا لە شاری‌ هەولێر و تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان . ئەوانەش لەکاتێکدایە قەیرانی‌ دارایی‌ هەرێمی‌ کوردستانی‌ گرتووەتەوە و مووچەخۆران و فەرمانبەران و مامۆستایان مووچەی‌ پێنج مانگیان لەلای‌ حکومەتە و بۆ داواکردنی‌ مووچەکانیان چەندین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی‌ و بایکۆت لەلایەن مۆستیان و فەرمانبەرانەوە بەڕێوەچووە .

س ـ وێستگا

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت