دکتۆر جەبار قادر : ڕووسیا و کورد ; دوو سەدە لە پشتگوێخستن – بەشی سێیەم .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

2  – له‌ به‌رامبه‌ر کوردی ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتی سۆڤیه‌ت .

لە سەر ئاستی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی سۆڤیەتیش بەرامبەر کوردی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نزیک ئەستەمە باس لە سیاسەتێکی سۆڤیەتی تایبەت بە کورد بکرێت. یەکێتی سۆڤیەت نەیتوانی خۆی لە بنەماکانی سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیای تساری لەم بارەیەوە ڕزگار بکات . بە هەمان چاو سەیری کوردی ئەکرد ، واتا بە چاوی بەکارهێنانی هێز و دۆزی کورد بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی خۆی. لە دەسپێکدا بەلشەڤییەکان لە هەوڵی ئەوەدا بوون پەیامەکانی خۆیان بگەیەنن بە کورد. ئەم کارەیان لە ڕێگەی پارتە کۆمۆنیستەکانەوە دەکرد . هەر زوو بۆیان دەرکەوت کە لە سێبەری دەسەڵاتی دیکتاتۆری کەمالی و پەهلەوێدا لە تورکیا و ئێران و کۆڵۆنیالیزمی بریتانی و فرەنسیدا لە عیراق و سوریا هەوڵەکانیان ئەنجامێکی وا بەدەستەوە نادەن، وەک ئەوەی لە کەفکاز و دواتریش لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپادا بەدەستیان هێنا .
سەرهەڵدانی بزووتنەوەی کەمالی لە تورکیا بەلای بەلشەڤییەکانەوە دەرفەتێک بوو بۆ فراوانکردنی بەرەی دژ بە ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا , بۆیە یەکسەر دانیان بەو دەسەڵاتەدا نا و ڕێکەوتننامەیان لە گەڵیدا مۆر کرد. لە کاتێکدا یارمەتی دارایی و چەک و جەبەخانەیان بە کەمالییەکان پێشکەش ئەکرد، برسێتی تەنگی بە گەلانی ڕووسیا هەڵچنیبوو . کەمالییەکان زۆر بە باشی کەڵکیان لە پشتگیری یەکێتی سۆڤیەت وەرگرت بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی تورکیا و یاریکردن لە گەڵ بریتانیا و فرەنسا. بۆیە دوای ئەوەی گەیشتن بە ئامانجەکانیان پشتیان لە یەکێتی سۆڤیەت کرد و لە گەڵ بریتانیا و فرەنسا و دواتریش ئەمێریکا دەستیان تێکەڵ کرد . جارێکی تر ڕووسیا بووەوە بە دراوسێ و دوژمنەکە مێژووییەکەی ڕابردوو ، کە هەمیشە چاوی تەماحی بڕیوەتە تورکیا. دوای بەهاری کورتی دۆستایەتی نێوان هەردوولا ، لە سییەکانەوە تورکیا بوو بە بنکە و پێگەیەکی گرنگی دژ بە کۆمۆنیزم و خزمەتکردنی سیاسەتەکانی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی نزیک . ڕۆڵی تورکیا لە هاوپەیمانییە دژ بە کۆمۆنیستییەکان و یەکێتی سۆڤیەت کەم نەبوو  ، پەیماننامەکانی سەعد ئاباد ، نەیتۆ و سێنتۆ ئەڵقەی گرنگیان پێکدەهێنا لە هاوپەیمانی تورکیا لە گەڵ ڕۆژئاوا و وڵاتە گوێڕایەڵەکانیان لە هەرێمەکەدا .
مۆسکۆ سەرهەڵدانەکانی کوردی تورکیای لە بیستەکان و سییەکانی سەدەی ڕابردوودا بە پیلانی ڕۆژئاوا و دەستێکەڵکردنی دەرەبەگ و سەرەک هۆزانی کورد لە گەڵ ئیمپریالیزمی بریتانیدا لە قەڵەم ئەدا. ئەرکی سەرەکی ڕۆژهەڵاتناسان و شارەزایانیش ئەوە بوو بنەمای فیکری و ئایدیۆلۆژی بۆ ئەو بۆچوونەی حیزب و دەوڵەت لە ڕێگەی توێژینەوەکانیانەوە دابڕێژن. لە سەردەمی سۆڤیەتیدا تێزی فەرمی دەزگا زانستییەکان ” پارتایەتی زانست ” ( بە ڕووسی پارتیینەست ناووکی ) بوو ، بەو واتایەی کە دەبێ هەموو زانستەکان، بە تایبەتیش زانستە مرۆڤایەتییەکان تەنها و تەنها لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیای مارکسیزم – لێنینیزم ، هەڵبەتە بە لێکدانەوە بەلشەڤییەکەی پارتی کۆمۆنیستی سۆڤیەت ، شیرۆڤە بکرێن و توێژینەوەیان لە بارەوە بکرێت . لە سییەکانەوە ستالینیزمشی هاتە سەر و کۆمەڵێ تێز بە نێوی ستالینەوە لە بواری پرسی نەتەوەیی، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمای و زمانەوانی و …تاد ، بڵاوکرانەوە و دەبوایە زانایانی سۆڤیەت تەنها لەو چوارچیوەیەدا توێژینەوەکانیان ئەنجام بدەن. یەکێ لە تێزە سەرەکییەکانی ستالینیزم لە بواری پرسی نەتەوەیی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانیدا ئەوە بوو کە تەنها ئەو بزووتنەوانەی چینی کرێکار ڕابەرایەتیان دەکات دەبێ بە بزووتنەوەی پێشکەتنخواز لە قەڵەم بدرێن و ئەوانەی دیکە هەمووی دواکەوتوو و بە فیتی کۆڵۆنیالیزم و کۆنەپەرستانن . هەڵبەتە نە ئەو کاتەو نە دوای ئەو دەمەش بە پەنجا ساڵ ئەم بارە بۆ کورد لە ئارادا نەبوو. ئیدی لە کۆتایی سییەکانەوە تا شەستەکان باسی شتێک نەما لە بارەی کوردی تورکیاوە . لە کۆتایی پەنجاکان و دەسپێکی شەستەکانەوە هەندێ لێکۆڵێنەوە لە بارەی مێژووی دۆزی کوردەوە لە تورکیا پەیدا بوون کە لێکدانەوەیەکی جیاوازیان لەوانەی پێشوو دەخستە ڕوو. نووسەری ئەم تێزە تازانە مانڤێل ئەرسینۆڤیچ هەسراتیان ( گەسراتیان، ئەسراتیان، گیسارەف ) بوو ، کە دەبوایە ئەم کارەی یا بە نهێنێ بکردبایە ( تێزی دکتۆراکەی کە بۆ ساڵانێکی زۆر لە بەشی نهێنێ دەپارێزرا ) ، یا لە ژێر ناوی دیکەدا نووسینەکانی بڵاوبکردایەتەوە ( گیسارەف ). زانای کوردیش دکتۆر کەمال مەزهەر هەر لە شەستەکان لە هەردوو تێزەکەی لە بارەی مێژووی هاوچەرخی کوردەوە زانیاری و لێکدانەوەی زیاتری خستە بەردەم کوردناسان لەم بارەیەوە و کارەکانی بەشێک لە بۆچوونەکانی پێشووی خستە ژێر پرسیارەوە .
له‌ ساڵانی شه‌ڕی يصصثةغ جیهانیدا هاوسۆزی تورک بۆ هیتلەر و نازییەکانی ئەڵمانیا لە کەس شاراوە نەبوو. ئەم هاوسۆزییەی تورک مایەی توڕەیی ستالین بوو و بیرۆکەی تەمێکردنی تورکیای لە لای بەهێز کردبوو ، هەڵبەتە بۆ هەلی لە بار ئەگەڕا بۆ ئەو ئەنجامدانی ئەو کارە. کاربەدەستانی تورکیا زوو کەوتنە خۆیان و لە کاتی پێویستدا زیرەکانە هەڵس و کەوتیان کرد . دوای ئەوەی بۆیان دەرکەوت ئەڵمانیا شەڕ ئەدۆڕێنێ نەک هەر بایانداوە ، بەڵکو شەڕیشیان لە دژی ئەڵمانیای نازی ڕاگەیاندا ، بەڵام بێ ئەوەی یەک فیشەک بتەقێنن . بەو هەڵوێستەیان جێگەی خۆیان لە ڕێکخراوە نێو دەوڵەتییەکانی دوای شەڕی دووەمی جیهانیدا مسۆگەر کرد و تورکیایان لە هەڕەشەکانی ستالین پاراست .
بۆ ساڵانی دواتر تورکیا بوو بە ئەندامی نەیتۆ و بەشێک لە سیستەمی بەرگری ڕۆژئاوایی و شەڕی سارد و ئیدی دەرفەتی ئەوە نەما یەکێتی سۆڤیەتی هەڕەشەی لێبکات . هێدی هێدی پەیوەندییەکانی هەردوولا ئاسیی دەبوونەوە و پرینسپی هەڵکردن لە گەڵ دونیای کەپیتالیزمدا لە جیهان دەبووە بنەمای سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی سۆڤیەت . لە هەمان کاتدا لە باکوری کوردستانیش جموجوڵی سیاسی و سەربازی لە ئارادا نەبوون، کە سۆڤیەت ناچار بکەن هەڵوێستیان لە مەڕ ڕابگەیەنێ، بۆیە تا دوا ساڵانی تەمەنی جۆرێک لە بێدەنگی هەڵبژاردبوو لە بارەی کوردی تورکیاوە .
لە بارەی یەکێتی سۆڤیەت و کوردی ئێرانەوە تا شەڕی دووەمی جیهانی شتێکی ئەوتۆ لە ئارادا نیە لێرەدا باسی لێوە بکرێت. بەلشەڤییەکان لە هەوڵی ئەوەدا بوون پەیوەندییان لە گەڵ ئێراندا ئاسایی بێت . خۆیان لە گەڵ ئەوەدا گونجاندبوو کە ئێران پێگەیەکی گرنگە بۆ بەرژەوەندییەکانی بریتانیا و نابێ کاری وا بکەن پاڵ بەو وڵاتەوە بنێت زیاتر خۆی بخاتە باوەشی ڕووژئاواوە . هاتنی سوپای سۆڤیەت بۆ باکوری ئێران و گەشەکردنی بزووتنەوەی کورد لە ناوچەی موکریان تا دەگاتە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان زۆریان لە سەر نووسراوە . لێکدانەوەی زۆریش بۆ کشانەوەی سوپای سور لە ئێران کراون . بە پێی ئەو ڕێکەوتننانەی لە تاران (١٩٤٣) و یاڵتا (١٩٤٥) لە نێوان چێرچل ، ڕۆزڤێلت و ستالیندا کرابوون ، دەبوایە لایەنەکان لە دوای شەڕ دان بە سەربەخۆیی ئێراندا بنێن و هێزەکانیان لەو وڵاتە بکشێننەوە . ئەمە لە لایەکەوە ، لە لایەکی تریشەوە فشاری زۆری ئەمریکا و گفتی کاربەدەستانی ئێران بەوەی کە بەرژەوەندییەکانی یەکێتی سۆڤیەت لە بواری نەوتدا لە بەر چاو دەگرن ، بەس بوون بۆ ئەوەی ستالین بە ناچاری بڕیار بدات لە ئێران بکشێتەوە . نە کورد و نە ئازەرییەکانیش دەرفەتی ئەوەیان هەبوو لەو ماوە کورتەدا بنەماکانی کۆمارەکانیان بەهێز بکەن و لە بەرامبەر سوپای ئێران خۆیان پێڕابگیرێ، کە بریتانیا و ئەمێریکا پشتیوانی بەهێزیان لێدەکرد. ئەوان وایان دانابوو تازە یەکێتی سۆڤیەت پشتیان بەرنادا و هێزەکانی ئەو ناوە چۆڵ ناکەن .
دوای شەڕیش کاریگەری سۆڤیەت لە سەر ئێران لە ڕێگەی تودەوە تا کۆتایی چلەکان لە ئارادا بوو ، بەڵام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەو کاریگەرییە لە سەر ڕەوتی ڕووداوەکان لاوازتر دەبوو و ئێران زیاتر دەبووە پێگەیەکی ڕۆژئاوا، کە لە دوای شەڕەوە ئیدی ئەمێریکا ، نەک بریتانیا نوێنەرایەتی دەکرد و جڵەوەکەی گرتبووە دەست . ئێران بوو بە ئەندامی سەرەکی و کاریگەری پەیمانی بەغدا ( سێنتۆ ) و ڕژێمی شا ڕۆڵی گرنگی پێ سپێردرا بوو بۆ ڕوو بە ڕووبوونەوەی کۆمۆنیزم لە ناوچەکەدا . لە شەستەکانەوە ئێران هێدی هێدی بەهێز دەبوو و هەموو لایەک حسێبیان بۆ ڕۆڵی لە ناوچەکەدا دەکرد . بە هەڵگیرسانی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ١٩٧٩ یەکێتی سۆڤیەت هیوای ئەوەی لا پەیدا بوو  کە لاپەڕەیەکی نوێ لە گەڵ ئێراندا دەستپێدەکات و جێگەی ڕۆژئاوا دەگرێتەوە . بەڵام کاتێکی زۆری پێنەویست بۆ ئەوەی بۆی دەربکەوێت کە کۆماری ئیسلامی ناکۆکی ئایدیۆلۆژی زۆر توندی لە گەڵ کۆمۆنیزمدا هەیە و زەمینەی هاوپەیمانێتی لە نێوان هەردوولادا لە سفرەوە نزیکە .
دوو ئایدیۆلۆژیای ناکۆک و دژ بە یەک و هاوکاری سەربازی سۆڤیەت بۆ عیراق لە کاتی شەڕی ئێران و عیراقدا ( ١٩٨٠ – ١٩٨٨ ) لای کەس مەسەلەیەکی نهێنی نەبوو. لە هەشتاکاندا لە یەکێتی سۆڤیەت هەندێ کرانەوە بە ڕووی کوردی ئێراندا هەستی پێدەکرا بەڵام ئەنجامێکی زۆری نەبوو، چونکە خۆری کۆمۆنیزم خۆی لە ئاوابووندا بوو. ژمارەیەک لە پەناهەندەی کوردی ڕۆژهەڵات لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە لە یەکێتی سۆڤیەت دەیانخوێند و دوای تەواوکردنی خوێندنیش تا کاتی هەڵگیرسانی شۆڕش لە ئێران هەر لەوێ مابوونەوە .
لە سەردەمی دەسەڵاتی ئینگلیز و پاشایەتیدا یەکێتی سۆڤیەت لە ڕێگەی حیزبی شیوعی عیراقییەوە هەوڵی بڵاوکردنەوەی بیر و باوەڕی مارکسی لە نێو کوردی عیراقدا دەدا . دواتر پارتی دیموکراتی کوردستانیش دروشمی کەڵک وەرگرتنی لە فەلسەفەی مارکسی – لێنینی بەرزکردەوە. دوای لەناوبردنی کۆماری کوردستان و سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی بارزان، بارزانی و یاوەرانی پەنایان بردە بەر سۆڤیەت و بۆ ماوەی یازدە ساڵ لەوێ مانەوە . لە دەسپێکدا هەڵس و کەوتی کاربەدەستان ، بە تایبەتی لە ئازربایجان زۆر خراپ بوو لە گەڵیاندا. بەلشەڤییەکان هەستێکی وایان لە لای هاوڵاتیانی سۆڤیەت دروست کردبوو کە گومان لە هەموو کەسێکی بیانی بکەن و بە سیخوڕی ڕۆژئاوای دابنێن. ئێمە کە لە حەفتاکان لەوێ دەمانخوێند هێشتا ئاسەواری ئەو بەدگومانییە لە لای هاوڵاتییان سۆڤیەتی بە زەقی بەدی دەکرا . بەرپرسی یەکەمی ئازربایجان باگیرەف ( باقرۆف ) کە پێدەچێ خۆشی بەچارەی کوردا نەهاتبێ ، زۆر دژایەتی بارزانی دەکرد و دەیویست وای پیشان بدات کە ئەمانە بە پیلانی ئینگلیز هاتوونەتە یەکێتی سۆڤیەت . ڕەنگبێ ئەم هەڵس و کەوتەی ئازەرییەکان بچێتە هەمان چوارچێوەی سیاسەتەکانیانەوە بەرامبەر بە کوردانی ئازەربایجان کە لە بەشێکی دیکەی ئەم باسە ئاماژەمان پێکرد. دواتر بارزانییەکان برانە ناوەڕاستی ئاسیا بۆ ئۆزبەکستان و لە دوای مردنی ستالین لە ساڵی ١٩٥٣ بارودۆخیان باشتر بوو و بارزانی و هەندێ لە یاوەرانی برانە مۆسکۆ تا کودەتای ١٤ تەمموزی ١٩٥٨ لەوێ مانەوە . دوای کودەتاکە بە چەند مانگێك ڕێگەیان پێدرا بگەڕێنەوە بۆ عیراق .
یەکێتی سۆڤیەت و حیزبی شیوعی عیراق پشتگیری ڕژێمی عەبدولکەریم قاسمیان دەکرد . قاسم پیاوێکی سەربازی بوو و باوەڕی وابوو دەکرێت کۆمەڵگەش وەک سەربازگە بەڕێوە ببرێت . هەرچەندە تاکڕەوی قاسم عیراقی بەرەو کارەسات دەبرد و هیچ لایەنێک لە توانایدا نەبوو ڕێگە لەو ڕەوتەی ڕووداوەکان بگرێت ، ئەو هێزانەی پشتیوانیان لێدەکرد لە هەڵویستەکانیان تا دوا ڕۆژی ڕژێمەکەی بەردەوام بوون . ڕاستە قاسم پیاوێکی دەسپاک بوو و ڕژێمەکەی کۆمەڵێ هەنگاوی نا لە بەرژەوەندی هەژاران و دژ بە دەرەبەگ و سەرەک هۆزەکان بوو ، بەڵام ئەو هەنگاوانە ئەڵقەی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و ئابوری بەردەوام نەبوون بۆ ئەوەی بونیادی دەقگرتووی کۆمەڵگەی عیراقی بگۆڕێت . تا ئێستاش ناکۆکی توند لە بارەی ١٤ تەمموزی ١٩٥٨ لە نێوان لایەنگران و نەیارانیدا لە ئارادان، ئایە ئەمە شۆڕش بوو ، یا کودەتایەکی سەربازی بوو، کە کۆمەڵێ ئەفسەری سوپا لە شەوێکی تاریکدا لە دژی ڕژێمێکی دەستوری ئانجامیاندا؟. هەڵوێستی کوردیش لە بارەیەوە وەک زۆر شتی تر مایەی تێڕامانە، لە لایەکەوە بە شان و باڵی قاسم و کۆمارەکەیدا هەڵدەدەن و لە لایەکی تریشەوە هەموو شانازی بەو شٶڕشەوە دەکەن کە لە دژی قاسم و ڕژێمەکەی لە ١٩٦١بەرپاکرا!!.
لە ٨ شوباتی ١٩٦٣ کودەتای بەعسییەکان کۆتایی بە ڕژێمی قاسم هێنا. ئا لەم کاتەدا سیاسەتی یەکێتی سۆڤیەت بەرامبەر دەوڵەتی عیراق گۆڕانی بەسەردا هات. دەستێکەڵکردنی بەعس لە گەڵ ڕۆژئاوا و هەڵمەتی سەرکوتکردن و خوێنڕشتن لە دژی نەیارەکانی، بە تایبەتی کورد و کۆمۆنیستەکان پاڵیان بە یەکێتی سۆڤیەتەوە نا هەڵوێستێکی توند لە دژی دەسەڵاتی بەعس لە عیراق بنوێنێ. حەفتەیەک دوای هێڕشە بەربڵاوەکەی بەعس بۆ سەر کوردستان لە ١٠ حوزەیرانی ١٩٦٣ یەکێتی سۆڤیەت لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا پشتگیری خۆی بۆ داخوازییە ڕەواکانی گەلی کورد لە عیراق ڕاگەیاند. ئۆرگانەکانی پارتی کۆمۆنیست و حکومەتی سۆڤیەتی و لە گەڵ ئەوانیشدا میدیای وڵاتانی سۆسیالیست هەڵمەتێکیان لە دژی بەعس و کردەوەکانی لە عیراق و کوردستان دەستپێکرد. ڕۆژانە پراڤدا و ئیزڤێستیا وتارو هەواڵیان لە سەر تاوانەکانی حکومەتی بەعس بڵاو دەکردەوە، هەواڵی بێزاری و توڕەیی بیروڕای گشتیان لە زۆر لە وڵاتانی دونیا لە دژی کردەوەکانی بەعس تۆمار دەکرد.
لەو ئان و ساتەدا داگیرکەرانی کوردستان خەریکی دارشتنی پیلان و ڕێکەوتن بوون بۆ ئەوەی بزووتنەوەی چەکداری کورد لە باشوری کوردستان بخنکێنن. سوریا هێزی سەربازی و چەند فڕۆکەوانێکیشی ڕەوانەی عیراق کرد بۆ ئەوەی لە دژی پێشمەرگە شەڕ بکەن. لە هێڕشدا بۆ سەر کورد بەشدارییان کرد، بەڵام لە سەر دەستی پێشمەرگە شکستیان خوارد. ئەنجومەنی ئاسایشی تورکیا چەند جارێک بۆ باسی دۆزی کورد لە باشوری کوردستان، کە ئەوان بە” کێشەی بارزانی لە باکوری عیراق” ناویان دەبرد، کۆبوونەوەی تایبەتی ئەنجامدا. ئەنجومەن بڕیاری ئەوەی دابوو کە دەبێ ئەو بزووتنەوەیە لە ناوببرێت. بۆ ئەم مەبەستە تورکیا لە گەڵ ئێراندا لە سەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی هاوبەش لە دژی کورد پێکهاتبوون و ناویان لێ نابوو (ئۆپەراسیۆنی دیجلە – Tiger Operation). ئەم دوو وڵاتە پشتگیری وڵاتانی سێنتۆشیان لە کۆبوونەوەکانی کەراچی و ئەزمیر لە هاوێنی ١٩٦٣ بۆ پڵانەکەیان بەدەست هێنابوو. هەر لەو چوارچێوەدا عیراق ڕێگەی دابوو فرۆکە سەربازییەکانی تورکیا بەسەر کوردستاندا بفڕن و پێگە و بارەگاکانی پێشمەرگە دیاری بکەن. فڕۆکەوانە تورکەکان تەنها بە فڕین بە سەر کوردستاندا و زانیاری کۆکردنەوە دڵیان ئاوی نەدەخواردەوە، بۆیە بۆ چەندین جار پێگەکانی پێشمەرگەشیان بۆردمان کرد. بریتانیا و ئەمێریکا هاوکاری سەربازیان پێشکەش بە بەعس ئەکرد و ئەڵمانیای ڕۆژئاواش هاوکاری دارایی ڕژێمی بەعسی دەکرد. بزووتنەوەی چەکداری کورد لە هەموو لایەکەوە دەورەی درابوو و گەلەکۆمەی لێکرابوو، حکومەتی بەعسیش شەڕێکی وێرانکەر و گەمارۆیەکی ئابوری سەختی بە سەر کوردستاندا سەپاند بوو. ڕاونان، ڕاگواستن، وێرانکردنی گوند و کوشتنی کوردی کردبوو بە کردەوەی ڕۆتینی ڕۆژانە و ئەرکی سەرەکی سوپا وێرانکارەکەی.
لەو کاتەدا یەکێتی سۆڤیەت هەڵوێستێکی توندی نواند بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەو پلانانەی داگیرکەرانی کوردستان دابنێت. حکومەتی سۆڤیەتی لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمی توندا لە ٩ تەمموزی ١٩٦٣ داوای لە ئێران، تورکیا و سوریا کرد واز بێنن لە دەستێوەردان لە ڕووداوەکانی کوردستانی عیراق و هەڕەشەی ئەوەشی لێکردن کە لێکەوتەکانی بەردەوامبوونیان لەو سیاسەتەیاندا گران دەبێت و زۆریان لە سەر دەکەوێت. لە هەمان کاتدا نامەی فەرمی بۆ ئەنجومەنی ئاسایشیش نارد و ئەندامانی ئەنجومەنی ئاگادار کردەوە لەو تاوانانەی حکومەتی عیراق لە دژی کورد دەیانکات. ئەوەشی ڕایگەیاند ئەگەر کار بەو جۆرە بەردەوام بێت، ئەوا یەکێتی سۆڤیەت بە پێویستی دەزانێت ئەنجومەنی ئاسایش ئەو پرسە بخاتە کارنامەی کۆبوونەوەکانێوە. ئەنجومەنی ئاسایش ئەو کاتە ئەو کارەی نەکرد چونکە ڕۆژئاوا لە دژی ئەوە بوو و یەکێتی سۆڤیەتیش ئامادە نەبوو هەتا دوایی ڕێگەکە بڕوات. هەر لەو مانگەدا سکرتارییەتی ئەنجومەنی ئابوری و کۆمەڵایەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ پرۆژەی بڕیارێکی بڵاوکردەوە، کە شاندی سۆڤیەتی پێشکەشی کردبوو و بە توندی سیاسەتی بەعسی ڕیسوا دەکرد و ئەو سیاسەتەی لە دژی کورد بە کردەوەی جینۆساید لە قەڵەم دەدا، کە دژی پرینسپە سەرەکییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤن. ئەو ئەنجومەنە پرۆژەکەی ڕەتکردەوە و کوشتاری بەعسی لە کوردستان نەخستە کارنامەی کۆبوونەوەکانێوە. لە ١٨ ئەندامی ئەنجومەنەکە تەنها دوو ئەندامیان، کە نوێنەرانی یەکێتی سۆڤیەت و چیکەسڵۆفاکیا بوون لە گەڵ پرۆژەکەدا بوون.
لە ٢ تەمموزی ١٩٦٣ حکومەتی مەنگۆلیا، دەبێ بە ڕێنمایی و هاندانی یەکێتی سۆڤیەت بووبێ، بە فەرمی داوای لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد “سیاسەتی جینۆسایدی کورد لە سەر دەستی حکومەتی عیراق ” بخرێتە کارنامەی جڤاتی گشتی ڕیکخراوەکەوە. ئەم داخوازییەش ڕەتکرایەوە. مەنگۆلیاش بێدەنگیی لێکرد. لەو نۆ مانگ و دە ڕۆژەی بەعس لە سەر دەسەڵات بوو لە عیراق، یەکێتی سۆڤیەت هەڵمەتێکی توندی لە سەر ئاستی بیرورای گشتی دونیا لە دژی بەرپا کردبوو و دۆزی کوردیش لە باشوری کوردستان لە ڕێگەی ئەو هەڵمەتەوە باشتر بە دونیا ناسێنرا.
بەعس پەندێکی باشی لەم ئەزموونەی خۆی لە گەڵ یەکێتی سۆڤیەت وەرگرت ، بۆیە لە دوای کودەتاکەی لە ١٧ تەمموزی ١٩٦٨ بۆ چەند ساڵێک بوو بە دۆستێکی نزیکی یەکێتی سۆڤیەت و وڵاتانی سۆسیالیست و کورد وتەنی موویان بە بەینا نەدەچوو .
لە ١٨ نۆڤەمبەری ١٩٦٣ عەبدولسەلام عارف لە بەعسییەکان هەڵگەڕایەوە و کۆتایی بە ڕژێمە خوێناوییەکەیان هێنا. سروشتی شۆڤینی ڕژێمی عارف بەرامبەر بە کورد جیاوازییەکی ئەوتۆی لە گەڵ بەعسدا نەبوو. عارف خۆی بە دەروێشی جەمال عەبدولناسر دادەنا، بۆیە ناسر هەوڵیدا پەیوەندییەکانی لە گەڵ یەکێتی سۆڤیەت ئاسایی بکاتەوە. لە ناوەڕاستی شەستەکانەوە ساڵ لە دوای ساڵ تێکەڵییەکانی نێوان عیراق و یەکێتی سۆڤیەت ئاسایی دەبوونەوە. لەو ساڵانەدا یەکێتی سۆڤیەت هانی حکومەتی عیراق و لایەنی کوردی دەدا لە ڕێگەی دیاڵۆگەوە کێشەکانیان لە چوارچێوەی عیراقدا چارەسەر بکەن. لەم بوارەدا یڤگێنی پریماکەف (پەیامنێری ڕۆژنامەی پراڤدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دواتر سەرۆکی ئینستیتوتی ڕۆژهەڵاتناسی سەر بە ئەکادیمیای زانستی یەکێتی سۆڤیەت، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی کۆمۆنیستی سۆڤیەت، وەزیری دەرەوە و سەرۆک وەزیرانی ڕووسیای فیدیرال) ڕۆڵێکی بەرچاوی بینی. زۆر باسی ئەوەش دەکرێت کە ئەو ڕۆڵی هەبووە لە گەیشتن بە ڕێکەوتننامەی ١١ ئازاری ١٩٧٠ لە نێوان حکومەتی بەعس و سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلولدا .
لە هەفتاکان دۆستایەتی یەکێتی سۆڤیەت و ڕژێمی بەعس لە سەر حیسابی پەیوەندییەکانی بوو لە گەڵ کوردا. هەر بە هاندانی یەکێتی سۆڤیەتیش حیزبی شیوعی عیراقی لە هاوینی ١٩٧٣ بەرەی بە نێو نیشتمانی و نەتەوەیی لە گەڵ حیزبی بەعسدا پێکهێنا. هەوڵدرا لایەنی کوردیش ناچار بکرێت بچێتە نێو بەرەکەوە، بەڵام ئەو هەوڵە سەری نەگرت و نەدەکرا سەربگرێت. بە کەناڵی جیاوازیشدا ئامۆژگاری سەرکردایەتی سیاسی کورد کرا لە گەڵ بەعسدا ڕێکبکەون و دەست نەکەنەوە بە شەڕ لە ئازاری ١٩٧٤. ئەوان نەک تەنها دەیانزانی، بەڵکو بە خۆیان ڕۆڵی زۆریان هەبوو لەوەی، بەعس خۆی بەهێز کردبوو و پارەیەکی زۆری نەوتی لە بەر دەستدا بوو و تۆڕی پەیوەندییەکانی لە دونیادا فراوان و کاریگەر کردبوو. بەرژەوەندییەکانی یەکێتی سۆڤیەت لە گەڵ حکومەتی عیراقدا زۆر لەوە گەورەتر بوون لە پێناوی کورد و حیزبی شیوعی عیراقدا بکرێن بە قوربانی.
یەکێتی سۆڤیەت لە دوای ١٩٧٥، تەنانەت ئەو کاتەش کە بەعس کەوتە گیان شیوعییەکان، هیچ هەڵوێستێکی وای نەنواند مایەی ئاماژە پێکردن بێت. ساڵانی دوای ١٩٧٥ سەردەمی کێبڕکێ بوو لە نێوان وڵاتاندا بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین پرۆژە و بەرژەوەندی ئابوری لە عیراقی بەعسدا. حکومەتی بەعسیش ئەوەی زۆر باش بەکار دەهێنا بۆ بێدەنگکردنی وڵاتان بەرامبەر تاوانەکانی بەرامبەر کورد و نەیارە سیاسییەکانی.
لە ساڵانی شەڕی ئێران و عیراقیش فرۆشتنی چەک بە ملیارەها دۆلار بە ڕژێمی سەدام شوێنی هەموو پرۆژە و بەرژەوەندییە ئابورییەکانی دیکەی گرتبووەوە . بێدەنگی یەکێتیی سۆڤیەت لە بەرامبەر تاوانەکانی ڕژێمی بەعس دژ بە کورد و گەلانی تری عیراق بە درێژایی ساڵانی شەڕ پەڵەیەکی ڕەشە لە مێژووی دەوڵەتی سۆڤیەتدا . ئەو بێدەنگییە لە بەرامبەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و شاڵاوەکانی ئەنفال شەرمەزارییەکی ئەوەندە گەورە بوو، تەنها بە لە نێوچوونی یەکجاری ئەو دەوڵەتە دەکرا لە بیر بکرێت. لەم بارەیەوە کوردناسی بەناوبانگی ڕووسیا میخائیل سیمیۆنەڤیچ ڵازەرێف لە وتارێکدا لە ژمارە یەکی ساڵی ١٩٩٤ لە گۆڤاری ” ئاسیا و ئەفریقای ئەمڕۆ ”  بۆچوونێکی جوانی خستۆتە ڕوو کە کورتەکەی بەم شێوەیە: لە دونیا تەنها یەکێتی سۆڤیەت لەم تیڕۆرەی دەڵەتی عیراق لە دژی کورد بێدەنگ بوو . هەرچەندە گوایە “بیرکردنەوەی تازەی گەرباچەڤی – گورباچۆڤ” لە ئارادا بوو، بەڵام پرینسپی ئاسنینی پێشووی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی سۆڤیەت هێشتا هەر لە کاردابوو ، ئەویش ئەوە بوو کە دەبوایە پشتگیری لە هاوپەیمانەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت کە گوایە لە ” دژی ئیمپریالیزم” بوون ، بۆیە بێدەنگی گۆڕستانەکان باڵی کێشابوو بە سەر نێوەندە فەرمی و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سۆڤیەتدا بەرامبەر ئەو ڕووداوە کارەساتبارانەی لە کوردستان دەقەومین. هەندێ لێکدانەوەی واش لە میدیای سۆڤیەتیدا بەرچاو دەکەوتن کە گوایە ئەو هەواڵانە درۆ و دەلەسەن و بریتین لە بوختان و پیلانی بورژوازی نیەت خراپ . بۆ نموونە پەیامنێری ڕۆژنامەی ” پراڤدا – ڕاستی لە واشنتن هەواڵی هێڕشە کیمیاوییەکانی بۆ سەر کوردستانی عیراق بە “درۆی ڕووت و بوختانی هەڵبەسراو ” دادەنا . وەزیری دەرەوەی یەکێتی سۆڤیەتیش ئێدوارد شیڤیڕنادزە خۆی لە بابەتەکە دەدزییەوە و دەیوت گوایە زانیاری باوەڕپێکراوی لە بەردەستدا نیە . ئەمە ڕێک ئەو دەمە بوو کە خۆری یەکێتی سۆڤیەت لە ئاوابووندا بوو و لە دەسپێکی نەوەدەکاندا بە یەکجاری سەرینایەوە .
لە بارەی کوردی سوریاوە ، کە ئێستا مۆسکۆ وا بە گەرمی باسیان لێوە دەکات و هەوڵدەدات لێیان نزیک ببێتەوە و لە ستراتیژی خۆیدا لە سوریا کەڵک لە پێگەی بەهێزیان وەربگرێت، بە درێژایی مێژووی یەکێتی سۆڤیەت هیچ هەڵوێستێکی لە بارەیانەوە پیشان نەداوە . ئەوەی زانراوە تەنها ئەوە بووە کە دەمێک بوو پەیوەندی لە گەڵ پارتە سیاسییەکانی ئەو بەشەی کوردستاندا هەبوو و بورسی خوێندنی بۆ ئەندامەکانیان پێشکەش دەکرد . کوردی ڕۆژئاوای کوردستان لە هەموو مافەکانیان بێبەش کرابوون، بۆیە ئەو دەرفەتەی کە یەکێتی سۆڤیەت پێشکەش بە گەنجانی کوردی سوریای دەکرد بۆ تەواوکردنی خوێندن لەو وڵاتە دەکرێ وەک هەڵوێستێکی ئەرێنی لە بەرامبەر کوردی ئەو بەشەی کوردستان هەڵبسەنگێنرێت . ئەنجامی ئەو پرۆسەیە ئامادەکردنی کۆمەڵی کادری کورد بوو ، کە ئەوڕۆ توێژێکی گرنگی ڕۆشنبیرانی ئەو بەشەی کوردستان پێکدێنن. دەکرێ بڵێم ئەمە تەنها لایەنی ئەرێنی سیاسەتی یەکێتی سۆڤیەت بوو بەرامبەر کوردی ڕۆژئاوای کوردستان .
بە گشتی یەکێتی سۆڤیەت لە بوارە جیاوازەکانی زانستدا و بە تایبەتی لە بواری کوردۆلۆژیدا ژمارەیەک کادری بۆ باشور و ڕۆژئاوای کوردستان پێگەیاند . لە کۆتایی پەنجاکانەوە بۆرسی خوێندنی بۆ زۆربەی پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کورد و هەردوو حیزبی شیوعی عیراقی و سوری تەرخان دەکرد . لە کاتێکدا کە دەرفەتی خوێندنی زمان، مێژوو و کولتوری کوردی لە هیچ یەکێک لەو وڵاتانەی کوردستانیان داگیر کردبوو نەبوو ، ئەم یارمەتییەی یەکێتی سۆڤیەت کارێکی ئەرێنی و جێگەی دەستخۆشی بوو  .
لە بەرامبەردا یەکێتی سۆڤیەت بە درێژایی تەمەنی لە گەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیدا نەبووە . ئەو دەمە بیانوەکەی ئەوە بوو کە ئەو هەنگاوە لە بەرژەوەندی کرێکارانی جیهاندا نیە و خزمەتی گەشەکردنی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و سۆسیالیستی ئەو گەلانە بە گەلی کوردیشەوە ناکات . پێموایە تاوەکو ئێستاش بەو پێناسەیەی مارکس و لێنین بۆ چینی کرێکار ، هێشتا کورد ئەو چینەی نیە . یەکێ لە شتە سەیر و سەمەرەکانی تری پڕوپاگەندەی سۆڤیەتی لە بارەی بزووتنەوەی کوردییەوە ئەوە بوو ، کە گوایە جموجوڵی کورد لە نزیک سنوورەکانی باشوری یەکێتی سۆڤیەتە دەبێت ، واتا نزیک سنوورەکانی کۆمارەکانی کەفکاز ، ئەمەش مەترسی و ئاژاوە لە نزیک ئەو سنوورانە دروست دەکات. بە هۆی ئەو ناسەقامگیرییەشەوە کە لە ئەنجامی ئەو ئاژاوانەوە دێتە کایەوە ، وڵاتی کوردان دەبێتە گۆڕەپانێک بۆ تەراتێنی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیمپریالیزم و کۆنەپەرستان ، ئەمەش هەڵبەتە بە پێی ئەو بۆچوونە ڕاستەوخۆ دەبێتە هەڕەشە لە سەر ئاسایشی نیشتمانی دەوڵەتی سۆڤیەت . سەیر لەوەدایە ئەو هەموو پێگە سەربازی و هەواڵگرییەی لە سەر خاکی تورکیا و ئێران هەبوون و ئەرکی سەرەکییان چاودێری کردنی یەکێتی سۆڤیەت و جموجوڵەکانی بوو ، بەلای دەوڵەتی سۆڤیەتەوە هەڕەشە و کێشە نەبوون ، بەڵام بزووتنەوەیەکی کوردی کە ڕەنگبێ چەند سیخوڕێکی ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت دزە بکەنە نێو ڕیزەکانێوە کێشەی گەورەی بۆ ئەو دەوڵەتە مەزنە دروست دەکرد .