جەبار ئەحمەد : تێکدان وەک گەمەی شەیتان .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەرکی سەرەکی مرۆڤ تێکدانە ، تێکدانی ئەو یارییەی ساڵەهای ساڵە لەسەر هەمان ڕیتم و هەمان هێڵ ئەڕواو ناگۆڕێ ، خاپورکردنی ئەو گەمەیەی ساڵەکان ناتوانن لەسەر ئیقاعە بێ زەوق و خۆدووبارەکردنەوە بێ ماناکانی وەلای بخەن ، ئەوەسروشتی مرۆڤە کە تێکدەربێ ، تێکدەر بۆ بیناکردنەوەی جارێکی تری جۆرێکی تری شتەکان ،
تێکدانی هەموو ئەو وەزیفانەی لە ڕەونەق و جوانی بەتاڵ بوونەتەوەو بیناکردنەوەیان لەسەر بنەمای پڕ لەجوانی ، سروشتی مرۆڤ سروشتێکی وێرانکەرە بۆ ئەو ڕێگا و ڕێچکانەی ئەمانخەنە سەر کۆیلایەتی و لە ناوەوەڕا دیلمان ئەکەن ، وە دروستکردنەوەی دەروازەو دەرەچەی تری تازەی ئازادبوون ، ئەرکی ئەبەدی مرۆڤ و ئەرکی پێوەلکاو بە بوونیەتی ئینسانەوە ئەرک و وەزیفەی تێکدان و بونیادنانەوەیە . بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە ، ئەوەی مایەی تێڕامان و قسە لەسەرکردنە ، بریتییە لە هاتنە ناوەوەی شەیطان بۆ ئەم گەمەیە ( گەمەی تێکدان ) . ئایا تێکدان لەکەیەوە بووە بەگەمەی شەیطان ؟ شەیطان کەی بە بوون هات و کەی دەستی ڕاگەیشت بەم گەمەیە؟ شەیطان ( وجودی بنەڕەتی وجودە ) یاخود بە بوون هاتوە یان هێنراوە ؟ کاری دەسەڵات لە هاتنە گۆڕی شەیطان وەکو سوبێکتی گەمەی تێکدان چییە و لە کوێ دایە ؟
گەمەی تێکدان ئەو یارییەیە کە ئەوانی تری پارێزگەر نایکەن ، تێکدان گەمه‌ یاساغ و بڤەکه‌ی کۆمەڵگایە ، کەس ناتوانێ ( بێ وەی ) دەستی بۆ بەرێت ، بۆ ئەوەی ببیت به‌ یاریکەری یاری تێکدان ئەوا ئەبێ خاوەن جورئەت بیت ، ئەبێ لەخۆ بوردو و لەڕۆحی خۆت بوراو بیت ، مرۆڤ ناتوانێت ببێتە یاریکەری ئەو گەمەیە تا هەموو سنور و تابۆکان نەبڕێت ، تا خۆی لە ڕێسا و قاعیدە زۆر و بێ سودەکان دانەماڵێ ، بۆیە سوژەی ئەم گەمەیە بەژمارە کەمن ، ئەم گەمەیە لە گەمە زۆر  چۆڵ و بێ جەماوەرەکانە ، گەمەیەکە تاقەت پڕوکێن بەمانای ووشە .

سوبێکتی شەیطان و تێگەی وێرانە :
مرۆڤی بەرایی ، مرۆڤی بێ توانا و دەستەوستانە ، بەهانەی هەموو کردەیەک دەگێڕێتەوە بۆ هێزێکی سەرویی ( مێتافێزیکی ) ، کاریگەرییە مێتافیزیکییەکان تەواو بەسەر ئەندێشە و هزری مرۆڤی سەرەتاییدا زاڵبوون ، کارەساتە سروشتییەکان ، باوبۆران ، گێژەنی گەردەلول ، گڕکان و بومەلەرزە و … هتد ، هیچ نین جگە لە کاری سوبێکتێک لە سەروی مرۆڤەوە ، ئەوە هێزێکی مێتافیزیکییە تەحەکوم بە زەوی و گەردوون و هەموو شتە ئامادە زیندو و نازیندوەکانی ناوی ئەکات ، ئەوەش کاری خودا ( یاخود خوداکانە ، لەسیستەمە ئاینییە فرەخواکاندا ) ، بۆیە بۆ هەر ڕوداوێک ، هەر پرس و بابەتێک خوایەک ( جگە لەئاینە تاک خوداییەکان کە بۆهەموو پرسەکان هەر یەک خودا هەیە ) دانرا و سروتە ئاینی و مەراسیمەکانی پەرستش و نزا دامەزران .
جگە لە ئامادەیی وێرانە گەردونییەکان ( ئەمڕۆ کارەساتی سروشتی پێ ئەڵێن ) ، وێرانە ووردەکانیش دەرکەوتن لەوانە : کوشتن ، دزی ، درۆ ، خەڵەتاندن ، (دواتر دیدگا تەسکەکانی دەسەڵات زینا و پەیوەندی نێر و مێ شیان لەم بازنەیەدا دانا و …. هتد ، ووردە وێرانەکان کاری مرۆڤەکانن ، بەڵام مرۆڤەکان بە سروشت ئەوکارە ناکەن ، بەڵکو پاڵنەرێک هانیان بۆ ئەو کارە دەدات . وێرانەی گەردوون کاری خوداکانە ، کە بونەوەری پاکن ، وێرانەی ووردی کۆمەڵایەتی کاری مرۆڤەکانە ، کە بە سروشت بوونەوەرگەلی پاکن . ئەوەی ئەم دوو ڕایەڵە بەیەکەوە ئەبەستێ بکەرێکی قێزەونی تێکدەره‌ ، دۆزینەوەی ئەم ئەڵقەیە لە ڕێگای دەستنیشانکردنی ئەم سوبێکتەی وێرانەیە ، پەیوەندییەکانی نێوان ووردە وێرانە و وێرانەی گەردوون ئاشکرا ئەکات و پاکانە و بەرائەتی خوداکان و مرۆڤەکانیش ئەسەلمێنێ ، لە لایەکی تریشەوە گەمەی تێکدان لە گەمەیەکی جوانی مرۆ کردەوە ئەگۆڕێت بۆ گەمەیەکی ناشرین کە مرۆڤ بە ئیرادەی خۆی نایکات . دواجار دۆزینەوەی ئەم ئەڵقە ون بووە ، دۆزینەوەی خودی شەیطانە ، واتا شەیطان خۆی ئەڵقەی ونبووی خودی ئەم پرۆسەیەیە ، پرۆسەی وێرانە .
لەگەڵ دۆزینەوەی فاکتی بە سوبێکت بوونی شەیطان ، ئیتر گەمەی تێکدان لە زەمینی جوانییەوە ئەگوازرێتەوە بۆ زەمینی هاوکێشەی ناشرینی تۆڵە و پاساودان ، ئەبێ بە گەمەیەک لە پەیوەندی و کۆنتاکتی ئەکت و ڕیئەکت وەکو قێزەونترین کردە خۆی نمایش و مانیفێست ئەکات . کاری ووردە وێرانەی کۆمەڵایەتی کاری شەیطان و ئەهریمەنەکانە و مرۆڤ ئەخەنە حاڵەتێکەوە کە ناچار بە کردنی بێت ، کاری وێرانە گەردوونییەکانیش تۆڵەی خودایە لە مرۆڤەکان لەبەرامبەر لاوازیان لەهەمبەر شەیطان ، واتا ئەوە شەیتانە که‌ هۆکاری هەردوو کارە وێرانەکانه ‌، لێرەدا شەیطان وەکو بنەڕەتی بوونی پرۆسەکە تەبەنی ئەم دۆخە ئەکات . لەگەڵ هاتنی شەیطان وەک سوبێکتی گەمەی تێکدان ئەوا ڕەهەندێکی تر ئەدۆزینەوە ، ئەویش ڕەهەندی کاری دەسەڵاتە لە سەرهەڵدانی شەیطان و بە قێزەونکردنی گەمەی تێکدان .
جەوهەری کاری دەسەڵات بریتی یە لە دەستەمۆیی و ملکەچکردنی تاک و کۆمەڵەکان بۆ دەسەڵات ، وە ئەم ئامانجەی دەسەڵات نایەتەدی ئەگەر ئارامی دەستەبەر نەکرێت ، واتا هەر جۆرە ڕوداوێک ، پێشهاتێک ، گەمەیەک کە ببێتە هۆی لەناوبردنی ئارامی دەسەڵات ئەوا یاساغ و قەدەغەیە و ئەرکی دەسەڵاتە بۆ ناشرینکردنی ، بەو پێیەی شەیطان تەعبیرە لە دیوە شەڕانگێز و لە خشتەبەرەکەی زیهنی بەشەرییەت ، ئەوا هەرکارێک شەیطان(وەکو دیوی شەڕانی زیهنی مرۆیی) دەستی تێکەڵ بکات ، ئەبێ بەکارێکی نەویستراو ، لێرەوە دەسەڵات ئەم گەمەیە ( گەمەی تێکدان ) لە گەمەیەکی خودئیرادانەی مرۆڤەوە ئەکات بە کارێکی شەیتانانە و لە پرۆسەیەکی تێکدان لەپێناو دروستکردنەوەیەکی جوانتر ئەبێ بە گەمەی خاپور کردن بۆ تێرکردنی غەریزەی شەڕانی و ئارەزوی وێرانکردنی هەموو ئەوانی تری دەرەوەی خودی سوژە .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت