daesh-jnan

بورهان شێخ ڕەئوف : داعش و ژن .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لەدواى ڕاگەیاندنى دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام لە ساڵى 2014 دا لەلایەن خەلیفەکەیانەوە ئەبووبەکر بەغدادى دیاردەى ژنە جیهادییەکان وەدەرکەوت کە لە ناو ڕێکخستنەکانى دەوڵەتى ئیسلامید ا وایان پێدەبێژن ، کە بە ڕێژەیەکى بەرچاو ئامادەگیان هەیەو تەنانەت هەندێ لە سەرچاوە ڕۆژنامەوانیە عەرەبیەکان بە زیاتر لە 10% کۆى گشتى چەکدارە بیانیەکانى نێو ڕێکخراوەکەیان دەخەمڵێنن ،
لە هەمان کاتیشدا پێویستە ئاماژە بۆ ئەوەش بکەم کە زۆربەى ئەو ژن و کچە موجاهیدانە کە تەمەنیان لە نێوان 18 _21 ساڵە لە زۆر وڵات و شوێنى جیاوازەوە پەیوەست بوون بەو ڕێکخراوەوە جگە لە عێراق و سووریا لە وڵاتانى باکوورى ئەفریقیا بە تایبەتى توونس دواتر میسرو عەرەبستانى سعوودیە و وڵاتانى ترى وەکو ئەمریکاو وڵاتانى ئەوروپاى ڕۆژئاوا وەکو بەریتانیاو فەرەنساو ئەڵمانیا کە ئەمانە نەوەو وەچەى ئەو کۆچبەرانەن کە ڕەگەزنامەى ئەو وڵاتانەیان وەرگرتووەو هەروەها ناوچەکانى ئاسیاى ناوەڕاستیش سەرچاوەیەکى ترى ئەو موجاهیدە ژنانەن .
لێرەدا پرسیارێک دێتە پێش هەر نووسەرو لێکۆڵەرێک کەباس لەم دیاردە بکات ئەرێ بۆچى ژنان و کچان پەیوەست دەبن بەم ڕێکخراوەو تیرۆریستیەوە کە لە بارودۆخێکى ئێجگار سەختدا ژیان بە سەردەبەن ؟
کە ئەمەش کۆمەڵێک فاکتەروهۆکار و پاڵنەرى هەیە وەکو سەرچاوە عەرەبیەکان باسى دەکەن هەوڵدەدەم لە خوارەوە هەندێکیان بخەمە ڕوو :
1 – هۆکارى کەسی : ئەمەیان زیاتر پەیوەندى بە ژنانى عێراق و سووریاوە هەیە چونکە ئەمانە بە هۆى بارودۆخى شەڕى داعش لەو وڵاتەکانیاندا لە ژێر بارێکى گەلەک قورسدان کە یان کوڕیان یان هاوسەرەکانیان یان یەکێک لە ئەندامانى خێزانەکانیان کوژراون یان تووشى ڕفاندن و ئازارو ئەشکەنجەدان بوون یان ماڵ و موڵکیان وێرانکراوە لەو شەڕانەدا ، بۆیە باشترین ڕێگا بۆ ئەمان پەیوەست بوونە بە ریزەکانى دەوڵەتى ئیسلامى بە مەبەستى تۆڵەکردنەوە .
2 – هۆکارى ئاینزایى : هەروەکو هەمووان ئاگادارین بارودۆخى عێراق و شام جۆرێک لە شەڕى ناوخۆیى بەرقەرارە کە لە ململانێ ى سیاسیەوە گۆڕاوە بۆ شەڕى ئاینزایى و تائیفى لە نێوان شیعەو سوونەدا کە ئەمەش وایکردووە زۆرێک لە ژنان بچنە ناو ڕیزەکانى ئەو ڕێکخراوەو بەشدارى کردەوە تیرۆریستیەکانى بکەن و زۆر ئەرکى تریش بە جێبهێنن بەو پێیەى جیهاد تاکە ڕێگەیە بۆ سەرکەوتنى دەوڵەتى ئیسلامى سونى دژبە ڕافیزە شیعەکان .
3 – هۆکارى ئایدیۆلۆجى : هەروەکو ڕوون و ئاشکرایە لە پاش ڕاگەیاندنى دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام دانانى خەلیفە بۆى ، ئەوە ئاوات و ئامانجى زۆربەى زۆرى ئیسلامیە توندڕەوەکان و لەوانە ژنانیش بوو بۆیە بە ئەرکێکى ئایینى پیرۆزى خۆیانى دەزانن پەیوەست بوون بەو دەوڵەتەو ژیان لە ژێر سێبەرو قەڵەمڕەوەکەیدا .
4 – هۆکارى کۆمەڵایەتى : هەندێکى تر لەو ژنانەى کە بوونەتە داعش ئەو ژنانەن کە لە بنەچەى ڕۆژئاوایین و بوونەتە ئیسلام و لە ناو کۆمەڵگاى خۆیاندا تووشى بارێکى نامۆبوون هاتوون و خۆیان لە خێزانگەلێکى بێ ئایین یان مەسیحى کاسۆلیکى و یان یەهودین کەسوکارەکەیان ڕازى نابن ئەوان ببنە مووسڵمان بۆیە ئەمانیش ڕوو دەکەنە عێراق و شام بۆ ناو ڕیزەکانى دەوڵەتى ئیسلامى و هەست بە نامۆبوون ناکەن لەوێندەرێ ئەمە بە گوێرەى سەرچاوە ڕۆژئاواییەکان .
5 – هۆکارى مرۆیى : هەندێکى دى لەو ژنە موجاهیدانەى کە پەیوەست بوون بە دەوڵەتى ئیسلامیەوە ئەوانەن کە لە سەر پەروەردەو داب و نەریتى ڕۆژئاوایى ڕاهاتوون و ەکو یەکسانى و دادپەروەرى و ڕێزگرتن لە مافى مرۆڤ بە تاوان و خەمساردى دەزانن گەلى سوریا و عێراق بەتەنیا جێبهێڵن لە بەردەم هەموو ئەو پەلامارو جەورو ستەمەى کە لێیان دەکرێت لە لایەن ڕژێمى ئەسەد و لایەنەکانى ترى ئەو جەنگەوە لە کاتێکدا حکومەتە کانى ئەوروپا وەکو پێویست نەهاتونەتە پێشەوە بۆ چارەسەرى ئەو قەیرانە ، ئەمە لە لایەک لە لایەکى ترەوە وەکو ئەرکێکى ئایینى بەشداریکردنە لە جیهاد و یارمەتیدانى خەڵکى ئاوارەو کەمئەندام و پیرو پەککەوتەو هەتیوو بێسەرپرشتانى ئەو جەنگەیە لە عێراق و شامدا .
کارو فەرمانەکانى ژن لە ناو داعشدا هەر تەنها چەک هەڵگرتن نیە بەڵکو زۆر کارو فەرمانى تر ئەنجام دەدەن لەوانە کارى ماڵدارى و پەروەردەکردنى مناڵ و خێزان و یارمەتیدانى مرۆیى و پەرستیارى و خزمەتکردنى برینداران و گەیاندنى یارمەتى و کۆمەک لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکى ترو بەشداریکردن لە پۆلیسى ژنان و بەشداریکردن لە کاروبارى ڕاگەیاندن و بەشداریکردن لە ڕاهێنان لە سەر چەکى سووک بۆ حاڵەتى بەرگرى لە خۆکردن .
لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو دەرئەنجامەى کە هاتنى ئەو ژمارە زۆرەى ژن وکچ بۆ ناو ڕیزەکانى ڕێکخراوى تیرۆریستى داعش چەند مەبەست و ئامانجێکی لە پشتەوەیە لەوانە داعش واى پیشانى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى بدات کە پێشکەوتنى بیرو ئەندێشەى ڕێکخراوەکەیان کە ژنیش بەشدارى کایەکانى کۆمەڵگا دەکات وڕۆڵى خۆى دەگێڕێت .
لەلایەکى ترەوە هاتنى ئەو ژمارە زۆرە لە ژنە داعش بۆ ئەو شوێنانە گۆڕانکارى لە دیمۆگرافیاى لەو شوێنانەدا دروست دەبێت و هاوسەرگیرى لە نێوان ژنان و چەکدارە پیاوەکاند ا ئەنجام دەدرێت کە ئەوەش دیمۆگرافیایەکى تازە دێنێتە ئاراوە کە دواتر گۆڕینى ئاسان نابێ .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت