ئەنوەر ڕەشید :  کۆشت داپۆشە ـ حوکمەت حەیات چوو .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لەو بڕوایەدام توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی زانستی بۆ ئەم رەوشە گاڵتەجاڕەی ئام هەرێمە و وتار و شیکردنەوەی ئەکادیمی دەربارەی ئەو دەعبایەی ناونراوە حکومەتی هەرێم و وەک مۆتەکە سواری کۆڵی هاوڵاتیان بووە ، وەک ئەوە وایە ئاو لە بێژنگدا کۆ بکەیتەوە .

حکومەتێک کە ناچێتە چوارچێوەی هیچ سیستمێکی بەڕێوەبردنەوە بێجگە لە بەهەدەردانی سامانی نیشتمانی و دزی و گەندەڵی و پەروەردە کردنی کۆمەڵێک مشەخۆر و مەسینە هەڵگری هیچ لەبارا نەبوو ، تەنیا شایستەی ئەوەیە قەشمەری پێ بکرێ و بکرێتە نوکتە و گاڵتەجاڕی کۆڕ و کۆبوونەوەکان ، تا قەبارەی دروستی خۆیان پێ ببەخشرێ و بەهای راستەقینەی خۆیان دیاری بکرێ .

قەیران بەسەر قەیرانا کەڵەکە ئەکات و قەیران بە قەیرانی دەبەنگانەی قوڵتر چارەسەر ئەکات و بۆقە بە کرێ گیراوە داتاشراوەکانی میدیا بەدناوەکانیشیان ئاوازە نەشازەکانیان ئەخەنە گەڕ و تەنەکەمان بە نرخی زێڕ پێ ئەفرۆشنەوە .

لەگەڵ رێزی زۆرم بۆ هەموو ئافرەتان و ژنان ، حوکمەتە بلیمەتەکەمان وەک ئەو ئافرەتە وایە کە رەشەبا کراسەکەی بەری تا بنباڵی هەڵداوەتەوە و ئەو دەستی بە قژی شانە کراویەوە گرتووە تێک نەچێتەوە .

ئەم حوکمەتە بێ هونەرە ئەیەوێ ئەوەی خۆی قوڕی پیاداوە و بە گەندەڵی و دزی و فزی لە قەیرانی هەڵکێشاوە ، ئێستا بە گیرفانی بەتاڵی هاوڵاتیان قەرەبووی بکاتەوە ، لە کاتێکدا بەعسی فاشی هەموو جوتیارانی لە دێهاتەکان هەڵکەند و لە ئۆردوگای زۆرەملێ جێگیری کردن ، ئەمان هاتن لەجێی ئەوەی دێهاتەکان ببوژێننەوە و خزمەتگوزاریەکانی بۆ دابین بکەن و کەرتی کشتویکاڵ بکەن بە داهات و پشتگیری جوتیاران بکەن ، هاتن لەجێی ئۆردوگای زۆرەملێ ، مووچەیەکی شۆڕەملێی مەمرە و مەژی بە ناوی جیا جیا و پێگەی جیاوازەوە بۆ بڕینەوە و لە بەرهەمهێنەرەوە کردنی بە بخۆر و چی لە کەرتی پیشەسازیدا هەبوو بە تاڵان ئاودیو کران و فرۆشران ، ئەمانە رۆژێک لە رۆژان بیریان لە دوارۆژی ئەم نەتەوەیە نەکردووەتەوە ، قەیرانێکی  قووڵی ئابووریان دروست کردووە و هاونیشتمانیان خستوەتە بەر ئابڵوقەیەک کە تەنیا راپەڕینێکی سەرتاسەری نەبێ ، هیچی تر ناتوانێ ئەمانە شاربەدەر بکا و هەقی خوراوی ئەم میللەتەیان لێ بگەڕێنێتەوە .

ئێستا لەم قەیرانی داراییەدا مۆدێلێکی تریان داهێناوە بۆ ختوکەی سۆزی خەڵکی و بەردانی حەپەی میدیاکارانی داتاشراو بۆ تەخوین کردنی ئەوانەی لە دور و نزیکەوە باسی راپرسی بۆ بوون بە دەوڵەت ئەکەن ، من لەو بڕوایەدا نیم دڵسۆزێکی ئەم نەتەوەیە هەبێ ، ئامادە نەبێ لە رێی بوون بە دەوڵەتدا خوێنی خۆی بەخت بکات ، بەڵام کاتێک بە دەوڵەت بوون ئەبێتە کاڵا و هەر وەرزێکی نوێ لە بەرگێکی نوێدا پێمان ئەفرۆشرێتەوە ، هەقی خۆمانە بپرسین ، ئاغا لەسەر چ بنەمایەک ئەمانکەیت بە دەوڵەت و چەندجاری تریش ماوە ئەم بانگەشەیە بکەیت و پێمان بفرۆشیتەوە ، من لەو کەسە ئەپرسم کە بەپێی یاسا هیچ پێگەیەکی رەسمی نیە و توتکە بێ مۆراڵەکانی چەکدار و راگەیاندنی بەرداوەتە ئەم میللەتە ، ئایا لە خۆتت پرسیوە ، لەم قەیرانی داراییەدا ، راپرسی پێویستی بە مووچەی چەند مانگی فەرمانبەرانی برسیە بۆ ئەنجامدانی ؟ یان ئەمەشیان دروشمێکی درۆیە و ئەچێتە سەر ئەوانی تر ؟

من لەو بڕوایەدام میللەت نیە لەسەر رووی زەمین بە قەبارەی کورد قوربانی دابێ و بە قەبارەی کورد تینووی ئازادی بێ و بە قەبارەی کورد فێڵ و درۆی لەگەڵ کرابێ و بە قەبارەی کورد خەڵەتێنرابێ و بە قەبارەی کورد بەناوی کوردایەتیەوە خیانەتی لێ کرابێ .

هەرێمێک ئەو پەرلەمانەی نەمابێ کە حوکمەتەکەی پەسەند کردووە و سەرۆکەکەی ماوەی بەسەر چووبێ و سیمای بنەڕەتیی راو و رووت بێ ، چۆن متمانەی پێ ئەکرێ پارەی فەرمانبەران هەڵگرێ ؟ لە کام یاساوە ئەم داهێنانەیان دۆزیەوە و پەیڕەویان کرد کە مووچەی فەرمانبەران بکەن بە قەرز لای دامەزراوێک کە بە گەندەڵ ناوی دەر کردووە ؟ حکومەت بووە بە دایکی میللەت و پارەیان بۆ پاشەکەوت ئەکات ؟ تۆ بڵێی بەو پارەیە ژن بۆ فەرمانبەران بهێنێ و ماڵیان بۆ پێکەوەنێ ؟ ئایا ئەکرێ پشیلە بکرێت بە پاسەوانی گۆشت ؟

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت