شێرزاد شێخانی : قەیرانی سیاسی و دارایی لەکوردستان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هۆکار و چارەسەر

هۆکارەکان :
1- تەخشانو پەخشانی سامان
کاتێک دکتۆر بەرهەم سالح بووە سەرۆکی کابینەی شەشەمی حکومەتی هەرێم ، برادەرێکم خۆیکرد بەماڵەکەم و داوای لێکردم مەوعیدێکی بۆ وەربگرم بەڵکو بچێتەلای .. پێی وتم : تۆ رۆژنامەنوسیت ئەتوانی هەر کاتێک بتەوێ سەرۆکی حکومەت ببینی ، بەڵکو ئەو پیاوەتیەم لەگەڵا بکەیت مەوعیدێکم بۆ وەربگریت و بگەمەلای .. منیش لێمپرسی : بۆچی ئەتەوێ سەرۆکی حکومەت ببینی ؟. وتی : ئەرزەیەکم هەیە ئەمەوێ خانویەکی لەسەر دروست بکەم ، پێویستیم بە 3-4 دەفتەر دۆلارە بۆیە ئەمەوێ سەرۆکی حکومەت ببینم بەلکو ئەو پارەیەم بۆ سەرفبکات ؟ . زۆرم پێ سەیر بو ، بۆیە لێمپرسیەوە : ئەوە تۆ ئەڵێی چی برادەر ، بەچی موناسەبەیەک سەرۆکی حکومەت بەدەفتەر دۆلارت بداتێ ، کەی ئەمە ئەرکی حکومەتە هەر کەسێک خانو بکات دەفتەر دۆلاری بۆ برێژێت ، ئەمە لەهیچ وڵاتێکدا نیە ؟ ئەو بەسەرسامییەوە پێی وتم : ئەی ئەوە نیە هەر کەسێک بگەشتایە لای کاک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی پێشوی حکومەت بە 5 دەفتەر پارەی پێ ئەبەخشی ؟ .

2 – دەستبەسەراگرتنی موڵکو ماڵی میللەت
دکتۆر عەلا بەشیر کەپزیشکی تایبەتی سەدام بوو جێی متمانەیەکی زۆری دیکتاتۆری عیراق بو لە یادداشتەکانی بەناوی ” من پزیشکی سەدام بوم ” باسی روداوێکی زۆر سەیرو نامۆ ئەکات کە لەسەردەمی حوکمی سەدامدا رویداوە . ئەو ئەڵێ : من بەرێوەبەری نەخۆشخانەیەک بوم کەلەشەڕی کەنداودا بەفرۆکەی هاوپەیمانان بۆردومانکراو زیانێکی زۆری بەرکەوت .. مەسعەدی نەخۆشخانەکە بەتەواوی لەکارکەوتبو لەبەر ئابڵوقەی ئابوریش رێگە نەئەدرا پارچە یەدەگەکانی لەدەرەوەی وڵات هاوردە بکرێ بۆیە کەس نەئەچو بەلایەوە .. رۆژێکیان ئەفسەرێکی موخابەرات بەروتبەی لیوا خۆی کرد بەژوورەکەما لەنەخۆشخانەو داوای لێکردم بەفەرمانی عودەی کوڕی سەدام ئەو مەسعەدە پەککەوتەیە بگوێزێتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی تازەی عودەی و لەوێ چاکی بکەنەوە ، منیش داوای مۆڵەتم لێکرد تا خۆم بگەیەنمە لای وەزیری تەندروستی .. کە گەشتمەلای پێموت ئەوا عودەی داوای ئەو مەسعەدە شکاوەم لێئەکات منیش نازانم چیبکەم و چۆن چۆنی رێگای لێبگرم ، چونکە ئێمە نەخۆشخانەکەمان هی ئێسکشکاوەکانەو زۆر پێویستیمان پێى ئەبێت ، ئەتوانین دوای ئابلۆقەی ئابوری چاکی بکەینەوە .. وەزیریش پێی وتبو تۆ خۆت لەسەدامەوە نزیکیت برۆ پێی بڵێ من تەحەمولی ئەو بەرپرسیارەتیە ناکەم .. دکتۆر عەلا باسی لەوەکرد ، کە ئەو نەیزانیبو کەوا موخابەراتی سەدام لەژوری هەمو وەزیرێک جیهازێکی گوێگرتنی داناوە و ئەو هەمو قسانەش تۆمارکراون . دوای چەند رۆژێک کابرای ئەفسەر نەگەڕایەوە بۆ گواستنەوەی مەسعەدەکەو رۆژێک وەزیر داوای دکتۆر عەلای کردبوو . کاتێک هاتەلای نامەیەکی سەدامی دایە دەست کە بەدەست و خەتی خۆی بۆ عودەی کوڕی نوسیبو . لەنامەکەدا هاتبو ” عودەی باش گوێم لێبگرە ، من ئاگاداری هەمو رەفتارێکی دزێوی تۆم ، ئەزانم بازرگانی و قاچاخچیەکانت چین و لەگەڵ کێن ، ئاگاداری رابواردنی شەوانتم لەگەڵ هاورێکانت ، ئەزانم تەعەدات لەچەند کەس کردوە بەناوی ئەوەی کوڕی سەرۆکیت ، لەمانە هەموی چاوپۆشیم لێکردوی ، بەڵام تۆ بتەوێ دەست بۆ موڵکی دەوڵەت ببەیت ئەوا من هەڵتئەواسم ، ئەو مەسعەدەی نەخۆشخانەکەی دکتۆر عەلا موڵکی بابو باپیرت نیە بەمییرات بۆت مابێتەوە ئەمە موڵکی دەوڵەتە منیش بۆم نیە دەستی بۆ بەرم ؟ .

3 – پێشێلکردنی یاسا
لەوتارێکی پێشومدا باسم لەوە کردوە کەوا کاتێک خوالیخۆشبو سامی شۆرش لەئەوروپا ئەهێننەوەو پارتی ئەیکاتە وەزیری رۆشنبیری حکومەتەکەی نێچیرفان بارزانی ، لەپەراوێزی کۆبونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیراندا داوا لەنێچیرڤان ئەکات برادەرێکی کۆنی کاتی مناڵی فەرمانبەرە لەوەزارەتەکەی بیکاتە بەرێوەبەری گشتی .. ئەویش ئەڵێ عەریزەکەی بێنە یەکسەر بۆی ئیمزا ئەکات ئەڵێ برۆ فەرمانی بۆ دەربکە . کاتێک عەریزەکە ئەچێتەلای سەرۆکی دیوان ئەگەرێتەوە لای نێچیرو پێی ئەڵێ : گەورەم ئەم ئیشە ناکرێت . ئەویش لێی ئەپرسی بۆچی ناکرێت ؟ وەڵامی ئەداتەوە بەپێی یاسا ئەوەی ببێتە بەرێوەبەری گشتی ئەبێ لانیکەم بڕوانامەی کۆلیژی هەبێت ، ئەم برادەرەش بڕوانامەی ناوەندی هەیە بۆیە لەروی یاساوە ئەمکارە نابێت . نێچیرڤان بارزانی بەسەرۆکی دیوانەکەی وتبو : من وەعدم داوە ونایگۆڕم ، ئێوە بڕۆن یاساکەتان بگۆڕن ؟

4 – سودمەندی ناهەق لەزەوی و زار
رۆژنامەنوسێکی عەرەبی خەڵکی بەسرە هەزار مەتر ئەرزەی لەباشترین شوێنی هەولێر پێی بەخشراوە کە بەپیی یاسای شارەوانی هەر هاوڵاتیەک تەنها هەقی ئەوەی هەیە ئەرزە لەشوینی لەدایکبونی وەبگرێت . ئەمکارەش تەنها لەبەر ئەوەی ئەم کابرایە لەرۆژنامەیکی عەرەبی دەولیدا کار بۆ دەسەڵاتەکەی پارتی ئەکات ، بێجگە لەویش دەیان رۆژنامەنوس و نوسەرو قەڵەمفرۆش بەهەمان شێوە ئەرزەیان دراوەتی ، تەنانەت هونەرمەندێکی لوبنانی ئەرزەیەکی زۆر نایاب بۆ پرۆژەیەکی نیشتەجیبونی تەرخانکراوە لەبری ئەوەی لەبەرنامەی عەرەب ئایدڵدا هاوکاری بەشداربویەکی کوردی کردوە و بۆ پلەکانی پێشەوەی بەرێکردوە لەپاداشتی ئەوەدا شارێکی گەورەی نیشتەجێبونی لەهەولێر دروستکردوە وئەیفرۆشێتەوە بەمیللەتەکەمان .
تەخشان و پەخشانی سامانی میللەت لەلایەن سەرۆکی حکومەتو دەستبردن بۆ سەر موڵکو سامانی میللەت و داگییرکردنی زیاتر لە40 دۆنم زەوی بۆ قەسرەکانی سەرۆکی حکومەت ، پێشیلکردنی یاساو خستنەژێرپێ لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە ئەمانە بەگشتی ئەم هەرێمەی ئێمەیان گەیاندە ئەم وەزعەی ئێستای لەقاتوقڕی و نەبونی موچەو تەشەنەکردنی گەندەڵی بێسنورو پێشێلکردنی یاساکان ، بەم عەقڵیەتەوە وڵاتیان بەرێوەئەبرد ، بەم سامانەوە خۆیان لەبەر چاوی بەشێکی کەمی ئەم کۆمەڵگەیە شیرینئەکرد ، بە خانەنشینکردنی خەڵک دەنگیان لەهەڵبژاردنەکاندا کۆ ئەکردەوە .. لەپێناو راگرتنی دڵی 200 دزو گەندەڵی گەورەی ئەم هەرێمە پێنج ملیۆن هاوڵاتیان کردە دوژمنی خۆیان ، ئێستاش چارەسەر چییە دوای ئەم ماڵوێرانییە .
چارەسەرەکان
1 – هێنانەوەی 2 ملیار دۆلار لەو پارانەی هەرێم کە سەرانی پارتی لەم میللەتەیان دزیوە ، بۆ ئەوەی موچەی ئەو دو مانگەی ئەخیری ساڵی نوێی پێبدەنە موچەخۆران ، با ئەو چوار مانگەی ساڵی رابردو ببێتە قەرز بەسەر حکومەتەوە ، بەمەش بازار ئەکەوێتەوە ئیشو کاسبی ئەبوژێتەوە بەمەش تا حەدێک دەنگی کاسبکارو فەرمانبەرانیش کپ ئەکرێتەوە بەمەرجێک لەمەولا هەمو مانگێک موچە لەکاتو ساتی خۆیدا بدرێتە فەرمانبەران .
2 – بنبڕکردنی هەمو ئەو موچە بندیوارانەی بەناهەق ئەدرێتە کەسانی حزبیو غەیرە حزبی و بڕینی موچەی ناهەقی وەزیر و گزیری حیزبی و موستەشارەکان .
3 – دەرکردنی ناوی سەدان جاش و ئەمن و ئامر سریەو خەڵکی خۆفرۆش لەلیستی خانەنشینی پێشمەرگەو پاککردنی لیستەکە لە هەمو ناویکی وەهمی و دانانی سیستەمێکی تازە بۆ پێداچونەوە بەناوەکان بەشێوەیەک تەنها خەلکی موستەحەق ئەو موچەیە وەربگرن .
4 – گێڕانەوەی هەمو زەویوزاریانەی کەبەناهەق و بەموساتەحە دراوە بە مەسئولەکان و دارودەستەکانیان ، یاخود نرخێکی تازەیان بەموزایەدە لەسەر دابنرێت ئەگەر نەیاندا ئەوە حکومەت دەستی بەسەردا بگرێت ، چونکە ئەم زەویانە بە نرخێکی رەمزی و بەناهەق دراوە بەمانە .
کاتێک لەبەرنامە راستەوخۆکانی تەلفزیۆنەکاندا ئەبینم دەیان پیاوی ئەم میللەتە بۆ گیرفانی خاڵییان فرمێسک ئەڕێژن هەزار نەعلەت لەکوردبونی خۆم ئەکەم ، چونکە گریانی پیاوی زوڵم لێکراو عەرشی خوا ئەهەژێنێ ، نازانم ئەم دەسەڵاتە لەبەرامبەر ئەم فرمێسکانە چۆن ئەتوانێ خۆی رابگرێت .
پێغەمبەری مەزن ( د.خ ) لەفەرمودەیەکیدا ئەڵێ : ئەگەر شەرمت نەما هەرچییەکت لەدەستهات بیکە .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت