بورهان شێخ رەئوف : جنێف سێ .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

 لە ساڵى 2011 ەوەلە پاش سەرهەڵدانەکانى بەهارى عەرەبى لە تونس و میسرو لیبیا و یەمەن  خەڵکى سووریاش دەستیان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى دەربڕین کرد دژ بە ڕژێمى بەشار ئەسەد کە خوازیارى ڕیفورم و گۆڕانکارى سیاسى و ئابوورى بوون لە وڵاتەکەیاندا و دواتر درێژەى کێشاو بوو بە ململانێیەکى چەکدارانە لە نێوان ڕژێم و ئۆپۆزەسیۆنى سووریادا بە هەموو باڵەکانیەوە .
ئۆپۆزەسیۆنى سووریا لە سەرەتاوە جگە لە کورد پێکهاتبوو لە ئەوانەى لە سوپاى سووریا جیابووبوونەوە و سوپاى ئازادیان پێکهێنا بوو دواتر  چەکدارانى بیانى لە زۆر وڵاتانى جیهانەوە پەیوەست بوون بە ڕیزەکانیەوە بەرەى نووسرەیان دامەزراند کە باڵێکە لە ڕێکخراوى تیرۆریستى ئەلقاعیدە .
ئەگەرچى سەرەتا خەڵکى سووریا بە هەموو پێکهاتەکانیەوە لە پێناوى ئازادى و ژیانێکى باشتر و شایستە تر بۆ خۆیان شۆرشیان دەستپێکرد ، بەڵام  پاشتر وڵاتانى ناوچەکە بە ئێران و تورکیاو عەرەبستانى سعوودیە و قەتەر و وڵاتە زلهێزەکانى وەکو ئەمریکاو ڕووسیاو فەرەنسا و بە ریتانیا هەریەکەو بە جۆرێک لە جۆرەکان دەستیان وەردایە ڕووداوەکانى سووریاوە .  کە زیاتر باس لە چارەنووسى بەشار ئەسەد و ڕژێمەکەى دەکەن وەکو ئایندەى گەلى سووریاو کۆتایى هێنان بە ئێش و ئازارەکانى خەڵکى ئەو وڵاتە .
ئێستا کە لە ساڵى 2016 داین و وا ڕووداوەکانى سووریا پێنج ساڵ تەواو دەکەن ئەو وڵاتە جگە لە ماڵوێرانى و هەڵتەکانى ژێرخانى ئابوورى و ئاوارە بوون و دەربەدەربوونى ملێۆنان کەس لە خەڵکى ئەو وڵاتەو کوژران وبریندار بوونى سەدان هەزارى تر هیچ دەستکەوتێکى تریان بە دەست نەهێناوە و ڕێکەوتنامەکانى جنێفى  یەک و دوو کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتى دەکرد بە هەڵسپاردووى ماونەتەوە بە هۆى پێداگیرى لایەنەکانى کێشەکە هەرکەس بە بیرو بۆچوونەکانى خۆیەوە کە ئەمەش وایکرد کە داخوازى بۆ گرێدانى (   کۆنگرەى جنێف سێ )  بدرێت .هەروەها پێش جنێف (3)  ـ دوو جنێف ى تر بەستراوە بۆ یە لێرەدا بە کورتى ئاماژەیەکیان  پێدەدەم :

جنێف یەک
لە  30 / یونیو2012 نووسینگەى نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێف لە سویسرا میواندار ى کۆبوونەوەیەکى گروپى کارى لە پێناو سووریادا کرد لەسەر بانگهێشتى کۆفى عەنانى نێردەى ئەو کاتى نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵەى وڵاتانى عەرەبى بۆ سووریا.
کۆبوونەوەکە بە بەشدارى ئەمیندارى گشتى نەتەوەیەکگرتوەکان وئەمیندارى گشتى کۆمەڵەى وڵاتانى عەرەبى و وەزیرانى دەرەوەى ڕووسیاو تورکیاو فەرەنساو چین و قەتەرو عێراق و کوێت و شانشینى یەکگرتوو و ئێرلەنداى باکوور ئەمریکاو نوێنەرى سامى یەکێتى ئەوروپا بۆ کارووبارى سیاسى و دەرەوە  بەو پێیەى کە گروپى کارن لە پێناوى سوریا بە سەرۆکایەتى نێردەى هاوبەشى نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمەڵەى وڵاتانى عەرەبى کۆفى ئەنان .
دیارترین خاڵەکانى کە لەم کۆنگرەدا لە سەرى ڕێکەوتن لایەنە ناکۆکەکان  پێکهێنانى کابینەیەکى حکومى ڕاگوزەر  بووبە هەموو دەستەڵاتێکى جێبەجێ کردنەوە  لە حکومەتى ئێستا و ئۆپۆزەسیۆن لەسەر بنەماى سازان و لێکتێگەیشتنى هاوبەش لە نێوانیاندا ، بەڵام هەموو پێشنیارو بڕیارەکان  نەتوانرا یەک خاڵى لێ جێبەجێ بکرێ لە سەر زەوى و  بکرێتە کردار بەڵکو شەڕو ناکۆکیەکان درێژەیان  کێشا تا لە ناوەڕاستى 2014 (جنێف 2 ) ببەسترێ .

جنێف  دوو
کۆنگرەى جنێف 2 ئەمیش لە سەر پێشنیارو داخوازى نەتەوە یەکگرتووەکان بەسترا بە مەبەستى کۆتایى هێنانى شەڕى ناوخۆى سوریا و کۆکردنەوەى حکومەت و ئۆپۆزەسیۆنى سوریا لە سەر مێزى دان وسان و پێکهێنانى حکومەتێکى ڕاگوزەر بە تەواوى دەستەڵاتەوە ، بەڵام ئەمیش هەر بە دەردى کۆنگرەى جنێف (1) چوو .

جنێف سێ
لە ڕۆژى 29/ ینایر 2016  دەستى بە کارەکانى کرد سەرەڕاى بایکۆتکردنى شاندى دەستەى باڵاى ئۆپۆزەسیۆنى سوریا کە کەلە کۆنگرەى ریاز دەستنیشانکرابوون بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەى جنێف (3) بەڵام  ڕۆژى دواتر دواى وەرگرتنى دڵنیایى لە ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان بایکۆتەکەیان شکاند و بەشدار بوون لە کۆنگرەکەدا و ڕایانگەیاند کەبۆیە بەشداربوون تاوەکونیەت خواستەکانى ڕژێم  تاقى بکەنەوە تا چ ئاستێک پرۆسەکە بە هەند وەردەگرێت و زەمینەسازى دەکات بۆ پرۆسەى ئاشتى و چارەسەرە قەیرانەکان .
هەرچەندە کە ئێستا من ئەم دێڕانە دەنووسم هەواڵى وەستانى گونگرەکەم بیست لە میدیاکانەوە و لە لایەن بەڕێز دیمستۆرا نێردەى نێوەدەوڵەتى بۆ سووریا و  دواکەوتنى بۆ 25 ئەم مانگە کە ئەمەش ئاماژەیەکى ترى بەهێزە بۆ قووڵى ناکۆکیەکان و فراوانتر بوونى دەستێوەردانەکان کە دواتر لە خوارەوە ئاماژەیان پێدەدەم .
هەروەکو دیارە بۆ هەر چاودێرێکى دۆخى سووریا ئێستە ئەو وڵاتە بۆ چوار ناوچەى جیا دابەشبووە هەرناوچەیەکى لە ژێردەستى هێزێکى چەکدار دایە و وڵاتێک یان هێزێکى دەرەکى پشتیوانیان لێدەکات ، هێزەکانى ڕژێمى ئەسەد بە پشتیوانى میلیشیاکانى حزبوڵاى لوبنان و دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام ( داعش) و ڕێکخراوە ئیسلامیەکان و ئۆپۆزەسیۆنى چەکدارى سوریاى میانڕەو و کوردەکانیش حوکمڕانى ڕۆژئاواى کوردستان دەکەن کە کانتۆنەکانیان دامەزراندووە کە عەرەبەکان پێى دەڵێن باکوورى سوریا چۆن لێرەش لاى خۆمان بە کوردستانى باشوور دەڵێن باکوورى عێراق لێرەدا خاڵێک کە زۆر گرنگە ئاماژەى پێبدەم ڕێگرى کردنە لە بەشداریکردنى کوردوبە دیاریکراوى ( پەیەدە )  لە کۆنگرەى جنێف (3) کە هێزێکى کاریگەرو دیاربووە لە شەڕى تیرۆرو ڕێکخراوە تیرۆریستیەکاندا  بە باوەڕى من هیچ کۆنگرەو ئەڵتەرناتیفێک بە ئاکام ناگات ئەگەر ڕۆڵى کوردو پەیەدە لە بەرچاو نەگیرێت .
لایەنەکانى تێوەگلاو بە شەڕى ناوخۆیى سووریا
هەروەکو من لە پێشتریش  لە نووسینەکانمدا ئاماژەم پێداوە دەستوەردانى وڵاتان و هێزەکانە دەرەوە کێشەو ململانێکانى سووریا قووڵتر دەکاتەوەو بەنزینى زیاتر بە ئاگرى ئەو شەڕەدا دەکات بۆیە لە ماوەى بەستنى کۆنگرەکانى جنێف 1و2 و3  تا ئێستا هەموو ئەو وڵاتانە کە هەریەکەو بە جۆرێک لە جۆرەکان و هەریەک بە ئاستێک ڕۆڵیان بینیوە لە درێژبوونەوە و بەردەوامبوونى ئەو دۆخەدا ئەو وڵاتانەش ئەمانەن ( ڕووسیا و بەریتانیاو ئەمریکاو تورکیاو ئێران و سعودیەو قەتەر و ئوردن ) .
ڕووسیا لە ژێر پەردەى شەڕى داعش وتیرۆر هاتووەتە ناو سووریاو بەڵام هاوپەیمانێکى دێرینى ڕژێمى سوریایەو بۆ پاراستنى ئەو ڕژێمەو بەرژەوەندیەکانى خۆى سڵ لە هیچ ناکاتەوەو پەلامارى هێزە ئۆپۆزەسیۆنە  دیموکرات و میانڕەوکانیش دەدات .
ئەمریکا هاوپەیمانێتیەکى گەورەى پێکهێناوە دژبە تیرۆرو داعش و دژایەتى خۆى بۆ ڕژێمى ئەسەد ڕاگەیاندووەو هەندێک هەنگاوى دیاریکراویشى ناوە بۆ ڕووخانى هەندێک جار گورزى توند لە بەرەى نوسرەش دەدەن و پاڵپشتى ئاسمانى هێزە کوردیەکانیش دەکات .
بەریتانیاش بنکە سەربازیە ستراتیجیەکەى لە قوبرس بەکار دەهێنێت بۆ لێدانى داعش هەرچەندە بە فەرمى بەشدارى هاوپەیمانیتە نێودەوڵەتیەکەى نەکردووە بە سەرۆکایەتى ئەمریکا و دژایەتى خۆى بۆ ڕژێمى ئەسەد ڕاگەیاندووە و پاڵپشتى ئۆپۆزەسیۆنى سووریاى میانڕەوە دەکات .
ئێران بە هەموو شێوەیەک دژى لەناوبردنى ڕژێمى ئەسەدەو لە پێنج ساڵى ڕابردوودا درێغى نەکردووە لە کۆمەک و پشتیوانى ئەو ڕژێمە لە هەموو بوارەکانى سەربازى وماڵى وهەروەها لە ڕێگەى حزبوڵاى لوبنانیشەوە .
تورکیا ش دژایەتى خۆى بۆ ڕژێمى ئەسەد ڕاگەیاندووە دژ بە دەستێوەردانى ڕووسیایە لەو وڵاتەو کۆمەکى زۆرێک لە ڕێکخراوە توندڕەوەکانى وەکە ئەحرار ئەلشام و بەرەى نوسرەوە سوپاى ئیسلام و بگرە داعشیش دەکات .
عەرەبستانى سعودیەش پێداگیرى لەسەر کارلابردنى ڕژێمى ئەسەد دەکات و کۆمەکو پشتیوانى زۆرێک لە لایەنە میانڕەوەکانى ئۆپۆزەسیۆنى سووریادەکات و ئەندامى هاوپەیمانێتى دژى تیرۆرە بە سەرۆکایەتى ئەمریکا.
قەتەریش ئەندامى هەمان هاوپەیمانێتیەو بنکەى سەربازى عێدیدى قەتەرى ناوەندى سەرەکى ژوورى ئۆپەراسیۆنەکانى ئەمریکایە دژبە داعش و خۆشى بەشدارى ئۆپەراسیۆنەکان دەکات و یارمەتى وکۆمەک بە ڕێکخراوە توندڕەوەکانى وەکو بزوتنەوەى ئەحرارى شام و بەرەى ئەلنوسرە باڵى سوریاى ئەلقاعیدە.
ئوردنیش ئەندامى هەمان هاوپەیمانێتیەو دژایەتى خۆى بۆ ڕژێمى ئەسەد ڕاگەیاندوەو بەشدارى ئۆپەراسیونە ئاسمانیەکان دەکات و پشتیوان و کۆمەکى بەرەى باشوورى سووریا دەکات و ژوورى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى باشوورى سووریا لە سەر خاکەکەیەتى .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت